چیرۆک: پرد

دیدی من

فرانز کافکا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

‌ڕەقهەڵاتوو و سارد بووم. پردێک بووم، بەسەر کەندێکدا ڕاکشا بووم. پەنجەکانی پێم لەلایەک، قامکەکانیشم لەلایەکەی دی خۆیان تووند کردبوو. بەخێرایی خۆم خزاندە نێو قوڕە وشکە شەقبووەکە. لنگی پاڵتۆکەم بەملاولامدا باڵەفڕکێی بوو. لە خوارمەوە بە مەودایەکی دوور، چۆمێکی بەستووی پڕ لە سەلەمون لە سەمادا بوو. هیچ گەشتیارێک ڕێی نەدەکەوتە بەرزایییەکی وا بێئەندازە، پردەکە هێشتا لەسەر هیچ نەخشەیەک دیاری نەکرابوو. بۆیە پاڵمداوە و چاوەڕێم کرد؛ دەمتوانی تەنها چاوەڕێ بم. بەدەر لە کەوتن، هیچ پردێک ناتوانێت، هەر کە دروست کرا، ئیتر لە پردبوون بکەوێت.

ڕۆژێکی نزیک دەمەوئێوارە بوو (ئەوە بۆ یەکەم جار بوو، یان هەزارەهەم؟ توانای جیاکاریم نییە). هەردەم بیرکردنەوەکانم شێواو و لە بازنەیەکی جاویدانیدا دەخولانەوە. دەمەوئێوارەیەکی هاوین بوو، هاژەی چۆمەکە تووندتر بوو، کاتێک ترپەی پێی مرۆیەکم هاتە گوێ! ڕووەو من، بەڵێ ڕووەو من! “ئەی پرد! خۆت ڕاست بکەوە، ئامادەبە، بەربەستەکانت لادە، پاراستنی ڕێبوارەکەت پێ سپێردراوە. گەر هەنگاوەکانی گوماناوین، بەئەسپایی ڕاستیان کەوە، لێ ئەگەر کەوت، نیشانی دە لە چی هاتوویەبوون و چەشنی خودای شاخەکان بیگەیەنە زەوی.”

‌هات. هێواش پنتی ئاسنینی گۆچانەکەی پێدا کێشام، پاشان دەستی برد بۆ لنگی پاڵتۆکەم و ڕیکی خست. پنتی گۆچانەکەی نوقمی قژە پرژەکەم کرد و لێگەڕا ماوەیەکی زۆر وا بمێنێت. کاتێک تەماشای دەوروبەری دەکرد، گومانەکانی لەبیر بردمەوە. بەڵام دواتر (لە بیرکردنەوەدا لە دووی بووم بەسەر شاخ و دۆڵەکاندا) بە هەردوو پێیەکانی بازیدایە نێوەندی جەستەم. لە تاو ئازار کەوتمە لەرزین. نائاگا لەوەی چی دەگوزەرێت. کێ بوو؟ منداڵێک؟ خەونێک؟ ڕێبوارێک؟ خۆکوژێک؟ فریودەرێک؟ وێرانکارێک؟ ئاوڕمدایەوە تا ببینم. پردێک ئاوڕبداتەوە! هێشتا تەواو ئاوڕمنەدابووەوە کاتێک دەستم کرد بە کەوتن. کەوتم. لە ساتێکدا لێک ترازام و چەقیمە ناو ئەو بەردە تیژانەی هەموودەم لەنێو ئاوە بەخوڕەکەدا، ئارام چاویان تێم بڕی بوو.

ئەم کورتەچیرۆکە لە ژمارە ٤٨٢ـی هەفتەنامەی ڕەخنەی چاودێرـدا بڵاو بووەتەوە