ئایا لاساییکردنەوە یان دزین کارێکی ناشاییستەیە؟ بەشی دووەم و کۆتایی

دیدی من

 

مەریوان جەلال

هونەرمەندێکی وەک هیرست لە ئێستادا ناو و ناوبانگێکی زۆری هەیە و بە دەوڵەمەندترین هونەرمەند دادەنرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هیرست چەند تاوانبارە؟ وەک دەرکەوتووە سەرەتای کارەکانی لە هونەرمەندانی ترەوە سەرچاوەی گرتووە و بە شێوەیەکی تر یان دەستکارییەکی کەمی لە کارەکەنیدا کردووە و بە ناوی خۆیەوە جارێکی تر پیشانی داوە. هیرست هەرگیز لە دەست ڕەخنەگران و شیکەرەوەکانی هونەر ڕزگاری نابێت، ئەگەر ئەمڕۆش کارەکانی ئاسان بڕوات ئەوە سبەینێ مێژوو ڕەحمی پێ ناکات.

لە هونەردا لەیەکچوون و نزیکبوونەوە کاریگەریی یەکتر لەسەر کارەکانی یەکتر بەدی دەکرێت و بەتایبەتی لەم سەردەمی نزیکبوونەوەیەدا کە لە چرکەساتێکدا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاجاکانەوە کاری چەندەها هونەرمەند دەبینیت لەمسەری جیهانەوە تا ئەوسەری جیهان، هەروەها دەتوانیت بە ناو مۆزخانە و گەلەرییەکانی جیهاندا گوزەر بکەیت، بەڵام لەم هەموو جەنجاڵییەدا چۆن خۆت لە کاریگەربوونی ڕاستەوخۆ و دووبارەکردنەوەی ئەزموونی کەسانی دیکە دەپارێزیت؟

زۆر جار بەبێ هۆ و بەبێ هیچ مەبەستێک کاری هونەری دووبارەبوونەوەی تێکەوتووە کە هەردوو هونەرمەند ئاگەداری یەکتر نەبوون هەریەک لە جوگرافیایەکی جیاواز و دوور لە یەکتری لێکچوون لە کارەکانیاندا بەدی دەکرێت. هونەرمەندی بەڕیتانی گرەیسۆن پێری لەگەڵ هونەرمەندی ئەمریکی مایکل فریمکیس، هەردوو هونەرمەند کارەکانیان سیرامیکە و هەمان ماددەیان بەکار هێناوە و بۆ ڕووکەشی کارەکەشیان پەنایان بردووەتە بەر وێنە بە شێوەی گواستنەوە یاخود درووستکردن. کارەکەی فریمکس بە ناوی بازدان لە لۆجی مانگدا بریتییە لە هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانەی کۆمەڵگە، بە بەکارهێنانی سێ جۆر شێوە: ئامفۆرای ئەتیک، گوڵدانی مینۆن لەگەڵ مەنجەڵی چینی بۆ بەکارهێنانی جەنجەفیل. کارەکەی بە دروستکردنی دیوارێکی زۆر تەنک وەک کاغەز دروست کردووە، بە شێوەیەکی بەرز و بەشی خوارەوەی تەسک بووەتەوە و لەسەرەوە پان، دواتر سەرقاپێکی خڕ لەگەڵ ژێرێکی تەخت و گەورە و لە سەرەوەش بە کڵۆیەک نەخشێندراوە. هەمان شێوە لە کارکەی پیریدا هەمان تەکنیک دووبارە بووەتەوە بە ناوی دڕندەیەکی جوا، بە شێوەیەکی زۆر کارامە کارەکەی بە ئەنجام گەیاندووە.

