نهێنیی ئەوینی فرێدریک نیتچە و کۆتاییی پەیوەندیی ڕیچارد ڤاگنەر

دیدی من – کتێبی نیتچە، کتێبی دواهەمین کوفرەکانی نیتچە
ئامادەکردنی : کاوان عەبدولڕەحمان

وەک لای زۆرینەی خوێنەرانی فرێدریک نیتچە ئاشکرایە، ئەوینێک پەنهان لە نێو ڕۆحیدا بە درێژایی کاتی هۆشداریی خودی نیتچە پارێزراو بوو. نیتچە هیچ کات باسی ئەوینە مەزنەکەی نەدەکرد، چونکە بە درکاندنی ڕاستییەکە، نزیکترین هاوڕێی لە دەست دەدا، هەرچەند دواتریش لە دەستی دا.

کۆزیما ڤاگنەر، کچی فرانز لیزت‌ـی ئاوازدانەری هەنگاری بوو، تەمەنی ٢٤ ساڵ لە ڤاگنەر کەمتر بوو . کۆسیما دووەم شووی بە ڤاگنەر کرد، کە پێش ئەوەی ببێتە هاوسەری ڤاگنەر، خێزانی هانس فۆن بۆلۆ بوو. ئەوکاتەی ڤاگنەر دەچێتە داخوازی کۆزیما، لیزت‌ـی باوکی پێشکەشی ناکات. بەڵام کۆسیما بە نایاسایی لەگەڵ ڤاگنەرـدا دەخەوێت و یەکەم منداڵیان دەبێت و ناوی دەنێن سیگفرێد، کە دواتر ڤاگنەر دوو کاری خۆی دەکات بەناوی مناڵەکەیەوە و پێشکەشی کۆزیماـی دەکات. هەر بۆیە ناچار بۆڵۆ واز لە کۆزیما دەهێنێت و لەگەڵ ڤاگنەرـدا هاوسەرگیری دەکات.

ڕیچارد ڤاگنەر یەکێک بوو لە بەناوبانگترین هاوڕێکانی فرێدریک نیتچە، هەر لەو کاتەوەی لە ماڵی دۆستێکی ڤاگنەرـدا هەردووکیان چاویان بە یەکتر کەوت و ئاشنای بیروباوەڕی یەکتر بوون، بۆیان دەرکەوت کە هەردووکیان دەرگیری فەلسەفەکەی شۆپنهاوەرـن و خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ فەلسەفەکەی هەیە. نیتچە زۆر سەرسام بوو بە ڤاگنەر، تەنانەت دەڵێت: “من لە تەمەنی لاوێتیمدا بەبێ موزیکی ڤاگنەر، نەمدەتوانی کار بکەم، هەر ئەوکاتەی کە ئەو مۆسیقای تریستان‌ـی بە پیانۆ ژەند، ئیدی من بووم بە ڤاگنەری.” نیتچە بۆ ماوەیەک لە تریبشن، لە نێو ماڵی ڤاگنەرـدا ژیاوە، ڕەنگە هەر ئەوکاتە کاریگەری کۆزیماـی کەوتبێتە سەر و ئەوینداری بوبێت. نیتچە هەمیشە کۆزیماـی لە ژنەکانی دیکە جیا دەکردەوە، بەو پێیەی کە کەسی نەناسیوە وەک ئەو لێهاتوو و زیرەک بێت. نیتچە پێی وابوو، ئەوکاتەی کە لە تریبشن بوو، ئەو شوێنە ببووە دورگەی بەختەوەری. ئەم ئەوینەیش بەردەوام بە نهێنی مابووەوە تا ئەو کاتەی کە کە نیتچە لە ساڵی ١٨٨٩ـدا هۆشی لەدەست دەدات و شێت دەبێت. ئیدی توانای پەنهانکردنی ئەوینە مەزنەکەی نامێنێت و چەند نامەیەک بۆ کۆزیما دەنێرێت. نامەکان لەو کاتەدا نوسراون کە نیتچە سەرەتای شێتبوونیەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، نامەکانی هەڵگری پەیامی قوڵن و پێویستە لێیان ڕابمێنین.

