November 21, 2017

DidiMn Logo

ئەو ديكتاتۆرانەى كتێبيان نووسيوە: جەنگيزخان

لە لایەن دیدی من 1 year لەمەوبەر

دیدی من– ڕۆزانە نەشر- لە فارسییەوە: سەلیم جەمال

داگيركەران مێژوو دەنووسن. بۆ ئەم كارە مێژوونووسان دادەمەزرێنن. شكست خواردو و تێكشكاوانيش يان كوژراون و زامداربوونە يان لەنێو بەنديخانەدان و ناتوانن شتێك بدركێنن و بنووسن و بەزۆرى فەرامۆشكراون. لێ هەندێكجار هەيە خودى ديكتاتۆرەكان دەست دەكەن بە نووسينى كتێب يا نووسينى ئەو كتێبانەى پەيوەستە بە مێژووى ئەوان.

يەكێك لەو كەسانەى كە بەهۆى كتێبێك بەناوبانگ بووە و ناوى بەسەر هەموو دونيادا تەشەنە سەندووە، ئەويش جەنگيزخانى مەغۆڵە! جەنگيزخان زياتر لە ٧٥٠ ساڵ پێش ئێستا بە ناوى “تێموچين” لەدايك بووە و لەنێوان ساڵانى ٥٤٣ تا ٦٠٥ ی كۆچى لە دونيادا ژياوە. ئەو بە داگيركردنى گەورەترين ئيمپڕاتۆريەتى مێژووى مرۆڤايەتى لە ئەڵمانياى ئيمڕۆ تا چين(كە ئێرانيشى لەخۆ دەگرت) داگيريكرد. كوڕو نەوەكانى ساڵەهاى ساڵ لەو دەوڵەتانە دەسەڵاتيان گرتە دەست. ئەوەى كە لە بنەڕەتدا دەگوترێت جەنگيزخان خوێندەوار بووە، جێگەى گومانە. تاكو نەترسى و ئازايەتى ئەويش كەمێك جێى گومانە، دەوترێت كە ئەو لە سێ شت ترسى هەبووە ئەوانیش “هاوسەر”، “دايك” و، “سەگەكان” .

بەهەرحاڵ، خوێندەوار يان نەخوێندەوار، ئەو كۆمەڵە ياسا و ڕێسايانەى كە جێى تێڕوانينى جەنگيزخان بوون، بۆ بەڕێوەبردنى ئەو وڵاتە خێر لەخۆ نەديتانەى كە داگيریكردن، لە كتێبێكدا كۆكروانەتەوە، كە ناوى ئەو كتێبەش “ياسا”يە، ئەم كتێبە لەئەمڕۆدا بەشێوەيەكى كامڵ يا ناتەواو لەبەر دەستدا نييە، بەڵام شتگەلێكى لێ وەرگيراوە لە سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان.

دەگوترێت يەكەمين ماددەى كتێبى “ياسا” لەسەر تاشە بەردێك لە دەشتى پامير هەڵكەندراوە كە بەمشێوەيە نووسراوە: “هەركەسێك سەرپێچى لە ياسا بكات، سەرى دەپەڕێنرێت.» هەروەها لەخوار ئەويش نووسراوە: “هەروەها  ئاسمان لە يەك خودا زياترى نييە، لێ زەويش لە يەك خودا زياترى نييە ئەو خودايەش منم: جەنگيزخان.” خوێنەر لە پێداچوونەوەى ئەم چەند دێڕەى دەستپێكى ئەو كتێبە پەى بەوە دەبات كە لەگەڵ چ جانەوەرێك و دڕندەو ترسناكێك ڕووبەڕوو بوەەتەوە.

changiz-khan

لە ياساكانى ترى ئەم كتێبەدا هاتووە، بۆ نموونە لە خاڵێكدا دەڵێت: “كوشتن و خوێن بايى يەك موسڵمان چل سەرين ئاڵتونە.” واتا هەر سەرينێك يەكسان بووە بە بيست هەزار مسقاڵ ئاڵتون.

 لەلايەكى ديكە خوێنبايى و كوشتنى يەك چينى زۆر هەرزانتر بووە لەچاو ئەوانى ديكە، واتە يەكسان بووە بە بەخشينى گوێدرێژێك. چونكە جەنگيزخان لە چينيیەكان دڵپڕ و قينەدار بووە، بۆيە كوشتنى ئەوانى بە هەرزان و نرخێكى كەم لە قەڵەمدابوو.

ياساو ڕێساكانى ديكەى كتێبى ياسا بەم شێوە دڕندە و ترسناكانەى خوارەوە بوون :

كەسێك كە لەنێو ئاو يان خۆڵەمێشدا ميزبكات، مەرگى بەسەردا دەسەپێنرێت.

هەر مەغۆڵێك كە ئاژەڵێك سەرببڕێت هەروەكو چۆن موسڵمانان ئەو كارە ئەنجام دەدەن، ڕاستەوخۆ لە سێدارە دەدرێت.

