November 23, 2017

DidiMn Logo

 ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی: سەرگەردانی شیعر و ئەوین

لە لایەن دیدی من 1 year لەمەوبەر

دیدی من – دویچە و لە فارسی

بهزاد کشمیری‌پور

لە فارسییەوە: بیار ڕەشید

ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی لە شاعیرە گرنگەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمە و بە یەکێک لە دیارترین نوێنەرەکانی شیعری مۆدێرنی ڕوسیا دەژمێردرێت. مایاکۆڤسکی هەشتا ساڵ لەمەوپێش، لە سەرەتای سیوحەوت ساڵیدا بە هۆی گوللـەیەکەوە کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا.

5

مایاکۆفسکی زادەی سەردەمێکە کە جیهان قوربانیی گۆڕانکارییەکی قوڵ و کاریگەر بوو، دەیەی دووەمی ژیانی ئەم شاعیرە ڕوسییە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین جەنگی جیهانی و کودەتای سۆشیالیستەکان، کودەتایەک کە مایاکۆڤسکی ئەوی بە خودی خۆی و خۆی بە بەشێک لە ئەو دەزانی، کودەتایەک کە جیهانی دابەش کرد بۆ دوو ئۆردوگا و زۆربەی پاڵەوانە سەرەکییەکانی بوونە قوبانی ئەو. بەشێک لە ڕەخنەگران، مایاکۆڤسکی بە یەکێک لە قوربانیانی شۆڕشی ئۆکتۆبەرـی ساڵی ١٩١٧ـی ڕوسیا دەزانن و مەرگی خۆویستی ئەو گرێدراو بە نائومێدبوون لە دۆخی نالەباری سیاسی و کۆمەڵایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت دەبینن، بەشێکیش بەسەرهاتی ئەوینە جۆراوجۆرەکانی و هەندێک کات پەرتبوونی شاعیر لە بێزاری و بێ مەیلی یان بێ تواناییی ئەو لە دڕیژەپێدانی ژیانیان بە کاریگەر زانیوە.

گەنجێکی شۆڕشگێر و ڕەوتێکی ئەدەبی نوێ

ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی چالاکیی سیاسی شێلگیرانەی خۆی لە چواردە ساڵییەوە دەست پێ کرد. ساڵی ١٩٠٨ بووە ئەندامی پارتی سۆشیال دیموکراتەکان و دوای ماوەیەکی کەم بۆ یەکەم جار دەستگیر کرا.

مایاکۆڤسکی ساڵی ١٩١١ سەرەتای خوێندنی لە خوێندنگەی هونەرە جوانەکانی مۆسکۆ دەست پێ کرد، لەکاتێکدا سێ ساڵی پێشتری لە دەستبەسەری و دوورخستنەوەدا بەسەر بردبوو. چوونە خوێندنگەی هونەرە جوانەکان سەرەتای ئاشناییی ئەم شۆڕشگێڕە گەنجە بوو لەگەڵ ڕەوتی نوێی ئاییندەخوازی‌ـدا، قوتابخانەیەک لەگەڵ تێکشاندنی نەریتە کۆنەکاندا، ڕوو لە ئایندە و ژیانی پیشەسازیی سەدەی بیستەم بوو.

مایاکوفسکی لەم کاتەدا لەگەڵ سێ شاعیر و هونەرمەندی سەردەمی خۆی، دیڤید بورلیوک، ڤێلمیر خلبنیکۆف، ڤاسیلی کامنسکی ئاشنا دەبێت، لە نوقسینی دوو بەیاننامەی ئاییندەخوازەکاندا بەشداری دەکات و بۆ شیعر خوێندنەوە و ناساندنی ڕەوتی ئەدەبیی نوێ دەچێتە زۆربەی شارەکانی روسیا.

2

ناوبانگی پێشوەخت

 ڤلادیمێر مایاکۆفسکی تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو کە وەک یەکێک لە دیارترین نوێنەری ئاییندەخوازەکانی ڕوسیا ناوبانگی دەرکرد و ناسرا، ڕەفتاری پڕجووڵە، گوتارە ئاگرینەکان و کێشەی لەگەڵ هونەرمەند و ڕەخنەگرانی تردا لەم ناوبانگە پێشوەختەیدا کاریگەریی هەبوو، بەڵام شیعرەکانی و شانۆنامەکانی کە بەجۆرێک زمان و دەربڕی پەرۆشی شۆڕشی سەردەم بوون، بێگومان ڕۆڵێکی گرنتریان لە زۆریی جەماوەری ئەودا هەبوو.

