چاوپێکەوتنی کێڤن ڕینگ لەگەڵ چارلز بۆکۆڤسکی

دیدی من – ترانیست مەگەزین

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە:  شانۆ ئەبوبەکر

“کاتێک ئیتر گرنگی نادەین دەژین یان دەمرین، کاتێک هیچ شتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی نابەخشێت، کارەکان زۆر خراپتر و هێواشتر دەڕۆن بەڕێوە.”

یەکەم بابەت کە بڵاوت کردەوە چی بوو؟ دەتوانیت بیرت بێتەوە؟ هەستێکی چۆن بوو؟

نا، نەخێر لەڕاستیدا نایەتەوە بیرم. ئەوەندەی بیرم بێت یەکەم بڵاوکراوەی سەرەکیم کورتەچیرۆکێک بوو کە لە ویت بورنیت و چیرۆکە گۆڤاری مارشافولی بڵاوم کردەوە لە ساڵی ١٩٤٤. دواتریش بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک هەموو هەفتەیەک چیرۆکم بۆ دەناردن .
ئەو چیرۆکەی کە لە کۆتاییدا پەسەندیان کرد، چیرۆکێکی ئاست مامناوەند وئاسایی بوو لە چاو ئەوانی تردا. هەڵبەت مەبەستم لەڕووی زاراوەی گوزارشتکاری و ناوەڕۆک و یاریکردن بە وشەو شێوازەکەیەوە، هەموو ئەمانە.
هەر لە دەوروبەری ئەو کاتانەشدا کۆمەڵێک بەرهەمی ترم لە دەزگای کاریسی کرۆسبییەوە وەرگیران. لە دوای ماوەیەک من وازم لە هەموو ئەمانە هێن، تەواوی چیرۆکەکانمم فڕێ دا و لەناوم بردن. زۆر بە سەختی و بە تینەوە  دەستم دایە خواردنەوەی مادە بێهۆشکەرەکان، هەستم بەوە نەدەکرد بڵاوکراوەکان ئامادە بووبن، خۆشم هەروا. زۆر بێزم دەکردەوە کاتێک ئەوەم دەخوێندەوە کە ئەمانە لەو جەنگی ئەدەبە قەبووڵ کراون.
ئیدی دەمخواردەوە، یەکێک بووم لە هەرە باشترین ئەو کەسانەی خەریکی خواردنەوە بوون، لە هەرجێیەک. پێشم وایە هەر ئەمە بەشێکی تری بەهرەکەمی پێ بەخشیم.

بۆچی بۆ ماوەیەکی زۆر دونیای نوسینت بەجێ هێشت، پێم وایە هۆکارگەلێک هەبوون؟

بەڵێ، لە ڕاستیدا خواردنەوە، ئاستنزمیی کارەکانم و بێلانەیی و نامۆبوونم لە نێوان شارەکاندا. هەموو شتێک مانایەکی زۆر بچووکی هەبوو، ژیانێکی بکوژانە دەمگوزەراند، ژیانێک کە لە سەروو توانای منەوە بوو، بێگومان ڕۆژانەش چەندەها ژنی شێتانە و سەختم دەبینی. هەندێک لەم مەتریاڵانە نوسینەکانمیان بە دواوە خست. دەمخواردەوە، خواردنەوکی نائاسایی و وەڕەسکار، ژیانم بە نماییشێکی مردن دەچوو لە قاوشی خۆبەخشیی نەخۆشخانەیەکدا. لە دەممەوە خوێنم هەڵدەهێنایەوە، سەرەڕای ئەوەش دووبارە دەچوومەوە دەرەوە، بێگومان دووبارە بۆ خواردنەوە. دەزانیت، کاتێک ئیتر گرنگی نادەین دەژین یان دەمرین، واتە کاتێک هیچ شتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی نابەخشێت، کارەکان زۆر خراپترو هێواشتر دەڕۆن بەڕێوە.  ماوەی دوو ساڵ یان تۆ بڵێ ساڵێک و نیو حەماڵێکی نامە، یازدە ساڵ ونیو وەک فەرمانبەرێکی نامەبەر؛ دەی ئیتر ئەمانە ڕێک ئەو هۆکارانە بوون کە ژیانێکی بە مانا و تامداریان پێ نەبەخشیم.
من لە تەمەنی ٥٠ ساڵیمدا، واتە ٢٠ ساڵێک لەمەوبەر،  وازم لە کارەکەم هێنا و بڕیارم دا ببمە نوسەرێکی پڕۆفیشناڵ. ئەمە ئەو یەکە بوو کە قەرزەکەی دەدایەوە بە تێکەڵیوپێکەڵییەکانی خۆی، بەختیشم هەبوو.

