ژیان لەسەر سنوور چوارچێوەی شانازیی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی مێردمنداڵانی لۆکاس‌ی بەدەست هێنا

 

دیدی من

 

بەڵگەفیلمی ژیان لەسەر سنوور لە دەرهێنانی هەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەهمەن قوبادی کە لە لایەن کۆمپانیای هۆڵەندیی ئیلۆمینا فیلمس لە سینەماکان و فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا بڵاو دەبێتەوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا رۆژی ٢١/٩/٢٠١٦ لە سیونۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی لۆکاس لە شاری فڕانکفۆڕت لە وڵاتی ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەما و لە لایەن ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵەوە، چوارچێوەی شانازی بە بەسامە سولەیمان و سامی حسێن دوو کەس لە دەرهێنەرانی ئەم کۆمەڵە فیلمە پێشکەش کرا، تاکو هاندانێک بێت بۆ درێژەپێدان بە دەرهێنەری و سازکردنی بەرهەمی نوێیان لە داهاتوودا. هەروەها لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵەدا، خەڵات و دیاریی دیکەش بەم دوو دەرهێنەرە مێرمنداڵە بەخشرا.

ژیان لەسەر سنوور بە پەیامێک لە لایەن بەهمەن قوبادی و بە ئامادەبوونی بەسامە سولەیمان و سامی حوسێن دوو کەس لە دەرهێنەرانی ئەم کۆمەڵە فیلمە و هەروەها شاهۆ نیعمەتی ڕاوێژکاری دەرهێنەر لەم پڕۆژەیەدا نماییش کرا و پاشان دانیشتنێکی تایبەت بە ئامادەبوونی ئەم کەسانە لە فێستیڤاڵەکە بەڕێوە چوو و سەبارەت بەم فیلمانە قسەوباسیان کرد و لەگەڵ بینەران وتووێژیان کرد.

jiyan-lasar-snoor-lawhay-faxri-festivali-newdawlati-filmi-lucas-badasthena-2

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی لۆکاس بە پشتیوانی ڕێکخراوەی فیلمی ئەڵمانی و هەر دوو ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت و سیونۆیەمین خولی بە نماییشی فیلمگەلێکی چیرۆکی، بەڵگەیی، ئەنیمەیشێن و ئەزموونی لە دەرهێنەرانی 27 وڵاتی جیهان لە رۆژانی ١٩-٢٥/٩/٢٠١٦ لە شاری فڕانکفۆڕت لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو.

بەڵگەفیلمی ژیان لەسەر سنوور لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە سێ کاتی جیاوازدا لە ڕۆژانی ٢٩/٥ تا ٥/٦/2016 لە بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلمە درێژەکانی پەنجاوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کراکۆف لە شاری کراکۆف لە وڵاتی پۆڵەندا نماییش کرا.

jiyan-lasar-snoor-lawhay-faxri-festivali-newdawlati-filmi-lucas-badasthena-3

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://lucas-filmfestival.de/film/life-on-the-border/