دیالۆگ لەگەڵ سلاڤومیر مروژێک، بەشی دووەم و کۆتایی

دیدی من

سازدان: ئۆتۆ مانهەیمێر

لە سویدییەوە: فازیل جاف

 

باشە، با ڕاستەوخۆتر پرسیارەکەت لێ بکەم، لەشانۆدا هەواداری کێیت؟ ئارەزوو دەکەیت زیاتر بەرهەمی کێ بخوێنیتەوە؟ ڕەنگە ئەمە ببێت بە وڵامێک بۆ پرسیارەکەم.

(پاش ئاوخواردنەوە) دەترسم لەوەی کە دابەزمە ئاستێکی نزم، چونکە ئەگەر بڵێم شەکسپیر دەخۆێنمەوە یان شەکسپیر ناخوێنمەوە، ئەمە چی دەگەیەنێت؟ یان بڵێم کە من یەک دوو نووسەری شانۆیی پۆڵۆنی سەدەی هەژدەیەم دەناسم، کە لە دەرەوەی پۆڵۆنیادا نەناسراون، ئەمە هیچ دەگەێنێت؟ وەڵامێکە هیچ نادات بە دەستەوە، ئەمە تەواو ئازاربەخشە. دەمەوێت بە ڕاستی وەڵامت بدەمەوە، ئەمە هەمان کێشەیە بۆ زۆربەی هاوپیشەکانم ، بەڵام ئەوان ئەوە پیشان نادەن کە بە ڕاستی ئارەزووی وەڵامدانەوەیان نییە. لێرەدا جۆرە گەمەیەک لە ئارادایە، تۆ پرسیار بکە و من  وەڵام دەدەمەوە، ئەمە جۆرێکە لە کلتووری گەمە. من گومان دەکەم  لەوەی کە هەندێک لەو هاوپیشانەم  بەم گەمەیە قایل بن و تا سەریش لەگەڵیدا بڕۆن. ئەوان وەڵامێکی جوان و وردت دەدەنێ کە لێوانلێوە لە ئاخاوتن و کلتوور. من لەمەدا زۆر خراپم. رەنگە  لەبەر ئەوە بێت  کە ئەمە یارمەتیم نادات لە کارەکەمدا. لەوانەیشە لەبەر ئەوە بێت کە من بەشداریی نێوەندی رۆشنبیری ناکەم. من فیگەرێکی رۆشنبیری نیم بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی.

تۆ بەردەوام سەردانی بازنە کلتوورییەکان ناکەیت؟

من هیچ یەکێک لەو بازنانە ناناسم. ژیانی من لە جێگەیەکی تردایە.

چەند ساڵە لە پاریس دەژیت؟

نزیکەی پازدە ساڵ دەبێت.

658888

پۆڵۆنیات وەک پەنابەری سیاسی بەجێ هێشت؟

نەخێر، بە خواستی خۆم دەرچووم وپاشان مامەوە، بێ هیچ درامایەک. ئێستاش من هاووڵاتیەکی فەڕەنسیم.

بەڵام هەر بە زمانی پۆڵۆنی دەنووسیت؟

هەر دەبێت بە پۆڵۆنی بنووسم، چونکە پۆڵۆنی زمانی دایکە بۆ من، من کاتێک پۆڵۆنیام بەجێ هێشت تەمەنم سیوسێ ساڵ بوو، واتە بۆ زمانگۆڕین تەواو درەنگ بوو.

تۆ هێشتا لە  پۆڵۆنیا بوویت کە خۆت وەک شانۆنامەنووسێکی خاوەن سەنگدار سەلماندبوو...

خۆشبەختانە نەک تەنیا لە پۆڵۆنیا، من ناوبانگم ئەوکاتە لە دەروەی پۆڵۆنیاشدا تا ڕادەیەک بڵاو ببووەوە. بە هەرحاڵ، ئەوەند ناوبانگم هەبوو کە بە داهاتی شانۆنامەکانم بژیم.

کەواتە شانۆنامەنووسین پیشەی سەردەمی لاویت بوو؟

هیچی پیشەیەکی دیکەم نەبووە. من هەر لە تەمەنی بیست ساڵییەوە بە داهاتی شانۆنامەکانم بژێوی ژیانم بە دەست هێناوە.

بە ڕاست!

