November 21, 2017

DidiMn Logo

چەمکی خۆشەویستی لە ڕۆمانی شازادە چکۆل‌دا

لە لایەن دیدی من 1 year لەمەوبەر

دیدی من

ڕێزان فتاح

 

“ئەگەر کەسێک گوڵێکی خۆش بوێت کە لە ملیۆنان ئەستێرەدا تەنیا یەک گوڵی لەو چەشنە هەبێت، ئەوا ئەو کەسە هەر هێندەی بەسە کە لە ئەستێرەکان بڕوانێت و هەست بە بەختەوەری بکات، دەتوانێت بە خۆی بڵێت: ‘گوڵەکەی من لە یەکێک لەو ئەستێرانە دایە.’ بەڵام ئەگەر بەرخێک بێت و گوڵەکەی بخوات، وەک ئەوە وایە هەموو ئەستێرەکان لە پرێکدا پرتەیەک بکەن و بکوژێنەوە. “

ئەمە پەرەگرافێکە لە ڕۆمانی شازادە چکۆلی نووسەر و فڕۆکەوانی فەڕەنسی ئانتوان دۆ سانت ئیگزۆپێری، کە دیارترین و پڕفرۆشترین ڕۆمانەکانی سەدەی بیستەمە. لە سالی ١٩٤٣ بۆ یەکەم جار بە زمانی فەڕەنسی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ئەوکاتە نووسەر لە ئەمەریکا نیشتەجێ ببوو. بە چوارەمین کتێب دادەنرێت کە زۆرترین وەرگێڕانی بۆ کراوە لە جیهاندا، کە بە زیاتر لە ٢٥٠ زمان و دیالێکت دادەنرێت. یەکێک لەو زمانانە زمانی کوردییە، کە دوو جار وەرگێڕدراوە، یەکێکیان سالی ٢٠٠٧ لە لایەن خەبات عارف و بەڕۆژ ئاکرەیی‌یەوە دەزگای ئاراس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەوەی تریش ئەم ساڵ لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە بە وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە تاکە بەرهەمی وەرگێڕدراوی نووسەرە بۆ سەر زمانی کوردی، هەرچەندە چەندین بەرهەمی بەناوبانگی تریشی هەیە.

littleprince2_0

سەرەتا وەرگێرانەکەی دەزگای ئاراس‌م خوێندەوە، دواتر جارێکیش بە زمانی ئینگلیزی و لەم دواییانە وەرگێرانەکەی ناوەندی غەزەلنووس‌م خوێندەوە. لەم سێ جار خوێندنەوەیەمدا دەتوانم بڵێم بە ڕاستی ڕۆمانێکە نەک سێ جار بەڵکو شایستەی خوێندنەوەی زیاتریشە، زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم لەهەر قوناغێکی تەمەن پێویستە جارێک بخوێندرێتەوە. ڕۆمانێکە بۆ گەورە و منداڵ دەشێت، بە دەقێکی فەلسەفی قووڵ دادەنرێت. پوختەی ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی فڕۆکەوانێک دەکات کە بە ناچاری لە بیابانێک دەنیشێتەوە بە هۆی شکانی پارچەیەک لە مەکینەی فڕۆکەکەی، ئەو کاتەی بە چاککردنەوەی خەریک دەبێت لە پڕ چاوی دەکەوێت بە بوونەوەرێکی بچکۆلانە و سەیر، دواتر بە تێپەربوونی کات بۆی دەردەکەوێت کە ئەو مرۆڤە بە تەنیا لەگەڵ گوڵەکەی لەسەر ئەستێرەیەکی دوور دەژی و بە گەشتێک هاتووەتە سەر هەسارەی زەوی، لە ماوەی گەشتەکەیدا چەندین ئەستێرەی تری بینیوە و ئاشنایەتی لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵاندا پەیدا کردوە و فێری چەندین وانە بووە.