شیعری درێژی هەوری پانتۆڵ لەپێ، یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی مایاکۆفسکی‌ـە، نووسینی لە کانوونی دووەمی ١٩١٤ـوە دەستی پێک رد و ١٨ مانگ درێژەی کێشا، ئەم شیعرە لانیکەم لە دوو لایەنەوە جێگەیەکی تایبەتی لە نێوان کارەکانی ئەم شاعیرەدا هەیە، ئەوانیش ئەنجامی ئەوینی لەناکاو و پەیوەندیی ئەویندارانەیە کە یەک هەفتە زیاتر ناخایەنێت.

گەورەترین شاعیری شۆڕشگێڕی سۆڤیەت

 ئاییندەخوازەکان جیهانیان لە تێکشکاندنی هەموو نەریتەکانەوە دەبینی و باوەڕیان وا بوو هونەری نوێ پێویستە پەیوەندی لەگەڵ هەر فۆڕم و نەریتێکی کۆندا بپچڕێنێت و تێگەیشتنی نوێ دروست بکات، قسەکردن لە بارەی ئامێر و سیمبولەکانی جیهانی میکانیکییەوە ڕێگەی بە چەند وشەیەک دەدا بچنە ناو شیعرەوە کە پێشتر کەمتر بوون. شاعیرانی ئاییندەخواز تەنها بە سوودوەرگرتن لە وشەی نائاشنا و سەیر قایل نەبوون، بەڵکو لە دوای دووبارە پێناسەکردنەوەی خوازەکان بوون، دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی بەرکار و وشەکان لە دیدی ئەمانەوە کردەیەک بوو کە دەیتوانی مەترسیی دابونەریتی دووبارە لە چاوی خوێنەردا بسڕێتەوە.

ئاییندەخوازی لەو جۆرانەی ئەدەب و هونەر بوو ئەگەرچی کاریگەریی خۆی بەجێ هێشت، بەڵام تەمەنی کورت بوو، مایاکوڤسکی هێشتا لە ژیاندا بوو کە بەشێوەیەکی نوێ هەستەکانی ئەزموون کرد، هەندێک دەڵێن ئەم بابەتە کاریگەریی هەبووە لە هەژاندنی هەستیاریی دەروونی ئەم شاعیرە.

ئەگەرچی جۆزێف ستالین، سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، دوای مەرگی مایاکوڤسکی و لە وەڵامی نامەیەکی ئەویندارەکەی، لیلی بریک، ئەوی بە “گەورەترین شاعیری شۆڕشگێڕی سۆڤیەت)” ناو برد، بەڵام بەرهەمەکانی نموونەی تەواوی ئەو چەشنە ئەدەبیاتە نەبوون کە بە ئەدەبیاتی سۆشیالیستی ناو دەبرا. لە لایەکی ترەوە فەرمانڕەوایانی نوێ ئاژاوەگێڕیی هونەرمەندانی ئاییندەخوازیان بەدڵ نەبوو و زیاتر هونەری ملکەچ لە خزمەتی ڕیکلامی ئایدۆلۆژیدا باڵادەست بوو.

1 

سەرچاوەکانی تاڵی و سەرگەردانی

 