screen-shot-2012-09-01-at-11-34-31-pm

دەتوانی دەربارەی پەیوەندییەکەی خۆت و جۆن فانتیەوە بۆمان بدوێیت؟ تۆ کتێبەکانی ئەوت بە دڵ بوو

وەک کوڕیژگەیەک بە درێژاییی ڕۆژ شۆڕ دەبوومەوە بە سەر کتێبخانەکاندا و بەشەوانیش بێگومان لە باڕەکان بووم. دەمخوێندەوە، دەمخوێندەوە و دەمخوێندەوە. دوای ماوەیەکیش لە هەموو ئەو شتانە ڕام دەکرد کە پەیوەندییان بە خوێندنەوەوە هەبوو، دووبارە کتێبەکانم بە ڕەفەکان دەسپاردەوە. هەندێک کات چەند دێڕێکم لێیان دەخوێندەوە هەر لەخۆوە هەستم دەکرد مرۆڤێکی لاساییکەرەوە و ساختەم، بە خێرایی دەمگەڕاندەوە بۆ جێگەکەی خۆی. نماییشێکی هزری ڕاستەقینە بوو، تەنانەت بچووکترین شت بۆ من وابەستەی ژیان نەدەبوو، بۆ شەقام و خەڵکەکان، بۆ ئەو خەڵکەی لە سەر شەقامەکان دەمبینین، دەمزانی چەند بە ناچاری لەم فەزایەدان.
ڕۆژێک بەسەرمدا هات کە کتێبی کەسێک بپشکنم بە ناوی فانتی، ڕستەکان پڕیان دەکردم لە ئاگر، بەتاڵ لە وشەی بێمانا، بەڵام هەرگیز دەرباری فانتی هیچم نەبیستبوو، هیچ کەسێک دەربارەی فانتی نەدەدوا. کتێبەکە ناوی لە خۆڵ بپرسە بوو. لە ڕاستیدا حەزم بەو ناوە نەبوو، بەڵام ناوڕۆکەکەی سادە و ڕاستگۆیانە و بە بەرپرسیارێتییەوە نوسرابوو.  زۆر سەرسام بووم، بڕوام نەدەکرد؛ ئەم پیاوە دەتوانێت بنوسێت! بە ڕاستی دەتوانێت!
هەموو کتێبەکانیم خوێندەوە و بە شێوەیەک ئالودەی ببووم، بۆم دەرکەوت لەم سەر زەوییە هەندێک مرۆڤ هەن جادوگەرێکی جوانن. لە زەمەنێکی تردا من بیری ئەوم هاتەوە و لە نێو نووسینەکانمدا ناوی ئەوم هێنا. لە ئێستادا هەموو بەرهەمەکانم بڵاو نەکراونەتەوە بەڵام هەموویانم ناردووە بۆ جۆن مارتن لە ڕاگەیاندنی بڵاک سپارۆ. جارێکیان پێی گوتم، ئەوەندەی بیرم بێت تەلەفۆنمان دەکرد، گوتی کە من ناوی فانتیم هێناوە، جا ئایا ئەممە بە ڕاستی نووسەرە! پێیم گوت بەڵێ بێگومان، هەروەها پێویستە بخوێندرێتەوە. زۆر زوو لە مارتنەوە بیستمەوە کە زۆر شادومانە: “فانتی نمونەیییە، نمونەیی. ناتوانم باوەڕ بەمە بکەم، بە دڵنیاییەوە دەست دەکەم بە دووبارە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی.” دواتر یەک لە دوای یەک لە لایەن بلاک سپارۆەوە، کتێبەکانی فانتی چاپ و بڵاو دەکرانەوە.
فانتی ئەوکات نەمردبوو، هاوسەرەکەم پێشنیاری بۆ کردم کە مادەم بە درێژایی ئەم هەموو کاتانە ئەو وەک پاڵەوانێک بووە بۆم، بچم و سەردانی بکەم. ئەو لە نەخۆشخانە بوو، وەک مردوویەک چاوەکانی نەیان دەبینی، جەستەیەکی بریندار، دەتگوت ئەنجن ئەنجن کراوە، نەخۆشیی شەکرەشی هەبوو. سەردانێکمان بۆ نەخۆشخانە ڕێک خست، جارێکیش بۆ ماڵەکەی چوم. لە بەچکە سەگێکی بوڵ دەچوو، کە بێ هیچ هەوڵدانێکیش ئازا و چاونەترس دەینواند. ئەو تەنانەت کەمێک لە سەر ناوەڕۆکی ڕۆمانی داهاتویشی قسەی بۆ کردم، سەبارەت بۆ خانمێکی یاریزانی بەیسبۆڵ بوو کە دەچووە پێشبڕکێیەکی گەورەی پاڵەوانێتییەوە. من پێیم گوت: “تکایە بەردەوامبە و لەگەڵتم .” بەڵام زۆر زوو، بەڵێ زۆر زوو هەموو شت تەواو بوو.
charles-bukowski-quote