نووسەر جەختی لەسەر چەند بابەتێک کردووەتەوە وەک ئەوین، هاورێیەتی، سەفەر و گەڕیدەیی، گرنگیدان بە ئارەزوو و خولیاکانی منداڵان و گوێگرتن لە خواستەکانیان و لێک تێگەیشتن و پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان. چیرۆکی ڕۆمانەکەی لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەی ژیانی خۆی وەرگرتووە، کە لە ساڵی ١٩٣٥ ڕووی داوە، کاتێک لە پاریسەوە بە هاوەڵی لەگەل هاوڕێ فرۆکەوانەکەی، ئەندرێ پریڤۆت، بەرەو سایگۆن بەڕێ دەکەون، لە ڕێگە فڕۆکەکەیان تێک دەشکێت و ڕێگەیان لێ ون دەبێت بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە ناو بیاباندا دەمێننەوە، بە هۆی گەرمی و وشکیی بیابانەوە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. لە ڕۆژی چوارەمدا بە شێوەیەکی پەڕجووئاسا لە لایەن هۆزەکانی بیابان لەم کارەساتە ڕزگاریان دەبێت. دواتر ئەم بەسەرهاتە دەبێتە هەوێنی داڕشتنی دەقێکی بەهادار و گرنگ لە ناو دونیای ئەدەبی جیهانی. چیرۆکێکی پڕ خەیاڵ و فەنتازیای جوان لە پشت هەر دێڕیکی کە مانایەکی قووڵی فەلسەفی و چەندین وانەی لە خۆ گرتووە نەک تەنیا منداڵان و لاوان بەڵکو بۆ هەموو تەمەنێک دەشێت و سوود و کەڵکی هەیە.

قسە لەسەر شێواز و تەکنیکەکانی ڕۆمانەکە ناکەم و هەروەها لە ڕووی باشی و خراپییەوە وەرگێڕانەکان هەڵناسەنگێنم و بەراوردیان ناکەم، بەڵام هاندەری سەرەکی لەم نووسینەدا بریتییە لە بابەتی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی کە پانتاییەکی فراوانی لە دەقەکەدا گرتووە.

دەکرێت بڵێین مرۆڤ ئەو گیانلەبەرەیە کە بەبێ خۆشەویستی هەڵناکات و تووشی سەرلێشێواوی دەبێت، پێویستی بە دڵنەوایی و پەناگەیەک هەیە. ئەوە قسەکردن و فێربوونی زمان نییە کە مرۆڤ لە گیانلەبەرانی تر جیا دەکاتەوە، بەڵکو خۆشەویستییە. هەرکاتێک ئەم خۆشەویستییە لە مرۆڤدا سەری هەڵدا، دەبێتە خاڵی بنەڕەتیی گۆڕانکاری، بە چەشنێک دەبێتە گەیەنەرێک مرۆڤ بە خودی ڕاستەقینەی خۆی ئاشنا دەکاتەوە. لێرەدا دەبێت بپرسین ئایا خۆشەویستی چییە؟ خۆشەویستی ئەو پەیوەندییە تۆکمەیەی نێوان دوو کەسە کە حاڵەتێکی دەگمەن و سەیرە، پلەیەکی سەرووترە لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی تر، چونکە لە خۆشەویستیدا هێزێک بۆ پێکبەستنەوە هەیە کە هیچ بەربەست و لەمپەڕێک نابێتە ڕێگر و هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی پێگەی لەق ناکات، ئەمەش خۆی لە هێزی ڕۆحی دەبینێتەوە. لەمەڕ پێویستبوونی دوو بونەوەر لە خۆشەویستیدا، فەیلەسووفی فەڕەنسی ئالان بادیۆ دەڵێت: “خۆشەویستی چەشنێک بیناکردنە، ئەو ژیانەیە کە بینا دەکرێت، بەڵام نەک تەنیا لە ڕوانگەی یەکەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی دووەوە، ئەمە ئەزموونکردنی ژیانێکە کە کۆڵەکەی ئەوینە. لە خۆشەویستیدا تۆ بە ویستی خۆت و بێ زۆرلێکردن ڕازیت بە بەرامبەرەکەت بەو شێوەیەی کە هەیە، هەروەها تۆ تەنیا بەرپرسیارێتیی خۆشویستنی ئەوی ترت لەسەر شانە بێ گوێدانە ویستەکانی خۆت، ئەوت بە لاوە گرنگە بەر لە خۆت، بێ ئەوەی خۆشت  فەرامۆش بکەیت. تا دڵ فراوانی و تێگەیشتن لە یەکتر زیاتر بێت، سەرئەنجام ئەم ئەوینە زیاتر پەرە دەسێنێت و باڵاتر دەبێت.” هەر لەم بارەیەوە فەیلەسووفی هیندی کریشنا مۆرتی لە کتێبی فەرهەنگی فێربوون و خۆشەویستیکردندا دەڵێت: “خۆشویستن واتای ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ هزر و دڵ و تەواوی بوونایەتی خۆتی پێ ببەخشیت و هیچت لەو نەوێت و بۆ بەدەستهێنانی سۆز و خۆشەوستی کاسەی گەدایی نەگریتە دەست. ئەگەر ئەم جۆرە خۆشەویستییە بوونی هەبێت، چیتر توڕەبوون بە لامانەوە گرنگ نابێت.”

