November 25, 2017
DidiMn Logo

نیوەی خۆرێکی زەرد لە کیشوەری ڕەشدا

لە لایەن دیدی من 1 year لەمەوبەر

دیدی من

گۆران ڕەسول

لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئەدەبیاتی ئەفریکایی بەردەوام بەرەوپێشوەچوونی بە خۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا توانیویەتی پێگەیەکی دیاری لە ئەدەبیاتی جیهانی هەبێت. ساڵانە نووسەر و ڕۆماننووسە ئەفریکایییەکان لە ناو لیستی براوەکانی خەڵاتە ناودارەکانی ئەدەبدان، لە ناویاندا پشکی خەڵاتی نۆبڵیشیان وەرگرتووە. بێگومان ئەمەش هۆکاری هەمەجۆر لە پشت ئەم بەرەوپێشوەچوونەوەن کە دیاریترینیان پڕۆسە داگیرکارییەکانی کیشوەری ڕەش بوو لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە کە ئەمەش هەوێنی بەرهەمهێنانی دیارترین زەمەنی ئەدەبییە کە ئەویش ئەدەبیاتی پۆستکۆلۆنیالی ئەفریکایییە، هەروەها کۆچکردنی هەزاران ئەفریکی بەرەو ئەمەریکا و ئەوروپا دواتر بەرکەوتنیان بە کلتوورێکی جیاواز، بووە سەرهەڵدانی سەدان نووسەری ئەفریکایی کە دەرگەی خوێندنیان لە زانکۆکان بۆ کرایەوە و هەلی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ئەوروپی و ئەمریکییان زیاتر بۆ ڕەخسا. چینوا ئەچێیبی، نادین گۆدیمە، جەی ئێم کووتسی، نیگوگی وا تیۆنگۆ و چیماماندا ئادیچیێ لە نووسەرە ناودارەکانی کیشوەری ئەفریکان. لەم وتارەدا تیشک دەخەمە سەر خانمە نووسەری ئەفریکی چیماماندا ئادیچیێ و ناساندنی یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی بە ناوی نیوەی خۆرێکی زەرد.

چیماماندا ئادیچیێی تەمەن ٣٧ ساڵ، خانمە ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی نایجرییە کە بە زمانی ئینگلیزی دەنووسێ. چیماماندا لە بنەماڵەیەکی ئیبۆیە کە یەکێک لە گەورترین نەتەوەکانی نایجیریایە و بەشی زۆری دانیشتوانی باشووری ئەو وڵاتە پێک دەهێنێ. چیماماندا سەرەتا لە بواری پزیشکی لە زانکۆی نایجیریا دەست بە خوێندنی ئەکادیمی دەکات و دوای ساڵ و نیوێک نایجیریا بەرەو ئەمەریکا جێ دەهێڵێ. لەوێ دەست بە خوێندنی زانستە سیاسییەکان دەکا و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست دەهێنی، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی ماستەر لە بواری نووسینی داهێنەرانە بەدەست دەهێنی و لە ساڵی ٢٠٠٨ـیش بڕوانامەیەکی تری ماستەر لە هونەر لە خوێندنی ئەفریکیدا لە زانکۆی یەڵ بەدەست دەهێنێ. چیماماندا سەرەڕای کاری نووسین لە زانکۆکانی ئەمتیکا و نایجیریا لە بواری ئەکادیمیی و وانەگوتنەوەدا کار دەکا. چیماماندا تاکو ئێستا سێ ڕۆمانی بە ناوەکانی گوڵی مۆر، نیوەی خۆرێکی زەرد، ئەمێریکانا و کۆبەرهەمێکی چیرۆکی بە ناوی شتەکەی دەوری گەردنت و شانۆنامەیەکی بە ناوی بۆ خۆشەویستی بیافرا، هەروەها کۆمەڵێک شیعری لە سەرەتای دەستپێکی نووسینەکانی  بڵاو کردوونەتەوە. چیماماندا بەردەوام وتاری ئەدەبی و کلتووری دەنووسێ و لە گۆڤار و ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی وەک گاردیان و نیو یۆرک تایمز بڵاویان دەکاتەوە. ڕۆمانەکانی ڕەهەندی یونیڤێرسالی کۆی کردونەتەوە و لە ڕێگەی کارەکتەری ئەفریکاییدا ئاماژە بە دەیان کێشەی مرۆڤ دەدات، ئەمەش وای کردووە کە ڕۆمانەکانی بۆ زیاتر لە سی زمان لە جیهاندا وەربگێڕدرێن. چیماماندا سەرەڕای کاری ئەدەبی بە یەکێک لە چالاکوانە فێمینیستەکانی ئەفریکا دادەنرێت. لەماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا نووسینەکانی هەمیشە بژاردەی کۆتاییی خەڵاتە ئەدەبییە بەناوبانگەکان بوون و تا ئێستاش زیاتر لە دەیان خەڵات بە نووسینەکانی دراون. خوێنەر لە ڕێگەی چیمامانداوە لە کۆمەڵێک گرفت و ئازاری مرۆڤی ئەفریکایی بەگشتی و تاکی نایجیری تێدەگا، ئەمە سەرەڕای چەندان زانیاری لە سەر دیوە مێژوویییەکەی کیشوەری ئەفریکا لە ڕووی جەنگ و کێشە کلتوورییەکانەوە.

