ژیاننامەی ڕیچارد ڤاگنەر، بەشی دووەم

دیدی من – ویکیپیدیا
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کاوان عەبدولڕحمان

“دەبێت لە ناو ئیتاڵییەکاندا گوێ لە موزیکی ئیتاڵێ بگرین، بەڵام موزیکی ئەڵمانیا لە هەر جێیەک بێت، چێژی خۆی لەدەست نادات.”

ڕۆبەرت شۆمان

لە ئەیلوولی  ١٨٣٩، ڤاگنەر کۆچ دەکات بۆ پاریس. پێش پاریس گەشتێکی کورت بۆ پۆڵەندا دەکات و لەوێ جاکۆمۆ مایربێر دەبینێت کە ئۆپرانووسێکی بەناوبانگە، ڤاگنەر نۆتەی ئۆپێرای ڕیێنزی دەخاتە بەردەم کە لە دوای ناسینی مینا دەستی کردبوو بە نووسنی ئەو ئۆپێرایە. چیرۆکەکەی لە لایتۆنی نووسەر و ئاوازدانەرەوە وەرگرتبوو، کە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی ١٤. پاڵەوانی چیرۆکەکە ناوی ڕیێنزیە، کە هەوڵ دەدا خەڵکەکە لە خەو بێدار بکاتەوە و لە دەست خانەدانە ستەمکارەکانی ڕۆما ڕزگاریان بکات. لە دوای بینینی، مایەربێریش بە گرنگییەوە لێی ڕوانی و هەندێک ئامۆژگاریی  گرنگی ڤاگنەری کرد تاکو لە پاریس پەکی نەکەوێت. بەڵام مەخابن وەختێک گەشتە ناو پاریس کەسێک نەبوو پێشوازی نە لە خودی خۆیی و نە لە ئۆپێراکەی بکات. لەو سێ ساڵەدا کە لە پاریس بوو هیچ هاوکارییەک یاخود هیچ پێشوازییەک ڕووی نەدابوو تاکو شایەنی باسکردن بێت، ئەو لە خانوویەکی بچوکدا دەژیا و پیانۆیەکی بەکرێ هێنابوو .

لەو ماوەدا کۆمەڵێک کاری لە نێو ئۆپێرادا کرد، لەوانە  ئۆپێرای ڕیێنزی، ئۆپێرای هۆڵەندیە فڕیوەکە. تا ساڵی ١٨٤١ لە پاریس مایەوە.

کاتێک هەواڵی سەرکەوتنی ئۆپێرای ڕیێنزیی دەبیستێت کە لە درسیدن پێشوازییەکی گەرمی لێ کراوە، خێرا دەگەڕێتەوە و خۆی دەست بە ڕێکخستنی کارەکان دەکات و بۆ یەکەم جار گوێی لێ دەبێت.
ڤاگنەر دواجار ساڵی ١٨٤٢ گەڕایەوە بۆ دریسدن، لە کتێبێکیدا دەڵێت: “کاتێک لە پاریس بووم، بۆ جاری یەکەم ڕووباری ڕاینم بینی فرمێسکی گەرم لە چاوەکانم دەهات. منی هونەرمەندێکی هەژار، سوێند دەخۆم بە ئەمەک بم بەرامبەر نیشتمانی ئەڵمانیام.” ڤاگنەر بۆیە ئەمەی گوتووە چونکە لە هەمان کاتدا ڕووباری ڕاین بە وڵاتەکانی فەڕەنسا، هۆڵەندا، سویسرا، نەمسا و ئەڵمانیادا دەڕوات.

ئۆپێرای ڕیێنزی لە ٢٠\١٠\١٨٤٢نماییش کرا و سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا.