ئێستا با بزانین ئەو هاورێیەتی و خۆشەویستییەی کە ئانتوان لە شازادە چکۆلدا باسی دەکات، چییە؟ ئانتوان باس لەهاوڕێیەتی و خۆشەویستیی بێ مەرج دەکات کە مرۆڤایەتی پێوستی پێیەتی بۆ ڕزگاربوون لەم بارە ناهەموارەی کە تێیکەوتووە. ئەو چەشنە هاوڕێیەتی و خۆشەویستییە بریتییە لەو پەیوەندییە ڕاستەقینەیەی کە دەگمەنە لەم سەردەم و زەمەنەی ئەمڕۆماندا کاتێک بەها بنەڕەتییەکانی مرۆڤبوون کاڵ بووەتەوە و شەڕ و کوشتار و خۆپەرستی بە هەموو سووچێکی ئەم جیهانەدا تەشەنەی کردووە. بۆیە گرنگە کتیبگەلێکی لەم چەشنە بخوێندرێنەوە و ڕاڤەی وردیان بۆ بکرێت. ئایا ئێمە چەندە پاک و سادە و بەبێ مەرج دەتوانین هاوڕێیەتی و خۆشەویستی بکەین؟ وەک ئەوەی کە جوبران خلیل جوبران لە پەیامبەردا دەڵێت: “ئاگەدار بن لە هاوڕێیەتیتاندا هیچ مەبەستێکتان نەبێت، جگە لە قووڵکردنەوەی ڕۆحی هاورێیەتی.” هاوڕێیەتییەک لە هەموو کات و ساتەکاندا بێت و لە خۆشی و ناخۆشییەکان پشتوپەنات بێت نەک بۆ پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵ و سوود و بەرژەوەندی. دواجار هاوڕێیەتی و خۆشەویستی و قبووڵکردنی ئەوی تر وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردنی ڕۆحی ڕووتی، ڕزگارکاری ئەم دونیا جەنجاڵ و قەرەباڵغ و سەرلێشێواوەیە. گەر سەرنج بدەین دەبینین تەکنەلۆژیا و ئەم هەموو پێشکەوتنانەی مرۆڤ بە هۆی زانست بە دەستی هێناوە، کاریگەریی خۆی داناوە لەسەر پەیوەندیی مرۆڤەکان، پەیوەندییەکانی لاواز کردووە، تەنافی خۆشەویستیی هەقیقی نێوان مرۆڤەکان تەنانەت بۆ خودی خۆشیان ئەوەندە باریک بووەتەوە لە پسان نزیکە. دەشێت هەر ئەم خۆشەویستییەی ئانتوان باسی لێوە دەکات، ئەو خۆشەویستییە بێت کە تەواوی نووسەران و فەیلەسووفان هەر لە کۆنەوە تاکو ئێستا باسیان کردووە، لەوانەش شاعیری فەڕەنسی ئارسەر ڕامبۆ لە وەرزێک لە دۆزەخدا بۆچوونی وایە خۆشەویستی هێزی ئافراندن و داهێنان دەداتە مرۆڤ و کلیلی سەلماندنی خودە، کاتێک دەڵێت: “خۆشەویستی ئەو کلیلەیە، ئەم سروشەیە، دەیسەلمێنی کە من خەون دەبینم.” لە شعرێکی تردا دەڵێت: “خۆشەویستی، وەک چۆن دەزانین دەبێ سەرلەنوێ دابهێندرێتەوە.” ئەمەش ئەم دەستەواژەیەیە کە فەیلەسووفی فەڕەنسی ئالان بادیۆ پشتگیری لێ کردوە سەبارەت بە دووبارەداهێنانەوەی خۆشەویستی، وە ئەو پێی وایە: “بەو چەشنەی کە هەموومان دەزانین، خۆشەویستی دووبارەداهێنانەوەی ژیانە و سەرلەنوێ داهێنانەوەی خۆشەویستی هەر هەمان سەرلەنوێ داهێنانەوەی ئەو داهێنانە دووبارەیەیە.”

