خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانی خوێنەرەوەکە

دیدی من

کتێب: خوێنەرەوەکە
نووسەر: بێرنارد شلینک

خوێنەر: دەریا سەڵاح

هەمیشە دونیای ئەدەب دونیایەکی تایبەت بووە، هەندێک کات جوانی پەخش دەکات و هەندێک کات بە ئاگامان دەهێنێت و هەندێک کات خۆمان پێ دەناسێنێت و… ئەدەب لە چەند ژانرێک پێک دێت و ڕۆمانیش یەکێکە لە ژانرەکانی؛ ڕۆمانی خوێنەرەوەکە بێ شک ڕۆمانێکی تایبەتە و باس لەسەردەمی جەنگی جیهانی دەکات لە بارەی هۆڵۆکۆستەوە لە ئەڵمانیا، کاتێک نازییەکان بە چەندین شێوە زوڵمیان لە جولەکەکان دەکرد. دەکرێت بڵێم هەمیشە لە نێو ژیانی جەنجاڵ و جەنگ و نەهامەتیدا شتێک هەیە بۆ گوتن کە هەم جوانە لە لایەک و هەم خەمهێنەرە و هەم ڕاوەستانە بە مانای ئەوەی بڵێیت “ئەمە چییە!”

دوو کارەکتەری سەرەکی لەم ڕۆمانەدا هەن، هانا شمیتس و کوڕێژگەکە. کات لەم ڕۆمانەدا زۆر درێژە، دەکرێت بڵێم دەتوانین ئەم ڕۆمانە بەسەر دوو کاتدا دابەش بکەین، کاتی جەنگ و دوای جەنگ، واتە تەمەنی کوڕێژگەکە لە هەرزەکاری، مامناوەندی و تا ڕادەیەک پیریش دەگرێتەوە. کاتێک ئەم کوڕە هەرزەکارە و خوێندکارە، تووشی نەخۆشیی زەردووی دەبێت و بە ڕێکەوت خاتوو هانا دەبینێت و پاشان پەیوەندی لە نێوانیاندا دروست دەبێت. سەرەتا پەیوەندیی جەستەیی دروست دەبێت و دواتر وردەوردە دەبێت بە پەیوەندییەکی ڕۆحی لە لایەن کوڕێژگەکەوە. دواتر کاتێک خاتوو هانا بڕیار دەدات ئەو جێگەیە بەجێ بهێڵێت و بۆ جێگەیەکی تر بڕوات لەگەڵ کوڕێژگەکە لە یەکتر دادەبڕێن، کوڕێژگەکە دەبێت بە خوێندکاری مافناسی و دواتر لە یەکێک لە سیمینارەکاندا لە دانیشتنێکی دادگا هانا دەبینێت کە دادگایی دەکرێت لەسەر ئەوەی کە سەر بە ڕێکخراوی ئێس ئێس بووە.

ئەم رۆمانە باس لەوە دەکات کە مرۆڤ چەند جیاوازیی لە نێوان خۆی و کەسی بەرامبەردا هەبێت، دەتوانێت گیرۆدەی ببێت یان خۆشی بوێت بەبێ ئامانج. کوڕێژگەکە جگە لەوەی بۆی دەرکەوت کە هانا سەر بەو رێکخراوەیە، بەڵام نەیتوانی ڕقئەستوور بێت بەرامبەری، لە کاتێکدا هانا بێماڵئاوی ئەو کوڕەی بەجێ هێشت، هەروەها لە کاتێکیشدا هانا دەستی لە کوشتنی چەندین کەس هەبووە. گیرۆدەبوون بە هاناوە وای کرد نەتوانێت لەگەڵ خێزانەکەیدا بەردەوام بێت، بەڵکو جیا بووەوە.

لەم رۆمانەدا لە ڕێگەی کەسایەتیی هاناوە پێمان دەڵێت کەهەندێک مرۆڤ چەند سەرسەختن و خۆبەزلزانن لەهەندێک ڕەفتاریاندا، هانا بە هۆی نەخوێندەوارییەکەوەیە نەیدەتوانی و نەیدەویست خۆی بشکێنێتەوە.

