کافکا و سینەما

هەوار شەریف

پەیوەندیی ئەدەب (بەتایبەتی چیرۆک و ڕۆمان) ھەر لەسەرەتاکانی سەرهەڵدانی سینەما بوونی هەبووە و چەندین شاکاری گەورەی ئەدەبی بوونەتە شاکاری سینەماییی زۆر مەزن. بە تێپەڕبوونی ڕۆژگاریش، بەشێکی زۆری ڕۆمانەکان خراونەتە سەرشاشەی سینەما و سەرکەوتنی بەرچاویان بەدی هێناوە. لە نموونەی ئۆلڤەر تویست‌ـی چارلز دیکنز، تاوان و سزاـی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی وخوشەویستی لە زەمەنی کۆلێراـی گابریێل گارسیا مارکیز و چەند دەقێکی ئەدەبیی گرنگی تر.

گۆشەنیگا و ڕای جیاواز ھەن سەبارەت بە گۆڕینی ڕۆمانەکان بۆ سەر زمانی فیلم، دەکرێت وەک یەکەم ھەوڵدان، جۆرج میلیس نموونەیەکی باش بێت، ھاوکات ڕا و بۆچوونەکانیش جیاواز بن سەبارەت بە وەرگرتنی شاکارێکی ئەدەبی بۆ فیلم .
d13d0b1d1c9338816eeef9c7f6de17e8
ھەندێک لەو ڕایانە خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە پێویستە دەرهێنەر بە ئامانەتیی تەواوە، پێکهاتەی ڕۆمانەکە وەربگرێت بو فیلم، تا ئەگاتە ئەو ئاستەی ئەگەر شاکارە ئەدەبییەکە پێکهاتەیەکی وشەیی ھەبێت، ئەوا پێویستە لە فیلمەکەدا پێکهاتەیەکی وێنەیی بنوێنێت. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، چ تایبەتمەندییەک لەوەدایە فیلمەکە کۆپی تەواوی ڕۆمانەکە بیت؟ ڕایەکی تر پێی وایە ئەدەب خاوەنی زمانێکی زۆر جیاوازترە لە فیلم و دەبێت ئەو مافە بدرێت بە دەرهێنەر کە ئافراندنی خۆی بکات و خوێندنەوەیەکی وێنەییی جیاواز لە ڕۆمانەکە وێنا بکات، کە بەتەنها نەبێت وەرگیڕی ڕۆمانەکە. ڕوانین و بۆچوونی سێیەم پێی وایە کەھەریەک لە ڕۆمان و فیلم، پانتاییی جیاوازن و دەکرێت ڕۆمانەکە لە ڕێی پێکهاتە جیاوازەکانی فیلم جوانتر ئیستاتیکای نێو ڕۆمانەکە بونیاد بنێت. بەدەر لەوانە، پێوەرێکی دیاریکراوی ئەوتو نییە بوئەوەی بزانرێت کە تا چ ئاستێک دەرھێنەر توانیویەتی رۆحی ڕۆمانەکە بگەیەنێت.

لە مێژووشدا بەرکەوتنی زوری ڕۆماننووسەکان و دەرھێنەرەکان بەرچاو دەکەون؛ دیارترینیان فیلمی تیشکدان‌ـە، کە ساڵی ١٩٨٠ ناکۆکی لە نێوان دەرهێنەرەکەی، ستانلی کوبریک و نووسەرەکەی، ستیڤین کینگ  دروست کرد، کاتێک ڕۆماننووسەکە کوبریک‌ـی بەوە تاوانبار کرد کە رۆحی ڕۆمانەکەی شێواندووە و هەرگیز مەبەستەکە ئەوە نەبووە، کە کوبریک وێنای کردووە.
kafkaberthday
نموونەیەکی دیکە، فیلمی زۆرباـیە، کاتێک دەرھینەر مایکڵ کاکویانس کاری تێدا کرد، تەواو جیاواز بوو لەوەی نووسەر نیکۆس کازانتزاکس مەبەستی بوو.

ھەروەھا نموونەیەکی تر، ئەو کاتەی ناکۆکییەکی گەورە لە نێوان کافکا و دوفراک دروست دەبیت، کاتێک دوفراک رۆمانی مەسخ دەکاتە فیلم و کارەکتەرەکە وەک قالۆنچەیەکی گەورە وێنا دەکات، کە هەرگیز کافکا مەبەستی ئەوە نەبووە کە لەو فیلمەدا وێنا کراوە.

ھەردەم پرسیارێک ھەیە: چی وا دەکات شاکارێکی ئەدەبی ببیتە مایەی سەرنجی دەرهێنەرگەلێک و خواستیان بیت بیکەنە فیلم؟

ئەمەوێت لێرەدا سەرنج بگوێزمەوە بۆ ڕۆمانی مەسخ‌ـی فرانز کافکا، کە ئەم شاکارە مەزنە دوو جارکراوەتە فیلمی درێژ، دوو جار کراوەتە فیلمی کارتون، جارێک کراوەتە فیلمی ئەنیمەیشن و چوار جاریش کراوەتە زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی، کە دیارترینیان سالی ١٩٨٧ لە وڵاتی بەڕیتانیا بەرھەم ھات.
2-perkins-crop
ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا، دوو لەو فیلمانەیە؛ فیلمی یەکەم لە لایەن دەرهێنەری ڕوسی، ڤالیڤالێری ڤوکۆن کاری لەسەر کراوە و لە ساڵی ٢٠٠٢ بەرھەم ھات، کە بە زمانێکی تەواو سینەمایی وێنای ڕۆمانەکەی کردووە. فیلمی دووەم، کە ماوەکەی ٥٠ خولەکە، لە لایەن دەرهێنەر جانیمس کاری لەسەر کراوە  و بەرھەمی وڵاتی ئەڵمانیایە.

ئەوەی لە فیلمی یەکەم تێبینی دەکرێت، ئەو توانا نمونەیییەی یڤیکنی میرۆنۆڤ‌ـە، کە چۆن نواندنی کارەکتەرەکە دەکات، بەڕاستی نواندنێکی زۆر باڵایە لە ڕووی جەستەیی و فیزیکییەوە، بۆ وێناکردنی مرۆڤێکی بەقالۆنچەبوو، بەدەر لەو پێکهاتانەی دیکە. ئەوەی لە فیلمی دووەم دەبینرێت، بەدرێژاییی فیلمەکە دیدی مرۆڤە بەقالۆنچەبووەکەیە، کە کامێرا و جووڵەی کامێرا بەو ئەرکە هەڵدەستێت و خودی ئەکتەرەکە دیار نییە. ئەوەی فیلمی دووەم وێنای دەکات، جیاوازە لە فیلمی یەکەم؛ بینەر لە دیدی قالۆنچەیەکەوە چیرۆکەکە دەبینیت و بەڕاستی کارکردن و وێنایەکی جیاوازی ئەم شاکارە بوو.

ئەوەی ماوەتەوە، ئەم ڕۆمانە نەمرە و دەکرێت لە داھاتوودا بکرێتە شاکاری گەورە و جیاوازی سینەماییی دیکە.