کورتەیەک دەربارەی ڕۆمانی ئەستێرەکان بژمێرە

دیدی من

لە ئینگلیرییەوە:  شلێر ڕەشید

ڕۆمانی ئەستێرەکان بژمێرە لە دونیای بەرائەتی منداڵەوە دەتباتەوە ناو دونیای پڕ پلانی گەورەکان، پلانی شەڕ، پلانی داگیرکردن و سڕینەوەی ئەوی تر، پلانی کوشتنی خەونی منداڵەکان. ڕۆمانێکە وەکو سەدان ڕۆمانی تر دەیەوێت لە گۆشەیەکی تر و دیدێکی ترەوە نەهامەتی ژیانی پڕ کارەساتباری جولەکەکانمان لە ساڵانی چلەکاندا پێ پیشان بدات.

ساڵی 1943ـیە و وڵاتی دانیمارک بە تەواوی داگیر کراوە لە لایەن نازییەکانی  ئەڵمانیاوە. لە کۆپنهاگن‌ی پایتەخت نانماری جۆنسنی دە ساڵان کە لە بنەماڵەیەکی  بە ڕەگەز کریستیانن، لەگەڵ ئێلین‌ی نزیکترین هاوڕێی لە بنەماڵەیەکی جولەکەن، یاری و خوێندنگە هەموو ژیانی داگیر کردوون.  ئەم دوو هاوڕێیە ڕۆژانە بە چاوی خۆیان دەبینن سەربازگەلێکی زۆر بە ناو شاردا دێن و دەچن و وەکو داوڵ لە هەموو سەرسوچێکی شەقام و کۆڵانەکان قوت بوونەتەوە، لە هەمووش سەیرتر پاش ئەو ماوە درێژەی مانەوەیان لەو وڵاتە کەچی تا ئێستاش بە زمانەکەی ئانماری ناتوانن قسە بکەن یان بە زمانێکی تێکشکاو قسە دەکەن.

کاتێک دەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەکەیت وا هەست دەکەیت بەسەرهاتێکی واقعی دەخوێنیتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا زادەی خەیاڵە، خەیاڵێک زۆر نزیک لە ڕاستییەوە. کاتێک سڕینەوە و کوشتاری مرۆڤەکان لە سەر شوناسی جیاواز باڵادەستی خۆی دەنوێنێت، ئیترخەیاڵ چەند دوور بڕوا هەر ناتوانێت هەڵگری بڕێکی زۆر نەبێت لە ڕاستییەکان.

ئەم ڕۆمانە چونکە لە بنەڕەتدا بۆ نەوجەوانان نووسراوە بۆیە دەبینین کارەکتەری سەرەکیی رۆمانەکە  ئانماری‌ی تەمەن دە ساڵانە، بەڵام نووسەر سەرکەوتوانە توانیویەتی گەمەی ئەوە بکات کە  چۆن لە بارودۆخێکی نەخوازراوی سیاسی و سەرکوتکردندا کە نێوانێک بۆ تەمەنەکان نامێنێت لای هێزی سەرکوتکار  و دەکرێت بە بڕیاری گشتی هەموان لە ئاگرێکدا بسووتێنرێن بخاتە ڕوو. لە دەرەوەی ویست و  ئارەزووی دایک و باوک کە هەرگیز خوازیاری کاری ترسناک و سەرچڵیی نین بۆ منداڵەکانیان، ئەوانیش ببنە کارەکتەری کاری سیاسی. دەبینین وەک لە ڕۆمانەکەدا دیارە چۆن ئانماری‌ی دە ساڵان بە ڕوحێکی بەرپرسیارێتیی گەورەوە لە پێناوی گیانی هاوڕێکەیدا ئەو ڕێگە پڕمەترسییە دەگرێتە بەر بۆ گەیاندنی ئەو دەستەسڕەی کە لێیان بەجێ مابوو کە بڕیار بوو دایک و باوکی ئێلن و هاوسەفەرەکانی تریان لەگەڵ خۆیان بیانبردایە بۆ ناو بەلەمەکە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە چارەنووسیانەوە هەبوو.

لویس لۆری لەم ڕۆمانەدا لە سەر کۆمەڵێک چەمک ڕات دەگرێت، لەوانە هاوڕێیەتی، هاوکاری، دادپەروەری و هیوا. هەریەک لەمانە لە کات و شوێنی خۆیدا زۆر جوان بەرجەستە کراون. هاوڕێیەتی: لە پەیوەندیی هەردوو خێزان ماڵی ئانماری و ئێلن‌دا پیشان دەدرێت کە چۆن لە پێناوی پاراستن و ڕزگارکردنی ئێلین و دایک و باوکیدا چ ڕێگەیەکی پڕ مەترسی دەگرنە بەر. دادپەروەری، پیشاندانی کرستین شای دانیمارک کە چۆن بەبێ پاسەوان بە ناو شاردا دەسوڕێتەوە و سڵاو لە خەڵک دەکات و لە ژیانی خەڵک دەپرسێتەوە و خەڵکیش بەڕێزەوە پێشوازیی لێ دەکەن. هاوکاری: خاڵی ئانماری و خەڵکانێک لێرەولەوێ هەموو هەوڵ و ڕێگەیەکیان گرتووەتە بەر بۆ دەربازکردنی جولەکەکان لە دەستی نازییەکان. هیوا: پیشاندنی وڵاتی سوید لەوبەری دەریاوە و بەستنەوەی هیواکانمان بە گەشتن بەو شوێنە.

