ئاڵای بێ وڵات لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئێدینبۆڕگ نمایشکرا

دیدی من

فیلمی بڵندیی ئاڵای بێ وڵات نوێترین بەرهەمی بەهمەن قوبادی لە حەفتایەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئێدینبۆڕگ لە وڵاتی ئیسکاتلەندا نمایشکرا.

فیلمی بڵندیی ئاڵای بێ وڵات لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداریی کورد بەهمەن قوبادی و لە بەرهەمهێنانی پارێزگاریی هەولێر کە لە لایەن کۆمپانیای مژ فیلم_ەوە ئامادەکراوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا، لەوانە: کاتژمێر 6:15 دوانیوەڕۆی ڕۆژی 16ی یۆنیۆ و هەروەها لە کاتژمێر ٣:٣٠ دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٦ی یۆنیۆی ٢٠١٦ لە هۆڵی ژمارە ١١ی سینەما “سینەڤۆرد” لە بەشی “تایبەتی” حەفتایەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئێدینبۆڕگ” لە شاری ئێدینبۆڕگ پایتەختی وڵاتی ئیسکاتلەندا نمایشکرا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئێدینبۆڕگ” کە کۆنترین فیستیڤاڵی فیلم لە ئاستی جیهانە و گرینگترین فیستیڤاڵی فیلم لە ئاستی بەریتانیا دیتەئەژمار، ئایدیا نوێیەکان لە سینەمادا دەخاتە بەر توێژینەوە و بە پێی پلانێکی بەرنامەداڕێژڕاو هۆگرانی سینەمای خۆماڵی و نێودەوڵەتی بۆ دانووستانی زیاتر لەسەر فیلمە چیرۆکی و بەرهەمە دیکۆمێنتارییەکان بانگهێشتی ئەم ڕووداوە هونەرییە دەکات.

حەفتایەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئێدینبۆڕگ” بە بەشداری

کۆمەڵێک فیلمی بڵیندی سینەمایی و دیکۆمێنتاریی، کورتە فیلم و ئەنیمەیشن لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 15 تا 26ی یۆنیۆی 2016 لە شاری ئێدینبۆڕگ لە وڵاتی ئیسکاتلەندا بەڕێوەچوو.

“ئاڵای بێ وڵات” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی “نمایشی تایبەت” لە بیست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیلنیوس” لە وڵاتی لیتوانیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیستیڤاڵە کە بە “بەهاری فیلم” ناسراوە، یەکێکە لە ڕووداوە گرینگە فەرهەنگییەکانی لیتوانی و بەنرخترین فیستڤاڵی سینەمایی ئەم وڵاتە دێتە ئەژمار، بیست و یەکەمین خولی بە بەشداریی زیاتر لە 200 فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیهان لە ڕۆژانی 31ی مارس تا 14ی ئەپرێلی 2016 لە شاری ڤیلنیوس پێتەختی وڵاتی لیتوانیا بەڕێوەچوو.