a9ea5ddcf60b68ca98bc3ed5a4f7a098

گرنگترین شتیش نەشاردنەوەی هەستی خۆشەویستییە, چونکە دەربڕینی ئەم هەستە بۆ دەوروبەر و مرۆڤەکان ئەوەندە سەخت بووە، کاتێک تەکنەلۆژیا دەستی خستووەتە قوڕگی هەموو مرۆیەک، سادەیی لە بیر مرۆڤ بردووەتەوە و وای لێ کردوە کە نرخ و بەها بداتە شتانێک کە بنەڕەتێکی ئەوتۆیان نییە، لایەنی رۆحی و مەعنەوی فەرامۆش کردووە، بەهاکانی خۆشەویستی و هاوڕێیەتی لە لای کاڵ بووەتەوە. دەبینین کە مرۆڤ لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوی تردایە و خۆشەویستی بۆ شتە فانی و ڕووکەشییەکانی وەک هێز و دەسەڵات و ناوبانگ و سەروەت و سامان زۆرترە وەک لەوەی بۆ ڕۆحی ڕووتی ئەوانی دی. خۆشەویستییەک ببێتە هەوێنی جوانترین کردار و هەڵسوکەوتەکان، ببێتە داینەمۆی ژیانێکی پڕ لە نەمری. خۆشەویستی مانای سنووردارکردن و گۆڕینی سروشتی کەسی بەرامبەر نییە، بەڵکو ڕازیبوونە پێی بەو شێوەیەی کە هەیە. خۆشەویستی هونەرە، ئەم هونەرەش پێویستی بە ئەزموون هەیە، ئەوانەی ئەم بەهرە و هونەرەیان هەیە لە ژمارەدا کەمن، لە زەمەنێکی وەک ئەمڕۆدا گرنگە بگەڕێینەوە باوەشی میهرەبانیی خۆشەویستی تا بتوانین بە یەکەوە هەڵبکەین و بژین. ئیستا ئەگەر دونیایەکی خاڵی لە خۆشەویستی وێنا بکەین، بزانین تا کوێ و چەندە لەوێ دەتوانین هەڵبکەین؟ بێگومان زۆر سەختە، چونکە خۆشەویستی ڕایەڵەی پێکبەستنەوەیە کە نەبێت، سەرلەبەری گەردوون لە یەک هەڵدەوەشێتەوە.

شازادە چکۆڵ ڕۆمانێکە هەڵوەستەت پێ دەکات، لە بەردەم ئاوێنەکەی ڕات دەگرێت، ڕووبەڕووی چەندین پرسیارت دەکاتەوە، وانەیەکی بەنرخی خۆشەویستی، سەفەر، گەڕیدەیی، مامەڵەکردن، پەیوەندییەکی تۆکمە و تێگەیشتن لە دونیای پاکوبێگەردی منداڵانت فێر دەکات.