ئاڵودەكردن و پيسكردنى ئاو و دەستبردنە ناوى، سزاى خۆى هەيە.

پێهەڵنان بەسەر ئەو ئاگرەى كە چێشتى لەسەر دروستكراوە، قەدەغەيە.

هەركەسێك دزى بكات و دەستگير بكرێت، دەبێت نۆ ئەوەندەى كە دزيویەتى باج بدات.

ئەگەر بێتو مێردى ئافرەتێك كۆچى دوايى بكات، بەشێوەى هەڕەمەكی، دەبێت براى كەسى كۆچكردوو ڕۆڵى هاوسەر ببينێت و كارەكانى ئەو ئافرەتە بەڕێوە ببات.

مردووشۆرەكان لە باج دابڕاون ياخود بێ دەرامەتن.

yasa--001

بەشێوەيەكى سەرسوڕهێن ئەم ياساو ڕێسايە ناماقوڵ، و دڕندەو بێ دەروپەيكەرانە، توانيان تا ماوەيەكى زۆر كارەكانى دەوڵەتى جەنگيزخان بەڕێوە ببەن و بۆ ماوەيەكى درێژ كاروبارەكانى وڵات بنيات بنێن. لەوانەيە باشترين نموونە لەم بارەيەوە ئەوەبێت كە هەرچەند ياسا خراپ و دژواربێت، لە بێ ياسايى هەر باشترە .

خودى پەيڤى “ياسا” هاوشانى كتێب و نووسەرەكەى لە زمانى مەغۆڵى چووەتە نێو زمانى فارسى(ئێرانى) و بە واتاى “نەريت و ياسا و ڕێسا” بەكارهاتووە. تاكو لەو پەيڤە فرمانى “ياسادان، دەستووردان” ، ” فەرمان پێدان” و “بە ياسا گەياندن” بە واتاى بە سزاگەياندن و..هتد دروستكرا. هەروەها “بێ ياسايى-بێ مەرامى” كە لە زمانى فارسيدا هاتووە لە خودى زمانى مەغۆڵى وەرگيراوە و ڕێكخستنى بۆ كراوە.

هەڵبەتە هێرشى مەغۆڵەكان بۆ سەر ئێران جگە لە وشەی (یاسا) پەيڤگەلێكى ديكەى بەدواى خۆیدا هێنا، سەيرترينى ئەو وشانەش بریتین لە: ( آقا-کاکۆ يا بەڕێز، آلتون- ئاڵتون، اردو- كەمپ، آروغ- بێ ئيڕادە، الاغ- گوێدرێژ، ايل و ايلخان- خێڵ و سەرخێڵ، بالش-سەرين، تغار- دەفرى گەورە بۆ گڵ تێگرتنەوە، تومان- پارەى تومەن تايبەت بە ئێران، چاخان- گاڵتە يا لافلێدەر، چريك- چەتە، سوغات- ديارى، كتل- كۆتەڵ، غورچى- قووڵى، نوكر- نۆكەر يا ژێردەست، ياغى – ياخى.)

بەپێى لێكۆڵينەوەيەكى (ژێنێتيكى) بۆماوەزانیی پزيشكى كە لە ساڵى ٢٠٠٣ ئەنجامدرا، کە دواى چوارساڵ کۆتایی هات و لە ڕۆژنامەى تايبەتى (بۆماوەزانیی پزيشكى) بڵاوكراوەى سەنتەرى تەندروستیی ئەمريكا، بڵاوكرايەوە، ئەوە  ڕاگەيێندرا كە نزيكەى %٥٠ ى دانيشتوانى هەموو جيهان، بەشێوەيەكى ڕاستەوخۆ خاوەنى سيفەت و ميراتێکی خودى كەسایەتی جەنگيز خانن. بەپێى بەدواداچونێكى ديكە؛ ٣٥ مليۆن كەسى گشت دانيشتوانى جيهانى ئەمڕۆ، نەوە و وەچەكانى جەنگيزخانن. سەرئەنجام كۆتا وتە ئەوەيە كە لە ڕێژەى %٨ى دانيشتووانى ئيمڕۆى ئاسيا، ڕاستەوخۆ لە نەژادى جەنگيز و نزيكەى ٣٥٠ مليۆن كەس لە خەڵكى جيهان بەشێك لە سيفەت و ميراتى مەغۆڵيەكانن. لە ئەنجامى هەمان ئەو لێكۆڵينەوەيە دەركەوتووە؛ كە خەڵكانى جۆراوجۆر لە دەوڵەتانى جياواز نزيكەى %٥٠ى سيفەتى مەغۆڵيان هەيە. جەنگيزخان بە زەبرى هێرشكردن، كۆكوژى، دەستدرێژى كردن، لە كۆتاييدا ئەو ياساو ڕێسايانەى كە لەنێو كتێبى “ياسا”دا هاتبوون توانى خۆى بەسەر خەڵكى جيهان بسەپێنێت.

 

Book, Dictator, Jangiz Xan, Mangol, SaleemJamal,