19

نموونە زۆرن بۆ باسکردن لەم بابەتە، هەوڵ دەدەم لە نووسینێکی تردا بە چڕی باس لەسەر ئەو هونەرمەندانە بکەم کە تا ڕادەیکی زۆر نزیکایەتی لە نێوان کارەکانیاندا بەدی دەکرێت، لە تەکنیک و شێوازی بەرجەستەکردندا، یاخود هەردوو هونەرمەند پشتیان بە یەک سەرچاوە بەستووە، کە ئەمەش زیاتر پەیوەستە بە کاریگەریی یەک لەسەر ئەوەی تر لە کۆتادا بە قازانجی هونەرمەند دەگەرێتەوە و دوورە لە لاساییکردنەوە و یاخود بەکارهێنانی کاری کەسێکی تر بەبێ ئاگەداری خاوەنەکەی و بۆ خۆپاراستنیش لەم دیاردەیە دەزگا هونەرییەکانی هونەر و مامۆستایان بەرپرسیارێتیی تایبەت دەکەوێتە ئەستۆیان و دەبێت زۆرترین زانیاری بەردەست و پێویست بدەن بە خوێندکارەکانیان و نموونەی کاری هونەرمەندان لە ڕیگەی شیکردنەوە و پەیڕەوکردنی کردارەکییانەی ئەزموونەکانیان بخەنە بەر دەستی خوێندکاران. بۆ نموونە بوونی سکێچ بووک/کتێبی نەخشەکێشان هۆکارێکی زۆر باشە کە خوێندکار زانیارییەکانی ڕۆژانەی و تێبینییەکانی لەسەر کاری هونەرمەندان و سەردانی گەلەرییەکان و مۆزەخانەکانی تێدا تۆمار بکات.

گرەیسۆن پێری لە بابەتی کتێبی سکێچەکانیەوە دەڵێت: ”کتێبی سکێچەکانم ئەو شوێنەن کە دەتوانم تێیدا لەگەڵ بیرۆکەکانمدا گفتوگۆ بکەم. شوێنێکە پێش ئەوەی بیرۆکەکانم بە ناو ستودیۆکە و دواتر جیهاندا بڵاو ببنەوە، پێشوەخت لە ناو کتێبی سکێچەکانمدا کاریان لەسەر دەکەم و بابەتی تازەیان تێدا دەدۆزمەوە.”

لەبەرگرتنەوە

لە هەموو کاتێکدا سکێچ بووک یارمەتیدەرێکە بۆ لەبەرگرتنەوەی کاری هونەرمەندانی تر، جا کاری هەر هونەرمەندێک بێت و یان لەبەرگرتنەوەی هەر شتێک بێت لە سروشتدا. لەبەرگرتنەوەی کاری هونەرمەندان بەڵام بە تەکنیکی جیاواز و بەکارهێنانی ماتریالی جیاواز هزری خوێندکار فراوانتر دەکات و دەبێتە هۆی خەیاڵ فراوانی زیاتر لای خوێندکار. یەکێک لەو مادانەی کە مامۆستا لە کاتی خوێندندا پەیڕەوی دەکات لەبەرگرتنەوەیە، بەڵام نەک دەقاودەق وەک کارە ڕەسەنەکە بەڵکو مامۆستا دەیەوێت خوێندکار سەربەست بکات لە بەکارهێنانی ماتریالی جیاواز و تەکنیکی جیاواز بۆ دروستکردنەوەی کاری هونەرمەندێک کە هەریەک بە ئامانجێک کارەکە بە ئەنجام دەگەیەنێت و دەبێتە کارێکی سوودبەخش بۆ فێربوون و ئاوێتەبوونی خوێندکار لەگەڵ کاری هونەرمەندەکە.

17

هونەرمەندی بەناوبانگ پابلۆ پیکاسۆ یەکێک بوو لەو هونەرمەندانەی کە کاری هونەرمەندانی پێش خۆی بە تەکنیکی جیاواز و ماتریالی جیاواز دروست کردووەتەو. بۆ نموونە کاری نانخواردن لەسەر گیا کارێکی بەناوبانگی هونەرمەند ئێدوارد مانی‌یە .

