کاریگەریی ڕۆمانی بێل ئێمی‌ـی گی دی موپاسان لەسەر ئەدەبی عەرەبی

دیدی من – ئەلحەیات
ئیبراهیم ئەلعەریس
لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر

بە هۆی کورتەچیرۆکەکانییەوە، نووسەری فەڕەنسی گی دی موپاسان، بە یەکێک لە ڕابەرانی ئەدەبی ڕیالیزم دادەنرێت، هەروەها هەندێک لە کارەکانیشی خۆیان دەدەن لە ئەدەبی نامۆیی، وەک ڕۆمانی هۆرلا، کە بە یەکێک لە هەرە کارە ئەدەبییە نامۆیییەکانی سەدەی نۆزدەیەمی ئەدەبی فەڕەنسی دادەنرێت.

کارەکانی موپاسان لە ئەدەبی ڕیالیزمی کورتەچیرۆکدا، لە پشت زۆرێک لە کارە ئەدەبییە عەرەبییەکانەوەیە. بەتایبەت چیرۆکنووسانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، کە لە نووسینەکانیاندا هەمیشە هێڵێکی موپاسانی تێدا دەبینرێت، تەنانەت لەو کارە وەرگێڕدراوانەی کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کراونەتەوە، هەندێک لە دێڕەکانیان بردووە و بە ناوی خۆیانەوە تۆماریان کردووە. ڕەنگە ئەمە بابەتە توێژینەوەی وردی بوێت و لێرەدا کات نەبێت، بەڵام لەگەڵ ناوهێنانی گی دی موپاسان، ئەو نووسەرەمان دێتەوە یاد کە لە سەردەمی خۆی و دواییشدا خوێنەری زۆر هەبوون. تەنانەت گەر ئێستاش بە جۆرێک لە جۆرەکان لەیاد چووبێتەوە، هێشتا ڕەخنەگران هەر لە خانەی ڕۆماننووسە هاوچەرخە مەزنەکان هەژماری دەکەن. موپاسان لە ئەدەبی ڕیالیزمدا لە نێوان بەلزاک و ئێمیل زۆلادا بوو، لە ئەدەبی نامۆییشدا لە جێرارد دی نێرڤاڵ نزیک بوو.

1
بەرگی یەکێک لە چاپەکانی ڕۆمانی بێل ئێمی

بەشی یەکەم و زۆری کارەکانی موپاسان کورتەچیرۆکن، کە بە یەکێک لە ڕابەرەکانی کورتەچیرۆک دادەنرێت، بەڵام دەبوایە یەکێک بوایە لە ڕابەرانی ڕۆماننووسەکان، چونکە ڕۆمانی هۆرلا، کە لە لایەن ڕەخنەگرانە بە خوێنراوترین و باشترین ڕۆمانی موپاسان دادەنرێت، یەکێکە لەو ڕۆمانەنەی دەچێتە خانەی ئەدەبی سروشتی، ڕیالیزمی و نامۆیییەوە. لەگەڵ ئەمەشدا لە ناو ڕۆمانەکانی موپاساندا، ڕۆمانێک هەیە کە لەوانی تر جیا دەبێتەوە، بەتایبەتی کە لە سەردەمەکەیدا لە دروستکردنی ئەدەبی سەرکۆنەکردنی کۆمەڵایەتی بەشدار بوو. چیرۆکی ڕۆمانەکە لە لایەکەوە لە چواردەوری ئەتمۆسفێری میدیایی و پەیوەندیی نێوان میدیا و کۆمەڵگەدایە، لە لایەکی دیکەشەوە میدیا و سیاسەت لە فەڕەنسا، کە لەو سەردەمەدا بانگەشەی بەرەو دیموکراتبوونی دەکرد و لە تەواوی چینەکان کۆمەڵێک میدیاکاری لە ناوەندی وڵاتەکە بەگشتی و پاریسی پایتەخت بەتایبەتی دروست کرد.

