سیمیتیزم  و ڕیچارد ڤاگنەر لە ئیسرائیل

دیدی من – لیلی ئیلیۆن
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کاوان عەبدولرەحمان

کاتێک مۆزەخانەی بایرۆیت لە ساڵی ١٩٨٥ لە وڵاتی ئەڵمانیا کرایەوە، لێی نوسرابوو “ڤاگنەر و جولەکەکان”. بەڕێوبەری مۆزەخانەکە، کە ناوی مانفرێد ئیگەر بوو، گوتی: “ئەمە پاڕانەوەیک نییە بۆ ڤاگنەر، بەڵکو بەدەمەوەچوونی ڕاستییەکانە، هێشتا هەندێک لە ئەڵمانییەکان وەک زۆربەی ئیسرائیلییەکان، خۆشییان لە ڤاگنەر نایەت.”

ئایدیا دژەسامی‌ـیەکەی ڕیچارد ڤاگنەر، سێبەری زۆری بۆ خودی خۆی و کارەکانی درووست کردووە. مانفرێد ئیگەر دەشڵێت: “هەندێک تێکستی ئەویان بەکار هێناوە و داویانەتە پاڵ سیفەتی نازییەکان بۆ توندوتیژیکردن بەرامبەر جولەکەکان، ئەمەش لە ڕۆژنامەی هێرشکارەکە بینراوە، کە ئەمڕۆ بە بڕوای لایەنگرانی هۆڵۆکۆست، بووەتە خاڵیکی ڕەش بۆ ڤاگنەر.”

هەرچەندە ڤاگنەر دەساڵێک پێش لەدایکبوونی نازیزم مرد، بەڵام کاریگەریی زۆری لەسەر نازییەکان هەبوو، بەتایبەت سەرکردەکەیان.

لە گوتاری جولەکە لە مۆسیقادا، کە یەکەم جار لە گۆڤاری مۆسیقای نوێ لە ساڵی ١٩٥٠ بڵاو کرایەوە، تێیدا نوسرابوو: “لە ڕووی فیکرییەوە، ئۆپێرا و مۆسیقای جولەکە سادەیە، هیچ گوێ بە کرۆک نادەن و قسەی هەلەق و مەلەق دەکەن، جولەکە هیچ خۆشەویستییان بۆ کارەکانیان نییە تا داهێنانی تێدا بکەن. لە کتێبی هونەر و سیاسەتی ئەڵمانیاـدا، ڤاگنەر باسی کاریگەریی خراپی جولەکەی کردووە بەسەر ئەڵمانییەکانەوە و دەڵیت: “گەر هێزی جولەکە زیاد ببێت، ئەوا ئەڵمانیا زیانی لێ دەکەوێت.” واتە پەیوەندییەکی پێچەوانە لە نێوانیاندا هەیە. هەموو ئەم ئایدیایانەی جەمسەر بۆ جەمسەر لە ئۆپێرای ئەنگوستیلەکەـدا بەکار هێنا، پارتی نازی‌ـیش ئەم ئایدۆلۆژیایەی کردە باکگراوندێک بۆ سیاسەتی خۆی.
richard-wagner-1233837879-hero-wide-0
مانفرێد ئیگەر دەیویست بە میوانەکان بڵێت، کە هاتوون بۆ پێشانگەی نێو مۆزەخانەکە، کە ڕەگی دژەسامی لەناو هیتلەرـدا بنەچەکەی ناگەڕیتەوە بۆ ڤاگنەر، هەروەها هەندیک ئۆپێرای ئاشکرا کرد، کە ڤاگنەر زۆر تامەزرۆیان بووە، ئەوانیش هیی دوو ئاوازدانەری جولەکە بوون، هێبرێد ئۆڤەرچوـی مێندڵسۆن و ئۆپێرای جولەکەکان‌ـی فرۆمینتال هیلیڤی، هەروەها کۆمەڵێک پەیوەندیشی ئاشکرا کرد، کە لەگەڵ جولەکەکاندا هەیبوون، وەک هینریش پۆرگێس  و هێرمان لیڤی، کە کوڕی ڕەبەن بوون. تەنانەت پەیوەندیی خۆشەویستیشی لەگەڵ خاتوونێک بە ناوی جودیس گاوتەر هەبووە، کە نووسەرێکی فەڕەنسی و نیوەجولەکەیەک بووە. ئیگەر ئایدیای دژەسامی‌ـیەکەی ڤاگنەرـی گۆڕی بۆ ئیرەیی پێ بردن بە جاکۆمۆ مایەربێرـی ئۆپێرانووس، کە کەسێکی سەرکەوتوو بووە لە کارەکانیدا. مانفرێد ئیگەر لە پێشانگەکەدا زۆر هەوڵی ئەوەی دا، کە ڕاستییەکان بۆ خەڵکی ئاشکرا بکات، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی ئەو برینە کراوەیە تیمار بکات و بیدوورێتەوە. ئەم برینە هێشتا لە ئەڵمانیا کراوەیە، بەڵام لە ئیسرائیل زۆر گەورەتر و بەئازارترە، ئایا هێشتا ناتوانرێت لەو وڵاتەدا، موزیکی ڤاگنەر بەئاشکرا لێ بدرێت یاخود ئۆپێراکانی پێشکەش بکرێن؟ ئەم ڕوداوە زۆر کات مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێ و توندوتیژیشی لێ دەکەوێتەوە. کاتێک بۆ یەکەم جار لە ئێوارەیەکی ڕۆژی شەممە و لە ساڵی ١٩٩٥، ئۆپێرای هۆڵەندییە فڕیوەکە نماییش کرا، کەمێک لەو گرێیەی شکاند کە بەرامبەر ڤاگنەر هەیان بوو، بەڵام لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٠١ـدا، وەختێک لە فێستیڤاڵی وڵاتی ئیسرائیل و لە شاری قودس، ئۆڤەرچوی تریستان و ئیزۆلدەـیان نماییش کرد، سەلماندیان کە هێشتا توندوتیژن بەرامبەر بە ڤاگنەر و موزیکەکانی.

