ڕانانێک بۆ بەناوبانگترین کتێبی سون می هوانگ

دیدی من

ڕێزان فەتاح

خانمە نووسەری کۆریی بەناوبانگ لە بواری منداڵان سون می هوانگ سا:ی ١٩٦٣ لەدایک بووە. پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە فاکەڵتیی ئەدەب لە پەیمانگەی سیئۆل بۆ هونەرەکان. وەک پیشەی نووسەری لە ساڵی ١٩٩٥ دەستی پێ کردووە، هەر لەو کاتەوە تا ئێستا نزیکەی ٣٠ کتێبی بڵاو کردووەتەوە لە چەند ژانرێکی جیاواز. کارەکانی هوانگ لە نێوان ترادشن و مۆدێرنیتیدایە. زیاتر بە کارە خەیاڵی و فەنتازییەکانی ناسراوە. چەندین خەڵاتی ئەدەبیی بەدەست هێناوە. بەناوبانگترین کتێبی، ڕۆمانی ئەو مریشکەی خەونی بە فڕینەوە دەبینی‌یە. ئێستا نیشتەجێی شاری سیئۆل‌ە لە کۆریای باشوور.

ڕۆمانی ئەو مریشکەی خەونی بە فڕینەوە دەبینی، باس لە چەند پرسێکی گرنگ دەکات وەک ئازادی و خۆپێگەیاندن، خێزان و دایکایەتی و هاوڕێیەتی. لە لایەکی تریشەوە تیشک دەخاتە سەر گرنگیی هەبوونی ئامانج و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە خەون و خولیاکان، کە پەیوەندیی ڕاستەخۆیان بە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەوە هەیە.

هەر لە بڵاوبونەوەیەوە لە ساڵی ٢٠٠٠، بە شێوەیەکی بەرچاو ناوبانگی دەرکرد، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە ڕیزی پڕفرۆشترین کتێبەکان مایەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن تیراژی لێ فرۆشراوە. فیلمێکی ئەنیمەیشنی سەرکەوتووی لێ بەرهەم هێنراوە و ڕیکۆردی بۆکس ئۆفیسی کۆریی لە فیلمی ئەنیمەیشن شکاند. لە زۆر بواری تریش سوودی لێ وەرگیراوە، وەک شانۆ و موزیک و چاپکردنی بە شێوەی کۆمیکس، هەروەها وەرگێردراوەتە سەر ٢٧ زمان. لە ساڵی ٢٠١٢ وەک باشترین کتێبی ساڵ هەلبژێردراوە لە پۆڵەندا.

نووسەر لە چاوپێکەوتنێکدا ئەوەی خستە ڕوو کە بنچینە و بیرۆکەی کتێبەکەی لە ژیانی باوکییەوە وەرگرتووە کە جوتیار بووە ژیانێکی سەخت و ناخۆشی هەبووە و بە نەخۆشیی شێرپەنجە مردووە، هەروەها سەرەتای ژیانی خۆی چۆن ڕووبەڕووی بەربەستەکان بووەتەوە تاکو درێژە بە خوێندن بدات و بچێتە قۆناغی ناوەندی، چونکە هەژاری ڕێگر بوە لە بەردەمیدا.

لە سالی ٢٠١٣ چا یەنگ کیم وەریگێراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، خۆشبەختانە دوای تێپەربوونی نزیکەی ١٦ ساڵ باهۆزی میرداود لە ئینگلیزییەوە وەری دەگێرێتە سەر زمانی کوردی، ئەمساڵ لە زنجیرە کتێبی لاوانی ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

بەگشتی ڕۆمانەکە باس لە مریشکێکی سەرکەش دەکات بە ناوی سەوزە، لە قەفەزی ماڵە جوتیارێک دەژی کە تەنیا لەبەر خاتری هێلکەکردن ڕاگیراوە. ئاواتی ئەوە دەخوازێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئازاد ببێت و دونیای دەرەوەی قەفەز ببینێت، لەسەر هێلکەی خۆی کڕ بکەوێت و ببێتە دایک. سەوزە مریشکێکی خاوەن هەڵوێست و چاونەترس و بوێرە، زۆر متمانەی بە خۆی هەیە، خاوەنی بیرکردنەوەیەکی جیاوازە. ئەو مریشکە یاخیبووەیە کە دەیەوێت ژیانی خۆی بگۆڕێت و لە دووبارەیی ڕزگاری ببێت، هەوای ئازادی هەڵبمژێت.

