هەوڵ مەدە: نووسراوی سەر کێلی گۆڕەکەی چارلز بۆکۆڤسکی

دیدی من – ئاکا ئیران

لە فارسییەوە: بیار ڕەشید

“هەندێک کەس لە من دەپرسن چی دەکەم و بە چ جۆرێک دەنووسم و بەرهەمە ئەدەبییەکانم دەخولقێنم، من تەنها وەڵامیان دەدەمەوە تاکە کارێک کە پێویستە ئەنجامی بدەیت ئەوەیە کە هیچ کارێک نەکەیت. ئەوەندە بەسە دەست لە هەوڵدان هەڵبگریت.”

چارلز بۆکۆڤسکی لەساڵی ١٩٢٠ لە ئەڵمانیا لەدایک بوو، پاشان لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ دایک و باوکی کۆچیان کرد بۆ ئەمریکا.

ئەم نووسەرە بە ڕەگەز ئەڵمانییە لە ماوەی ٧٣ ساڵی ژیاندا زیاتر لە هەزاران شیعر، سەدەها کورتەچیرۆک و شەش ڕۆمانی درێژی لە سەر شێوەی ژیانی لۆس ئەنجلوسی و فەرهەنگ و ئابووریی ساڵەکانی ١٩٤٠ تا ١٩٩٠ـی ئەمەریکا نووسیوە.

بۆکۆڤسکی کە یەکەمین هەوڵە ئەدەبییەکانی بە بڵاوکردنەوەی کورتەچیرۆک لە گۆڤاری چیرۆک دەست پێ کرد، لەساڵەکانی دواتردا توانی بە قەڵەمێکی تایبەت بە خۆی لەگەڵ ژیانێکی پڕ چەرمەسەری سەرنجی بەشێکی زۆر لە خوێنەران لە سەرانسەری جیهاندا بە لای خۆیدا ڕابکێشیت، تا ئەوەی کە میلیۆنەها لە بەرهەمەکانی بە زمانەکانی یۆنانی، فەڕەنسی، ئەڵمانی، بەڕازیلی، ئیسپانی، ئیتاڵی، فارسی و عەرەبی وەرگێڕدران و لە لایەن ڕەخنەگرانی ئەدەبییەوە پەسەند کراون.

Charles-Bukowski-10

ئەم نووسەرە لە سەرەتای کاری شێلگیرانە و چوونە ناو دونیای ئەدەبەوە، ڕووبەڕووی کاردانەوەی نەرێنی و کۆمەڵێک ڕەخنەی توندی شیکەرەوەی ئەدەبی بووەوە دەربارەی شێوازە نوێیەکەی، بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی بە شێوەی ژێربەژێر و نهێنی زۆر بە خێرایی توانی جڵەوی تەوژمی ئەدەبی ئەمەریکا بگرێتە دەست و کاریگەرییەکی نکۆڵی لێ نەکراو لە سەر بەشێکی زۆر لە نووسەرە گەنجەکانی ئەو کاتی ئەمەریکا دابنێت.

یاداشتە ژێر زەمینییەکان – دۆستۆڤسکی، گەشت بۆ کۆتاییی شەو و مەرگی زنجیرەیی لە نووسینی لوی فێردینان سلین، لەو کتێبانەن کە کاریگەریی قووڵیان لە سەر بۆکۆڤسکی هەبووە. هەرچەند بۆکوڤسکی کاریگەریی هەریەک لە نووسەران و شاعیرانی وەک چیخۆڤ، ئەندەرسۆن، کافکا، لارنس، پاوەند، هامسۆن، دانتێ و هەمینگوای لە سەر بووە وەک هەریەک لە نووسەرانی سەردەمی خۆی، بەڵام سلین لە هەموویان کاریگەریی زیاتر بووە.

