November 25, 2017
DidiMn Logo

فیلمە هەرگیز نەبینراوەکەی سەدام حسێن

لە لایەن دیدی من 1 year لەمەوبەر

دیدی منزە هەفینگتۆن پۆست عەرەبی
لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر

دەڵێن کە هۆڵیوود لە چەندین گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەشدار بووە، بەتایبەت لایەنی کارگێڕیی بەرهەمهێنەرانی وەک لویس مێیەر و جاک وارنێر بە ستۆدیۆ باڵاکانیان و مامەڵەکردنیان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکاندا.

بە گوێرەی فیلمی دۆکیۆمێنتاریی سەدام دەچێت بۆ هۆڵیوود کە کەناڵ ٤ـی بەڕیتانی لە بەرواری ٢٤\٧\٢٠١٦ پەخشی کرد و بە پێی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەڕیتانی، ٣٥ ساڵ لەمەوپێش فیلمێک بۆ خزمەتی پێگەی دەسەڵاتدارێتیی دیکتاتۆرێک بەرهەم هێنراوە، کە ئەویش سەدام حسێن، دیکتاتۆری پێشووی وڵاتی عێراقە.

سەرۆکی پێشووی عێراق، کە ساڵی ٢٠٠٦ لەسێدارە درا، فیلمێکی مێژوویی بە تێچوونی ٣٠ میلیۆن دۆلار و بە پاڵەوانێتیی کۆمەڵێک ئەکتەری بەڕیتانی بەرهەم هێناوە، کە یەکێک لەوانە ئۆلیڤەر ڕید بووە. بەرهەمهێنانی فیلمەکە هەوڵیکی ناچارانە بووە بۆ کاریگەری خستنە سەر هەستە نەتەوایەتییەکان و گرێدانەوەی پارتی بەعسی عێراقی بە شۆڕشگێڕە عێراقییەکانی ساڵی ١٩٢٠، کە دەسەڵاتدارێتیی بەڕیتانیایان لەو وڵاتە کۆتایی پێ هێنا.

فیلمی ناکۆکیی وەفاداران، کە چیرۆکی لەدایکبوونی عێراقی نوێ دەگێڕێتەوە، لە کۆمەڵێک لە فێستیڤاڵە فیلمییەکانی سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیست پەخش کرا، بەڵام هەرگیز بڵاو نەبووەوە و هەر لەو سەردەمەشدا لەبیر چووەوە.

ئۆلیڤەر ڕید و جۆزفین بورگی هاوڕێ و هاوژینی داهاتووی، لە فڕۆکەخانەی هیسرۆو

لەگەڵ ئەوەشدا، بەرهەمهێنەری عێراقی-بەڕیتانی لەتیف جۆرڤانی و کۆمەڵێک لە ئەکتەرەکان، دەربارەی چیرۆکی فیلمەکە لەگەڵ چۆنیەتی گونجاندنی مامەڵەی دڕندانەی سەدام و رێد و دانانی خشتەی بەرهەمهێنانەکە قسەیان کرد؛ هەموو ئەمانە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی عێراق و ئێران بوو.

ئەکتەرەکان دانیان بەوەدا ناوە کە نەیاندەزانی چ ڕۆڵێک دەگێڕن، بەڵام هەرچەندە ڕۆڵێکی بچووکیشیان هەبوایە ١٠٠٠ جونەیهی ئیستەرلینیان لە هەفتەیەکدا وەردەگرت، لەو سەردەمەشدا ئەو بڕە پارەیە لەڕادەبەدەر زۆر بوو.

مارک پێنفۆڵدی ئەکتەر دەڵێت: “ئەو کاتەی لە ئاسمانی عێراق بووین هەموو شتێکمان بۆ ڕوون بووەوە؛ کاتێک بینیمان فڕۆکەیەکی جەنگی لەگەڵ فرۆکەکەی ئێمە لە ئاسمانە، زانیمان ئەوەی ئێمەی بۆ بانگ کراوین زیاتر لەوەی چاوەڕێمان کردبوو شێلگیرانەیە.”