ئەرێ ئاخۆ ئێمە دەبێت چەند کەسمان بە چەشنی شازادە چکۆڵ گیرمان خواردبێت بە دەست تاقە گوڵەکەمان و نەمانتوانیبێت لە زمانی بگەین؟ ئەو کاتەش ڕووبەڕووی دۆخێکی سەیر و پڕ لە نائومێدی ببینەوە و نە بمانەوێت ئەستێرەکەمان بە جێ بهێڵین و نە بەرگەی ئازار و ناڕەحەتی و شەونخونی بگرین، چەند کەسمان بیری لە بەجێ هێشتن کردووەتەوە؟ دڵگران بووە لەوەی کە خۆشەویستەکەی قسەی دڵی ئەوی نەکردووە بێئاگا لەوەی کە خۆشەویستەکەی هیچ مەبەستێکی ئەوتۆی نییە لە ناز و مەکرەکانی، تەنیا دەیەوێت پیشانی بدات و بڵێت ئەوە منم تاکە هاوڕێ و خۆشەویستی تۆ.

خۆشەویستیی شازادە چکۆل خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە بوو، پڕ بوو لە میهرەبانی و سۆز و فیداکاری و خۆنەویستی. ئەو بە دڵ خزمەتی گوڵەکەی دەکرد هەموو بەیانییەک ئەستێرەکەی خاوێن دەکردەوە لە تۆوی نامۆ و پنچکەگیا. وەختێکیش لە گوفتار و قسەکانی ماندوو و ناڕەحەت دەبێت، سەری خۆی هەڵدەگرێت و تاقەگوڵەکەی بەجێ دەهێلێت و لە تاو خۆشەویستییە پاکەکەی گەشتێکی دوورودرێژ دەست پێ دەکات. ئەو کاتەش کە لە مانای فانییەت تێدەگات، پەشیمانی دای دەگرێت و دەڵێت: “ئەوسا لە هیچ نەگەیشتم، من دەبوو لە ڕووی هەڵسوکەوتیەوە هەڵمسەنگاندبا نەک لە ڕووی قسەکانیەوە. ئەو منی سەرڕێژی بۆن و بەرامەی خۆی کردبوو و دەوروبەری ڕووناک کردبوومەوە. دەبوو سەری خۆم هڵنەگرتبایە و بەجێم نەهێشتبا. دەبوو هەستم بەو سۆز و نەرمونیانییەی کردبا کە لە پشت فێڵە بێ گوناهەکانیەوە حەشاردرابوون. گوڵان پڕن لەم چەشنە هاودژییانە. بەڵام چی بکەم، من لەوە کاڵفامتر بووم کە بزانم چۆن ئەوم خۆش بوێت.”

شازادە چکۆڵ لەسەر قسەکانی گوڵەکەی بڕیاری دا نەک لەسەر هەڵسوکەوتەکانی، سەرئەنجام دەیەوێت بە گەورەکان بڵێت تکایە ڕووکەشبین مەبن، تکایە با چاوەکانتان تۆزێک فراوانتر بێت و دوورتر بڕوانن، هەوڵ بدەن ئەوەی لە پشتی پەردەکانەوە شاردراوەتەوە ببینن، چونکە لەم جیهانەدا شتانێک هەن بە چاوە ئاساییەکان نابینرێن، دەبێت هەوڵ و تەقەڵای بۆ بدەیت تا تروسکایی بینایی دەدۆزیتەوە، تاکە رێگەش بۆ دۆزینەوەی ئەو تروسکاییە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەیە، کە لە پێناویدا ئامادە بیت گیانت فیدا بکەیت، خۆشەویستییەک کە دەرگەکانت بۆ واڵا دەکات و بە ناو ژوورەکانی کۆشکەکەیدا یەک بە یەک دەتگێرێت، خۆشەویستییەک کە تێیدا بوون بە هەموو شتەکانی ناویەوە جوان دەبینیت، تەنانەت بەو شتانەش کە لە چاوی ئەوانی تردا ناشیرینە. شازادە لە گەشتەکەیدا بە دوای هاودەم و هاوڕێیەکدا دەگەڕا، ئاشنای مرۆڤ و ئاژەڵان بوو، بەڵام هیچ کامیان سەبر و ئارامییان پێ نەبەخشی و لە کۆتاییدا بڕیاری دا بگەڕێتەوە سەر ئەستێرەکەی و لە لای تاقەگوڵە بێهاوتاکەی بۆ هەمیشە ئۆقرە بگرێت.

Rezan Fatah, The Little Prince,