بۆ ئەو کەسانەی کە خۆکوشتنی مایاکوڤسکی دەبەستنەوە بە تێکشاكنی لە ژیانی ئەوینداریدا، پەیوەندییە نائاسایی و جۆراوجۆرەکانی وەک بەڵگەیەک بۆ ئەم بۆچوونە باس دەکەن، ئەوینی گەورەی شاعیر، لیلی بریک، هاوسەری ڕەخنەگرێکی ئەدەبیی بوو کە چەندین ساڵ لە پەیوەندییەکی سێکوچکەیی ئازاددا پێکەوە بوون و هەتا چەند ساڵێک پێکەوە لە ماڵێکدا دەژیان. ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی لە کەنار ئەوینێکی پڕ سۆزدا کە بۆ لیلی بریکی  هەبوو تا کۆتاییی تەمەنی، بەڵام چ لە ڕوسیا و چ لە گەشتەکانیدا کە بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا دەیکرد، لەگەڵ ژنانی تردا پەیوەندی دروست کرد. لە یەکێک لەم پەیوەندییانەی کە چەند مانگێک لە نیۆیۆرک درێژەی هەبوو، بووە خاوەنی کچێک کە ساڵی ١٩٩٣ ناسنامەکەی ئاشکرا کرد.

ڤیرۆنیکا یەکێکی تر بوو لەوانەی کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەژیا، لە کۆتا ساڵی ژیانی مایاکۆڤسکی‌ـدا پەیوەندییەکی ئەویندارانەی لەگەڵیدا هەبوو، ئەو کۆتا کەسێک بوو کە مایاکۆڤسکی بە زیندوویی بینیوە و خۆکوشتنی شاعیر چەند خولەکێک دوای یەکێک لە دیدارەکانی ئەم ژنە ڕووی داوە.

ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی لە نامەیەکدا کە بە وەسێتنامەی ئەو دەژمێردرێت، نوسیویەتی: “بۆ هەمووان، دەمرم. هیچ کەسێک تاوانبار نییە و پڕوپاگەندەی ناڕەوا بڵاو مەکەنەوە. لەم لایەنەوە ڕقم لە پڕوپاگەندەیە. دایکە، خوشکەکانم، هاوڕێیانم، لێم خۆش بن. ئەمە ڕێگەیەکی باش نییە، ئەمە بۆ هیچ کەسێک پێشنیار ناکەم، بەڵام من چارەیەکی ترم نەبوو.” ئەو لەم یادداشتەدا لیلی و مێردەکەی، هەروەها یەکێکی تر لە ئەویندارەکانی وەک ئەندامی خێزانەکەی خۆی دەناسێنێت و داوا لە لیلی دەکات “خۆشت بوێم”، دوای ئەم یادداشتە چەند دێڕە شیعرێک نوسراوە.

ژن و شیعر دوو لایەنی سەرەکیی ژیانی مایاکۆڤسکی و سەرچاوەی تاڵی و سەرگەردانییەکانی ئەو بوون، لە سەردەمێکدا جگە لە گەنجێک زیاتر نەبوو تا ئەو کاتەی کە گووللـەیەکی نا بە دڵی خۆیەوە.

 

فویچەریزم (ئاییندەخوازی): بە ئیتاڵی (فوچەریزمۆ) و بە فەڕەنسی (فوچەریزمێ)، یەکێک لە ڕەوتە هونەرییەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بوو. ناوەندی سەرەکیی ئەم ڕەوتە لە وڵاتی ئیتاڵیا بوو، لە وڵاتەکانی تری وەک ڕوسیا چالاکیی هەبوو. ئاییندەخوازەکان لە زۆربەی بوارەکانی وەک ئەدەب، شێوەکاری، پەیکەرتاشی، شانۆ، موزیک، بیناسازی و هەتا چێشتلێناندا چالاکییان هەبوو.

فلیپۆ تۆماسۆ مارینتی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی ئاییندەخوازی لە ساڵی ١٩٠٩، لە ڕۆژنامەی فیگارۆـدا چالاکیی ڕەوتەکەی بە فەرمی دەست پێ کرد. لەم بەیاننامەیەدا مارینتی نوسیبووی کە ئاییندەخوازەکان لە هونەری ڕابردوو بێزارن و خەمی سەرەکی ئەم ڕەوتە، گەڕۆکی، خێرایی و تەکنەلۆژیایە. بۆ ئاییندەخوازەکان ئۆتۆمبێل، فڕۆکە و شارە پیشەسازییەکان نیشانەگەلی زۆر گرنگ بوون، لەبەر ئەوەی ئەوانە سەرکەوتنی مرۆڤ بە سەر سروشتدا نیشان دەدەن.

Biyar Rashid, Futurism, Mayakovsky,