ڤاگنەر شەش ساڵ لە دریسدن مایەوە، لە دوای نماییشکردنی ئۆپێرای هۆڵەندیە فڕیوەکە هەرچەند سەرکەوتنێکی هێجگار گەورەی بەدەست نەهێنا، بەڵام ناوبانگی ڤاگنەر زۆر زیادی کرد و هەر لەوێ کردیانە مایسترۆی تیپی مۆسیقای دریسدن. شەش ساڵ لەو پێگەیەدا مایەوە، هەر لەو ماوەیەدا کە ڕابەری ئەو تیپە بوو دەستی کرد بە نووسینی ئۆپێرای تانهۆیزەر و لە تشرینی دووەمی ١٨٤٥ تەواوی کرد. ئەم ئۆپێرایە تەواو پێگەیشتووییی ڤاگنەری دەردەخست و لەسەرەتادا زۆر پێشوازیی لێ نەکرا، بەڵام وردەوردە لایەن و جەماوەری زۆری بۆ پەیدا بوو. بە لای ڕەخنەگرانەوە ئەم ئۆپێرایە مێژووی ئاڵۆزی ژیان و فیکری  ڤاگنەر دەردەخات.

richard-wagner-1913-1883-german-everett
لە ساڵی ١٨٤٨ دەقێکی ئۆپێرای بەناوی مردنی سیگفرێد نووسی، کە سەرچاوەکەی لە هەندێک لە خەیاڵ و خورافاتی ئەڵمانیای کۆن و وڵاتانی ئەسکەندنافیای کۆنەوە وەرگرتبوو، ئەمە بووە سەرەتای پرۆژەکانی.

کات تێدەپەڕێت و ئاشنایەتی لەگەڵ فرانز لیزت پەیدا دەکات و دەبێتە یارمەتیدەرێکی باشی و سەرپەرشتی موزیکەکانی دەکات، هەروەها هەمیشە پێکەوە دەبن و گەشتی زۆر دەکەن . فرانز لیزت و هیکتۆر بیرلۆز دوو ئاوازدانەری زیندووی ئەو کاتە بوون، کە هاوڕێی بوون و هەردووکیان کاریگەرییان بەسەر موزیکەکانی ڤاگنەرەوە هەبووە.

هێندەی پێ نەچوو ڤاگنەر کەوتە ناو گێژاوی سیاسەتی باڵی چەپی ئەڵمانیا و بووە ئەندامێکی پارتی سۆشیال. لە ساڵی ١٨٤٩ نیگەرانی باڵ بەسەر ئەڵمانیادا دەکێشێت، کاتێک ڕاپەڕین لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا ڕوو دەدات و ڕاستەوخۆ دادەمرکێندرێتەوە. ڤاگنەریش لە نێو شۆڕشگێڕەکاندا ڕۆڵ دەبینێت، بەڵام دەسەڵات هەر بە زوویی هەوڵدەدات بۆ گرتنی شۆڕشگێڕەکان، بۆیە ڕیچارد خێرا دەڕوات بۆ پاریس و لەوێوە بۆ شاری زیورخ لە سویسرا. شایەنی باسە لەم ڕاکردنەدا لیزتی هاوڕێی زۆ یارمەتی دەدات.

ڕیچارد ڤاگنەر ١٢ ساڵی تەمەنی لە مەنفا بردە سەر، ئەو پێش شۆرشەکەی دریسدن ئۆپێرای لۆهنگرینی تەواو کردبوو و بە خەمبارییەوە نامەیەکەی بۆ فرانز لیزتی هاورێی نووسی تا لە نائامادەییی خۆیدادا نماییشی بکات. لیزتیش بۆ یەکەم جار لە ڤایمار لە ئابی ١٨٥٠ نماییشی کرد. هەرچەند نماییش کرا بەڵام ڤاگنەر زۆر بێهیوا بوو چونکە کارە نوێیەکانی ئەگەری هەبوو چیتر نماییش نەکرێن، هەروەها خۆیشی تا ساڵی ١٨٦١ ئۆپێرای لۆهانگرینی نەبینی، تا دەگاتە ئەوەی کە بڵێت: “زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی ئەڵمانیا ئۆپێراکەمییان بینی، خۆم نەبێت.”

ڕیچارد  زۆر لە خۆی بێزار بوو، لەو کاتەدا لە موزیکی ئەڵمانی دابرابوو، هیچ داهاتێکیشی نەبوو کە پێی بژی، لە ساڵی ١٨٥٠ ژنی هاوڕێیەکی کە ناوی کاڕڵ ڕیتەر بوو مانگانەیەکی کەمی بۆ بڕیبووەوە، کە تا ساڵی ١٨٥٩ هێشتیەوە، لەگەڵ یارمەتیی هاوڕێ کچەکەی، خیسێ لاوسۆت، کە ساڵانەیەکی بە بڕی  ٣٠٠٠  تالر پێ ئەدا. بەڵام زۆری نەخایاند کە ڤاگنەر کەوتە داوی ئەوینداری لەگەڵ خاتوو لاوسۆت، کە تەنانەت پلانی ڕەدووکەوتنێکیان دانا لە ساڵی ١٨٥٠، بەڵام هاوژینی لاوسۆت زانی و پلانەکە شکستی هێنا.

