شوێنێکی پاک و پڕ ڕووناکیی

ئێرنست هەمەنگوای

و: زانا

زۆر درەنگ بوو، هەمووان قاوەخانەکەیان جێهێشتبوو تەنها پیاوێکی بەتەمەن نەبێت کە لە سێبەری گەڵای درەختی بەردەم ڕوناکیيةکە دانیشتبوو. بە ڕۆژ شەقامەکە تەپوتۆزاوی بوو، بەڵام شەوان شەونم تۆز و خۆڵەکەى دائەمرکاندەوە. پیاوە بەتەمەنەکە حەزی ئەکرد تا شەوان درەنگ بمێنێتەوە چونکە کەڕ  بوو و شەو لەبەرئەوەی کە بێدەنگ و خامۆش بوو، هەستی بە جیاوازی دەکرد تێیدا. دوو گارسۆنی ناو قاوەخانەکە دەیانزانی کە پیاوە بەتەمەنەکە تۆزێک سەرخۆشە، بەوەشدا کە کڕیارێکی بەردەوامی قاوەخەنەکە بوو، دەیانزانی ئەگەر زۆر سەرخۆش بێت، پارە نادا و ئەڕوات، هەربۆیە زۆر بە وریایی چاودێرییان دەکرد.

یەک لە گارسۆنەکان وتی “هەفتەی ڕابردوو هەوڵی داوە خۆی بکوژێت”.

” بۆچی؟ “

” بێ ئومێدیی “

” لە چی”

” هیچ. “

” چۆن ئەزانی لەبەر هیچ بووە؟ “

” پارەی زۆری هەیە.”

پێکەوە لەسەر مێزێکی نزیک بەرامبەر دیواری لاى دەرگای قاوەخانەکە دانیشتن و سەیری  ئەو هۆڵەیان دەکرد کە هەموو مێزەکانی چۆڵ بوون جگە لە مێزی پیاوە پیرەکە، کە  لە سێبەری گەڵاى ئەو دارە دانیشتبوو کە با جارجار دەیلەراندەوە. کچێک و سەربازێک لە شەقامەکەوە تێپەڕین. ڕوناکی شەقامەکە لەسەر ژمارەی مسینی سەر ملیوانەى سەربازەکە درەوشایەوە. کچەکە هیچى نەدابوو بە سەریدا و بەخێرایی لە تەنیشت سەربازەکەوە دەڕۆشت.

یەک لە گارسۆنەکان وتی “پاساوانەکە ئەم پیاوە دەباتەوە.”

“باشە چی دەبێت ئەگەر ئەوەی دەست بکەوێ، کە دەیەوێت؟”

” باشتر وایە بچێتە دەرەوە بۆ شەقامەکە. پاسەوانەکە دەیبینێت کە پێنج خولەک لەمەوبەر بە ئێرەدا تێپەڕین.”

پیاوە بەتەمەنەکە کە لە سێبەرەکەدا دانیشتبوو، تەقە‌‌تەق و یارییەکی بە پیاڵە و ژێرپیاڵەکە کرد. ئەو گارۆسەنەیان کە گەنجتر بوو بەرەو ڕووی ڕۆشت.

“چیت دەوێت؟”

پیاوە بەتەمەنەکە سەیرێکی گارسۆنەکەی کرد.

پیاوە بە تەمەنەکە وتی “براندیەکەی تر.”

گارسۆنەکە وتی ” ئاخر سەرخۆش دەبیت.”

 پیاوەکە سەیرێکی کردەوە. گارسۆنەکە رۆشت.

بە هاوکارەکەی وت “هەمو ئەمشەو لێرە دەمێنێتەوە.”

“من خەوم دێت ئێستا، قەت نەبووە پێش سەعات سێ لە جێگا بم ، خۆزگە هەر هەفتەی ڕابردووخۆی دەکوشت.”

گارسۆنەکە بوتڵە براندیەکە و پەرداخێکی لە کەوانتەری باڕەکەدا بۆ برد و لەسەر مێزەکە بۆی دانا. پەرداخەکەی  خستە سەر ژێرەکەی و و پێكێکی پڕی بۆ تێکرد.

گارسۆنەکە بە پیاوە کەڕەکەی وت “تۆ ئەبوو هەر هەفتەی ڕابردوو خۆت بکوشتایە”. پیاوە بەتەمەنەکە بە پەنجە ئاماژەیەکی کرد و وتی ” تۆزێکی تریش”. گارسۆنەکە هێندەی تێکرد تا براندیەکە لە لێواری پەرداخەکە رژا و بە قەراغەکەیا هاتە خوارەوە تا بنەکەى. پیاوە بەتەمەنەکە وتی ” سوپاس” . گارسۆنەکە بوتڵەکەی بردەوە شوێنی خۆی. دووبارە لەسەر مێزەکە لاى هاوکارەکەى دانیشتەوە.

گارسۆنە گەنجەکە وتی “ئێستا ئەو سەرخۆشە.”

” هەموو شەوێ سەرخۆشە.”

