گاڵتە ناکۆتاکان

دیدی من – زە گاردیان، ویکیپیدیا

ئێما لیی مۆس

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

گاڵتە ناکۆتاکانی دەیڤد فۆستەر واڵاس بە ھۆکاری گۆڕینی زۆرێک لە یاساکانی نووسینی کتێبی فیکشن ھەژمار دەکرێت. واڵاس بە کتێبێکی 1000 پەڕەیی و بە ژمارەیەکی زۆر لە په‌راوێز کتێبێکی سەختی لە ساڵی 1998 خستە پێش خوێنەرەکانی. تەنانەت خوێنەرە ھەمیشەییەکانی واڵاس لەم کتێبە سڵ دەکەنەوە و بە ترسێکی زۆرەوە بۆ خوێندنەوەی دەچن. واڵاس کە پێشتر تەنیا بە نووسینی تێکستی کورت و ڕاپۆڕتەوە سەرقاڵ بوو، لەم کتێبە گەورەیەیدا ژمارەیەکی زۆر کارەکتەری بەدی هێناوە. ھەموو ئەم کارەکتەرانەش بە شێوازێکی زۆر سەیر بە خێزانی سەرەکیی ناو چیرۆکەکەوە بەستراونەتەوە، ئەویش خێزانی ئینکاندێنزا و کوڕە بچووکەکەیان ھاڵ، کە بەر لە دەستپێکردنی چیرۆکی ناو ڕۆمانەکە لاشەی باوکی دەدۆزێتەوە، کە بە گەرمیی مایکرۆوەیڤ کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە.

واڵاس خوێنەر دەباتە ناو جیھانێکی دیستۆپیاوە، بەڵام ھیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ھۆکاری ئەم بارودۆخە خراپ و تاریکە نادات بە خوێنەر. لە زۆر جێدا دێڕەکان زۆرسەخت دەکات بە جۆرێک کە لەدەستدانی واتای وشەکان زۆر ئاسانە. زمانی نووسین لەم کتێبەدا زۆر ئاڵۆزە و چیرۆکی ڕۆمانەکە تێکەڵە بە دیالۆگی سیناریۆی فیلمەکان.

ئەم کتێبە دەتوانێت خوێنەر ون بکات و کاریگەریی خراپی دەروونیی ھەبێت گەر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت. گەورەیی کتێبەکە و زۆری کارەکتەرەکان و ھەموو ئەو چیرۆکانەی کارەکتەری جیاوازی ناو ڕۆمانەکەیان بەدی هێناوە و خوێنەر دەباتە ناو ئەو جیھانە تاڵەوە کە بە شێوازێکی سەیر لە ھەمان کاتتدا زۆریش پێکەنیناوییە. وشەکان زۆر بە بچووکی نوسراون و تێپەڕینی پەڕەکان کاتێکی زۆر دەخایەنێت. ھۆکاری سەختیی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر ئەوەیە کە واڵاس لەگەڵ خوێندنەوەی چیرۆکەکە وا لە خوێنەر دەکات ئەزموونی بوون بە مۆرۆڤ بکەن، هەروەها کاتێک مێشک ئازار دەچێژێت لە پڕۆسەی خوێندنەوەکەدا، بەڵام دڵ بە جۆرێکی سەیر دەکرێتەوە. ئەوەی واڵاس دەیەوێت پێمان بڵێت ئەوەیە کە ئێمە ھەموو گرنگین، ھەموو بێھیواین، ھەموو شکاوین، ڕەگی برینەکانمان لە پێش خۆمانەوە ڕواون و خووەکانمان دەمانبەزێنن.

واڵاس لەم ڕۆمانەدا باسی کۆمەڵێک بابەت دەکات، لەوانە ئالوودەبوون، خۆکوشتن، پەیوەندی خێزانی، ڕیکلام، تیۆری فیلم، وەرزش و سیاسەت. شوێنی سەرەکی لە چیرۆکی ڕۆمانەکەدا بریتییە لە ئەکادیمیایەکی تێنس و ماڵێک بۆ ساڕێژبوونەوە لە ئالودەبوانی ئەلکھۆل و ماددەی ھۆشبەر.  ساڵەکان چیتر بە ژمارە ناو نانرێن و ھەر ساڵێک ناوێکی تایبەت بە خۆی ھەیە. زمانی چیرۆکەکەش غەمگینییەکی زۆر قووڵی پێوەیە. ئەم کتێبە وەڵامی واڵاسە بۆ ھەموو ئەو ڕەخنەگرانەی واڵاس‌یان بە نووسەرێکی ڕاستەقینە ھەژمار نەدەکرد چونکە ھەموو نوسینەکانی پێشووی تێکستی کورت و ڕاپۆڕت بوون و ھەڵبژاردنی ناوی ڕۆمانەکەش بە جۆرێک گاڵتەکردنە بەو ڕەخنانە، هەروەها چیرۆکەکەی بە شێوازێک ھۆنیوەتەوە کە نە سەرەتای ھەیە نە کۆتایی تا ڕوونی بکاتەوە کە ئەم کتێبە گەورەیە تەنھا بەشێکی بچووکی چیرۆکەکەیە. بەڵام گرنگیی ڕۆمانەکە لەوەدایە کە توێژینەوەیەکی قووڵی پۆستمۆدێرن‌ە و تەواوی چیرۆکەکە باسی کلتووری و  باسکردنی کۆمەڵێک لە ڕۆمانە گرنگەکانی مێژووە.

واڵاس نەیتوانی دژی ویستەکانی خۆی بۆ کۆتاییھێنان بە ژیانی بجەنگێت، لە 12/9/2008 لە تەمەنی 46 ساڵیدا لە گەراجی ماڵەکەی خۆیدا خۆی خنکاند.