خۆکوشتنی ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی لە نێوان ئەوین و سیاسەتدا

دیدی من – ئەلحەیات

ئیبراهیم ئەلعەریس

لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر

لە نێو هەموو ئەو نووسەرە داهێنەرانەی کە خەونی دروستبوونی شۆڕشی سۆشیالیزم‌ـیان هەبووە، لە پێناویدا کاریان کردووە و لە کاتی سەرکەوتنە سەرەتایییەکانیاندا تەواوی وزەی خۆیانیان پێ بەخشیوە، ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی، نووسەر و شاعیری چەپی ناوداری ڕوسی، لە ڕیزی پێشەوەدایە. ئەو لە هەر یەکێک زیاتر شۆڕشگێر بوو، لەگەڵ ئەوەی سۆشیالیستیی خۆی ڕاگەیاندبوو، دیدگای بۆ داهاتوویەکی ڕۆشن لەوەی کە بەلشەڤییەکان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرـی ساڵی ١٩١٧ پەیمانیان لە سەر دابوو، باڵاتر بوو؛ ئەویش تەنها بە بەراورد بە گەلی ڕوسی و سۆڤیەتی نا، بەڵکو بەرانبەر هەموو گەلانی جیهان.

هیواکانی مایاکۆڤسکی لە بەرانبەر ئەو دیفاکتۆ و دەرئەنجامانەی لە شۆڕش کەوتنەوە، بە خێرایی گەشەیان دەکرد، تا دواجار هەموو ڕێیەکانی بەدیهێنانی خەونە شۆڕشگێڕییەکانی لێ گیرا و نائومێدیی ئەم شاعیرە مەزنە گەیشتە ئەو ڕادەیەی، بە خۆکوشتن کۆتایی بە ژیانی بهێنێت.

ALEXANDER RODCHENKO, Poet Vladimir Mayakovsky in Redaktion / in editorial office, Moscow 1927

خراپتر لە هەر یەکێک لەو نووسەرانەی لە سەرەتادا بەهیوا بوون و لە کۆتاییدا نائومێدی وای کردووە کۆتایی بە ژیانیان بهێنن، ساڵی ١٩٣٠، ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی خۆی کوشت. لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمەدا جۆزێف ستالین، سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتەکەی تەواوی ستەمکارییەکانی خۆی بۆ کوشتنی خەونە شۆڕشگێڕییەکان بەکار هێنا، بەڵام خوێندنەوە و شیکاریی زۆر بۆ هۆکاری خۆکوشتنەکە هەن؛ هەندێک دەڵێن کە هۆکارەکەی ئەوین بووە و هەندێکی تریشیان بۆ بیروڕا سیاسییەکانی دەگەڕێننەوە، هیی تریش. بەڵام زۆرترین ئەو ڕایانەی کە هەن و هیی توێژەرانی ژیانی مایاکۆڤسکی‌ـن، ئەوانەن کە کاریگەرن بە شیعرەکانی، پشتیان پێ بەستووە و توێژینەوەیان لە سەر کردووە.

مایاکۆڤسکی، یەکێک بووە و یەکێکە لە شاعیرە مەزنەکانی سەدەی بیستەمی وڵاتی ڕوسیا؛ لە سەردەمی خۆیدا، لە هەرە شاعیرە خودگەراکان بووە، ئەم خودگەرایی‌بوونەش لەو تەمەنە کورتەیدا، کاریگەریی نەکردووەتە سەر ئەوەی لە شیعرەکانیدا خەونە شۆڕشگێڕییەکانی ڕەنگ نەدەنەوە. بەڵام تەنانەت لەو شیعرانەشدا کە بەتایبەت شۆڕشگێرانەن، توێژەران بەر بەرزونزمیی کۆتاییی مایاکۆڤسکی دەکەون؛ یەکێک لەو شیعرە درێژانە، ناوی دەربارەی ئەوەـیە، کە لە ساڵی ١٩٢٣ و پاش ساڵێک لە نووسینی شیعرە مەزنەکەی تری، ئەویندارم، نووسیویەتی. توێژەران ئەم دوو شیعرە پێکەوە دەبەستن و لە سەر شیعری دەربارەی ئەمە دەوەستن و بە تەواوکاری شیعری ئەویندارم‌ـی دەبینن. لەگەڵ ئەوەشدا بە یەکەمین کاری ئەوی دەزانن، کە تێیدا گوزارشتی لە نائومێدیی خۆی لە شۆڕش کردووە، هەروەها تواناداریی پارت و دەوڵەتەکەیشی لە دروستکردنی مرۆڤێ نوێ و ئەوەی کە ئەو دەیویست: ئامادەیی بۆ یارمەتیدانی مرۆڤی ڕابردوو و نوێکردنەوەی ژیانی.

