ودی ئاڵن ده‌رباره‌ی بێرگمان ده‌دوێت

دیدی من – هۆڵیوود ڕیپۆرته‌ر
سازدانی گفتوگۆ: گرێگ كیلده‌ی – ٢٠١١
له‌ ئینگلزییه‌وه‌: ژیوار جه‌وهه‌ر

هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجییه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی بۆ یه‌كه‌مین جار فیلمی هاوین له‌گه‌ڵ مۆنیكا ده‌بینێت، ودی ئاڵن ده‌بێته‌ هه‌وادارێكی سه‌رسه‌ختی گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌ری سویدی ئینگمار بێرگمان. له‌م دیمانه‌یه‌ی خواره‌وه‌، ئاڵن باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆچی فیلمه‌كانی بێرگمان هێنده‌ كاریگه‌رن.

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵانی ١٩٦٠ــه‌كان، بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر فیلمێكی نوێی بێرگمان وه‌ك ڕووداوێكی گرنگ، له‌لایه‌ن شاره‌زایانی بواری فیلم، باسی لێوه‌ ده‌كرا. به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می ئێستادا، پێگه‌ی بێرگمان له‌ چ ئاستێكدایه‌؟ 

له‌ ڕاستیدا، نه‌وه‌ی نوێ له‌ڕووی فیلمه‌وه‌ زۆر نه‌زانن، هیچ زانیارییه‌كیان نییه‌. نه‌ك ته‌نها له‌ باره‌ی بێرگمانـه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌نتۆنینی، تروفۆ، كورۆساوا، بونوێڵـیش. فیلم به‌شێك نییه‌ له‌ توانای خوێنده‌واریی و ڕۆشنبیریی ئه‌وان. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، فیلمه‌كانی بێرگمان هه‌ر مه‌زنن. كۆمه‌ڵێك فیلمی زۆر مه‌زنن – فیلمه‌كانی بونوێڵ، فیلمه‌كانی كورۆساوا، زۆربه‌ی فیلمه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی سینه‌مای ئه‌وروپی – هه‌موو ئه‌م فیلمانه‌ فیلمگه‌لێكی زۆر زۆر مه‌زن بوون. مۆری حه‌وته‌م كاتی خۆی فیلمێكی نایاب بوو، ده‌ی ئێستاش هه‌ر نایابه‌. ئه‌وان به‌ فیلمی پاسكیل دز ئاشنا نین؛ ئاشنا نین به‌ فیلمی وه‌همی مه‌زن. هه‌روه‌ها، زۆربه‌ی زۆریان به‌ فیلمی هاونیشتیمانی کەین ئاشنا نین. خۆ ئه‌گه‌ر ئاشناش بن پێیان، وه‌ك شتێك پێی ئاشنان كه‌ به‌ ڕێكه‌وت له‌ ته‌له‌فزیۆن بینیویانه‌. ئه‌وان ڕێزێكی زۆریان بۆ ئه‌م فیلمانه‌ نییه‌ – من، له‌به‌ر ئه‌مه‌، هیچ ڕه‌خنه‌یه‌كیان لێ ناگرم – هیچ هۆكارێك نییه‌ كه‌ ده‌بێت یان پێویسته‌ ڕێزیان لێ بگرن. ئێستا زه‌مه‌نێكی جیاوازه‌. ئایكۆن و پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وان هیی سه‌رده‌مێكی دیكه‌ن.

تۆ له‌ خوێندنگه‌ی ئاماده‌یی بووی كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار فیلمی هاوین له‌گه‌ڵ مۆنیكات بینی. چ شتێكت ده‌رباره‌ی یه‌كه‌مین به‌ركه‌وتنت له‌گه‌ڵ فیلمێكی بێرگمان له‌ یاده‌؟