goran rasul

لە ئەمێریکانادا کە نوێترین ڕۆمانییەتی و لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاو بووەتەوە، چیرۆکی دوو هەرزەکار دەگێڕێتەوە کە لەبەر زەبروزەنگی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی نایجیریا وڵات جێ دەهێڵن. ئیفێمێلو کە هەرزەکارێکی کچە بۆ خوێندن بەرەو ئەمەریکا دەڕوات و لەوێ ڕووبەڕووی دەیان کێشەی ڕەگەزپەرستی دەبێتەوە. دوای ئەویش ئابێنزا کە هەرزەکاڕێکی کوڕە دەیەوێ بچێتە ئەمەریکا بۆ لای ئیفێمێلو بەڵام دوای یازدەی سێپتێمبەر مامەڵەی ڤیزاکەی ڕەت دەکرێتەوە و ناچار بە ڕێگەی نایاسایی خۆی دەگەیەنێتە لەندەن. ئەویش تووشی دەیان کێشەی بێ ناسنامەیی و بێ دۆکۆمێنتی دەبێتەوە. دواتر ڕۆمانەکە بە چیرۆکی سەرکەوتووییی هەردووکیان بەردەوامی دەبێ، یەکەمیان وەک کارەکتەرێکی دیار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی لە ئەمەریکا و ئەوەی تریشیان دەگەڕێتەوە نایجیریا بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی لەو وڵاتە. ئەمێریکانا بە یەکێک لە دە باشترین کتێبەکانی ساڵی ٢٠١٣ هەڵبژڕدراوە و براوەی چەند خەڵاتێکی ئەدەبییە لە ئەمەریکا و ئەفریکا.


نیوەی خۆرێکی زەرد دووەم ڕۆمانی چیماماندایە و لە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاو بووەتەوە، کە چیرۆکەکەی هەڵقوڵاوی شەڕی بیافراناجیریایە، کە جەنگی ناوخۆی نایجیریایە لە نێوان نەتەوەکانی بیافرا و یۆروبا و هاوسا، کە ئەوەی کۆتایی موسڵمانن و یەکێکن لە گەورە نەتەوەکانی نایجیریا. کاتی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە لەنێوان دوو زەمەن دان، ئەوانیش سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، هەروەها ساڵانی نێوان ١٩٦٧-١٩٧٠ کە ساڵانی جەنگی ناوخۆیی ناجیریان. بە هۆی ئەم جەنگەوە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس گیانیان لەدەست دا. ڕۆمانەکە ڕوویەکی تری سیاسەت و ناسنامەی پۆستکۆلۆنیالی ئەفریکی و دەسەڵاتدارێتیی ئافرەت و ڕۆڵی میدیای ڕۆژئاوا و چەند کێشەیەکی تری تایبەت بە کلتووری کۆمەڵگە ئەفریکاییەکان پیشان دەدا.

13936839_1149361685126907_167045710_n

بە فۆڕمێکی گێڕانەوەیی سەرنجڕاکێش، چیماماندا بەسەرهاتی سێ کارەکتەر لە ناو ڕۆمانەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. یەکەمیان ئوگۆ کە هەرزەکارێکی سێزدە ساڵانە و هەژارێکی گوندنشینە کە وەک خزمەتکار لە ماڵی مامۆستایەکی زانکۆ بە ناوی ئودینگبو کار دەکا. ئودینگبو یەکێکە لەوانەی کە بە پەرۆشەوە لە پشت شۆڕشە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی زۆرداری ئەو کاتەی نایجیریا و کۆتاییهێنان بە  شەڕی ناوخۆ. دووەمیان ئۆلانایە کە پڕۆفیسۆرە لە بواری سایکۆلۆجی، خۆشەویستی ئودینگبویە، کە لە پێناویدا خۆشگوزەرانیی خۆی وەلا دەنێ و لە لاگۆسی پایتەختەوە بۆ شارۆچکەیەکی دوور هەموو شتێک بەجێ دەهێڵێ. سێیەمیان گەنجێکی کەمدووی ئینگلیزە بەناوی ڕیچارد کە خۆشەویست و گرفتاری خوشکە دووانەکەی ئۆلانایە.

