”خه‌بات بكه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی خۆشی و ئاشتی“

دیدی من  زە‌ تۆکس
لە ئینگلیزییەوە: ژیوار جەوهەر

ناو: مۆرگان فریمان
به‌رواری له‌دایكبوون: ١\٦\١٩٣٧
شوێنی له‌دایكبوون: مێمفیس، تێنێسی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا
پیشه‌: ئه‌كته‌ر


به‌ڕێز فریمان، ئایا ماندوو نه‌بوویت له‌م هه‌موو كاركردنه‌ به‌رده‌وامه‌؟

نه‌ تونێل هه‌ڵده‌كۆڵم، نه‌ بینای گه‌وره‌ش دروست ده‌كه‌م. پیشه‌كه‌م هێنده‌ دژوار نییه‌، کارەکەی من ده‌تبوژێنێته‌وه‌، پیشه‌كه‌ی من دڵخۆشت ده‌كات. چه‌ند زیاتر کار بكه‌یت، هێنده‌ باشتره‌. بێ ئیش سوڕانه‌وه‌ لاواز و بێهێزت ده‌كات.

ئایه‌ تۆ پێت وایه‌ ڕۆژه‌ خۆشه‌كان له‌ ژیانتدا زیاتر بوون یان رۆژه‌ ناخۆشه‌كان؟

ڕۆژه‌ خۆشه‌كان. من سێ ساڵ بووم كه‌ ده‌ستم كرد به‌ کارکردن و هێتاش هه‌ر کار ده‌كه‌م، كه‌واته‌ ڕۆژه‌ خۆشه‌كانم زیاتر بوون.

تا ئێستا باشترین شتێک كه‌ كه‌سێک له‌ پێناو تۆدا كردبێتی، چییه‌؟

پێم وا بێ باشترین شت كه‌ كه‌سێک له‌ پێناو مندا كردبێتی، ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ دایكم قاچه‌كانی بڵاو كردوون و منی فڕێ داوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌ی خراپترین؟

خراپترین تا ئێستا ڕووی نه‌داوه‌.

ئه‌مه‌ تێڕوانینێكی زۆر گه‌شبینانه‌یه‌.

من هه‌وڵ و كۆششێكی زۆر ده‌ده‌م، چونكه‌ هه‌ندێک جار ژیان هی ئه‌وه‌ نییه‌ چێژی لێ ببینیت. بڕێک جار ئازاربه‌خشه‌ و بڕێک جاریش پڕه‌ له‌ كاتی دژوار و سه‌خت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار ده‌روونت ئازار ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌ ده‌ڵێم هه‌ر كاتێک تووشی ئه‌م به‌رز و نزمییه‌ هاتیت: خەبات بكه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی خۆشی و ئاشتی.

ئایا خه‌ڵكی بێزارت ده‌كه‌ن؟

به‌ڵێ، هه‌میشه‌ شتێكیان لێم ده‌وێت؛ “دایكم، ژنه‌كه‌م، هاوسه‌ره‌كه‌م هه‌رگیز بڕوا ناكه‌ن به‌ دیدارت گه‌یشتووم. تۆ ده‌بێت ئه‌مه‌م بۆ واژۆ بكه‌یت!”

ئه‌ی تۆ؟ تۆش ئه‌وان بێزار ده‌كه‌یت؟

نه‌خێر. ئه‌گه‌ر هاوژینه‌كه‌ت بڵێ تۆ درۆزنیت، ده‌ی واتا تۆ درۆزنیت، ئه‌ی هه‌ر وانییه‌؟ (پێكه‌نین)

كۆتا پرسیار، ئه‌م گوارانه‌ت هه‌ر بۆ خۆشی له‌ گوێ كردووه‌، یان مه‌به‌ستێكیان له‌ پشته‌؟

به‌ڵێ، ئه‌م گوارانه‌ هێنده‌ پاره‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شوێنیكی نامۆ و دووره‌ده‌ست مردم، كفنێكم بۆ پێ بكڕن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش ده‌ریاوانه‌كان كاتی خۆی له‌ گوێیان كردوون.