دراماتورگی چییە؟

دیدی من
گۆران محەمەد

شوێنگەی دراماتۆرگی لە ڕووی ئیتمۆلۆژییەوە، واتە لە ڕووی وشەسازی و هەروەها لە ڕووی زانستی بەکارهێنانی وشە لە سۆنگە مێژوویییەکەیەوە بە شێواز و مانای جۆراوجۆر بەکار دەهێندرێت، بە تایبەتیش لە شانۆی نوێی ئەوروپیدا. چونکە بەرپرسیارێتی و کاری کەسایەتیی دراماتۆرگ لە ڕووی کارکردن و کاریگەرییە ئەرێنیەکانی لە سەر هەر کارێکی شانۆیی، جۆرێک لە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە. واتە بەراورد بە یەکەمین دەرکەوتن و سەرەتاکانی ئەم کۆنسیپتە ئەدەبی و هونەرییە، بواری دراماتۆرگی وەچەرخانێکی گەورە و ناوازەی بەسەردا هاتووە.

هەر بۆیە سەرەتا بۆ ئەوەی لەم کۆنسیپتە ناڕوونە تێبگەین، دەبێت بەر لە هەموو شتێک بپرسین دراماتۆرگی چییە؟ پاشان ئەرک وماف و کاریگەرییەکانی ئەم بوارە چییە لە سەر هاوکێشەی هونەرە شانۆیییەکان، یاخود لە سەر کارو پرۆژە شانۆیییەکان. بەگشتی دراماتۆرگی بریتیە لە پرۆسەی یان لەو ناوچە و پانتاییە ئەدەبی و پاشانیش هونەرییەی کە دراماتۆرگ خۆی بە بەرپرسیار و خاوەنی دەزانێت، بەڵام زۆر جار بە هۆی نزیکبوونەوەی سنوور و بەرکەوتنە هونەری و تەکنیکییەکانی نێوان هەردوو کەسایەتیی دەرهێنەرو دراماتۆرگ وای کردوە کە هەندیک جار زۆرێک لە دەرهێنەرە کەمئەزموون و تەنانەت هەندێک لە پرۆفێشناڵەکانیش توشی بەهەڵەتێگەیشتن و ئاستەنگ ببن لە جیاکردنەوەی سنوور و بەرپرسیارێتیی هەر یەکێکیان لە کاتی پرۆسەی ئامادەکردنەوە و بەرهەمهێنانی کارێکی شانۆییدا. هەر بۆیە ڕەنگە هەموو کات ئاسان نەبێت بەشێک لە دەر‌هێنەرە شانۆیییەکان تێگەیشتنێکی زانستی و دروستیان هەبێت لەهەمبەر تیگەیشتن لە کاری دراماتۆرگی وەکو لایەنێکی یاخود بەشێکی گرنگ و یارمەتیدەر لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی مەشق و ڕاهێنان لە لای ئاکتەر و هەروەها بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی دەر‌‌هێنان، لەگەل کارئاسانکردنی کاری دەرهێنەر لە سەرلەنوێ ئامادەکردنەوە و بەدرامیکردنی تیکستێکی شانۆیی یان هەر ژانریکی تری ئەدەبی نووسراو.

هۆکارێکی تری ئەم ناحاڵیبوونە دەگەرێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییە ئیتمۆلۆجییەی کە پەیوەستە بە زانستی وشەشازی و داتاشینی زاراوەکە، واتە چەمکی دراماتۆرگی لە ڕووی مێژوویی و پاشان دووبارە بەکارهێنانەوەی لە فۆڕمێکی ئەدەبی و هونەریی نوێ و جیاوازدا. چونکە نەژادی یەکەمی ئەم چەمکە لە ڕووی مێژوی و بەکارهێنانەوە دەگەریتەوە بۆ شانۆی کلاسیکی کۆن، واتە لە شانۆی گریکەوە وەرگیراوە و پاشانیش لە شانۆی نوێی ئەروپیدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە و مانا و میتافۆری جۆراوجۆری بەخۆە بینینوە. بۆ نموونە شانۆی ئینگیزی چەمگی دراماتۆرگی لە شانۆی ئەڵمانییەوە وەرگرتووە، بەتایبەتیش پاش ئەوەی نووسەر و ڕەخنەگری ئەڵمانی گۆڵدهۆڵد لیسن لەنێوان ساڵانی ١٧٥٠-١٧٨٠ لە شانۆی نەتەوەییی هامبۆرگ وشەی دراماتۆرگی بەکار دەهێنا وەکو میتافۆرێکی ئەدەبی لە بری کاریگەریی ڕەخنەی شانۆیی لە سەر بەرەوپێشبردنی ئاستی هونەریی نماییشە شانۆییەکان. کەواتە دەکرێت بڵێین سەرەتا دراماتۆرگی وەک چەمکێکی ڕەخنەیی و ئەدەبی نێوەندێکی بۆ خۆی کردەوە لە نێو شانۆی ئەڵمانی و هەروەها لە لای ڕەخنەگرێکی وەک گۆڵد هۆلد لیسن.