CosmiaWagner2
نامەی یەکەم

” بە منیان گوتوە کە گاڵتەجاڕێکی بێ هاوتا، سروودەکانی دینۆسیۆسی بە کۆتا گەیاندووە.”

نامەی دووەم

“بۆ شازادە خانمی ئەزیزی من ئەدریانە،
ئەگەر بڵێن کە من مرۆڤم، ئەمە پێشداوەرییە، بەڵام لە نێو مرۆڤەکانیشدا ژیاوم و لەگەڵ هەرچییەکدا کە مرۆڤەکان هەستی پێدەکەن ئاشنا، هەر لە شتە بچووکەکانەوە تاوەکو گەورەکان. من لە نێوان هیندۆسەکاندا بودا بووم و لە یۆنانیش دینۆسیۆس. ئەسکەندەر و قەیسەر هەروەها شەکسپیر هەموویان بەرچەستەبووی منن. لە کۆتاییدا ڤۆڵتێر و ناپلیۆن‌ـیش بووم، لەوانەشە ڕیچارد ڤاگنەر. بەڵام ئەم جارە هەروەک دینۆسیۆس سەرکەوتوانە هاتوومەتە ژورێ و گۆی زەوی لە جەژندا دەگۆڕم. هەرچەند کە دەرفەتێکی زۆرم نییە. ئاسمانەکان لەمەی کە من لە شۆرو شەوقدان، لەم نێوەندەشدا بە خاچیان ئاوێزان کردم.”

نامەی سێیەم

” ئەدریانە، خۆشم دەوێیت.”

هەندێک تێکچوونی نێوان نیتچە و ڤاگنەر بۆ ئەو ئەوینە مەزنەکەی نیتچە دەگەڕێننەوە، بەڵام تێڕوانینێکی دیکە بۆ ئەم بابەتە هەیە و جێی سەرنجە؛ ڤاگنەر ئەو کاتەی ئۆپێرای تریستان و ئیزۆلدەـی پێشکەش کرد، نیتچە زۆر سەرسامی بوو، هەر ئەمەش وای لێ کرد کە کتێبی لەدایکبوونی تراژیدیا لە رۆحی موزیک بنووسێت، هەڵبەت چاپی دووەمی کتێبەکە ناوەکەی بوو بە لەدایکبوونی تراژیدیا. ئەم کتێبە سەرەتایەک بوو بۆ ویستی هێز لە لای نیتچە، بەڵام وەک ئاشکرایە ڤاگنەر لە کۆتا ئۆپێرایدا کە ناوی پارسیڤاڵ‌ـە، دەگەڕێتەوە نێو باوەشی مەسیحییەت، بەمەش نیتچە زۆر لێی نیگەران دەبێت و دەڵێت: “من دوای تریستان چاوەڕێی زۆر زیاترم لە ڤاگنەر دەکرد، بەڵام بە داخەوە هەرچیم گوێ لێ بوو، وتەگەلێکی پڕوپووچ زیاتر هیچی تر نەبوون، ئەو لە تریستان‌ـدا ستاییشی ویستی هێز دەکات، بەڵام لە پارسیڤاڵ‌ـدا دەیکوژێت.”

لە دوای بینینی فێستیڤاڵی زنجیرە ئۆپێرای ئەنگوستیلەکەی نێبلۆنگ، ئیدی نیتچە بۆی دەردەکەوێت کە ڤاگنەر تەواو ئەو کەسە نەماوە کە جاران دەیناسی. چونکە ئەوینی نێوان ئەو دوانە بێ هاوتا بوو. ڤاگنەر هەمان تەمەنی باوکی نیتچەـی هەبوو، هەر بۆیە وەک باوک و وەک هاوڕێ وا بوو بۆ نیتچە.
زۆری پێ نەچوو، دوای فێستیڤاڵ نیتچە کتێبی ڕیچارد ڤاگنەر لە بایرۆیت‌ـی بڵاو کردەوە، کە لە ڕواڵەتدا پیاهەڵدانێکە بە هونەرەکەی ڤاگنەرـدا، بەڵام ئەوەی پشتی دێطەکان بخوێنێتەوە، زۆر باش هەست بە ڕەخنەکان دەکات.