موزیکەکانی ڤاگنەر لە شوێنە گشتییەکانی ئیسرائیل قەدەغەکراو بوو، تا ساڵی ١٩٣٨، شەوی شکاندنی شوشەکان و لە دوای ئەوە ئیدی ئەم باسوخواسە هێندەی تر گەرم بوو. زیاتر لەنێو گەنج و پیر و خەڵکە ئاسایییەکەدا زۆر قەدەغەکراو بوو، موزیسیانەکان گوێیان بەو شتانە نەدەدا و سوود و چێژیان لێ وەردەگرت. هەندێک هەبوون لایەنی هەست و سۆزی ڤاگنەرـیان هەڵبژاردبوو، هەروەها هەندێکیش هەبوون لایەنە عەقڵانییەکەیان لا پەسەندتر بوو. ئەوانەی کە لایەنە عەقڵانییەکەیان هەڵبژاردبوو، دەیانگوت: “دەبێت موزیک لە سیاسەت جودا بکرێتەوە، هەروەها نابێت سۆز ببێتە بەربەست بۆ هونەر، بەڵام ئێمە نابێت بیرمان بچێت کە بابەتی یەکەم لە موزیکدا، سۆزە. موزیک لە هەموو بارێکدا زیاتر کار لە دڵ دەکات وەک لە هزر، گوومانی تێدا نییە کە هەم شوێنکەوتووەکانی و هەم دژەکانیشی، لەسەر ئەو بۆچوونە کۆکن کە موزیکەکانی ڤاگنەر تا دواسنوور لێوڕێژن لە تەکنیکی هونەری.”
wag_1902230c
درک بەوە کراوە ئایدیای ڤاگنەر تا ڕادەیەکی زۆر بۆ ئایدۆلۆژیای نازیزم، باوکێکی ڕۆحی بووە، بەتایبەت دژ بە جولەکەکان. هەزاران ئیسرائیلی کە بڕەچەڵەک ئەوروپین و ئەوانەشی کە ئیسرائیلین، دەزانن ڤاگنەر یەکێکە لە خۆشەویستانی ئەدۆڵف هیتلەر و کردوویانە بە سیمبولێک بۆ نازیزم.