هیچ شتێک لە بارەی ئەو فیلمەوە دەزانیت کە لە سەر یەکێک لە کتێبەکانی ئەو دروست کراوە؟ ئایا بە ڕاستی ئەوە باندینییە کە ئەوان بەرهەمیان هێناوە؟

من زۆر دڵنیا نیم دەربارەی فیلمەکان، پێم وایە پێنج کتێبە بچووکەکەی ئەو بۆ فیلم نووسراون. بە شێوەیەکی نامۆ ئەو بۆ هۆڵیوود ئیشی کردوە دەزانیت؟ من پێم وایە ئەمە ئەو جێگەیە بوو کە ئەوی تیادا ون بوو. هەر بۆیەش نووسینەکانی تری  وەستان و بەرەو پێش نەچوون. لەڕاستیدا منکن، ئەو کوڕی کەنار دەریایە، فانتیی بۆ دۆزەخ نارد. ئەگین من پێیم گوتبوو: “چ مەرگتە کە چویتە هۆڵیوودەوە ئەو کانە کە دەڵێیت لیتاوێکی هیچێتییە.”

ئێمە گوێمان لە ڕاپۆرتێک بوو لە لایەن دۆمینیک دیرێدیرەوە کە فیلمی ئەوینی شێتانە لە سەر ژیانی تۆ نووسراوەتەوە و دروست کراوە، هەستت چۆنە دەربارەی ئەو فیلمە؟

من ئەوینی شێتانەم خۆشویست، هەروەک بە دیرێدیشم گوت: “تۆ منت جوانتر لە خۆم پیشان دا.” بەشێوەیەکی جوان دەرهێندراوە و بەشێکی زۆری منە.

charles-bukowski-hulton-getty

ئەی چی دەربارە ژیاننامەی تۆ کە خەریکە لە لایەن نیلی چێرکۆڤیسکی دەنوسرێت؟ نیازتە دواتر هیچ پەیوەندیت لەگەڵیدا بمێنتەوە؟ هەستێکی چۆنە دەربارەی کەسێک کە دەربارەی ژیانت دەنوسێت؟

ژیاننامەکە لە تەواوبووندایە، ئەوەی ڕاستیبێت من چێرکۆڤیسکی لەو کاتەوە دەناسم کە ئەو نزیکی ١٤بۆ ١٦ ساڵانێک دەبوو، لە حاڵەتە زۆر سەرخۆشییەکانمدا ئاگای لێم بووە زۆر کاتیش بە هۆی ئەمەوە زۆر نهێنیم لای ئەو گوتووە. بۆماوەیەکی زۆر هەمیشە لە دەوروبەرم بووە، زۆرێک لەو ژنانەی بینیوە کە نزیکم بوون، ناشیرینی و گەمژەیەتییەکانمی هەموو بینیوە. کتێبێکی شیعریی نووسیوە، کە ناوەڕۆکێکی ئاسان و سادەی هەیە، پێیم گوت کە بەردەوام بێت، بەڵام پێم نەگوتووە کە بیبینم. هەمیشە پێیم گوتووە کە بە ئاسانی بەسەر مندا تێناپەڕێت، لەڕاستیدا خراپ نییە، ئەگەریش خراپ بوو من ڕێگەیەکی دی بەکار دێنم لە دەرەوەی ئەوە.