یەکێک لە وێنە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانە بریتییە لە بەرپرسیارییەتیی ئەخلاقیی مرۆڤ. ڕۆمانەکە  کاری لە سەر تێکچوون و ناشیرینبوونی بەرپرسیارییەتیی ئەخلاقیی مرۆیی کردووە؛ چیماماندا لێزانانە جەنگ و جیاوازیی نەتەوەیی و کێشەی ناسنامە و کۆتوبەندی دابونەریت دەکاتە هۆکارگەلی ڕوون لە پشت داڕمانە ئەخلاقییەکان. باشووری نایجیریا کە خەڵکانی ئیبۆ نیشتەجێی بوون و بە دەسەڵاتی زۆرداری ئەو کاتەی نایجیریا ڕازی نەبوون و لە هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆییی خۆیان بوون بەڵام ئەمە بووە هۆکاری قڕکردنی ئیبۆیییەکان. چیماماندا زۆر بە ڕوونی تیشک دەخاتە سەر نەمانی هیچ پرەنسیپێکی ئەخلاقی بۆ کوشتن و لەناوبردنی ئیبۆیییەکان، کە تێیدا جیاوازی ناکرێت لەنێوان گەورە و منداڵ و پەککەوتە و ژن. ڕۆمانەکە ئاماژە بەوە دەدا کە لەبەر ئەوەی هەموو ئەمانە نەتەوەیەک کۆیان دەکاتەوە بۆیە لە لایەن نەتەوەکانی ترەوە بە توندترین و دڕندەترین شێوە لەناو ببردرێن.

چیرۆک وەک مێژوو، مێژوو وەک چیرۆک

مێژوو و ئەدەب پەیوەندییەکی دانەبڕاویان لەگەڵ یەکتریدا هەیە. هەمیشە ئەو تێکستە ئەدەبیانەی کە هەڵقوڵاوی ڕووداوەکانی مێژوون دەروازەیەکی تر بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوەکان بەتایبەتی و مێژوو بەگشتی دەکەنەوە، کە لەڕێگەی خەیاڵی نووسەرەوە مێژوو بە جۆرێکی تر خۆی دەنووسێتەوە. لە کۆتاییدا خودی تێکستە ئەدەبییەکەش دەبێت بە مێژوویەکی نووسراو. لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە تێکستە ئەدەبییەکان دەبن بە مێژووی چاوەڕوانکراو کە ئەمە زیاتر پەیوەندی بە ئەدەبی دیستۆپی هەیە یان ئەو ئەدەبەی کە زیاتر کار لە سەر پێشبینی دەکا. چیماماندا بە زمانێکی ئیستاتیکی و گێڕانەوەیەک کە زیاتر لە خەیاڵ دەچێ مێژووی شەڕی ناوخۆی نایجیریا دەکاتە تێکستێکی ئەدەبی، کە بە دوو ئاڕاستەی جیاواز کاری لە سەر پەیوەندی نێوان مێژوو و ئەدەب کردووە. بە جۆرێک کە دەتوانم بڵێم بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ئەم شەڕە، ڕۆمانەکەی چیماماندا کۆمەکێکی باشی خوێنەر دەکا. لە هەمان کاتدا دروستکردنی کارەکتەرەکان و پەیوەندیی لەنێوانیاندا و شێوازی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە بەڵگەی تێکستێکی نایابی ئەدەبین کە مێژوو لە گێرانەوەیەکی سادەوە دەگۆڕێت بۆ گێڕانەوەیەک کە خوێنەر پەلکێشی دێڕ بە دێڕەکانی دەکا. مێژوو لەناو ئەو ڕۆمانەدا هەر پەیوەست نییە بە ناسنامەی نەتەوە و کۆلۆنیالیزم و ژمارەی قوربانیان و جموجۆڵە سیاسییەکان، بەڵکو مێژووی پەیوەندیی خۆشەویستی و وەفاداریی مرۆڤە لە سەردەمی جەنگ و کاولکارییدا. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی دەربارەی شەڕی بیافرا ڕۆمانی نووسیوە، چیماماندا دەڵێت: “بۆیە ئەم ڕۆمانەم نووسی چونکە ویستم لە کتێبێکدا دەربارەی جەنگ و خۆشەویستی بدوێم، چونکە من لە سێبەری بیافرا گەورە بووم، چونکە باپیرانم لەم جەنگەدا لەدەست داون، چونکە ویستم بە هۆی مێژوومەوە مانایەک ببەخشمە ئێستام، چونکە باوکم فرمێسکی لەچاوەکانی هاتەخوار کاتێک باسی لەدەستدانی باوکی کرد، هێشتا دایکم ناتوانێی بە تەواوی دەربارەی مردنی باوکی لە کەمپی ئاوارەکان قسە بکا، چونکە  پاشماوەی دڕندەیی کۆلۆنیالیزم توڕەم دەکا.”*

