November 25, 2017
DidiMn Logo

ژیاننامەی ڕیچارد ڤاگنەر، بەشی چوارەم و کۆتایی

لە لایەن دیدی من 1 year لەمەوبەر

دیدی من – ویکیپیدیا
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کاوان عەبدولڕحمان

“دەبێت لە ناو ئیتاڵییەکاندا گوێ لە موزیکی ئیتاڵێ بگرین، بەڵام موزیکی ئەڵمانیا لە هەر جێیەک بێت، چێژی خۆی لەدەست نادات.”

ڕۆبەرت شۆمان

ئیدی ڤاگنەر هەموو توانای خۆی کۆ کردەوە بۆ تەواوکردنی زنجیرە ئۆپێرای ئەگنوستیلەکە، ئەو بەرهەمەی کە لە ساڵی ١٩٥٠نوسیبووی بە ناوی جولەکە لە مۆسیقادا هێشتا هەر مابوو، هات و پێشەکییەکەی درێژ کردەوە و ناوەڕۆکەکەی و بەشێکی دیکەشی بۆ کۆتایییەکەی زیاد کرد و لە ساڵی ١٨٦٩ بڵاوی کردەوە.

لە ساڵی ١٨٧١ ڤاگنەر بڕیاری دا کە بچێت بۆ بایرۆیت، ئەوێ بووە ماڵێکی نوێ بۆ ئۆپێراکانی. ئەنجوومەنی شارەوانی بڕیاری دا کە بەشێک لە زەویەکانی گرین هیڵ بکاتە هۆڵی شانۆ، نزیک خانووەکەی ڤاگنەر.

ڤاگنەرییەکان هەر بۆ ساڵی داهاتووتر چوون بۆ بایرۆیت و لەوێ بەردی بناغەی شانۆ و ڤیستیڤاڵی بایرۆیت کە ماڵێکی ئۆپێرایی بوو دانا.

ڤاگنەر بۆ یەکەم جار ڕایگەیاند کە لە ماڵی ئۆپێرایی بایرۆیتدا زنجیرە ئۆپێرای ئەنگوستیلەکە بۆ یەکەم جار و لە ١٨٧٣ نماییش دەکرێت، بەڵام لودڤیگی پاشا هەندێک کەمتەرخەمیی کرد لە ناردنی بڕی پێویست لە پارە بۆ تەواوبوونی هۆڵەکە، ئیدی نماییشەکە دواکەوت. بەڵام بۆ دەستخستنی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ تەواوکردنی ماڵە ئۆپێرایییەکە دایان، ڤاگنەر هەستا بە گەڕان بە نێو شارەکانی ئەڵمانیادا و کۆمەڵێک ئاهەنگی ڕێک خست. لە بەهاری ساڵی ١٨٧٣سێ لە سەر چواری ئەو بڕەیان پەیدا کرد کە پێویستیان بوو، داوایان لە پاشا کرد کە یارمەتییان بدات بەڵام نەیتوانی، بۆیە پڕۆژەکە لە لێواری لەناوچوندا بوو، بەڵام لە ١٨٧٤ پاشا خۆشبەختانە بڕێک قەرزی بۆ دابین کردن، لەو کاتەشدا پڕۆژەیەکی بچووک بۆ ماڵی خودی ڤاگنەر و کۆزیمای خێزانی و منداڵەکانی دەست پێ کرا و ناویان لێنا وێنفرێدز و لە ١٨\٤\١٨٧٤ چوونە نێویەوە. هۆڵی شانۆکە ساڵی ١٨٧٥ تەواو بوو، بۆ شێوازی ناوەوە هۆڵەکە ڤاگنەر هانای برد بۆ گۆتفرێد سێمپەر، چونکە ئەو پیاوە پێشتر پێشنیاری شێوازێکی نوێ لە هۆڵی ئۆپێرا کرد لە میونخ.

WagnerCosima4

لە کۆتاییدا ئەو ڕۆژەی کە ڤاگنەر زۆر لەمێژبوو چاوەڕێی بوو، کردنەوەی هۆڵەکە بوو لە ١٣\٨\١٧٨٦، هەر لە یەکەم ئێوارەشدا زنجیرە ئۆپێرای ئەنگوستیلەکەی نیبلۆنگ بەو ڕیزبەندییەی کە ڤاگنەر بۆی کردبوو تێیدا نماییش کرا. ئۆپێراکە کاردانەوەی زۆر هەبوو لە نێو ئاوازدانەرەکاندا، ئێدڤارد گریگ گوتی: “خودا ئەم ئاوازانەی نووسیوەتەوە.” هەروەها لە ڕۆژنامەی لێ فیگارۆ ئاوازەکەیان ناونابوو خەونی دێوانەیەک.

