زمانی جەستە

دیدی من– وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە: گۆران محمد فەقێ

زمانی جەستە بریتیە لە زانستێکی نوێ و سەربەخۆ، کە لە پەیوەندی و کۆمیۆنیکەیشنە جەستەییەکان، واتە؛ نا دەنگیەکانی مرۆڤ بە گشتی، و ئاکتەری شانۆ و دراما بەتایبەتی، دەکۆلێتەوە. ئەم بوارە  وەکو زانستێکی تەواو سەربەخۆ  چاودێرێکی وردە، هەروەها خوێندنەوە بۆ ئەو بۆچون و هەست و گوزارشتانە دەکات کەلە ڕێگەی  ئاکارە فیزیکییەکانەوە دەردەکەون لە هەر مرۆڤێکدا. بۆ نمونە  لە جوڵە و ئاماژەکانی چاو، و  هێڵەکانی دەم و چاو بەگشتی، و جوڵەی پەل و دەستەکان دەکۆڵێتەوە لە کاتی قسەکردن و گفتۆگۆ کردندا.

1

بەگشتی ئەم بوارە لە ئاکار و ڕەفتارەکانی مرۆڤ و تەنانەت هەندێک لە  ئاژەڵانیش دەکۆڵیتەوە. بەڵام دەبێت  بوترێت کە زمانی جەستە جیاوازە لە زمانی هێماکان، چونکە هێماکان زیاتر تایبەت و جێگیرن، ئەمە جگە لەوەی کە  زیاد لە خوێندنەوەیەک و شرۆڤەیەک لەخۆدەگرن لە ڕووی ماناوە، بەڵام زمانی جەستە زیاتر بایەخ بەو جوڵە و ئاماژانە دەدات کە “مۆتیڤێکی” واتە؛ پاڵنەرێکی سایکۆلۆژیی لە پشتیانەوە هەیە، بە جۆرێک ئەو پاڵنەرانە وا لە مرۆڤ دەکەن کە هەندێکجار بەبێ ویست و بیرکردنەوەی پێشوەختە پەنای بۆ ببەن و زمانی جەستە بەکاربهێنن  لە کاتی قسەکردن.  وەکو هۆکارێکی یارمەتیدەر بۆ  ڕوونکردنەوە و گوزارشتکردن لە هەر بار و دۆخێکی تایبەت و دیاریکروا.

2

دەکرێت زمانی جەستە و خۆێندنەوە بۆ ئاماژەکانی جەستەی مرۆڤ لە کەلتۆرێکەوە بۆ کەلتۆرێکی تر، یاخود لە ژینگە و کۆمەلگایەکەوە بۆ کۆمەلگایەکی تر، تا ڕادەیەک جیاواز بێت و گۆرانکارییان بەسەردا بێت، بەڵام ئەم بوارە، ئەم زانستە لە سۆنگەیەکی تەواو سۆسیۆلۆژیانەوە ناڕوانێتە ئاکاری مرۆڤ، واتە لە کاریگەریی کەلتۆریی هەر کۆمەلگایەک و جوڵە و ئاماژە جەستەیییە باوەکانی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەکی تایبەت  ناکۆلێتەوە، ئەوەندەی خوێندنەوە و لێکۆلینەوە لە سەر جوڵە و ئاماژەکانی مرۆڤ دەکات بەگشتی، بۆ نمونە زمانی جەستە لە لای ڕەگەزی مێیینە، منداڵ، ئاکتەر و کەسایەتییە سیاسییەکان، وە هەندێکجاریش بەکار دەهێندرێت بۆ لیکۆلێنەوە لە دەزگا ئەمنی و پۆلیسییەکان لە جیهاندا و بەتایبەتیش لە کاتی لێکۆلینەوە و قسەکردن لە گەڵ تۆمەتباران، بەمەبەستی دەرخستنی ڕاستیی بابەت و  ڕووداوە شاراوەکان، تەنها لە ڕێگەی شێوازی بەکارهێنانی دەست و هێڵەکانی دەم و چاوی تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆلێنەوەدا.

1436561326678

بەڵام بەگشتی ئەم زانستە لەو جوڵە و ئاماژانە دەکۆلێتەوە کە تا ڕادەیەک و لە ناو هەموو کۆمەڵگایەکی لۆکەڵی و ئەوروپی و جیهانیدا بیندرا و هەسپیکراون، واتە بوونیان هەیە و ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە، واتە؛ ئەو ئاماژە و شێوزای جوڵە و کۆمیونیکەیشنانە، دەگرێتەوە کە گلۆبەڵیین، واتە جیهانیین و دەکرێت بە ئاسانی بناسرێنەوە، بێگومان ئەگەر ورد ببینەوە لێیان.