1
گۆران محەمەد

بەڵام لە ڕاستیدا نەسل و مانای دراماتۆگی لە ڕووی مێژوویی و بەکارهێنانەوە زۆر کۆنترە، چونکە ئەم چەمكه‌ لە بنەڕەتدا لێکدراوێکی زمانەوانییە لە درامای گریکیی کۆندا، واتە وشەی دراما بە مانای کردار- یان کردنی گەیاندوە، هەروەها وشەی تۆرگ بە مانای پرۆسەی بەرهەمهێنان هاتووە، یاخود بەو کەسە گوتراوە کە خەریکی ئەنجامدان و خولقاندنی کردار بووە لە ناو پانتایتدا، بەڵام مەرج نییە مەبەست لە ئاکتەر بووبێت. بەلام بە تێپەڕبوونی کات و لە ئێستادا ئەم جۆرە لە پێناسەکردن ، یاخود ئەم جۆرە لە تەفسیرکردن لە ڕووی میژوویی و زمانەوانییەوە بە جۆرێکی ترەو بەرەوپێشچوونێک و گۆڕانکارییەکی وەهای بەسەردا هاتووە بە جۆرێک لە ئێستادا کاری دراماتۆرگی بریتییە لە بەشداریکردنێکی کارا لە چۆنیتی بەرەوپێشبردنی ئاستی هونەریی هەر بەرهەمێکی شانۆیی لە دەرەوەی ڕەچاوکردنی جۆری بەرهەمەکە لە ڕووی فۆرم و شێوازەوە. بواری دراماتۆرگی، یان ڕۆڵی دراماتۆرگ لە ئێستادا شان بە شانی کەسایەتیی دەرهێنەر لە هەوڵی بەرزکردنەوەی بەها و ئاستی هونەری وئەدەبیی هەر بەرهەمێکی شانۆیی دەدات، بە جۆرێک هەندێک جار بە سەرمایەیەکی گەورە و هەروەها جێنیشین یان جێگرەوەی دەرهێنەر دادەنرێت هەر لە دەستپێکردنی قۆناغەکانی ئامادەکردنەوەی شانۆنامە یاخود هەر ژانرێکی ئەدەبی بۆ ستەیج و هەروەها دەستنیشانکردنی میتۆدێک بۆ جوڵە و نواندن و پاشانیش ڕوڵی دراماتۆرگ لە قۆناغی شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی تێکست بۆ کەسایەتییەکانی تری وەکو دەرهێنەر و سینۆگرافەر و دیزاینەری ڕووناکی، لەمانەش گرنگتر شیکردەنەوە و ڕاڤەکردنی کاراکتەرەکانی نێو تیکستە شانۆییەکان بۆ ئاکتەر پێدانی زانیاری لە میانی ڕاهێنان و لە کاتی مەشقکردن و پڕۆڤەکردندا.