فرێدریک نیتچە کە هاوڕێی ڤاگنەر بوو، زۆر دڵگران بوو و پێش فێستیڤاڵەکە کتێبێکی بە ناوی ڤاگنەر لە بایرۆیت نووسیبوو، کە تێیدا هاتبوو ڤاگنەر گەوادی بۆ ناسیۆنالیستەکانی ئەڵمانیا دەکات. ئەم کتێبە بووە هۆی پچڕانی پەیوەندیی نێوان نێوان نیتچە و ڤاگنەر، هەرچەند پێشتریش پەیوەندییەکەیان کاڵ ببووەوە. نیتچە زۆر سەرسام بوو بە موزیکەکانی ڤاگنەر بەتایبەت ئۆپێرای تریستان، ئەو پێی وابوو دوای مردنی گۆتە و شۆپنهاوەر، ڤاگنەر یەکێکە لەڕیزی پێشەوەی داهێنەرەکانی ئەڵمانیا، خەسڵەتە شۆڕشگێڕانەکەی لە تریستاندا بووە جێی بایەخی نیتچە، هەروەها هەردووکیان شۆپنهاوەریان خۆش دەویست. نیتچە گەر گوێی لە ئۆپێرای تریستان نەبوایە هەرگیز نەیدەتوانی کتێبی لە دایکبوونی تراژیدیا بنووسێت، هەروەها لە کتێبی ئەوەیە مرۆڤ دانی بە بایەخ و گرنگیی تریستاندا ناوە. ئەو کاتەی کە ڤاگنەر کتێبی لەدایکبوونی تراژیدیای نیتچەی بەدەست دەگات لە ساڵی ١٨٧١، لە نامەیەکدا بە نیتچە دەڵێت: “هیچ کتێبێکم نەخوێندووەتەوە هێندەی ئەم کتێبەی تۆ جوان بێت.” لێکۆڵەرەوەکان دەڵێن کە کاڵبوونەیوەی پەیوەندیی نێوان نیتچە و ڤاگنەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڤاگنەر ڕۆحێکی سووک و ئاستنزمی لە ئۆپێرای بایرۆیتدا پیشان داوە.

نیتچە دەڵێت: “ڤاگنەر لە تریستاندا ستاییشی هیز و ئیرادە دەکات، بەڵام لە پارسیڤاڵدا دەیکوژێت.”
نیتچە لە سەردەمی لاوێتیدا بە بێ موزیکی ڤاگنەر نەیدەتوانی بنووسێت، دەڵێت: “لەو کاتەی کە ئەو بە پیانۆ تریستانی ژەند، ئیدی من بوومە ڤاگنەری.”

بەڵام هەر لە دوای ئەنگوستیلەکەی نێبلۆنگ ڤاگنەر بوو بە کەسێکی ناودار نەک هەر لە ئەوروپا، بەڵکو لە هەموو جیهان، هەروەها هەر بۆ ئەم ئۆپێرایە قەیسەر ویلهیلم یەکەم و ئیمپراتۆڕ پیدرۆی دووەمی بەڕازیل و و هەر سێ موزیسیانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە، پۆیتەر ئیلیچ چایکۆڤسکی، کامێڵ سەینت سێنس و ئەنتۆن برۆکنەر ئامادە بوون، کە هەر لە دوای ئەمە چایکۆڤسکی ڕاپۆرتێک لەسەر ئەم ئۆپێرایە دەنووسێت بۆ گۆڤاری گەزێتی ڕوسیا.