بەڵَێ، بەختم یار بوو. باشە، دەکرێت بگوترێت کە من کەم تا زۆر لە بەستەڵەکدا بووم، پێش ئەوەی داهاتی شانۆنامەکانم بە دەست بێنم.

20130815_mrozek_s

تۆ چیرۆکی کورتیش دەنووسیت، بەڵام شانۆ و کورتەچیرۆک دادەنرێن بە تەنیا دوو ژانری تۆ. شیعریش دەنووسیت؟

نەخیر. نا، هەرگیز شیعر نانووسم.

ئەی گوتار و باس؟

هەرگیز باس نانووسم. هەندێک جار گوتار دەنووسم، بەڵام ئەوەش کارێکی لاوەکییە بۆ من.

کە نماییشی باڵوێزم بینی، هەستێکی بەهێزی جۆرە باوەڕێک، وەک تەوژمێکی نادیار دای گرتم، لەوانەیە چەشنە باوەڕێکی ئایینی بووبێت، کە شانۆنامەکە دەیبەخشی. ئایا تۆش وەکو کولاکۆڤسکی هاووڵاتیت؟ لە دیدی کریسیتانییەوە نزیک بوویتەتەوە...

وا بزانم دەبێت بە ئاگات بێنمەوە لەوەی کە نابێت شانۆنامەکانم لە گەڵ نووسەرەکەیان هاوجووت بکەیتەوە. بێگومان من لە گەڵ گۆڕانی جیهاندا دەگۆڕێم، جا بۆ ئەوەی زۆر بە گشتی قسە نەکەم، با بارودۆخی پۆڵۆنیا بە نموونە وەربگرم؛ پۆڵۆنیا وڵاتێکە کە تێیدا ئەو سیستەمە سەرکوتکەرە بە تەواوەتی نەیتوانیوە هەموو ژیان بمرێنێت، سا ئەگەر ئۆرگانیزمێک ژیانی تێدا مابێت، مانای ئەوەیە پەرە دەستێنێت و گەشە دەکات،  تەنانەت لە بارودۆخێکیشدا کە دەیەوێت ئەوپەڕی ئاستی نەبزێوی و بێگیانی لە هەموو یاساکانی ژیاندا بەرپا بکات. ژیان لە ژێر ئەو ڕووبەرەش هەر بەردەوامە، بەڵێ، تەنانەت لە یەکێتیی سۆڤێت‌یشدا ژیان نەوەستا. بەڵام بۆ ماوەیکی زۆریش تەواو لەو باوەڕەدا بووم کە لە پۆڵۆنیادا هیچ ڕوو نادات، کە ئەو کۆمەڵگەیە هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، مەبەستم ئەوەیە بە پێچەوانەی دەوڵەتەوە. بزوتنەوەی سۆلیدارێتی* تەواو سەرسامی کردم، ئەمە نموونەیەکی زیندووە کە دەیسەلمینێت ژیان لە هەموو هەقیقەتیکی دیکەی مرۆیی بەهێزترە، کە جۆرە گەشبینییەکی لە لا دروست کردم.

ڕاستە، بە بەراورد لە گەڵ شانۆنامەی تانگۆ، شانۆنامەی بالوێز زۆر ئۆمێدبەخشترە.

ئەمە زیادەڕەوییە، بەڵام بە گوێرەی ئەزموونی کەسێتی ومیژوویی خۆم، پێم وایە مرۆڤ دەبێت ئەو هۆکارانە لە چاو بگرێت، کە لەچەشنی بەهای مرۆیی و میهرەبانیی مرۆییە، نەک تەنیا خراپە و شەڕخوازی مرۆ بێت. ئەمە نابێت بە ئامۆژگاری مۆرالی لێک بدرێتەوە، بگرە تەنیا ڕاستییەکە. ژیان لە ئێستادا بۆ من ئاسانە، بەڵام لە ڕاستیدا ژیان هەموو کاتێک وەک ئێستا بۆ من ئاسان نەبووە. من خویشم  جارێک لە جاران ئەو گەمەیەم کردووە: گەمەی ڕەشبینیی تەواو و بێئومێدیی تەواو، کە شتێکی تەواو منداڵانەیە. بەڵام دیسانەوە دووپاتی دەکەمەوە کە هەڵوێستی ئێستام ئاکامی  چەند وامەیەکی هەرزانبەها نییە، بگرە بە مەبەستی ئەوەیە کە لە واقع نزیک ببیتەوە. خۆی لە خۆیدا کەشفکردنێکی سادەیە: کە هەقیقەت لە من گەورەترە. ئێمە خۆمان هەموو شتێک نین.