لە هەمان کاتتدا مینا کە  خێزانی بوو، زۆر ڕقی لە ئۆپێرای ڕیێنزی دەبوەوە هاتەوە یادی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ڤاگنەر خەمەکانی قووڵتر ببێتەوە و توشی نەخۆشی بێت. ئێرنست نیومان دەڵێت: ” نەخۆشییەکەی ڤاگنەر زیاتر پەیوەندیی بە دەروونەوە هەبووە، کە وای لێ کرد نووسین لەلای زۆر گران ببێت.”

لە سەرەتای ئەو ساڵانەدا، ڤاگنەر کۆمەڵێک نووسینی لەبری موزیک بڵاو کردەوە. وەک هونەر  و شۆڕش و هونەری داهاتوو. لە گوتاری هونەری داهاتوودا، کە گوتارێکی دوورودرێژە و باس لە خەونی جۆرە ئۆپێرایەک دەکات بە ناو کۆکراوەی کارە هونەرییەکان، کە تیایدا کۆمەڵێک هونەری جۆراوجۆر نماییش بکرێت، وەک موزیک، گۆرانی، سەما، شیعر، هونەری بەرجەستەکردن و فێڵی شانۆیی تێیدا یەک بگرن.

لە ساڵی ١٨٥٠، جولەکە لە مۆسیقادای نووسی وەک تێڕوانینی خۆی بۆ دژە سامییەکان.

لە کتێبی ئۆپێرا و دارامادا کە لە ساڵی ١٨٥١ نووسیویەتی، بە هەمان شێوە کۆمەڵێک گوتاری دوورودرێژە، تێیدا تایبەتمەندییەکانی ئۆپێرای بە شێوەکەی هونەری ڕون کردووەتەوە و ویستوویەتی هزری سیاسی و هونەری تێدا ئاشت بکاتەوە، هەر لە هەمان کتێبدا ڤاگنەر باسی ئەو ئیستاتیکایەی کردووە کە لە دواییدا ئەنگوستیلەکەی نیبێلۆنگەکانی پێ نووسیوە.

ئۆپێرای ئەنگوستیلەکەی نیبێلکۆنگەکان کە زنجیرە ئۆپێرایە و پێک هاتووە لە چوار ئۆپێرا، ڤاگنەر سەرەتا دەڵێت کە یەکەم جار تاکە ئۆپێرایەک بووە بە ناوی سێیگفرێد، بەڵام کاتێک گەشت دەکات بۆ زیورخ، لەوێ چیرۆکەکە فراوان دەکات و ئۆپێرای زە رهین گۆڵد و زە ڤاڵکایری و توایلایت ئۆف زە گەدسی بۆ زیاد دەکات.

ڤاگنەر لە تشرینی دووەمی ١٩٥٣ دەستی کرد بەنووسینی زە رهین گۆڵد لە ئەیلوولی ١٨٥٤ـدا تەواوی کرد، پاشان بە دوای ئەویش دەستی کرد بە نووسینی ئۆپێرای زە ڤالکایری و لە ماوەی نێوان حوزەیرانی ١٩٥٤ تا ئازاری ١٨٥٦ئەویش تەواو دەکات، ڤاگنەر ویستی وەک کۆمەڵێک لە ئۆپێرانووسەکانی پێش خۆی وەک گلۆک داهێنان لەبوارەکەیدا بکات. بۆ نموونە دەیویست کە تێکست و موزیک و دراما و جووڵەکان یەکبخاتەوە. هاوکات دەڵێت دەبێ هەمووشتێک لە خزمەتی چیرۆک و واتاکەیدا بێت و ئەمانەش “شانۆی مۆسیقا” ناو دەبات لە بری ئۆپێرا.

ئیتر لە دوای ئەمانە کاری لە سەر بیرۆکە نوێەکەی کرد بە ناوی تریستان و ئیزۆلدە.