November 25, 2017
DidiMn Logo

کورتەیەک لە ژیانی نووسەری چیرۆکە کابووسییەکان، فرانز کافکا

لە لایەن دیدی من 1 year لەمەوبەر

دیدی من – بەحزەنی، ویکیپیدیا
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر

لەدایکبوون و سەرەتای ژیان

لە بەرواری ٣\٧\١٨٨٣، لە بنەماڵەیەکی جولەکەی چیکی و لە شاری پراگ‌، بەدیهێنەری  گریگۆر سامسا و بەڕێز ک، فرانز کافکا لەدایک بوو.

ژیانی منداڵیی کافکا بە هۆی کۆنەپەرستیی دایکی و ستەمکاریی باوکییەوە، سەخت و گران بووە. ستەمکارییەکانی باوکی بوونەتە هۆی ئەوەی تووشی خەمۆکی و دەروونشێواوی ببێت. باوکی ویستوویەتی کوڕەکەی بازرگانی بخوێنێت و ببێتە بازرگان، بەڵام کافکا ئەمەی نەکردووە، بۆیە هەرگیز کافکاـی خۆشنەویستووە و هەمیشە ئازاری داوە.

کافکا کیمیا، یاسا و ئەدەبیاتی لە زانکۆیەکی ئەڵمانی لە پراگ‌ـی پایتەختی چیک خوێندووە و دکتۆرای لە یاسادا بەدەست هێناوە. بە پێی ئەوەی لە بنەماڵەیەکی جولەکە بووە، نزیک بووە لە ئایینەکە و لەسەر دەستی مامۆستای تایبەت، زمانی عیبری فێر بووە. ئەو ڕووەکی بووە و زۆر گرنگی داوە بە نەخواردنی گۆشت و دژوەستانەوەی کوشتاری ئاژەڵان.

کافکا خوێنەری بەرهەمەکانی لۆرد بایرۆن، گۆستاڤ فلۆبێر، هۆگۆ ڤان هەفمەنستڵ، ئادەڵبێرت ستیفتێر، هێرمان هێس، تۆماس مان، ستاندال، ئۆگەست ستریندبێرگ، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و لیۆ تۆلستۆی و زۆر نووسەری تر بووە. ئەو بەپێچەوانەی هاوڕێکانییەوە، تێکەڵی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی شاری پراگ نەبووە، هەروەک چۆن پەیوەندیشی لەگەڵ خەڵکیدا باش نەبووە. بەڵام بەردەوام بەشداریی کۆڕی ناوەندێکی ئەڵمانی کردووە لە شاری پراگ، کە تیایدا وانەی تیۆریاکانی ئەلبێرت ئەنیشتاین، سیگمۆند فرۆید، ماکس بلانک، میکنلی کانتۆر، هیگڵ، ئیمانوێڵ کانت و فریدریک نیتچەـی تێدا گوتراوەتەوە.

هەموو ئەمانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ژیانە کورتەکەی فرانز کافکا و نووسینەکانی هەبووە.

kafkaberthday

ئیلسترەیشن: سابات عەباس تایبەت بە دیدی من

نووسینی بەرهەمەکان

کافکا لە کۆمپانیایەکی دڵنیایی کارمەندی یاسایی بووە و هەر لەو سەردەمەشدا، لە کاتە بەتاڵ و پشووەکانیدا بەرهەمە ئەدەبییەکانی بە زمانی ئەڵمانی نووسیوە. جگە لە بەشێک لە چیرۆکەکانی وەک پزیشکی دێ و چەند یادداشتێکی نەبێت کە لە گۆڤارێکی ئەدەبیدا دوای نووسینیان بڵاو بوونەتەوە، پێش مردنی، داوای لە هاوڕێی کاری، ماکس برۆد کردووە، کە تەواوی نووسینە بڵاونەکراوەکانی لەناو بەرێت.

ماکس برۆد، بە گوێی هاوڕێ گیانی بەگیانییەکەی نەکرد و ئەو کتێبانەی پڕن لە چیرۆکی کابووس ئاسا، بڵاو کردەوە و فرانز کافکاـی کردە یەکێک لە نووسەرە گرنگەکانی سەدەی بیست و ئەدەبیاتی جیهان. مەسخ، دادگایی، کۆشک و ئەمەریکا، ناوی بەشێک لەو بەرهەمە گرنگانەن. هەروەها کۆی چیرۆکەکان، کە زیاتر پێ دەچێت یادداشتەکانی کافکا بن. بڕیار و لێرەنەبووـش، کە دوو چیرۆکی تەواونەکراون.