shler
شلێر ڕەشید

جارێ لەگەڵ ئێلین‌ی تەمەن دە ساڵان  پێشبڕکێ دەکەی لە ماڵەوە بۆ خوێندنگە و  ڕووبەڕووی سەربازەکانی سەرسوچەکە دەبیتەوە و ڕات دەگرن و بە دەمووچاوە ترسناکەکانیانەوە کۆمەڵێک پرسیارت لێ دەکەن.  جارێ لەگەڵ پیتەر نێڵسن‌دا لەسێدارە دەدرێیت و ناویشت لە سەر گۆڕەکەت نانوسرێت، تەنها ژمارەیەک لە سەر گۆڕەکەت دەنوسرێ. جارێ لەگەڵ لزی خۆشەویستی پیتەردا لەڕیزی بەرگریدایت و پۆلیسەکان دەتخەنە ژێر ئۆتۆمبیلەکانیانەوە و دەتکوژن.  جارێک لەگەڵ جولەکەکان لە پرسەیەکی درۆدایت بۆ خۆڕزگارکردن لە دەست شاڵاوی گرتنی جولەکەکان. جارێک لەگەڵ دایک و باوکی ئێلین ڕووبەڕووی دەمووچاوی دڕندانەی پۆلیسە نازییەکان دەبیتەوە.

ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەکردنی منداڵ و فێرکردنی خۆشەویستی و وەفاداری بەرانبەر بە هاوڕێ بێ گوێدانە جیاوازیی نەتەوە و ئایین. ماڵی ئانماری ماڵێکی شۆڕشگێڕ و بەرگریکار لە زۆڵم و زۆر، ماڵێک کە هیوایان دنیایەکی باشترە بۆ مرۆڤایەتی.

ڕۆمانی ئەستێرەکان بژمێرە وەکو هەر ڕۆمانێکی تر دوو کتێبمان پێ دەناسێنێت، ناساندنی کتێبی لەگەڵ بادا ڕۆیشت‌ی مارگرێت مچڵ و حیکایەتی خەیاڵیی شاڵ کڵاو سوورە چکۆلەکە.

هەمیشە هەر وا بووە لە بەئەنجامدانی کاری سیاسیدا کۆد  جێگە و ڕێگەی خۆی هەبووە لە کارکردندا، بۆ نموونە باوکی ئانماری بە تەلەفۆن بە خاڵی ئانماری دەڵێت ئانماری و دایکی دێن بۆ لات و کارتۆنێک جگەرەشت بۆ دەهێنن، تەنها کارتۆنێک بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستی جگەرە نییە بەڵکو مەبەستی ئێلین‌ە  کە دەیبەن بۆ لای بۆ ئەوەی  دەربازی بکەن و بیبەن بۆ لادێکەیان و لەوێوە  بە نهێنی دەربازی کەن بۆ سوید.

ڕۆمانی ئەستێرەکان بژمێرە خوێنەر تەنها ڕاناگرێت لە دڵەڕاوکێ و ڕاکەڕاک و تۆقاندن، بەڵکو  وەک خوێنەرێک هەست بە سەفەری ڕۆح دەکەیت بەناو شاری کۆپنهاگن‌ی پایتەختی وڵاتی دانیمارک‌دا. بینینی دەریای بەڵتیک وقەڵاکە و کۆشکی پاشا و دیمەنی دارستان و گەڵا و گوڵ وگیا و ئەستێرە و ئاسمان، دیمەنی جوانی ڕاکردنی منداڵەکان بە ناو دارستان و گژوگیا و سەوزەڵانی و چنینیەوەی گوڵە وشکەوەبووە کێویلەکان و دیمەنی خانووە کۆنە تەپ و تۆز گرتووەکەی خاڵە هنریک و پیاسەکردن بە ناو پارکی تایڤۆڵی و  سوڕانەوەی سەر ئەسپەئاسنینەکانی ناو پارکەکە و دیمەنی یاری ئاگرپژێنی شەو.

لە سەر ئەو بەرگە جوانەی کە بۆ کتێبەکە دروست کراوە تەواوی هێماکانی ناو ڕۆمانەکە کێشراوە
لە ڕەنگی سوور و خوێناویی شەڕ و ئازار و ڕاونان و گرتنەوە دونیای جەنگ بەرەو دونیایەکی پڕ ئارامی و ئاسوودەیی دنیای دوای جەنگ. لەم ڕۆمانەدا  ئەستێرەی داود هێمایەکە بۆ ئایینی جولەکە و سووەستیکا هێمای نازییە دڕندەکانە، بەلەمەکان هێمان بۆ ڕزگارکردنی جولەکەکان و گەیاندیان لە دانیمارک‌ەوە بۆ سوید، دەستەسڕ هێمایەکی تری دیاری ناو ئەم ڕۆمانەیە کە تایبەت دروست کراوە، هیرۆیین و خوێنی وشکەوەبووی کەروێشکی پێوە کراوە، بۆنی خوێنەکە سەرنجی سەگەکان ڕادەکێشێ بۆنی کۆکایینەکە بۆ ماوەیەکی کاتی هەستی بۆنکردنیان سڕ دەکات و وایان لێ دەکات نەتوانن بۆنی جولەکە شاراوەکان بکەن و بیان دۆزنەوە.

وەک خوێنەری کورد لەدەرەوەی ویستی خۆمان دەبینە بەشێک لەم چیرۆکە، چونکە مێژوویەکمان هەیە لە جینۆساید و سەرکوت و ڕاونان و زیندان. نەتەوەیەک مێژووەکەی پڕە  لەم چیرۆکانە و کاریگەرتریش. بەو هیوایەی چیرۆکە بێدەنگ و بێدەنگکراوەکانمان ڕۆژگارێک بێت جێگەیەک پەیدا بکەن لە ئەدەبی جیهانیدا.