بۆکۆڤسکی بە هۆی شانازیکردنی بە ئەڵمانیبوونیەوە هیچ کاتێک لایەنگری ڕۆیشتن بۆ جەنگی بەرامبەر ئەڵمانیا و هیتلەر نەدەکرد و هەتا داوای لە باوکی و هاوڕێکەی دەکرد کە نەچن بۆ جەنگ، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ماوەی ١٧ ڕۆژ دەزگای ئێف بی ئایی ئەمەریکی دەستبەسەری بکات. لە شانزەیەمین ڕۆژی دەستبەسەربوونەکەیدا پشکنینی تایبەتی بیر و هۆش و تەندروستیی بە مەبەستی چوونە سوپای ئەمەریکا بۆ چارلزی ٢٢ ساڵ کرا، بە هۆی نەبوونی مەرجەکانی تەندروستییەوە کە دیاری کرابوون، لە ناردن بۆ جەنگ بەخشرا.
charles-bukowski.jpg w=1000&h=500&crop=1
بۆکۆڤسکی کە بە وتەی خۆی بەهۆی بوونی هەندێک کێشەی خیزانییەوە، وەک جنێوفرۆشی و توڕەیییەکانی باوکییەوە منداڵێکی تووڕە، سەرکێش و یاخی لێ دروست بوو، توانی بە پەرچەکرداری ئەم کێشانە لەگەڵ زمانێکی تێکەڵ بە گاڵتەجاڕی لە ناوەڕاستی دەیەی حەفتای زاینییدا وەک پڕفرۆشترین شاعیر و یەکێک لە گەورەترین چیرۆکنووسانی ئەمەریکا خۆی بناسێنێت.

بۆکۆڤسکی لە ساڵی ١٩٨٤ لە پڕفرۆشترین نووسەرە ئەمەریکییەکان بوو، زیاتر لە سێ میلیۆن دانە لە بەرهەمەکانی فرۆشران. سوودوەرگرتن لە قسە و زمانی ڕۆژانە و بە شیعرکردنی ساتە ترسناکەکانی ژیانی تاکە کەسیی خۆی کە شتێکی جیاواز بوو لە هەستە بازاڕی و سۆزدارییەکان، ئەوی بەراورد بە شاعیرەکانی ئەو سەردەمە جیاواز پیشان دەدا، شێوازی نافەڕمی و شێواوی ئەم نووسەرە ئەمەریکییە لەگەڵ سادەیی لە شیعرەکانیدا ئەوی لە نێوان مییلۆنەها هەواداریدا خۆشەویست کردووە.
b973a660498a3c81993577d6d7fa1a31

بۆکۆڤسکی کە ژان پۆڵ سارتەر و ژان ژینییە ئەویان وەک گەورەترین شاعیری ئەمەریکا دەبینی، لە بەرواری ٩\٣\١٩٩٤ دوای تەواوکردنی کۆتا ڕۆمانی، بازاڕی، کۆچی دواییی کرد.

دێڕی یەکێک لە شیعرەکانی لە سەر کێلی گۆڕەکەی هەڵکەندراوە: “هەوڵ مەدە.” زۆربەی خەڵکی بە بینینی ئەم دەستەواژەیە سەریان سووڕ دەمێنێت و دەیانەوێت لە ماناکەی بگەن، ڕەنگە باشترین ڕێگە بۆ گەیشتن بە مانای ڕاستەقینەی ئەم دەستەواژەیە، ئەوە بێت کە ڕێگە بدەین خودی چارلز بۆکۆڤسکی ڕاڤەی بکات: “هەندێک کەس لە من دەپرسن چی دەکەم و بە چ جۆرێک دەنووسم و بەرهەمە ئەدەبییەکانم دەخولقێنم، من تەنها وەڵامیان دەدەمەوە تاکە کارێک کە پێویستە ئەنجامی بدەیت ئەوەیە کە هیچ کارێک نەکەیت. ئەوەندە بەسە دەست لە هەوڵدان هەڵبگریت. چ بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆمبێلێکی نایاب، چ بۆ خولقاندنی بەرهەمێک و چ بۆ نەمری. تەنها ئەوەندە بەسە کە چاوەڕی بکەیت و ئەگەر هیچ ڕوی نەدا زیاتر چاوەڕێ بکەیت. ڕێک وەک بزماری سەر دیوارێک؛ ئارام دەگریت تا خۆی بەرەو ڕووت بێت.”