تۆ ئەمە وەکو دڵنەواییەک دەبینیت؟

بێگومان!

بەڵام ئەی ئەوەی کە ئەم جیهانە گەورەیە ئاژاوەیەکی کوێرانەیە؟

من باسی حاڵەتی خۆم دەکەم، من خۆم وای دەبینم، کە حەقیقەتی ئەوەی کە جیهان کە لە کەسەکان گەورەترە، بۆ زۆرینەی خەڵک شتێکی ترسناک دەگەیەنێت، بەڵام من بە شتێکیی ئەرێنیی دەبینم.

تۆ ئەندام نیت لە هیچ کڵێسەیەک؟

من وەک کاتۆلێک لەدایک بووم، بەڵام  نە چالاکم، نە ئەندامی هیچ کڵێسەیەکیشم. دەزانیت ئەوەی بۆ من جێگەی بایەخە لەم جیهانەدا شتە ئاساییەکانن، شتە وردەکانن، هەروها ئەدەبی مەزن. بەڵام هەموو ئەمانەیش رێژەیین. بۆ نموونە پەیوەندییەکی پتەوم بە مارسێل پروست*ەوە هەیە، چەند جارێکیش ڕۆمانەکەیم خوێندووەتەوە، ئەمە شادییەکی کەسییە. بەڵام پێم وایە کە خەڵک لە ئۆگەندادا  شتێکی ئەوتۆ لە پروستدا نابینینەوە، نەک هەر ئەوەندە بگرە ئەوا تەواو سەرقاڵی ئەوەن کە چۆن  نەبن بە گوللـەوە، یان سەرقاڵی ئەوەن چۆن کەسێکی تر بدەنە بەر گوللـە.

images
بەڵام پێت وا نییە کە خەڵک لە ئۆگەندا و خەڵک بەگشتی لە بارودۆخی سەختدا، پێویستییان هەیە بە

لێم گەڕی با باسی شتێکی تر بکەم، کە شارەزاییم تێیدا پترە لەوەی کە شارەزای ئۆگەندابم. با باسی پۆڵونیا بکەین؛ بەر لەوەی بارودۆخی پۆڵۆنیا وەک ئێستای لێ بێت، لە گۆڤارێکی مانگانە بە ناوی دیالۆگ بەشداریم دەکرد. هەموو مانگێک لێرە دەنووسم، بەم ناونیشانە شتی هەمەجۆرم  دەنووسی، بیرم لەوەش دەکردەوە کە ئاگەدار بم شتێکی مەترسیدار نەنووسم، شتێک کارەساتی لێ بکەوێتەوە یان هەر شتێکی لەو جۆرە. باشە کێ ئیتر لەم حاڵەتەدا پێویستی بە نووسینی منە؟ بێگومان بەردەوام بووم لە نووسین. ئەگەر خەڵک پێویستی بە شتێک بێت، لەم ئاستە ناونجییەدا کە من ئەنجامم دەدا، نایەتە دی. خەڵک پێویستی بە دوو شت بوو: یەکەمیان بەرچاوڕوونییەک کە جێگەی متمانە بێت، زانیاریی ڕوون دەربارەی کامە ڕێگەی هەڵهاتن هێشتا دانەخراوە؟ جەنگە یان جەنگ نییە؟ بۆردومان بەردەوامە یان راوەستاوە؟ دووەمیش بەرهەمە مەزنەکانی وەکو  ئینجیل، پروست و تا دوایی. بەڵام جگە لەم دوانە هیچی تر گرنگ نەبوو. ئێستا من چیدی لە دیالۆگدا نانووسم.

کەواتە دەتوانین پروست بگێڕینەوە بو دارلسەلام؟

بەڵی، ڕاستە، دەبێت لەوێ بێت. ئەگەرچی ژمارەی ئەوە کەسانەی کە هەواداری ئەون زۆر نین.