بێل ئێمی ناوی ڕۆمانەکەیە، ڕۆمانێک دەربارەی میدیا؛ لە سەدەی بیستدا لەم جۆرە ڕۆمانانە هەن، چ لە ئەدەبدا بێت و چ لە سینەمادا (نموونەی فیلمی هاووڵاتی کەین، لە دەرهێنانی ئۆرسن وێڵز)، بەڵام ئەم ڕۆمانە یەکەم ڕۆمانە لەو ڕۆمانگەلەی کە چوارچێوە گشتییەکەی باس بێت لە میدیا. لە ڕێی ئەم ڕۆمانەوە موپاسان دەیەوێت وێنەی ئەو دونیایە بکێشێت کە خۆیشی باش دەربارەی دەزانێت، لە وێنەکەدا شتێک لە سەرکۆنەکردن و ئابڕووبردن هەیە، لە پشتیشیەوە جۆریک لە گوتاردان، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نە سەرکۆنەکردنە و نە گوتاردانێکی سیاسی، تەنانەت ئابڕووبردنیش نییە، ئامانجەکەی وەک ئەوەی هەمیشە لە ئەدەبی موپاساندا دەگوزەرێت، پەیوەستە بە کۆمەڵێک کەسیاتییەوە لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، کە توێژینەوەی دەروون و ئاکاری ئەو کەسیاتییەنە لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵیدا دەکات.

کەسایەتیی سەرەکی ڕۆمانەکە گەنجێکە بە ناوی جۆرج دۆروا، کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و دوای ئەوەی ساڵانێک خزمەتی سەربازیی لە هێزەکانی فەڕەنسا لە وڵاتانی ئەفریقا کردووە، دەگاتە پاریس و دەیەوێت لێیەوە ئارەزووەکانی ئەزموون بکات. موپاسان لە سەرەتاوە ئەم کەسایەتییەمان پێ دەناسێنێت؛ کەسایەتیی پیاوێک کە بێ بەهرەیە، بێ ویژدانە و ئەوەی بۆی گرنگە تەنها سەرکەوتنە لە کارەکەی و کۆمەڵەگەدا، گەر لە سەر ژیان و هەست و کەرامەتی ئەوانی تریش بێت.

نووسەری میسڕی نەجیب مەحفوز (١٩١١-٢٠٠٦)
نووسەری میسڕی نەجیب مەحفوز (١٩١١-٢٠٠٦)

جۆرج دۆروا وەک نووسەر و هەڵەبڕکارێک خۆی لە گۆڕەپانی میدیادا دەبینێتەوە؛ ئەمە تەنها بە هۆی چانسەوە نا، بەڵکو بە هۆی بینینی شارڵ فۆرستییە بوو لە پاریس، کە لە خزمەتی سەربازی هاوەڵی ببوو. فۆرستییە دوای جێهێشتی سوپا دەستی کردبوو بە کارکردن لە میدیادا و تێیدا ناو و پێگەی خۆیی هەبوو. لە ڕاستیدا خۆی هیچ بەهرەیەکی میدیایی نەبوو، لەم کارەدا هاوژینەکەی، مادلین یارمەتیی دەدا. یەکەم گوتاری جۆرج، فۆرستییە نووسیبووی. کاتێک کە زانرا گوتارەکە جۆرج نەینووسیوە، هەمدەم هەراوزەنایەکی زۆری لێ کەوتەوە. ئەنجامەکەی دەوڵەمەندیی و بەهێزبوونی میدیای واڵتەر بوو، کە خاوەنی ڕۆژنامەی ژیانی پاریسی بوو، هەروەها میدیاکانی دیکەیش. جۆرج دوو لەو ڕۆژنامانەی بەڕێوە دەبرد؛ بەم جۆرە و بە هێزی ئاوەزی و کاریگەریی لە سەر دروستکردنی ئابڕووبەر‌ێتی و بە یارمەتیی مادلین، جۆرج لە پاریس بووە میدیاکارێکی دەرکەوتوو. جۆرج تەنها بەمەوە نەوەستا، جادووەکەی ڕووبەڕووی ژنانیش دەبووەوە، جادووەیەک کە بەرگریی لێ نەدەکرا، هەر لەمەشەوە نازناوی بێل ئێمیی پێ بەخشرا، کە هاوڕێیەکانی وایان پێ دەگوت. زیاتر و زیاتر پێگەی کۆمەڵایەتی و میدیاییی بەرز بووەوە، بەتایبەت دوای مردنی شارڵ بە نەخۆشیی سیل و هاوسەرگیریکردن لەگەڵ مادلینی هاوسەری، هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ سیاسییەکی دەرکەوتووشدا هەبوو، کە وەزیر بوو و بە هەمان شێوە ئەویش پەیوەندیی لەگەڵ مادلین هەبوو. لە هەمان کاتدا جۆرج ئەوینداری هاوسەرەکەی واڵتەر بوو و لە کچە ١٧ ساڵانەکەشی نزیک دەبووەوە. زۆر گرنگیی پێ نەدەدابن، بەڵکو بەکاری دەهێنان تا لە ڕێی پەیوەندی و هەژموونییەوە بەسەریاندا، تا لە یەک کاتدا بە کردەیی ببێتە خاوەنی ئیمڕاتۆرییەتێکی میدیایی و ئیمپڕاتۆرییەتێکی سامانی و سیاسی.