cb845fc74bde30e881aeddb3af625a46

هۆکاری نووسینەکان

بە هۆی باوکییەوە، ژیانی کافکا پڕ بووە لە ئازار و کۆژان. کافکا کەسێکی هەستیار بووە، لە کاتێکدا هەمیشە لەژێر زەبری باوکە ستەمکار و بەهێزەکەیدا بووە. هەر ئەمجۆرە ژیانکردنەیشی بە هۆکاری نووسینی بەرهەمەکانی دادەنێت. لە نامەیەکی درێژی نووسراوی هەرگیز نەگەیشتوودا، کە لە کتێبێکدا بە ناوی نامە بۆ باوک‌ چاپ و بڵاو کراوەتەوە، باس لەو ژیانە گرانە دەکات، کە خۆی و دایکی لەگەڵ باوکی هەیانبووە؛ تێیدا چیرۆکی شەوێکی سارد دەگێڕێتەوە، کە تینووی بووە و گریاوە، بەڵام باوکی بێزار بووە و بە جلی خەوەوە لە جێیەکەی دەریهێناوە و لە بانێژی ماڵەکەدا دەرگەی لەسەر داخستووە. چیرۆکی تەواونەکراوی بڕیارـیش، کە باس لە مردنی گەنجێک دەکات، بە هۆی بڕیاری باوکییەوە نغرۆ دەبێت، هەر گوزارشتە لە ژیانی کافکا لەگەڵ باوکی.

کافکا هەمیشە ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەرگیز ئەو ڕووداوانەی بیر نەچوونەتەوە و هەمیشە ترسی لە باوکە کەتەکەی لە خەیاڵیدا بووە و ئارامییان لێ شێواندووە.

84bab2ea1d70030a4216d7548551ce9d

ئەوینی کافکا

کافکا چەند پەیوەندییەکی ئەوینداری هەبوون، بەڵام دیارترین و کاریگەرترینیان بۆ ئەو، دوان لەو پەیوەندییانەن، کە نامەنووسین بنەڕەتەکەیانە.

فلیس باوێر، ناوی ئەو خانمە جوولەکە چیکییەیە، کە کافکا لە ڕێی کار و ماکس برۆدـی هاوڕێیەوە ناسیویەتی. لە دوای ناسینی، کافکا نامەیەکی بۆ دەنووسێت، کە نامەکان لە ماوەی ساڵانی ١٩١٢ بۆ ١٩١٧ درێژەی دەبێت. لە ساڵی ١٩١٤ پلانی هاوسەرگیری دادەنێن و هەر لەو ساڵەشدا کافکا کۆتایی بە پەیوەندییەکە دێنێت. بەڵام لە ساڵی ١٩١٧ جارێکی تر هاوسەرگیری دەکەنەوە، دوای ئەوەی دەردەکەوێت کافکا نەخۆشیی سیل‌ـی گرتووە، دیسان هاوسەرگیرییەکە هەڵدەوەشێنێتەوە. لە سەردەمی ئەو پەیوەندییەدا، کافکا ڕۆمانی مەسخ‌ـی نووسیوە و دەستی کردووە بە نووسینی ڕۆمانی دادگایی. فیلیس نزیکەی ٥٠٠ نامەی کافکاـی پاراستبوو، کە دواتر لە کتێبێکدا بە ناوی نامە بۆ فیلیس چاپ و بڵاو کراونەتەوە.

میلینا جێسینسکا، ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسەیە، کە بەرهەمەکانی کافکاـی لە ئەڵمانییەوە کردووەتە چیکی. لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٢٣، نامە لە نێوان ئەو و کافکاـدا دەبێت. نامەکانی میلینا فەوتاون و نەماون، بەڵام ئەوانەی کافکا لە کتێبێکدا بە ناوی نامە بۆ میلینا، چاپ و بڵاو کراونەتەوە. هەرچەندە میلینا هاوژینی هەبووە و هەست دەکرێت لە نامەکانیدا بۆ کافکا دڵڕەقییەک هەبووبێت، بەڵام نامەکانی کافکا پڕن لە ئەوینێکی بێسنوور بۆ ئەو. سیل و دەروونشێواییەکەی ڕێ لە ئەوینی کافکا دەگرێت و ناهێڵێت درێژە بە نامەکانی بۆ میلینا بدات؛ هەروەک چۆن پەیوەندییەکانی دیکەی هەڵوەشاندووەتەوە، هەر ئاواش لەگەڵ میلینا نەگەیشتووەتە پرۆسەی هاوسەرگیری.

نەخۆشیی سیل و مردن

لە ساڵی ١٩١٧، کافکا دەزانێت کە تووشی نەخۆشیی سیل بووە. ساڵانێکی گران بەسەر دەبات لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا و لە ساڵی ١٩٢٢ لە کارەکەی خۆی خانەنشین دەکات. دوای چەند هاتن و چوونێک لە نێوان شارەکانی بەرلین و پراگ، لە بەرواری ٣\٦\١٩٢٤ و لە تەمەنی ٤١ ساڵیدا، نەخۆشیی سیل کۆتایی بە ژیانی فرانز کافکا دەهێنێت و لە گۆڕستانێکی نزیک شاری ڤیەننا دەنێژرێت.

Kafka, LawkAbubakr, Life,