7290---base_image_5.1424268049

لە دوای فێستیڤاڵەکەوە ڤاگنەر دەستی کرد بەنووسینەوەی ئۆپێرای پارسیڤاڵ کە چوار ساڵی پێ چوو، هەروەها لەو چوار ساڵەشدا ڤاگنەر هاتووچۆی ئیتاڵیای دەکرد بە مەبەستی تەندروستیی خۆی، چونکە ناجێگیر بوو. لە نێوان ساڵانی ١٨٧٦ بۆ ١٨٧٨ ڤاگنەر دیسان سواری کەشتیی سۆز بووەوە، بەڵام ئەم جارە لەگەڵ خاتوو جودیس گاوتێر کە لە ساڵی ١٨٧٦ لە فێستیڤاڵەکەدا بینیبووی. ڤاگنەر دیسان کێشەی پارەی بۆ دروست بوو بۆ ئۆپێرای پارسیڤاڵ، بۆیە هەستا بە سازدانی هەندێک ئاهەنگ تاکو پێداویستییەکانی پێ دابین بکات، دیسان لەم کاتەشدا پاشا لودڤیگ دەستی بۆ درێژ کرد و یارمەتیی دا تاکو ئۆپێراکە تەواو بکات.

ڕیچارد ڤاگنەر لە ڕۆژەکانی دواییدا ژمارەیەکی زۆر گوتار و ڕاپۆرتی دەربارەی زۆر شت دەنووسی، لەوانە گوتاری سیاسی و کۆنەپەرستی لە موزیکدا و هەندێک کات دەستبەرداری هزرێکی کۆنی خۆی دەبوو و دیسان بە لێبڕاوییەکی نوێوە دەینووسیەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکرد.

ئەم دوو گوتارەی بە ناوی هونەر و ئایین لە ساڵی١٨٨٠ و پاڵەوان و مەسیحییەت لە ساڵی ١٨٨١ کە لە ڕۆژنامەی بایرۆیتدا لە لایەن هانس فۆن وۆلزۆگنەوە کە سەرنووسەری ڕۆژنامەکە بوو، بڵاو کرایەوە.
ڤاگنەر لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٨٢ ئۆپێرای پارسیڤاڵی تەواو کرد و فێستیڤاڵی دووەم لە بیستوشەشی ئایار دەستی پێ کرد. ڤاگنەر زۆر نەخۆش بوو پێش دەست پێ کردنی فێستیڤاڵەکە، بە جۆرێک کە زیاد لە جارێک جەڵتە لێی دابوو، بۆیە لە دوای فێستیڤاڵەکە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە زستانی هەمان ساڵدا چوون بۆ ڤینیسیا، و لەوێ لە تەمەنی ٦٩ ساڵی و لە ١٣\٢\١٨٨٢ بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییی کرد. لەوێ هیچ کەس گرنگیی نەدا بە لەدەستدانی ئەو گەورە موزیسیان و ئۆپێرانووسە، بۆیە تەرمەکەیان هێنایەوە بۆ بایرۆیت و لە ماڵەکەی خۆیدا بەخاکیان سپارد.

لێهاتوویی ڤاگنەر هێشتا بەسەر ئاسمانی بایرۆیتەوە ماوە، ئێستا بایرۆیت وەک پەرستگەیەکی لێ هاتووە بۆ موزیسیانەکان، لە هەر ئاهەنگێکدا کە لە بایرۆیت دەکرێ، زۆرینەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی کە ئارەزووی موزیک دەکەن لەوێ کۆ دەبنەوە، هەروەها ماڵەکەی ڤاگنەر دەڕازێنرێتەوە و جوانتر پێشوازی لە میوانەکانی دەکات.

ڤاگنەر هەمیشە بەردەوام و ئارام و چوست بوو، ئەو بڕوای وابوو شانۆ شوێنێکە بۆ هزر نەک بۆ شتگەلێکی بێبایەخ. ڤاگنەر هەموو کاتەکانی خۆی بۆ ئەوە بردە سەر تاکو خەڵک لێی تێبگەن و بیناسن. ئەو سەرەتا وای دەزانی شاعیرە، بەڵام گۆڕی بۆ موزیک و شیعری پێ نووسی. بەرهەمی زۆر باشی ئەدەبیی هەیە، بۆیە بە مەزنترین بلیمەتی موزیک ناوزەند دەکرێت کە لە دوای بێتهۆڤن دەرکەوتبێت.

بۆئەوەی لە ئۆپێراکانی ڕیچارد ڤاگنەر بگەین، دەبێت چەندەها جار دووبارەیان بکەینەوە.

Kawan AbdulRahman, Schumann, Vagner,