به‌ڵێ، به‌ڵێ، ئه‌وه‌م له‌ یاده‌. یه‌كه‌مین فیلمی بێرگمان كه‌ بینیبێتم ئه‌و فیلمه‌ بوو چونكه‌ قسه‌وباس هه‌بوو ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ فیلمه‌كه‌ دیمه‌نێكی ڕووتی تێدایه‌. ئه‌م شێوه‌ پێشكه‌وتنه‌ له‌ هیچ كام له‌ فیلمه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان نه‌بینرابوو. تۆزێك پێكانیناوییه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بیری لێ بكه‌یته‌وه‌. بینیم، فیلمێكی زۆر زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو جگه‌ له‌ دیمه‌نی ڕووتییه‌كه‌، كه‌ زۆر هێمن و نه‌رمونیان بوو. ماوه‌یه‌كی كورت دوای ئه‌وه‌، هه‌ر به‌ ڕێكه‌وت فیلمی ورده‌ تۆزی دار و تینسێلــم بینی. هیچ بیرۆكه‌یه‌كم نه‌بوو ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م فیلمه‌ له‌لایه‌ن بێرگمانـه‌وه‌ ده‌رهێندرابێت – ئه‌مه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ هاوین له‌گه‌ڵ مۆنیكای ده‌رهێناوه‌ – فیلمێكی نائاسایی بوو. به‌ بینینی ئه‌م هه‌موو شته‌، له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌م، له‌ جێگه‌ی خۆم ڕه‌ق بووبووم. به‌ خۆم گوت، ”ئه‌م پیاوه‌ كێیه‌؟” فیلمێكی هه‌ستیار و نائاسایی بوو. بۆ جارێكی دیكه‌ش، ئه‌م فیلمه‌شم خسته‌ ناو فیلمه‌ بیانییه‌ جوانه‌كان، ئه‌مه‌ش كارێكی باو بوو كه‌ خه‌ڵك له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌نجامی ده‌دا. ئه‌وكات، كۆمه‌ڵێكی زۆر ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی بیانی و چه‌ندین فیلمی بیانیی زۆر باش بوونیان هه‌بوو. پاشان، له‌ نیو یۆرك پۆسته‌ری فیلمه‌كانی شلیكی كێویی و جادووكار و دواتریش مۆری حه‌وته‌م بڵاوكرانه‌وه‌. ئه‌م سێ فیلمه‌ زۆر دڵخۆشكه‌ر بوون – زۆر نائاسایی بوون.
allen
ودی ئاڵن
فۆتۆ: نیكۆڵاس گوێرین

چ شتێك زۆر كاریگه‌ر بوو؟ ستایل، یان ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌كان، ئه‌گه‌ر بتوانی ئه‌م دووانه‌ له‌ یه‌كتری جودا بكه‌یته‌وه‌؟

سێ هۆكار هه‌بوون. یه‌كه‌میان، له‌ڕووی تێماوه‌، ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌كان زۆر له‌گه‌ڵ مندا ده‌گونجان. دووه‌م، ته‌كنیكه‌ سینه‌ماییه‌كانی، ستایله‌كه‌ی زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو، زۆر چڕ و ناوازه‌ بوو بۆ من. سێیه‌مین هۆكاریش، شێوازی ئیشه‌كانی زۆر شاعیرانه‌ بوو. ڕێبازی كاره‌كانی هیچ ئاسایی نه‌بوو؛ شاعیرانه‌ بوو. مۆری حه‌وته‌م، شلیكی كێویی، جادووكار فیلمگه‌لێكی زۆر شیعریین، به‌هامان شێوه‌، دواتریش، هه‌مان شێواز له‌ فیلمی هاوار و چرپه‌كانـه‌دا هه‌ست پێ ده‌كه‌ی – دیالۆگی زۆر كه‌م له‌م فیلمه‌دا هه‌یه‌. جوڵه‌ی كامێرا به‌ ده‌وری خانووه‌ سووره‌كه‌دا سه‌رسامت ده‌كات. وه‌ك ته‌ماشا كردنی شیعر، به‌ شێوه‌ی جوڵاو، وایه‌.