بۆ ئەوەی باسی سیاسەت بکەین، چ بیروباوەڕێکی سیاسیت هەیە؟ دەبینم فیگارۆ و ئێکسپریس لە هەموو شتێک زیاتر دەخوێنیتەوە...

لەسەرخۆ، پێت دەڵێم بۆچی، گۆڤاری فیگارۆ لێرەیە تەنیا لەبەر وێنەکانی. من سەر بە نەوەی تەلەڤیزیۆن نیم، من حەز بە وێنەی نەبزوێن ناکەم. ئەگەر رۆژنامەی ستێرن یان پاریس ماتچ لێرە ببینیت، لەبەر ئەوە نییە کە من حەزم لەو دوو رۆژنامەیەیە، یان ناوەڕۆکیانم لە لا پەسەندە، تەنیا لە بەر وێنەکانیانە، کە تەماشایان دەکەم پاشتر کۆمێنتی خۆمیان لەسەر دەنووسم.

ئەوەی من لێت تیگەیشتبێتم، ئەوەیە کە تۆ بەر لە هەموو شتێک ڕۆژانە هەندێک رۆژنامە دەخوێنیتەوە، هەروەها هەندێک بەرهەمی کلاسیکی کە پەسەندن لە لات، ئینجا خۆت لە شتی تر دوور ڕادەگریت.

نا، وا نییە، ئەگەر ڕاستیت دەویت. کاتم زۆر کەمە، من هەوڵ دەدەم بنووسم وبیر بکەمەوە و وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەم جێبەجێ بکەم. من بەگومانم لەو کەسانەی کە وەک خوایەکانی ئۆڵۆمپی یۆنانی کۆن، پێیان وایە خاوەنی جۆرە بیروبۆچوونێکی ئەوتۆن کە لە سەرووی  ئاڵۆزییەکانی ژیانی ڕۆژانەن، دوور لە ملیۆنەها وردەکاریی بچووک کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبنەوە.

نووسین بە لاتەوە ئاسانە یان سەختە؟

 لە ڕووی جەستەییەوە برینە، بۆ جەستە کارێکی ناهەموارە. پێویستم بە دوو کاتژمێر کارکردنە بەر لەوەی بە تەواوەتی بچمە ناو نووسینەوە، پاشان دەمەوێت لەو دۆخەدا بمێنمەوە، کە لە چێژ دەچێت. من مەیلی ئەوەم هەیە شێتوشەیدا بم، بەڵام هەوڵ دەدەم دژ بەو هەستە بم.

کەواتە تۆ وەکو جوزێف کۆنراد* و پروست نیت، کە هەموو شتێکیان کرد بە قوربانی نووسین؟

بێگومان دەمەوێت ببم بە نووسەرێکی مەزن، بەڵام باجی ئەوەی ببم بە نووسەرێکی مەزن  زۆر قورسە. بێگومان پیاو ناچارە ئەو باجە بدات، نووسەری گەورەی ڕاستەقینە باجێکی گەورە دەدات، کە ئەو باجەیش بە ئارەزووی خۆی نادات. بەڵام چ باجێک، خوایە! بە ڕاستی دۆزەخە. من تەواو لەو نووسەرە شەیدایانە تێدەگەم. بۆ خۆم تا ڕادەیەک ژیانێکی دابڕاو دەژیم، بەڵام مانای ئەوە نییە کە من شێتی نووسین بم. حەز دەکەم کتێبێک بخوێنمەوە، حەز دەکەم لە پەنجەرەوە تەماشای دەرەوە بکەم، لەوانەیە هەندێک ئێوارن بچمە دەرەوە و لە ڕێستورانت نان بخۆم، هەندێک شت دەکەم کە پەیوەندیی نە بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە  و نە بە نووسینەوە هەیە. بۆ من شتێکی قووڵی ناتەندروست لە تێکڕای ئەم ڕوانگەیەدا هەیە، کە لە جەستەیەکی ئازارچەشتووی پڕئەشکەنجەوەیە، کە زنجیرەیەک شاکار دێنێتە بەرهەم. بەڵام هەڵبەتە هەموو ئەمانە تەواو تایبەتن بە خۆمەوە، لێرەدا تۆماس مان*م وەکو نموونە دێتەوە یاد، تۆماس مان تەواو پڕبەرهەم بوو، بەڵام دەگوترێت زۆر بێخەم بوو. نووسین بۆ ئەو وەک هەناسە بوو، بەگشتی من بێمتمانەیەکی ناوەکیم بەرانبەر بە دەمارگیری هەیە، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە من بە پێی  پێویست شێتۆکە نیم.