Artists_RW_1997_10_001

هەر بۆیە شارەزایانی ئەم بوارە پێیانوایە کە زمانی جەستە زۆر یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی بە ئاسانی و خێرا ئەو زانیاری و بۆچونانەی کە دەیەوێت بگوازێتەوە بۆ کەسی بەرامبەر لە کاتی قسەکردندا، تەنها لە ڕیگەی هەستکردن بە گرنگی جوڵە و ئاماژەکانی جەستەی خۆی لە کاتی قسەکردن و کرداری گفتۆگۆکردندا، هەربۆیە لە ڕیگەی ئەم جۆرە ئامرازەوە، واتە لە ڕێگەی “زمانی جەستە”وە دەکرێت ماناو دیالۆگەکان، دۆخ و تەنانەت کردارە درامیەکان لە شانۆدا باشترو خێراتر، کاریگەرتر، هەروەها ئاسانتر بگەنە بینەر. چونکە هەمیشە هێزی جوڵە و ئاماژە فیزیکییەکانی ئاکتەر لەسەر ستەیج کاریگەر و مانادارن، بۆ ئەوەی بینەر لە کەنالە فیزیکییەکانی ئاکتەرەوە تیکەڵ و ئاوێزان ببێت بە نماییش و بەرکەوتە و کردارە ناوەوکی دەرەکیەکانی ئاکتەر لە کاتی ڕۆڵ بینیندا. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە هەمیشە بەشێکی زۆر لە هەڵچون و بارە سایکۆلۆژیەکانی ئاکتەر، بیرۆکە و بۆچون و تێروانینەکانی لە کاتی ڕۆڵ بینیندا لە ڕێگەی هێڵەکانی دەم و چاویەوە دەردەکەون و گوزارشت دەکەن، واتە چاو و بڕۆکان، لوت و هەردوو لێوەکان، هێڵ و ماسولکەکانی دەم و چاو پێکەوە بەشداری دەکەن لە پەخشکردنی مانا، لە گوزارشتکردن لە سات و دۆخە جیاوازەکان.

Einstein-Train

توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان دەرخستوە کە گوزارەشتەکانی زمانی جەستە و هێڵەکانی دەم و چاوی مرۆڤ لە کاتی قسەکردندا، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی ناخ و لایەنی هەست و بیرکردنەوەی ئەو کەسە دەردەخات، هەروەها ئەوەشیان دەرخستووە کە هەمیشە ئەو مانا و گوزارشتانەی لە هێڵەکانی دەم و چاوی مرۆڤدا دەردەکەون، ڕاستەخۆ پەیوەندی و کاریگەرییان هەیە لە سەر شێوازی جوڵاندنی دەست و شانەکان و مل،  بەجۆرێک هەر ئاماژە و جوڵەیەک یەکسان بێت بە هەمان ئەو ئاماژە و جوڵانەی کە لە دەم و چاودا دروست دەبن لە کاتی قسەکردن و دەربریندا. چونکە میکانزمی ئیشکردنی میشکی مرۆڤ بە شێوەیەک کاردەکات کە لە یەک کاتدا هەمان( سیگناڵ)، هەمان (ئیشارەت) دەنێرێت بۆ جوڵەکانی دەم و چاو، کە پێشتر ناردویەتی بۆ زمان و لایەنی گوتن. بۆ ئەوەی لە ڕێگەی زمان و جوڵەکانی دەم و چاو مرۆڤ بتوانێت گوزارشت لە بیر و بۆچونەکانی بکات و پەیوەندییەکی ڕوون و ڕاست  دروست بکات لەگەڵ کەسانی دەوڕوبەری.

13442171_941523945945923_3127573905960232770_n

هەربۆیە ئەگەر هەر ئاکتەرێک لەسەر تەختەی شانۆ و لەکاتی ڕۆڵ بینیندا نەیتوانی پەیوەندییەکی هاوبەش و دروست لە نێوان لایەنی دەرونیی کاراکتەر، و هەروەها جوڵە و ئاماژەکانی دەموچاو و جەستەی خۆی  \، بێگومان بە ئاکتەرێکی سەرکەوتو ئەژمار ناکرێت، چونکە نەیتوانیوە سوود لە زمانی جەستەی خۆی ببینێت بۆ  دەربڕین و پێشاندانی باری دەرونیی کاراکتەرەکە، بۆیە پێویستە هەمیشە لە زمانی جەستەدا جوڵە و ئاماژەی فەیس و دەستەکان، یان جەستە بەگشتی، یەک بگرێتەوە لەگەڵ  ئەو بارودۆخەی کە ئاکتەر دەیەوێت پیشانی بدات لەسەر شانۆ. لەهەمانکاتدا دەکرێت لایەنی دەرونیی ئاکتەر لە ڕێگەی شێوازی “وەستانی جەستەیی” دەربکەوێت چونکە بەشێک لە پسپۆڕانی بواری زمانی جەستە پێیان وایە لە باری دەرونیی جۆراوجۆردا ڕاستەوخۆ گۆرانکاری بەسەر شێوازی وەستانەکانی جەستەی مرۆڤدا دێت، بەجۆرێک هەر وەستانێکی جەستە بۆ خۆی گوزارشت دەبێت لە بارودۆخێکی دەرونیی تایبەت. هەروەک چۆن ئەگەر کەسێک هیلاک بێت لە ڕووی جەستەیی و دەرونییەوە، ناچار پشت دەدات بە دیوارێکەوە لە کاتی ڕاوەستاندا، یاخود کەسێک ئەگەر بیەوێت ڕووبەڕووی کەسێک ببێتەوە سنگ دەردەپەرێنی و چاو دەبڕیتە ناوچاوی کەسی بەرامبەرەوە. چەندین دۆخی جیاوازیتر هەن کە دەکرێت لە ڕێگەی شیوازی وەستان و تەنانەت دانیشتنی کەسەکەوە خوێندنەوەی جەستەیی بۆ بکرێت.

نەورۆزی ٢٠١٦

سلێمانی

سەرچاوە: کتێبی زمانی جەستە
نووسینی: ئالان و باربارا پیس