vladimir-mayakovsky-6

ئەو مانا سەرکەشانەی شیعرەکە لە خۆیی گرتوون، لە بنەڕەتدا ئەویندارین، لە کاتێکدا ئەوەی ناونیشانی شیعرەکە باسی دەکات، دەربارەی ئەوە، خودی ئەوین خۆیەتی، نەک وەک ئەوەی دەبینرێت، ئەوینی نێوان کچ و کوڕ بێت. ئەم لەخۆگرتنە بۆ مایاکۆڤسکی بوێرانە دەبینرێت، هەروەها نامۆش. شیعرەکە لە ساڵی ١٩٢٣ نووسراوە، ئەو کاتەی مایاکۆڤسکی بە تەواوی گڕوتینیەوە، بزووتنەوەی هونەریی چەپ‌ـی پێک هێنا، کە لە ساڵانی ١٩٢٣ بۆ ١٩٢٥ گۆڤارێکی بە ناوی لێف هەبوو و لە ساڵانی ١٩٢٦ بۆ ١٩٢٩ـش لێڤی نوێ. ئەمەش لەو ساڵانەدا بوو کە چەند گەشتێکی بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا کرد، تیایاندا شیعرەکانی دەخوێندنەوە و هەندێک جار کارە شانۆییەکانی پێشکەش دەکردن، هەروەها لە تەواوی کاتەکاندا بە گڕوتینەوە ئەو گوتانەی دەگوتنەوە، کە لە ساڵی ١٩١٤ نووسیبوونی و تێیدا دەڵێت: “شیعری داهاتوو، شیعری شارە، بە دیاریکراویش شاری هاوچەرخ. ئەوە شارە کە کاریگەریی کردووەتە بەهرەکانمان و کۆمەڵێک بۆچوونی بۆ دروست کردووین، کە شاعیرانی ڕابردوو پێی نادان بوون.” ئەمەش بە مانای ئەوە دێت ئایدیای مۆدێرنتی، کە شار نوێنەرایەتیی دەکات، لەو سەردەمە و سەردەمەکانی تریشدا دڵنیایی دەدات بەوەی دروستکردنی شار ئەوەیە کە سیستەمی نوێ دەبێت پێوەی سەرقاڵ بێت. گۆڤاری لێف، کە زمانحاڵی بزووتنەوەی هونەریی چەپ بوو، کاریان ڕوانین بوو لە داهاتوو. لە دیارترین ڕێبەرانی، شیعری پاستێرناک‌ـی ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی، سینەمای سێرگی ئایزنستین و زیگا ڤێرتۆڤ و شانۆی سێڤلۆد مایەرهۆڵد بوون؛ کە لەو سەردەمەدا، هەموو ئەمانە گڕوتینێکی زۆریان بۆ شۆرش، شار و مۆدێرنتی هەبوو.

mayakovsky-e1458343085818

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، حەوت ساڵ پێش خۆکوشتنی، مایاکۆڤسکی شیعری دەربارەی ئەوەـی نووسیوە، کە بە پێی توێژینەوەکان دەلکێنرێت بە خۆکوشتنەکەیەوە. وەک دەردەکەوێت، شیعرەکە نەرمونیانە، ڕاڤەی خێڵەکی‌بوونەکەیەتی، بەڵام هاوکات هەڵگری جەنگێکی گەورەی مایاکۆڤسکی و هاوڕێیانیەتی دژ بە سیستەمە ستالینیزمییەکان. لەوەش زیاتر، دژی ئاڕاستەوەرگرتنە سەرەتایییەکانی شۆڕش و گوێزرانەوەی دەوڵەتە بۆ دەستی چینێکی نوێ، کە لەوانەی پێشتر گەندەڵتر بوون. بەڵام ئەی شیعری دەربارەی ئەوە، چی دەڵێت؟