تۆ لە ئەپارتمانە دوانهۆمەکەتدا بە تەنیا دەژیت؟

بەڵی، سەربەخۆ دەژیم، لێرە دەژیم و ماڵەکەم بە پێی پێداویستییەکانی خۆم رێک خستووە. خۆم دەمەوێت ماڵەکەم بەم شێوەیە بێت.

*بزوونتەوەی سۆلیداریتی، ناوی تەواوی بزووتنەوەی ساندیکای کرێکارانی سەربەخۆیە، کە بە کورتی پێی دەگوترا بزووتنەوەی سۆلیداریتی، ئەم بزووتنەوەیە ساڵی 1980 لە شاری گدانسکی پۆڵۆنیا سەری هەڵدا. ئەم یەکێتیی ساندیکای کرێکارانە یەکەم ساندیکا بوو کە لە ژێر ڕکێفی پارتی کۆمونیستی پۆڵۆنیادا نەبوو و ژمارەی ئەندامانی بەر لە بەستنی یەکەم کۆنفراسیان لە ساڵی 1981 گەیشتە نۆ ملیۆن ونیو. سۆلیداریتی تێکۆشانێکی شارستانییانەی دوور لە توندوتیژی دژ بە بیرۆکراتییەتی سیستەمی حوکمڕانی کۆمۆنیزم پەرە پێ دا، تا حکومەتی پۆڵۆنی ناچار کرد کە دانووستانی لەگەڵدا بکات. سۆلیداریتی حکومەتی پۆلۆنی ناچار کرد کە لە ساڵی 1989 هەڵبژاردنێکی نیمچەئازاد بەرپا بکات، کە لە ئاکامدا ڤالێسای سەرۆکی سۆلیداریتی کرا بە سەرۆکی پۆڵۆنیا.

s_mrozek_600

*مارسێل پروست (1871-1922)، ڕۆماننووس و ڕەخنەگری فەڕەنسایی، بە ڕۆمانی گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو ناوبانگی دەرکرد، کە لە نێوان ساڵانی 1913 تا  1927 لە حەوت بەرگدا لە پاریس بڵاو کرایەوە وکاریگەرییەکی زۆری لە هونەری ڕۆمان وچیرۆکنووسیندا بەرپا کرد.

*جۆزیف کۆنراد (1857-1924) نو،وسەرێکی پۆڵۆنییە کە بە زمانی ئینگلیزی دەینووسی و لە جیهاندا ناوبانگی دەرکرد. ساڵی 1886 ڕەگەزنامەی بەڕیتانی پێ بەخشرا. بە یەکێک لە ڕۆماننووس و چیرۆکنووسە گرنگەکانی ئەو سەردەمەی ئەدەبی ئینگلیزی لە قەڵەم دەدرێت، بە مەرجێک کۆنرادی پۆڵۆنی تا تەمەنی بیست ساڵی توانای بەسەر زمانی ئینگلیزیدا نەدەشکا، بەڵام پاشتر بوو بە یەکێک لە وەستایانی زمانی ئینگلیزی.

*تۆماس مان (1875-1955)، ڕۆماننووسی بەناوبانگی ئەڵمانی، لە زۆر بواری دیکەی ئەدەبدا وەکو چیروک، کورتەچیرۆک و گوتاری ڕەخنەی کۆمەڵایەتیدا جێدەستی دیارە. ساڵی 1929 خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبدا پی بەخشرا. ساڵی 1933 کە ئەدۆڵف هیتلەر دەسەڵاتی گرتە دەست، تۆماس مان ئەڵمانیای بۆ سویسرا بەجێ هێشت، لەگەڵ دەستپێکی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی 1939، سویسرای بەجێ هێشت بۆ

تێبینی:
ئەم دیالۆگە ساڵی 1983 لە پاریس لە ماڵی مروژێک بە زمانی سویدی ئەنجام دراوە، لە

ژمارەی شوباتی گۆڤاری ئۆرد ئۆچ بیلدی هەمان ساڵدا بڵاو کراوتەوە.