13900991_1149361771793565_12240245_n

فێمێنیزم و کۆمەڵگەی نایجیری

چیماماندا سەرەڕای کارکردنی لە بواری ئەکادیمی و ئەدەبیدا، وەک یەکێک لە فێمێنیستە چالاکەکان ناسراوە. سەرەڕای ئاماژەپێدان بە کێشەکانی مێینە لە ناو ڕۆمان و چیرۆکەکانی، چیماماندا چەند وتارێکیشی لە سەر فێمێنیزم هەیە کە دیارترینیان بە ناوی پێویستە هەموومان فێمێنیست بینە. لە نیوەی خۆرێکی زەردیشدا کێشەی ئافرەتی نایجیری یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە و چیماماندا لە رێگەی کارەکتەرە مێیەکانییەوە، کە زۆربەیان کەسایەتی بە‌هێزیان هەیە، پەنجە دەخاتە سەر چەند برینێک کە مێینەی نایجیری پێیەوەی دەناڵێنێت، کە ئەمە بەگشتی کێشەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئەفریکییە. ئۆلانا کە لە بنەماڵەیەکی چینیی بەرزە و ئازادیی تەواوی هەیە، لە لایەن دایکی خۆشەویستەکەیەوە پەسەند نییە و بەردەوام هەوڵ دەدا لە کوڕەکەی دووری بخاتەوە. ئەمەش لە ژێر کاریگەریی دابونەریتی دایکی خۆشەویستەکەی کە ناڕازیبوو لە سەر ئەوەی کە  ئەوان بە ڕەسمی هاوسەرگیریان نەکردووە، هەروەها پێی وا بوو ئەو ئازادییەی کە ئۆلانا هەیەتی لەگەڵ ئەواندا ناگونجێت، ئەمە سەرەڕای خوێندەواری و پسپۆریی ئۆلانا کە دایکی ئودینگبو پێی وا بوو ئەمە گۆڕانکارییە ل ەناو دابونەریتەکەیان ئەمەش لەبەر ئەوەی کە ئافرەت بە هۆیەوە ڕۆڵی تر لە ناو کۆمەڵگە وەردەگرێت و لە ئەرکەکانی ماڵ دوور دەکەوێتەوە. هەر بۆیە دایکی ئودینگبو پلانی ئەوە دادەنێت کە کوڕەکەی لەگەڵ ئامالا بخەوێت کە کچێکی گوندنشینە و خزمەتکاری خۆیەتی، ئەمەش بۆ ئەوەی ئامالا منداڵ دروست بکات و پەیوەندیی نێوان ئۆلانا و ئودینگبو بەو هۆیەوە تێک بچێت. بەڵام دوای ئەوەی کە منداڵەکە کچ دەبێت، دایکی ئودینگبو وەری ناگرێت و دەنێرێت بۆ ئودینگبو و ئۆلانا کە ئەمەش دووبارە جۆرێکە لە کەم سەیرکردنی مێینە. تاکو ئێستاش لە زۆرێک لە کۆمەڵگە ئەفریکی و ڕۆژهەڵاتییەکاندا حەزی هەبوونی کوڕ لە کچ زیاترە، کە ئەمەش داخراوی و تێنەگەیشتن لە ماف و یەکسانیی نێر و مێ هۆکاری سەرەکی ئەو کۆمەڵگەیانەن. چیماماندا دەیەوێت لە ڕێگەی فێمێنیستێکەوە ئاماژە بە هێزی کارکردنی مێینە بدا بۆ بەرەنگاربوونەوەیەی هەموو ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی مێینە دەبنە. ئەمەش دوای ئەوەی خۆی منداڵەکە زۆر بە پەرۆشەوە دەگرێتە ئەستۆ. ئەمە سەرەڕای نیشاندانی هێزی مێینە چ لە ڕێگەی ئۆلانا یان پورەکەی ئێفێکا لە بەرەنگاربوونەوەی جەنگ و هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە تووشیان دەبێت، هەروەها هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی ئۆلانا بۆ خوشکەکە لە یارمەتیدانی ئاوارەکان لە ئۆرلو. چیماماندا بە وردی کاری لە سەر ڕوانبینیی فێمێنیزمی کردووە بۆ هەر یەک لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی نایجیری، کە نموونەی ئۆلانا وەک خوێندەوارێک لە بنەماڵەیەکی چینیی بەرز و ئێفێکا وەک ژنێک لە چینی کرێکار. ئەمەش ڕەنگدانەوەی فرەنەتەوەیی و فرەکلتووریی و جیاوازیی ئایینی لە کۆمەڵگەی نایجیرییدا کە هەمیشە ململانێ سیاسی و ئایینی و کلتوورییەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە قوربانیدان بە مێینە لە ڕووی پێندانی ماف و توندوتیژی بەرانبەریان. ئەمەش هۆکارێکی ڕوونە لە دروستکردنی کەسایەتیی جیاواز لەناو ڕەگەزی مێینەدا.