فڕۆکەکە بەبێ هەبوونی هیچ ڕووناککەرەوەیەک نیشتووەتەوە، تا نەبێتە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکان. ئەکتەرەکان و ستافی کارکردن براونەتە هۆتێلێک لە بەغدادی پایتەختی عێراق، بەڵام ژوورەکان بەس نەبوون بۆ تەواوی ستافەکە، تا خۆیان لە چەند شوێنێکی ئامادەنەکراو و پڕ لە جانەوەر بینیوەتەوە، هەروەها دەبوو خۆیان لەگەڵ ٥٠ پلەی گەرمی و کەمیی پێدوایستییە گرنگەکان ڕابهێنن.

سەدام حسێن، سەرۆک و دیکتاتۆری عێراق (١٩٧٩-٢٠٠٣)

سەدام حسێن، سەرۆک و دیکتاتۆری عێراق (١٩٧٩-٢٠٠٣)

لەم کاتەشدا هونەرمەندان و ئەکتەرە عێراقییەکان بە هۆی ئامادەکارییان بۆ جەنگ ون ببوون.

ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەڕیتانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی زۆر بێزارکار بووە، بێزاریی ڕید و ئارەزووی زۆری بۆ مەی بووە.

ڕید کە لەدایکبووی شاری ویمبڵدۆنە و ساڵی ١٩٩٩ لە کاتی بەرهەمهێنانی فیلمی گلادیتۆر بە هۆی زۆر خواردنەوەی مەی کۆچی دواییی کرد، ڕۆڵی جێرارد لیچمانی دەبینی، کە ئەفسەرێکی بەڕیتانی بووە لە عێراق و ساڵی ١٩٢٠ لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە کوژراوە.

هێلن ڕایان، کە ڕۆڵی ژنە ئەفسەرێکی بەڕیتانی لە عێراق دەبینی بە ناوی گێرتروید بێڵ، دەڵێت: “ئەوەی لە دیدارم لەگەڵ ئۆڵی لە فڕۆکەخانە لەیاد ماوە، کەسایەتییە جیاوازەکەی بوو. شەپقەیەکی گەورەی ستێستن لە سەر و جاکێتێکی لە بەر بوو، لەوە دەچوو کە بچێت بۆ جەنگەڵ. بیستبووم کە ئالوودەبووی مەیە، بیرم کردەوە کە کارکردن لەگەڵی گران دەبێت.”

ڕیدی تەمەن ٤٣ ساڵ لەگەڵ هاوڕێ کچە ١٧ ساڵەکەی، جۆزڤین بورگ ئامادە بوو، کە دواتر بووە هاوژینی. بەڵام ئەو هاوڕێ کچەی زۆرینەی کاتەکانی لە ژوورەکەی هۆتێل بوو و کۆششی بۆ تاقیکردنەوەکانی دەکرد، ڕێدیش جێی دەهێشت بۆ کردنی ئەو کارانەی لەسەری بوون.

ڕید حەزی دەکرد دەستپێکی ڕۆژەکەی بە خواردنەوەی پەرداخێکی گەورەی سەنگریا بێت، کە جۆرێکە لە مەی، هەروەها پێشنیوەڕۆ داکریز و لە نیوەی ڕۆژیشدا شەمپانیا. هەتا کۆتاییی ڕۆژ خەریکی خواردنەوەی مەی دەبوو، هەندێک جار بتڵێک کۆنیاکی ڕێمی مارتن و بتڵێک شەمپانیای لەگەڵ سەهۆڵدا تێکەڵ دەکرد و دەیخواردەوە.

ئۆلیڤەر ڕید و دوان لە ستافی بەرهەمهێنانی فیلی ناکۆکیی وەفاداران، لە هۆتێلێک لە شاری بەغدادی پایتەختی وڵاتی عێرا

ئۆلیڤەر ڕید و دوان لە ستافی بەرهەمهێنانی فیلی ناکۆکیی وەفاداران، لە هۆتێلێک لە شاری بەغدادی پایتەختی وڵاتی عێراق

ئەو ئارەزووی لە کۆمەڵێک شتی سەیروسەمەرە بوو، وەک یاریکردن بە چەک و لێدان لە دەرگەکانی هۆتێل و شەڕکردن.