بەم جۆرە پەیوەندیی نێوان کەسایەتییەکان دروست دەبێت؛ پەیوەندیی وەزیر بە مادلینەوە ئاشکرا دەبێت و جۆرج هەڕەشەی سیاسیی لێ دەکات، هەروەها کاتێک پەیوەندیی نێوان جۆرج و کچە ١٧ ساڵانەکەی بۆ دایکی دەردەکەوێت، تا ئابڕووچوونە خۆی ئاشکرا نەبێت هیچ ناڵێت. بەم جۆرە جۆرج دۆروا لە سەردەمێکی پڕ گەندەڵیدا و لە فەڕەنسایەک کە دیموکراتییەتی ڕاستەقینەی تێدا نییە، دەست دەگرێت بەسەر میدیا و سامان و سیاسەتدا.

نووسەری میسڕی فەتحی غانم (١٩٢٤-١٩٩٩)
نووسەری میسڕی فەتحی غانم (١٩٢٤-١٩٩٩)

ڕوونە کە لە کاتی خوێندنەوەی بێل ئێمیدا هەست بە چیرۆکێکی لێکچوو دەکرێت لە نێوان ئەو و هەندێک ڕۆمانی دیکە، بەتایبەتی لە ئەدەبی عەرەبیدا، وەک ڕۆمانەکانی دز و سەگی نەجیب مەحفوز، ئەو پیاوەی سێبەری خۆی دۆڕاند و زەینەب و تەختی پاشایەتیی فەتحی غانم و شانۆیییە کۆمەڵایەتییەکانی تۆفیق حەکیم. دیارە کە ڕۆمانەکەی موپاسان سەرچاوەی نووسینی ئەو ڕۆمانانە بووە کە باسی میدیایی لەخۆ دەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا موپاسان لە بێل ئێمیدا کە پێشتر و پاشتر کەس پێی نەگەیشتووە، گەیشتووەتە نائومێدییەکی قووڵ لە پەسنکردنی مۆڕاڵی پیشەگەربووندا. تەنانەت گەر لە ڕۆمانەکە بڕوانرێت، پارچەیەک تابلۆی پارچەپارچەی یەک لە دوای یەک دەبینرێت، کە کردوویەتییە داستانێکی بەردەوامی تەواو.

ڕۆمانی بێل ئێمی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٨٦ بڵاو بووەوە، کە هەراوزەنایەکی گەورەی لە فەڕەنسا دروست کرد و بە هۆیەوە موپاسانیان سەرکۆنە کرد، چونکە لە دیدی ئەوانەوە کارەکە کاریکی نامۆڕاڵی بوو. بەڵام موپاسان هەمیشە دەیگوت کە ئەو مەبەستی ئەوە نەبووە ژیانی هەموو میدیاکارێک بەو جۆرەیە، بەڵکو تەنها بەشێکیان بەو جۆرەن.

لە ئێستادا ڕۆمانی بێل ئێمی، کە لە کۆتایییەکانی ژیانی نووسەرەکەیدا خەڵکانێکی هەراسان کردبوو، بووە کارێکی ئەدەبی داهێنەرانە. ئەم کارە ئەدەبییە مۆپاسانی گەیاندووەتە ڕیزی پێشەوەی نووسەرەکانی سەردەمەکەی، سەرەڕای ئەوەی زۆر نەژیا.