ڕه‌خنه‌گره‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی ده‌ستت كرد به‌ دروستكردنی فیلمی جددی زیاتر، ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ بێرگمان كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كاره‌كانت هه‌یه‌. ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌م قسه‌یه‌ هاوڕایت؟

ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌كانی هونه‌ردا ڕووده‌دات، جا ئه‌گه‌ر میوزیك یان فیلم یان كۆمیدیا بێت. بێگومان كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ن كه‌ پێیان سه‌رسامیت، كاتێكیش كه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ی، كاریگه‌ریی ئه‌وانت له‌سه‌ر ده‌بێت. بێرگمانـیش ئه‌مه‌ی هه‌بووه‌، خۆی ئه‌مه‌ی گوتووه‌، ڤیكتۆر خۆیۆسترۆم [ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ی كه‌ وه‌ك ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی به‌شداری له‌ فیلمی شیلكی كێوییــدا كردووه‌]. خۆشه‌ویستییه‌كی زۆری به‌رامبه‌ر به‌  ڤیكتۆر و فیلمه‌كانی هه‌بووه‌، ته‌نانەت فیلمه‌كانی بێرگمان خۆی له‌ كاره‌كانی ڤیكتۆر خۆیۆسترۆم ده‌چن. ئیشه‌كه‌ به‌م شێوەیه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ. دواتریش، هێواش هێواش، یان وه‌ك لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه، یاخود ئه‌م كاریگه‌رییه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كاره‌كانت ده‌بێ و كاره‌كانت ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات. ئه‌وه‌ی من سه‌یر و نامۆ بوو، چونكه‌ له‌ بڕۆكلین، كۆمیدیا به‌ پێوه‌ كارم ده‌كرد، له‌وێ نمایشی كۆمیدیی و فیلمی كۆمیدییم به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یاند. كاریگه‌رییه‌كی سه‌یره‌. ئه‌گه‌ر بڵێی ئه‌م پیاوه‌ كاری كۆمیدیی ده‌كات و به‌ كاره‌كانی ماكس بڕۆزێرس یان چارلی چاپلین یان پرێستۆن سته‌رگس كاریگه‌ره‌، ئه‌وه‌ شتێكی عاقڵانییه‌ و ڕێی تێ ده‌چێ. ئه‌گه‌ر به‌ ئینگمار بێرگمان كاریگه‌ر بی – كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فلیمسازه‌ درامییه‌كان و كاره‌كانی شاعیرانه‌ن و ناوه‌ڕۆك و ته‌كنیكی قورسیان تێدایه‌ – ئه‌نجامه‌كه‌ی دروستبوونی به‌رهه‌مێكه‌ كه‌ كۆتاییه‌كی نائاسایی هه‌یه‌. بۆ من به‌م شێوه‌یه‌ بوو، جا ئه‌گه‌ر باشتری كردبێ یان خراپتر. جۆرێكی تایبه‌تی كۆمیدیای پێ به‌خشیم كه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێكی زیاتر ده‌هاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكرد بۆ هه‌موو ژیانم به‌رده‌وام بم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌میشه‌ بینه‌رێكی كه‌مترم هه‌بوو.


به‌هۆی ئه‌م هه‌موو ڕێزه‌ی بۆ بێرگمان هه‌ته‌، یه‌كه‌م په‌رچه‌كردارت، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، لاسایی كردنه‌وه‌ی مۆری حه‌وته‌م بوو له‌ فیلمی عه‌شق و مه‌رگـدا. ئایا ئه‌و وێنه‌ی مه‌رگه‌ی كه‌ بێرگمان دروستی كردبوو شتێك بوو كه‌ نه‌تده‌توانی گاڵته‌ی پێ نه‌كه‌ی؟
به‌دڵنیاییه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر به‌ڕاستیی تۆ لاسایی شتێك ده‌كه‌یته‌وه‌ یان گاڵته‌ به‌ شتگه‌لێك ده‌كه‌یت كه‌ خۆشت ده‌وێن. جا كه‌ له‌ بواری هونه‌ریی كۆمیدیا و كۆمیدیای گاڵته‌جارانه‌ ئیشت كرد، له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا ئیشه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ ده‌بێت كه‌ ئاره‌زووت لێیانه‌. كاتێك له‌گه‌ڵ بابه‌تێكدا نێوانت زۆر خۆش نه‌بوو، ده‌توانی هه‌ندێ شتی لێ بكه‌ی، به‌ڵام به‌ زۆری شتێك ده‌رده‌چێت كه‌ ده‌كرێت ئازاری هه‌ستی ئه‌وانی دیكه‌ بدات و هیچ گاڵته‌بازانه‌ نه‌بێ. به‌ڵام كاتێك شتێكت زۆر خۆشده‌وێ و گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ی، ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ چێژبه‌خش و خۆشه‌ و له‌ كۆتاییدا، كارێكی گاڵته‌ئامێز و پێكه‌نینهێن ده‌رده‌چێ.