B-EaU2lCUAAw0-Z

سەرەتا تا کۆتایی، شیعری ئەوینە. ئەو شیعرەشە، کە مایاکۆڤسکی لە نێو تەواوی کارەکانیدا بە گوزارشتکاری بۆچوونە شیعرییەکانی دادەنێت، هەر لەبەر ئەمەشە تا کۆتاییی ژیانی لێی ڕازی بوو و بە خۆشحاڵییەوە دێڕەکانی دەگوتنەوە. لە شیعرەکەدا، مایاکۆڤسکی خەیاڵی ئەوە دەکات کە بووەتە ورچ؛ لە ڕووباری نیڤا لە سەر پارچەیەک سەهۆڵبەندە و شەپۆلەکانی ئاوەکە ئارام دەیبات. لە گەشتە دەریایییەکەیدا، ورچەکە لەنەکاو لە سەر یەکێک لە پردەکان، مرۆڤێک دەبینێت، ئەو مرۆڤەی کە مایاکۆڤسکی خۆیەتی. هەر کەسێک لە ورچەکە بڕوانێت، کە ئەویش مایاکۆڤسکی‌ـیە، دەیەوێت خۆی بێت، یاخود لە ناویدا لەدایک ببێت. سەرەتا کە ورچەکە سەرنج دەدات مرۆڤێک لە سەر پردەکە دەیەوێت خۆی بکوژێت و لە مەترسیدایە، پێی وایە کە دەبێت یارمەتیی بدات و ڕزگاری بکات، هەرچەندە مەحاڵیش بێت. لەبەر هۆکارێکی سادە: کۆمەڵگە هیچ بایەخێک بەم مرۆڤە و بارودۆخی نادات، تەنانەت ئەو مەترسیانەش کە ڕووبەڕووی دەبنەوە. هەر بۆیە لەم گۆشەنیگایەوە، مایاکۆڤسکی دێڕگەلێک شیعر دەخاتە ڕوو، کە گوزارشتی ڕاستەوخۆن بۆ نائومێدییە لە ڕادەبەدەرکەی، هۆکاری ئەمەش ڕوانینە لەوەی کە هێشتا مرۆڤی ڕابردوو ماوە و لە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی نوێ و گەنجدا دەناڵێنێت. لەم کۆنتێکستەوە، ئەوین دێتە ناو دێڕەکانی شیعرەکەوە و لە زمانی شاعیرەوە پێمان دەڵێت:

هەموو ئەم دۆخانە
ڕەت دەکەمەوە
ڕقم لە هەموو ئەوانە دەبێتەوە
کە هەمن و دەتوانم ڕقم لێیان بێتەوە

ئەم ڕابردووە کۆیلەکارە بریندارە چییە
کە تا ئێستا
قووڵ لە ناوماندا ڕۆ چووە؟
ئەم بێمانایییە بێنرخە چییە
کە ئێستا و بەردەوام
لە چواردەورمان دەگوزەرێ؟

هەتا ئەمڕۆ،
لە ژێر سایەی سیستەمێکی
ئاڵا سووردا

ڕەنگە لەمڕۆدا گوتنی دێڕگەلێک لەم دێڕانە، ئاسان و لۆژیکی بێت، بەڵام لێرەدا پێویستە بیخەینە چوارچێوەی ئەو سەردەمەی تێیدا نووسراوە، تا هەست بەو مانایە بکەین کە هەڵی گرتووە، هەروەها پێویستە سەرنج بخەینە سەر ئەوەی کە چۆن مایاکۆڤسکی شیعری ئەوینداریی هەڵبژاردووە، تا لە ڕێیەوە گوزارشت لەو نائومێدییە بکات کە هەستی پێ کردووە. بە دیاریکراوی، ئەم خاڵەیان گرنگە، وای کردووە زۆرینەی توێژەران لەو دۆخە بڕوانن کە لە شیعرەکەدا گوزارشتی لێ کردووە، لەگەڵ درێژەی نائومێدییەکە لە ساڵانی داهاتووشدا. ئەگەرچی هەندێک کات، هەوڵی داوە لە ڕێی نووسینەکانییەوە گوزارشت لەو نائومێدییە قووڵەی بکات، تەنانەت گەر بۆ ڕۆژێکیش بەرهەمیان نەبووبێت، یان بۆ هەمیشە؛ دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر، چاوەڕێی بوو.