13883758_1149361625126913_1375286795_n

کێشەی ناسنامە و میدیای ڕۆژئاوا

یەکێکی تر لە بابەتە گرینگەکانی ئەم رۆمانە بریتییە لە کێشەی شوناس. چیماماندا لە ڕێگەی هەمەجۆری کارەکتەرەکانییەوە لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەی و ئایینییەوە ئاماژە بە شوناسی مرۆڤ دەکا وەک کێشەیەک لە سەردەمی جەنگ و داگیرکارییدا. کاریگەریی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی لە سەر تاکی نایجیری بە شێوەیەکی گشتی بابەتی سەرەتایی کێشەی ناسنامەیە، ئەمەش بە هۆی بەریەکەوتنی دوو کولتووری جیاواز، کلتوورێکی ڕۆژئاوایی کە لەڕێگەی داگیرکارییەوە دەیەوێت بچێتە ناو کلتوورێکی ئەفریکی فرەنەتەوەیی و فرەبیروباوەڕی ئایینی. دواتر چیماماندا کێشەی ناسنامە دەبەستێتەوە بە شەڕی ناوخۆی نایجیریا، نەوەکانی سەر یەک خاک کە ڕەنگ و کلتوور و چەندان شتی تر کۆی کردوونەوەتەوە، لە هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی ناسنامەی یەکترین، هەروەها ڕۆمانەکە ئاماژەیەکی کورت بە ڕۆڵی میدیای ڕۆژئاوا لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا دەدا، کاتێک ڕیچارد چاوی دەکەوێت بە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە بیانییەکان، دەیەوێت دەربارەی گەیاندنی ئەو هەموو کوشتار و وێرانکارییە بە جیهان زانیاری وەربگرێت. بەڵام ڕۆژنامەنووسەکە دەربارەی کوشتنی یەک سپی پێست قسە دەکات، ئەمە لە کاتێکدا ڕۆژانە هەزاران خەڵکی ڕەش پێست گیان لەدەست دەدەن. چیماماندا ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە خراپیی ڕۆڵی میدیای ڕۆژئاوا لە گەیاندنی ڕاستییەکانی جەنگ دەدا.

پەیامی چیماماندا لەم ڕۆمانەدا خۆی لەیەک بازنەدا ناگرێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەموو ئاڕاستەکانی ڕۆمانەکە خوێنەر دەگەیەنێتە پەیامێک کە تێیدا هەستکردن بە دڕندەییی مرۆڤە لە کاتی جەنگدا و نەمانی هیچ پرەنسیپێکی مرۆڤایەتی بە هۆی شەڕ و خوێنڕشتنەوە. دوای ساڵێک لە بڵاوبوونەوەی، نیوەی خۆرێکی زەرد خەڵاتی ئۆرەنج پرایز بۆ ساڵی ٢٠٠٧ وەردەگرێت. ئەمە سەرەڕای چەندان خەڵاتی تری ئەدەبی لە ئەمەریکا و ئەوروپا و ئەفریکا. هەروەها ڕۆمانەکە بەهەمان ناونیشان لە ساڵی ٢٠١٣ کرا بە فیلم، کە دواتر بە یەکێک لە فیلمە سەرکەوتووەکان لەسەر کۆمەڵگی نایجیری و شەڕی بیافرا ناسرا.

*سەرچاوەی ئەم دیمانەیە و زانیارییەکانی تر لە سەر نووسەر و بەرهەمەکانی، لە پێگەی فەڕمی نووسەر وەرگیروان
http://chimamanda.com/

Adichie, Chimamanda. Half of a Yellow Sun. Lagos: Farafina, 2006.

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٣٠ـی گۆڤاری ڕامان بڵاو بووەتەوە

 

Aferica, Goran Rasul,