له‌ ساڵی ١٩٧٠ـاكان، له‌ كۆتاییدا، به‌ دیداری بێرگمان گه‌یشتی. دیداره‌كه‌تان چۆن بوو؟

خه‌ریكی وێنه‌گرتنی فیلمی مانهاتان بووم كاتێ بۆ یه‌كه‌م جار به‌ دیداری گه‌یشتم، له‌سه‌ر داواكاری ئه‌و. لیڤ ئولمان هاوڕێی هه‌ردووكمان بوو، ئه‌و پێی گوتم كه‌ بێرگمان لێره‌یه‌ و ده‌یه‌وێت پێكه‌وه‌ نانی ئێواره‌ بخۆین. به‌ ته‌نها من و ئینگمار و هاوژینه‌كه‌ی و لیڤ ئولمان بووین، له‌ شوقه‌كه‌ی بێرگمان. كاتێكی زۆر خه‌ریكی نانخواردن بووین و هه‌موو شه‌وه‌كه‌ش گفتووگۆمان كرد.
نیكۆلاس گوێرین- ئاڵن
ئینگمار بێرگمان
فۆتۆ: بێنگت وانسێلیوس

ستایل و تێما له‌لایه‌ك، پێده‌چێت فیلمۆگرافیت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فیلمۆگرافی ئه‌و بێ، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك فیلمی زۆرتان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنچینه‌ی هاوشێوه‌ دروست كردووه‌.

هه‌ست ده‌كه‌م كۆپیم كردووه‌. ئه‌و نه‌یده‌ویست فیلمه‌كانی به‌رهه‌می زۆر گه‌وره‌ بن – بێرگمان ته‌نها ده‌یه‌ویست ئیش بكات. ئه‌و خۆشی له‌ ڕه‌خنه‌گره‌كان نه‌ده‌هات. هه‌روه‌ها، هیچ ئاره‌زووی له‌ بۆكس ئۆفیس نه‌بوو. ئاره‌زووی له‌وه‌ نه‌بوو بۆنه‌ی گه‌وره‌ بۆ پیشاندانی فیلمه‌كانی سازبكات. منیش هه‌مان هه‌ستم هه‌یه‌. ته‌نها حه‌زده‌كه‌م فیلمه‌كان به‌رهه‌م بهێنم و گرنگی به‌وه‌ ناده‌م كه‌ چۆن پێشوازیی لێ ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ شێتت ده‌كات.  ده‌توانی به‌ باش و خراپ بیر له‌مه‌ بكه‌یته‌وه‌. هه‌ندێجار له‌ ناو پیاهه‌ڵدان و ده‌ستخۆشییه‌كان ون ده‌بی، یان ڕه‌خنه‌ باشه‌كان خه‌مبارت ده‌كه‌ن؛ ئه‌مه‌ هه‌مووی به‌ فیڕۆدانی كاته‌. باشتره‌ ئیشی خۆت بكه‌یت. ئه‌ویش هه‌مان تێڕوانینی هه‌بوو. هیچ ئاره‌زووی له‌ كۆتایی هه‌فته‌ نه‌بوو، ئاره‌زووی به‌ پشووه‌كان نه‌ده‌هات، حه‌زی له‌ تیشكی خۆر نه‌بوو. منیش به‌هه‌مان شێوه‌. هه‌رگیز حه‌زم به‌ كۆتایی هه‌فته‌ و پشووه‌كان نه‌هاتووه‌، هه‌رگیز ئاره‌زووم له‌ تیشكی خۆر نه‌بووه‌. ئه‌مه‌ ئیشی سه‌رخۆشێك نییه‌، ئه‌مه‌ چێژی تیایه‌؛ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ ئیش له‌سه‌ر حه‌ز و ئاره‌زووی خۆت بكه‌یت. بۆ ئه‌ویش هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بوو.