کاتێک لە دادگاییەکەدا باس لە خوێندنەوەی کتێبی دایک و کچەکە کرا، هانا نەیگوت نەخوێندەوارم بەڵکو نکۆڵی کرد و گوتی خوێندوومەتەوە؛ گەر ڕاستی بگوتبا، ڕەنگە کەمێک سزای کەمتر بوایە، بەڵام سەرسەختانە گوتی خوێندوومەتەوە. مرۆڤ زۆر جار دەجەنگێت بۆ شتێک کە خراپ بەسەریدا دەشکێتەوە، دەجەنگێت بۆ شتێک کە پێویست ناکات بۆی بجەنگێت. مرۆڤ بۆ ئەوەی بە کەم یان بچووک دەرنەکەوێت، ئامادەیە قوربانی بدات، لە کاتێکدا ئەوە بچووکی نییە بەڵکو گوتنی ڕاستییە. لە دێڕێکی کتێبەکەوە:” دەبێت هانا لە ماندوێتیدا هێزی لێ بڕابێت، ئەو تەنیا لە پرۆسەکەدا نەدەنجەگی، ئەو هەمیشە دەجەنگی و هەمیشە جەنگی بوو نەک بۆ نماییشکردنی شتێک کە دەیزانێت، بەڵکو بۆ شاردنەوەی شتێک کەنایزانێت.” هانا هەمیشە دەیویست لە دادگاییەکەدا بە هۆی نەخوێندەوارییەکەوە تەریق نەبێتەوە، بەڵام ئایا بۆ هەوڵی نەدەدا کە خۆی لە تاوانەکە ڕزگار بکات؟ ئایا دانپێدانان بەوەی نەخوێندەوارە تەریق دەبێتەوە یان ئەوەی بەرگری لە خۆت نەکەیت و ببیت بە تاوانکار تەریقبوونەوەیە؟ مرۆڤ هەندێک کات ئامادەیە قوربانی بدات لە پێناو تەریقنەبوونەوەیەک… سەیرە، هانا بە وردییەوە ڕەفتاری نەدەکرد.

بەڵام ئەوەی گرنگ بوو لەم رۆمانەدا باس لە زوڵمی سەردەمێک کە هەرگیز لە یاد ناچێت؛ کوشتنی چەندین مرۆڤی جولەکە، تەنیا لەبەر ئەوەی جولەکەن. گرنگییەکی تری ڕۆمانەکە ئەوەیە کە ئەم کوڕیژگەیە سەرباری ئەوەی کە هانا لە خۆی بەتەمەنترە و کە دەیزانی هانا دەستی لەو کۆمەڵکوژییەدا هەبووە، هەروەها دەیزانی کە هانا زۆر بێباکانە ڕەفتاری لەگەڵ خۆیدا کردووە و توشی زیندانی هەتاهەتایی بوویەوە، بەڵام ئەم کوڕە ئەو ژنەی لە یاد نەکرد، چونکە هەرچییەک بێت خۆشەویستی لە دڵی مرۆڤەکاندا درەنگ دەمرێت یان هەر نامرێت. ئەم کوڕە لە دەرەوەی زینداندا هەمیشە کاسێتی دەنگیی بۆ هانا ناردووە، کە کتێبی بۆ دەخوێندەوە، هەروەها هانا لە زینداندا بە هۆی کوڕێژگەکەوە فێری خوێندنەوە و نووسین دەبیت، لە کۆتاییدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە مرۆڤ هەرچییەک خۆی بیەوێت دەیکات، ئیدی خۆشەویستی و فێربوونی ئەدەب بێت یان کەلەڕەقی و دانپێدانەنان بێت، لە کۆتاییدا خۆشەویستی و ئەدەب سەر دەکەون. هەرچی سەبارەت بە هانا هەیە، نووسەر لەسەر پەتێک دەتهێڵێتەوە، کە ئایا هانا باشە یان خراپ لە ڕووی مرۆڤبوونەوە؟ ئایا کەسێک ئەو هەموو تاوانە بکات و کە دادگاش دان بەوەدا نەنێت کە نەخوێندەوارە و بڕیاری دوو شت هەڵبگرێت و لە هەمان کاتدا کوڕێکی خۆشبوێت و چەندین کوڕی تریش بۆ مەرگ بنێرێت و لەزینداندا فێری نووسین و خوێندنەوە و بەرهەمی ئەدەبی ببێت، ئایا چۆن کەسێکە؟

دواجار مرۆڤ نابێت تەنها لە ڕوویەکەوە بپێورێت؛ ڕەنگە جەللادترین کەس لایەنێکی باشی هەبێت و بە پێچەوانەوە.