تۆ زۆر بەناوبانگیت لە ئەوروپا، فەڕنسا ، ئەڵمانیا، سویسرا و چەندین جێی دی، بەشێک لە چیرۆکەکانت کەمێک گاڵتەجاڕانە وەرگێڕدراون، ئایا کاریگەریی کارل وایسنەر لەسەر ئەمە هەبووە؟

کاریگەری وایسنەر لەسەر کارەکانم بە هەموو جۆرەکانییەوە دروستکردنی جۆرە تێڕوانینێکی لاڕێیانەیە، پێم وا نییە بتوانێت جۆرێک لە شەرمەزاری و شکانم بۆ دروست بکات. نووسینی وەها کتێبگەلێکی گاڵتەجاڕانە، من تێناگەم دەبێت چی هۆکارێکی هەبێت، نازانم ڕەنگە نەخۆشی بێت.

Charles-Bukowski-10

دەزگای بلاک سپارۆ گرنگییەکی زۆری بۆ تۆ هەبوو، وا دەردەکەوێت کە ئێوە گەلێک بۆ یەکدی دڵسۆز بووبن؟

 ئەوان بەڵێنیان پێ دام کە بە درێژاییی ژیانم هەموو مانگێک بڕی ١٠٠ دۆلارم پێ بدەن ئەگەر دەست بەرداری کارەکەم ببم وببمە نووسەر، هیچ کەسێکی دی دەربارەی ژیانی من شتێکی نەدەزانی. لێم دەپرسیت بۆچی دڵسۆز دەبم بۆیان؟ بە لای منەوە دڵسۆزیی ئەوان لە سەروو هەموو دڵسۆزییەکانەوەیە. ئەوان ئاسمانێکی ڕوناککەرەوە و بەختهێن بوون بۆم.

ئاشکرایە کە زۆر حەزت لە موزیکی کلاسیکە، کێ زۆر سەرنجت ڕادەکێشێت؟ هیچ هۆکارێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوە؟

بەڵێ، سێبیڵیەس چۆنیەتی ئاوازەکانی زۆر ڕێکخراو و قووڵن، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ تیامدا دەمێنێتەوە. ئەو سۆزە بەتینەی کە تیایدایە تایبەتییەکی سەیری پێ دەبەخشێت.

چ کتێبێکت یان نوسراوێکت لە لای خۆت شیرینترین وجوانترینە؟

کۆتا کتێبم، کە خەریکی نوسینیم لە ئێستادا؛ ئازیزترین بەرهەممە لای خۆم.

 

هیچ ئایدیایەکی  تایبەتت هەیە بۆ نووسینت؟ زۆرینەی ڕۆژەکان دەنووسیت؟

 کاتی نووسینەکانم لە کاتژمێر ١٠ـی شەو بۆ ٢ـە زۆرکات. بوتڵێک شەراب، جگەرە، ڕادیۆکەش دەکەمە سەر موزیکێکی کلاسیک. عادەتەن ٢ بۆ ٣ شەو لە هەفتەیەکدا دەنووسم، بۆمن ئەوکاتانە جوانترین نماییشی شارە.

 

بەنیاز نیت دووبارە بگەڕێیتەوە بۆ ئەوروپا؟ چەند ساڵێک لەمەوبەر بە بێدەنگی چوبوویتە پێشانگەیەکی کتێب لە لەندەن

پێم وا نییە چیتر گەشت بکەم، بۆمن گەشتکردن جگە لە جۆرە گێچەڵ و ئازارێک شتێکی دی نییە؛ لە هەر کوێیەک بین هەر کێشەیە.

دەتوانیت کەمێک باسی ناوەڕۆکی کتێبە تازەکەتمان بۆ بکەیت؟

 دەزانم دەنگۆیەکی زۆری لە سەر دەکەوێتەوە، جارێ هیچ ناڵێم، تەنیا هێند دەزانم دەبێتە باشترین و بەپێزترین بەرهەمم.

پلانت چییە بۆ داهاتوو؟ پێت وایە واز لە نووسین بهێنیت و بوەستیت؟

ئەگەر واز لە نووسین بهێنم دەمرم. ئەمەش تاکە ڕێگایە بۆ وەستانم؛ مردن.