زیرەکی و لێهاتوویی هونەرمەند ئێدوارد مانی‌یە لێرەدا دەردەکەوێت کە توانیویەتی سوود لە کارێکی هونەرمەندی ئیتاڵی مارکەتۆنیۆ رایمۆدی وەربگرێت. کارەکەی رایمۆدی کارێکی تەواو جیاوازە کە بە هەڵکۆڵین لەسەر پلێت کراوە. دوای ئەوەی مانێت سوود لە و هونەرمەندە ئیتاڵییە وەردەگرێت جارێکی تر هونەرمەندیکی وەک پابلۆ پیکاسۆ بە چەند شێوەیەکی جیاواز ئەم کارەی دووبارە دەکاتەوە کە هیچ لە نرخی تابلۆ ڕەسەنەکە نەگۆراوە و ئەمیش بووەتە شاکارێکی تری هونەری. پاشان ئەم کارە بووە ئیلهامبەخش بۆ زۆر لە هونەرمەندانی تر، لەوانە هونەرمەندی فۆتۆگرافەر ئاندی ئیرڵ.

لەم جۆرە حاڵەتانەدا نابێت گەر بابەتێک بەسەر مامۆستادا تێپەڕی، ئەوا مامۆستا تاوانبار بکرێت، چونکە مامۆستاش توانایەکی ڕەهای نییە کە ئاگەداری هەموو هونەرمەندانی جیهان و گشت بەرهەمەکانی ئەمڕۆی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت. لە سیستمی زانکۆ جیهانییەکاندا لە بواری هونەردا، سیستەمی وانەگوتنەوەی بە کۆمەڵ زۆر کەمە، یاخود تەنیا بۆ چەند بابەتێک بەکار دێت. کە تیایدا مامۆستا کات بۆ خوێندکار دادەنێت کە بە تەنیا یەکتر ببینن و خوێندکاریش ئەو ماوە کارکردنەی کە خەریک بووە دەخاتە بەر دەستی مامۆستاکەی و لەوێوە سەرچاوەی گفتوگۆ دەست پێ دەکات.

ئەم گفتوگۆیە دەبێتەهۆی ئەوەی ئەگەر خوێندکار کاری هونەرمەندێک یان بابەتێک سەرنجی ڕاکێشابێت ئەوا لەوێدا دەبینرێت و دەبێتە هاندەرێک کە مامۆستا ڕێگەی تر بخاتە بەردەمی قوتابییەکە بۆ ئەوەی دوور بکەوێتە لە کۆپیکردن و لاساییکردنەوە.

لەم میانەیەدا و لە ئەنجامی پرسیارەکانی مامۆستا بۆ خۆێندکارەکە، دەردەکەوێت تا چەند خودی خوێندکارەکە خاوەنی ئەو بیرۆکەیەیە.  هەڵبەت لە ناو کتێبی سکێچەکانیشدا دەبێت ڕیزبەندییەک ببینریت و سەرەتایەکی کارەکە دەردەکەوێت ئەگەر سەرچاوەکەی سروشت بێت، ئەوا دەکرێت ڕێگە و نموونەی زۆرتر بۆ خوێندکارەکە شی بکاتەوە تا بەرچاوی ڕوونتر بێت و نەکەوێتە هەڵەوە.

20

ئەرکی مامۆستا ئەوەیە کە بەدواداچوونی بەردەوامی هەبێت بۆ خوێندکار و بزانێت کە چیی پێویستە، ئەگەر ئەو کاتە لە بەر دەست نەبوو لە کاتێکی تردا بۆی ئامادە بکات، ئەمەش هاندانێکی ترە بۆ ئەوەی خوێندکار بزانێت مامۆستاکەی ئاگاداریەتی و لە هەوڵ و خەمی پێشکەوتنی کارەکانی ئەودایە.

لە کۆتاییدا خوێندکار بەرپرسیارە لە کۆپیکردن و لەبەرگرتنەوەی ڕاستەوخۆ کە بە کارێکی ناشاییستە و زەرەرمەند بۆ خوێندکارەکە هەژمار دەکرێت.

دەبێت هەمووهەوڵێکی خوێندکار بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر بێت، بە سوودوەرگرتن لە دەوروبەری خۆی و هاوکات هزر و خەیاڵی خۆی بخاتە گەڕ هەرچەند سادە بێت، هەروەها دۆزینەوەی تەکنیکی جیاواز و بەکارهێنانی ماتریالی جیاواز و هەمەجۆر بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی نوێ‌ و دەوڵەمەندکردنی هەردوو گوتاری واتایی و تەکنیکی کارەکانی.