یاریدەدەری وێنەگر رۆجێر ماکدۆناڵد، دەگێڕێتەوە کە رێگ پرێنس، سکرتێری ڕید، لە بانێژی نهۆمی کۆتاییی هۆتێلەکە لە سەر ئەژنۆ ئەکتەرەکەی هەڵگرتووە و ڕید هاواری بەسەردا کردووە: “دەی رێگ! ئازایت؟ دەتوانیت؟ دەی! بمخە خوارەوە!”

هێلن ڕایان دەربارەی مامەڵەکانی لە چێشتخانەکاندا دەڵێت: “ئەگەر خواردنەکەی خێرا بۆ نەهاتایە، هاواری دەکرد و بەرێوبەری بانگ دەگرت، دەیگرت، بەرزی دەکردەوە و تووند لێی دەدا.”

عێراقییەکان دەیانتوانی کاری لەگەڵ بکەن، بەڵام لە یەکێک لە شەوەکاندا ڕید سنووری بەزاند. جۆرڤانی دەڵێت: “ئۆڵی لە چێشتخانەیەک بوو، بوتڵێکی شەرابی بەتاڵی دەرهێنا و میزی تێکرد، گارسۆنەکەی بانگ کرد،  داوای لێ کرد بوتڵەکە بباتە مێزەکەی تەنیشتی و ڕێزی ئەویان پێ بەگەیەنێت.”

ئەم هەواڵانە گەیشتنە کاربەدەستە باڵاکانی سەدام و پێیان وا بوو کە سنووری بەزاندووە، بۆیە داوایان لە جۆرڤانی کرد کە دووری بخاتەوە، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و لە پێناو مانەوەیدا شەڕی کرد.

لەگەڵ مارک سێندن، یەکێک لەو ئەکتەرانەی کە دوو کەسایەتیی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق هەڵیان بژاردبوو بۆ کاری فۆتۆگرافی لە بەغداد، ڕید سەدام حسێنی بینی.

سێندن، کە لە فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکەدا دەرنەکەوتووە، دەڵێت: “ڕید بۆ خواردنی نانی ئێوارە لە کۆشکی کۆماری بانگهێشت کرابوو.”

وەک ئەوەی سێندن لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ جەیمس مۆنتەگیو لە ساڵی ٢٠١٤ دەیڵێت، سەدام دەستی کردووە بە گوتاردان بە زمانی عەرەبی و ڕید لە بەر خۆیەوە گوتوویەتی: “ئای لەوە…” دواتر سەدام دوای نانخواردن هاتووەتە لای و پێی گوتووە: “هیوادارم زۆر بێزارم نەکردبیت بەڕێز ڕید.”

لە کۆتاییدا وێنەگرتنی فیلمەکە تەواو بوو؛ کاتێک سەدام کۆتا دیمەنی فیلمەکەی بینی، زۆر دڵخۆش بوو و کاتژمێرێکی دەستیی ئاڵتوونی پێشکەش بە جۆرڤانی کرد، کە وێنەی خۆیی لە سەر بوو.

فیلمەکە لە زۆرێک لە فێستیڤاڵەکاندا نماییش کرا، لە فێستیڤاڵی سینەماییی لەندەنی ساڵی ١٩٨٤ زۆر کەس پێی سەرسام بوون، هەروەها بۆ خەڵاتی مۆسکۆ هەڵبژێردرا، بەڵام لەو کاتەدا زانیارییەکان سەبارەت بە دیکتاتۆرییەتی و ڕەهایەتیی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە زیادبووندا بوون.

بەو هۆیەوە فیلمەکە بڵاو نەکرایەوە، سەدام گەڕاندییەوە بۆ عێراق و لەو کاتەدا وڵات لە کەوتندا بوو، بۆیە ناکۆکیی وەفاداراکان ناوبانگی ون بوو و تەنها بەشێک لە ستافەکە بینیان.

ئەکتەرەکان کۆمەڵێک یادەورییان لەم ئەزموونەوە دروست کرد؛ ڤیرجینیا دێنهام، ئەکتەر لە فیلمەکەدا دەڵێت: “چێژم لێ بینی و ئەو سەرکێشییەم خۆش ویست. تەنیا جارێک کە هەستم بە ترس کرد بە هۆی ئۆلیڤەر ڕیدەوە بوو؛ ئۆلیڤەر ڕید چەکێکی کۆکوژ بوو.”

Film, LawkAbubakr, Saddam Hussain,