پەیامی ئەکتەرێکی یەکێک لە فیلمەکانی کیاڕۆستەمی بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە

دیدی من

خاتوو ئێران حەمزەیی، دایکی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی و ئەکتەری فیلمی با ئێمە لەگەڵ خۆی دەبات، بەبۆنەی کۆچی سینەماکاری ناوداری ئێرانی عەباس کیارۆستەمی پەیامێک بڵاودەکاتەوە.

دەقی پەیامەکە:

هەواڵی مردنی لە ناکاو بوو، تا بەرەبەیان لەو شوێنەی کە بۆخۆی هەموو رۆژێک، لە ماوەی ئەو دوو هەوفتەیەی کە لەلای ئێمە بوو دادەنیشت، دانیشتم و گریام.

کۆچەکەی زۆر لە ناکاو بوو، وەکوو هەموو فیلمێکی کە لە ناکاو بوو، لەسەر فیلمی “باد ما را با خود خواهد برد” واته؛ “با ئێمە لەگەڵ خۆی دەبات”  زۆر لە ناکاو گوتی کە دەیەوێت لە چەند دیمەن رۆڵ ببینم، ئەو چەند رۆژە دەرفەتێک بوو کە زیاتر لەگەڵ یەکتریدا ئاشناببین، بۆ بەهمەن هەر وەکوو باوکێک وابوو و ئاگای لێی بوو.

کاتێک لە ماڵی ئێمە بوو، هەرای لە من دەکرد: “دایکی بەهمەن”، زۆر حەزی لە نان و پەنیری خۆماڵیی کوردیی بوو، کە لەگەڵ سەوزییدا دەیخوارد و دەیگوت: “هیچ شوێنێک نابێتە ماڵی خۆت”، زوو دەچوو بۆ قاتی سەرێ و لە باڵکۆنەکە دادەنیشت و بە شاری سنەدا دەیڕوانی، جارێک کە چاییم بۆ برد، هەستم کرد کە خەمێک لە روخساریدایە، گوتی: “مرۆڤ تەنیا دێت و تەنیاش دەڕوات”، پرسیارم لێکرد ئاخۆ ئەوە دیالۆگی فیلمەکەتانە؟ پێکەنی و گوتی: “بێگومان دەیهێنمە ناو فیلمەکەوە”.

لە بیرم نایێت هیچ هەواڵێکی سینەمایی چ تاڵ و چ خۆش، بە رێژەی هەواڵی مردی بەڕێز کیارۆستەمی کاریگەریی لەسەر من دانابێت.

رۆحی شاد بێت

ئێران حەمزەیی