بە وتەی نیشاما ڕۆسلەر، کە ژەنیاری کەمانچەیە لە تیپی مۆسیقای قودس‌ـدا، “نابێت ئایدیای ڕەیسیزم ببەسترێتەوە بە موزیکەوە، گەر ئەوە بکرێت، نابێت موزیکی فرێدریک شۆپین لەنێو ئیسرائیل‌ـدا لێ بدرێت، چونکە دژەسامی‌ـیەکی زۆر توند بوو. بەڵام موزیکی  ڤاگنەر چونکە ڕۆح بەئاگا دێنێتەوە وهەست لە غافڵبوون ڕزگار دەکات، باش هەست بەوە دەکەم کە موزیکی ڤاگنەر ئەو کەسە بێزار دەکات کە نازیزم پەیوەندی بە خۆی یان خێزانەکەی یاخود هۆڵۆکۆست‌ـەوە هەبێت، بۆیە موزیکی ڤاگنەر نابێت بەئاشکرا بژەندرێت. کاری مۆسیقا لە دوای هەموو شتێک، هێمنکردنەوە و هەستکردنە بە باشی لای مرۆڤ، بۆیە هەر کەس ئەوەی ویست، دەتوانێت بەئاشکرا گوێ لە ڤاگنەر بگرێت. من وەک گوێگرێک، ئۆپێرای تریستان و ئیزۆلدە بە شاکارێکی سەدەی نۆزدە دەزانم، بەڵام زۆر کات جیهانبینیی ڤاگنەرهێرش دەکاتە سەرم، بۆیە ناتوانم بەئاسایی گوێی لێ بگرم؛ نووسراوەکانی ڤاگنەر سێبەرێکی تاریکم بۆ دروست دەکەن.”

گۆتفرێد ڤاگنەر، کە کوڕی کوڕەزای ڕیچارد ڤاگنەرـە وگەشتی کردووە بۆ ئیسرائیل، دەڵێت: “من ناتوانم ئۆپێراکانی ڤاگنەر لە ئایدیا و نووسینەکانی لە موزیکەکانی جودا بکەمەوە، ئەو پێش ئەوەی خۆی بە موزیسیان بزانێت، خۆی بە فەیلەسووف زانیوە .”

لە ساڵی ١٩٨١، تیپی ئۆرکێسترای ئیسرائیل لە ژێر ڕابەرایەتی زوبین مێهتاـدا، ئێوارەئاهەنگێکیان ساز کرد. کاتێک موزیکی تریستان و ئیزۆلدە دەژەنرا، گوێگرەکان هەر زوو بێدەنگییان شکاند و هاواریان کرد “موزیکەکە بوەستێنن”. لەو کاتەدا مێهتا گوتارێکی کورتی دا و گوتی: “ئیسرائیل وڵاتێکی دیموکراتییە و دەبێت هەموو جۆرە موزیکێکی تێدا بژەنرێت، گەر ئەم مۆسیقایە هەستی کەسێکی بریندار کردووە، ئەوە ئازادە و دەتوانێت ئێرە جێبێڵێت.” دوان لە ئەندامانی ئۆرکێستراکە چاوپۆشیان لە داواکەی کرد، بەڵام ئەوانەی کە بەتەمەن بوون لەناو تیپەکەدا، بەهێمنی ڕێی ماڵەوەیان گرتە بەر و هەندێکیان دەترسان و زۆربەی گوێگران توڕە بوون، بەڵام لە کۆتاییدا پارچەکەیان ژەند .

چەند سڵێک دواتر پرسیارێک هاتە پێش، “ئایا ئەم تیپە دەبێت موزیکەکانی ڤاگنەر بژەنێت؟” بۆیە هەستان بە ڕاپرسیکردن بە ئەندامانی تیپەکە، سەدا پەنجا ڕازی بوون بەوەی کە ئاسایییە و لە سەدا بیستوپێنج ڕازی نەبوون، ئەوەشی کە مابوونەوە سەریان لە بابەتەکە کز کردبوو. لە ساڵی ١٩٩٢ ڕاپرسییەکە کۆتایی هات و سەدا حەفتا ڕازی بوون. بۆیە بڕیاریان دا کە بەردەوام بن لە ژەنینی موزیکەکانی ڤاگنەر لەناو ئیسرائیل‌ـدا، گەر لە کاتێکی نادیاریشدا بێت.

لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٠١ و لەژێر ڕابەرایەتی بەرلین ستاتسکاپڵ‌ـدا، ئۆپێرای تریستان و ئیزۆلدە لە ئاهەنگێکدا لە ئیسرائیل نماییش کرا. پێش دەستپێکردنەکە، بەڕێوبەری ئۆرکێستراکە دانێڵ بارینبۆیم، بە گوێگرانی گوت: “دڵنیام دوای ژەنینی ئەم موزیکە زۆرینەتان داوای دووبارەبوونەوەی دەکەن، گەر وا نەبوو ئەوا ئێمەش ڕێز لە بیروبۆچوونەکانتان دەگرین و دووبارەی ناکەینەوە.” لە دوای تەواوبوونی، زۆربەی گوێگران لەگەڵ ئەوەدا بوون کە دووبارە بکرێتەوە، جگە لە کەمینەیەک کە هەستان و چوونە دەرێ.

یاکۆڤ میشۆری، کە موزیسیانێکی ئۆرکێسترایییە، دەڵیت: “هەر شتێک بێت، نابێت موزیکەکانی ڤاگنەر نەژەنرێت! ڤاگنەر پێش پەنجا ساڵ لە بەهێزبوونی هیتلەر مردووە، ئەو بە شێوەیەکی زۆر تایبەت دژی جولەکە بوو، بەو جۆرە نەبوو کە ئێستا باس دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەو لەگەڵ هەندێک جولەکەدا کاری کردووە، یەکێک لەوانە ئێرنست نیومەن بوو و یەکێکی تر کە بەڕێوبەری کارەکانی بوو بە ناوی هیرمان لیڤی، هەروەها موزیسیانێکیش بە ناوی ڕۆبنشتاین، کە لە زۆرینەی ئۆپێراکانی لەگەڵی بوو، ئەمانە هەموویان جولەکە بوون.” ئاڤی چانانی، کە بەڕێوبەری ڕادیۆی بەشی مۆسیقای کلاسیکە لە ئیسرائیل، دەڵیت: “من دژایەتیی هەموو قەدەغەکراوەکانی کلتوورەکەم دەکەم، بەڵام ڤاگنەر شۆڕشگێڕی موزیکە و بۆیە هەر وەک زوبین مێهتا، منیش پشتگیری لێ دەکەم و دڵنیام وردە وردە دەتوانرێت سەربەستی بۆ بەدەست بخرێت. ئەو کارەی ڤاگنەر کردوویەتی، بنەمایە بۆ موزیکی ئەوروپا، بۆیە بە بێ ئەو ئەستەمە لە مێژووی موزیک بگەین، ئەوە باشترین هۆکارە تاکو ئیدی بتوانرێت موزیکەکانی بژەنرێت. من بە لای خۆمەوە گەر لە ڕادیۆکەمدا موزیکەکانی ڤاگنەر پەخش بکەم و بە دیموکراتیشی بزانم، بەڵام چی لە گەل بکەین؟ دەبێت ئەوانیش هەموو شتێکیان بۆ ڕوون بکرێتەوە.” ڕوڤێن دافنی، کە سەرباز و دیبلۆماتکارێکی وڵاتی ئیسرائیل‌ـە، دەڵێت: “جارێک زۆبین مێهتا پێی گوتم هیچ تیپێکی ئۆرکێسترا ناتوانن ببنە ئۆرکێسترایەکی ڕاستی، گەر نەتوانن ڤاگنەر بژەنن. پرسیارەکە لێرەدایە، ئایا بەم قسەوباسانە دەتوانرێت لە مۆسیقاکانی ڤاگنەر کەم بکرێتەوە؟ گوتەی ‘نابێت هونەر تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت’، ئایا ئەمە ئەوە نەبوو کە ئەم ئاوازدانەرە ئەڵمانییە کردی؟ ئەو کەسەی کە نەک تەنها موزیکی نوێی دروست کرد، بەڵکو لیبرێتۆـشی نووسی. ئەو مشتومڕانەی دەربارەی موزیکی ڤاگنەر دەکرێت لە ئیسرائیل، لە ڕاستیدا مەبەست لە ئاستی بەرزی و نزمییەکەی نیە، هەروەها لە بارەی فیکری دژەسامی‌ـیەوە نییە، گوومان لەوەدا نییە کە چەندەها ئاوازدانەری دیکە هەبوون دژ بە سامییەکان بوون؛ نابێت بگوترێت کە ڤاگنەر بووەتە هۆی دروستبوونی نازیزم، ئەو تەنها چەکێکی بەهێزی دەستی نازییەکان بووە و موزیکەکانی گرنگییەکی زۆری لە دەروونی تاکی ئەو پارتەدا هەبووە.”