لەبەر ئەوە بواری دراماتۆرگی لەمەش زیاتر پەل دەهاوێتە نێو بەشێکی زۆر لەو ڕەگەز و ئیلمێنتانەی کە بەشێکی سەرەکین لە پێکهێنانی هەرنماییشیکی شانۆیی سەرکەوتوو و ناوازە. واتە هەر لە قۆناغی خوێندنەوە و ئامادەکردنەوەی دەق تاوەکو بەر لە نماییش، هەر وەک چۆن دراماتۆرگی بەناوبانگی کەنەدی ئێڤرین گۆفمان دەڵیت: ”کاری دراماتۆرگ تەنها بریتی نییە لە مامەڵەکردنێکی شیکارییانەی دەق و زانیاریدان لە سەر نووسەر و زمان و تەکنیکی نووسینی نووسەر بە دەرهێنە رو ئاکتەر، بەڵکو دراماتۆرگ هەنگاوێک زیاتر دێتە پێش و بەشداری دەکات لە ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆبۆچوونەکانی لەگەڵ دەرهێنەر دەربارەی دەستنیشانکردنی جۆر و شێوازێکی گونجاو لە نواندن بۆ ئاکتەرەکان و هەروەها بەشداریکردنێکی کارا و بەردەوامی دراماتۆرگ لە شیکردنەوەی مانای ئەو جوڵە و ئاماژە فیزیکی و دەنگییانەی کە ئاکتەر ئەنجامی دەدات لە کاتی نواندن و دەربڕیندا. چونکە لەم ڕیگەیەوە دەتوانین وێنەیەک لە تێڕوانینە هونەری و تایبەتییەکانی خۆمان پیشانی بینەر بدەین کە مەرج نییە هەمیشە و بە تەواوەتی یەک بگرێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە نووسەر داوامان لێ دەکات لە شانۆنامەیەکدا.“

لێرەدا کاری دراماتۆرگی و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی دراماتۆرگ لە ناو بەرهەمە شانۆییەکاندا کۆتایی نایەت، چونکە ڕەنگ نییە بتواندرێت سەرجەم ئەرکەکانی پێکەوە دەستنیشان بکرێت هەروەک دراماتۆرگی بەناوبانگی بە ڕەگەز ئینگلیزی ماریان کرۆڤن دەڵیت: ”وای بۆ دەچم کاری دراماتۆرگی زۆر کار بگرێتەوە، یاخود تێکەڵی هەموو شتێک ببێت لە شانۆدا، واتە دەکرێت لە هەموو شتێکدا بدۆزرێتەوە، لەبەر ئەوە ناکرێت بە ئاسانی ونی بکەین. چونکە هەڵەیە ئەگەر بە تەنها بڵیێن کاری دراماتۆرگ بریتییە لە گواستنەوەی زانیاری و دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ ئاکتەر و دەرهێنەر و هەندێک کەسایەتیی تەکنیکی وهونەری تردا، چونکە دراماتۆرگ لە پاش ئەم قۆناغەوە و وەکو کەسێکی پیشەمەند له هەوڵی گرێدانی مانای سەرجەم ئەو ڕەگەز و ماتریاڵە بەکارهاتوانەدا دەبێت کە لە نێو فەزا و لە سەر تەختەی شانۆ بەکارهێندراون.“

واتە خوێندنەوەو شرۆڤەکردنی بەرهەمە شانۆییەکان لە ڕووی ئیستاتیکی و هونەرییەوە و لە کاتی مەشقکردن و پڕۆڤەکردندا یەکێکی تر دەبێت لە ڕۆڵ و کارەکانی دراماتۆرگ، لەگەڵ پێدانی زانیاری و تێبینی زانستی و دروست بە دەرهێنەر لە سەر تێگەیشتن و کاریگەرییەکانی نماییش لە سەر لایەنی دەروونیی بینەر بە شێوەیەکی سنووردار. کەواتە دەکرێت بڵیین بۆچونەکانی گۆفمان و کرۆڤن وەکو دوو دراماتۆرگی بەئەزموون ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە کاری دراماتۆرگ لە پاڵ پێدانی زانیاری و شرۆڤەکردنی ماتریاڵ وئیلیمینتە بەکارهاتووەکان لە سەر ستەیج، کارێکی تری بریتی دەبێت لە تێکەڵبوونی لەگەڵ پرۆسەی جێبەجێکردن و چاودێریکردنێکی مەیدانی و پراکتیکییانەی بەرهەمە شانۆییەکان بە درێژایی کاتی مەشق و ڕا‌‌هێنان لەگەڵ ئاکتەر و کۆی ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە ڕووی هونەری و تەکنیکییەوە. هەروەک درامانووس و دەرهێنەری بەناوبانگی ئەڵمانی برتۆڵد بریخت دەڵێت: ”ڕەنگە ئاسایی بێت لەبەر گرنگیی پێگە و نزیکیی کاری دراماتۆرگی لە کار و پیشەی دەر‌هێنەر، دەکرێت هەندێک جار بە دراماتۆرگ بڵێین یاریدەدەری دەرهێنەر.“