” لەبەرچی ویستی خۆی بکوژێ؟”

“من چووزانم؟”

” خۆی بە گوریس هەڵواسیوە.”

“ئەی کێ گوریسەکەی پچڕاندووە؟”

” خوشکەزاکەی.”

“بۆچی؟”

” لەبەر گیانى.”

” چەند پارەی هەیە؟”

” زۆر.”

” تەمەنی هە‌شتا بوو وابزانم.”

“خۆزگە دەڕۆشتەوە بۆ ماڵەوە. هەمیشە خەوتنى من دەکەوێتە پاش سەعات سێ. ئەمە کەى کاتى خەوتنە؟”

“تا درەنگ ئەمێنێتەوە لەبەرئەوەی حەزی لێیە.”

” تەنیایە. من تەنیا نیم. من ژنم هەیە و لەسەر جێگا چاوەڕێمە.”

” ئەویش ڕۆژگارێک ژنی هەبوو.”

” ئێستا ژن هیچ کەڵکى ئەو ناگرێت.”

” چوزانیت، ڕەنگە ژنی هەبێت باشتر بێت.”

” خوشکەزاکەی چاودێریی دەکات. تۆ وتت ئەو ڕزگاری کردووە.”

” ئەزانم.” ” نامەوێت ئاوا ئەوەندە پیر بم. پیاوی پیر شتێکی قێزەونە.”

” نا مەرج نیە هەمیشە وابێ. ئەم پیرەپیاوە پاکوخاوێنە. ئەخواتەوە بێ ئەوەی بیڕژێنێت. تەنانەت ئێستا، سەرخۆشە، سەیری کە.”

” نامەوێت سەیری بکەم. خۆزگە دەڕۆشتەوە. هیچ باکی نیییە بەوانەی کە کاریان هەیە و دەبێت کار بکەن.”

پیاوە بە تەمەنەکە لە چوارینەی لێوانەکەوە سەیرێکی گارسۆنەکان دەکات .

وتی “براندییەکەی تر.”

ئاماژەی بۆ لێوانەکەی کرد، ئەو گارسۆنەیان کە پەلەی بوو هات بۆ لای و وتی:

” تەواو،” ، قسەکردنێک بە غروری ئەو ڕستانەی خەڵکی گەمژە بەکاری دەهێنن کاتێ لەگەڵ سەرخۆشێک یان کەسێکی بیانی قسە دەکەن. ” ئیتر ئەمشەو تەواو، دایئەخەین.”

پیاوە بەتەمەنەکە وتی ” دانەیەکی تر”.

” نییە، تەواو.”

گارسۆنەکە بە پارچەپەڕۆیەک قەراغی مێزەکەی پاکردەوە و سەری ڕاوەشاند.

پیاوە بە تەمەنەکە هەستایە سەر پێ، بە هێواشی پێکەکانی ژمارد، کیفە چەرمەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و پارەی خواردنەوەکانی دا، نیو پێستای وەک بەخشش دانا. گارسۆنەکە چاوی لێ بوو تا بەشەقامەکەدا رۆشتە خوارەوە، پیاوێکی زۆر پیر بە ناجێگیری و لەرزینەوە ڕێدەکات بەڵام بە ویقارەوە.

ئەو گارسۆنەی پەلەی نەبوو، وتی ” بۆچی لێنەگەڕایت بمێنێتەوە و بخواتەوە؟”. دەڕابەکەیان دائەدایەوە.” خۆ هێشتا سەعات دوو و نیو نەبووە”

“ئەمەوێت بڕۆمەوە بخەوم”

“سەعاتێک چیە؟”

” بۆ من شتە و زیاتریشە لە ئەو.”

” سەعاتێک هیچ نیە.”

” تۆش وەک پیاوی پیر قسە ئەکەیت. ئەتوانێ بوتڵێک بکڕێت و لەماڵەوە بخواتەوە.”

“وەک یەک نیە”

” نا، ئەزانم، وەک یەک نییە،” گارسۆنەکەی کە ژنی هەبو ئەو قسەیەی قبوڵ بوو. نەیئەویست بێ ویژدان. ئەو تەنها پەلەی بوو.

” تۆ؟ هیچ ترسێکت نیە لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بەر لە و سەعاتە دیاریکراوە؟”

” ئەتەوێ سوکایەتیم پێ بکەی؟”

” نا، هاوڕێ، تەنها بۆ گاڵتە.”

“نا،” گارسۆنەکەی کە بە پەلە بوو دواى داخستنی دەڕابە کانزاییەکە هەستایەوە. ” من بڕوام بە خۆمە، من هەموو گیانم بڕوابەخۆبوونە.”

” تۆ گەنجێتیت هەیە، ئیشوکار، بڕوا بەخۆبونت هەیە،” گارسۆنە بەتەمەنەکە وتی.” تۆ هەموو شتێکت هەیە.”

” بەڵام ئەی تۆ لە چیت کەمە؟”

“هەمو شتێک جگە لە کار.”

” تۆ هەمو ئەوانەت هەیە کە من هەمە.”

” نا، من هەرگیز بڕوا بە خۆبوونم نەبوە،  جگە لەوەش من گەنج نیم.”

” یەڵلا،بەسە قسەی بێ مانا ، دایخە.”

گارسۆنە گەورەکەیان وتی ” من لەوانەم کە حەز ئەکەین تا درەنگ لە باڕدا بمێنینەوە.”.

” لەگەڵ هەمو ئەوانە کە نایانەوێ زوو برۆنە جێگاوە، هەمو ئەوانەی کە پێویستیان بە ڕۆشناییەکە بۆ شەو.”

” من ئەمەوێت بڕۆمەوە مالێ بۆ ناو جێگا.”

گارسۆنە بەتەمەنەکە وتی ” ئێمە دو جۆری جیاوازین”. خۆی گۆڕیبو کە بڕواتەوە بۆ ماڵەوە. ” تەنها پرسیاری گەنجێتی و بڕوان بەخۆبون نییە، هەرچەندە ئەم شتانەش زۆر جوانن. هەمو شەوێ دوودڵم لە داخستنی ئێرە و ئەڵێم نەوەک کەسێک پێویستی بەم شوێنە بێت.”

“هاوڕێ، میوانخانەکان هەموو شەو کراوەن.”

” تۆ تێناگەیت. ئەمە باڕێکی جوان و خاوێنە. رۆشناییەکی زۆر باشی هەیە و هەروەها ، ئێستا، سیێبەری گەڵای درەختەکانی تیایە.”

گارسۆنە گەنجەکە وتی ” شەو شاد”.

ئەویتر وتی “شەو شاد”.

007-ernest-hemingway-theredlist

 بەدەم هەڵکردنی گلۆپە کارەباییەکانەوە بەردەوام بوو لە گفتۆگۆکە لەگەڵ خۆیدا، ڕۆشنایی بوو بێگومان، بەڵام ئەوەش گرنگە  کە شوێنەکە پاک و جوان بێت. مۆسیقات ناوێت. بە دڵنیاییەوە نە مۆسیقات دەوێت و نە دەتوانی بەرگەی بگری لە باڕێکی بە ویقاردا هەرچەندە ئەوە هەموو ئەوەیە کە لەم کاتانەیا دابین دەکرێت. لە چی دەترسا؟ نە ترس نە تۆقین بوو، هیچ شتێک نەبوو کە ئەو بەڕاستی بیزانێت. هەموو هیچ بوو مرۆڤیش هیچە هەروا. هەموو ئەوەی پێویست بوو رووناکیەکە و شتێک لە خاوێنیی و هەنێک خواردن داواکردن. هەنێک تیایدا ژیاون و هەرگیز هەستیان پێنەکردووە بەڵام ئەو دەیزانی هەمووی هیچ و هیچ لە هیچی بۆ هیچیی. هیچیەکەی ئێمە کە هونەرە لە هیچدا، هیچ بێت تۆ ناوت هیچ و شانشینت، هیچ تۆ دەبیت بە هیچ لە هیچدا وەک چۆن لە هیچدا. ئەم هیچەمان بەرێ ئەی هیچی ڕۆژانەی ئێمە و هیچ ئێمە هیچی ئێمە وەک چۆن ئێمە هیچمان هیچ دەکەین و نەدا ئێمە نەک لە ناو هیچ بەڵام دەرمانکە لە ‌هیچ. هیچ دەبارێ و ئێوە هیچتان لەگەڵە.  زەردەخەنەیەکی کرد و لەبەردەم باڕێکدا ڕاوەستا کە ئامێرێکی بریسکەداری قاوە دروست کردنی تیا بوو.

باڕمەنەکە پرسیی”ئێوە چی دەخوازن؟”.

” هیچ”

” ئۆترۆ لۆکۆ ماس”  پیاوەکە وای وت و ڕۆشت.

گارسۆنەکە وتی ” کوپێکی بچوک”.

باڕمەنەکە بۆی تێکرد.

گارسۆنەکە وتی ” گڵۆپەکان زۆر ڕووناک و جوانن بەڵام باڕەکە نەسڕدراوە”.

باڕمەنەکە سەیرێکی کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. شەو درەنگ بوو بۆ ئەو گفتوگۆیە.

باڕمەنەکە پرسیی “کۆپیتایەکی ترت دەوێت؟”.

نا، سوپاس،” گارسۆنەکە وتی و ڕۆشتە دەرەوە. ڕقی لە باڕ و مەیخانەکان بوو. قاوەخانەیەکی پڕڕووناکیی شتێکی زۆر جیاواز بوو ئێستا، بە بێ بیرکردنەوەی زیاتر، دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە بۆ ژوورەکەی. ڕائەکشێت لە سەر سیسەمی نوستنەکەی  و لە کۆتاییدا لەگەڵ خۆرکەوتن، خەوی لێدەکەوێت. لەپاش هەمووشی، بەخۆی وت، دەکرێت هەمووشی تەنها کێشەی خەوزڕان بێت. زۆرکەس هەیەتی.