ژیانی سەوزە بە دوو قۆناغدا تێدەپەرێت، ژیانی ناو قەفەز و دەرەوەی قەفەز. چیرۆکی رۆمانەکە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە سەوزە یاخی دەبێت، مل ناداتە بەر یاسا و ڕێساکانی ناو قەفەز، بڕیار دەدات ئیتر هێلکە نەکات، ئەم بڕیارەی ڕێخۆشکەر دەبێت تاکو لە قەفەز ڕزگار ببێت. تووشی چەندین کۆسپ و تەگەرە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی و کۆڵ نادات. یەکەمین هەنگاوی یاخیبوون و هەڵگەڕانەوەیە، لەوێوە هەنگاوەکانی تری دەست پێ دەکات. سەرهەڵگرتن و دەستبەرداربوون لە هەموو شتێک، تەنانەت لە ڕەگەز و ناونیشان و ڕەسەن، بەرگەگرتنی نەهامەتی و دەردیسەری و سووربوون لەسەر خواست و ویستەکانی. ئەو هێندە سوور دەبێت لەسەر ئەوەی ببێتە دایک، ئەمە وای لێ دەکات لەسەر هێلکەیەک کڕ بکەوێت کە تەنانەت هیی خۆیشی نییە.

لێرەدا نووسەر کۆمەڵە ئاژەڵێکی بەکار هێناوە وەک کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە، لەوانە مریشک کە کارەکتەری سەرەکییە و دەیەوێت خۆی ڕێچکەی ژیانی دیاری بکات، مراوی کە ڕۆلێکی دیاری هەیە لە لایەک وەک هاوڕێیەک و لە لایەکی تریشەوە وەک جوجکەی مریشکەکە، کەڵەشێر ڕۆلی گەورە و فەرماندەری گەوڕەکە دەبینێت، سەگ لە دەوری پاسەوانێکی دڵسۆز کە پارێزگاری لە یاسا و ڕێساکان دەکات، گورگ ئەو هێزە مەترسیدارەیە ڕووبەڕووی پەلەوەرەکان دەبێتەوە و هەمیشە ترسیان لێی هەیە. دەتوانم بڵێم زیاتر کەڵکی لە پۆلی باڵندەکان وەرگرتوە، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین پەیوەندییەک لە نێوان چەمکەکان  قەفەز/ئازادی/فڕیندا هەیە، ئەمانە لە یەکدی دانەبڕاون. گرنگ نییە ئەو قەفەزە چ جۆرێکە، گرنگ رزگاربوونە، چونکە تا لە قەفەز دەرباز نەبیت، ئازاد نابیت و تا ئازاد نەبیت فڕین کارێکی مەحاڵە. ئازادی جۆرێکە لە فڕین بە دیوە مەعنەوییەکەی، مرۆڤ تا لە قەفەزی دەروونی خۆی ڕزگار نەبێت، ئازادی بە دەست ناهێنێت و تا ئازاد نەبێت ناتوانێت بفڕێت.

ناتوانین بە هیچ جۆرە بە چیرۆکێک ناوزەندی بکەین، پڕە لە وێنەی جوان و گفتوگۆی قووڵ کە بە زمانێکی سادە نووسراوە، لە پەنا ئەم وشە سادانە نووسەر ویستوویەتی پەیامێک بە گوێیەکاندا بچرپێنێت. زۆرن ئەو چیرۆکانەی لەسەر زاری ئاژەڵان گێڕدراونەتەوە و پەیامی مەزنیان هەڵگرتووە، بوونەتە خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانکاری، وەک مەزرای ئاژەڵان‌ی جۆرج ئۆرویڵ و کەلیلە و دیمنەی فەیلەسووفی هیندی بەیدەبا، بە جۆرێک ئاژەڵان بوونەتە ئامڕازی گەیاندنی گەورەترین پەیامەکان.

لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە کۆتایی چیرۆکەکە, پرسیاریان لە هوانگ کرد “بۆچی لە کۆتاییدا کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە دەمرێت؟” ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ”زۆر کەس گوتوویانە کە ‘کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکە دەمرێت، ئایا دەکرێت ڕێ بە منداڵەکانمان بدەین کە بیخوێننەوە؟’ ئەوان وا بیر دەکەنەوە کە مردن شتێکی توندوتیژە و کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر مندالان. دەپرسن کە ‘بۆچی بەم شێوەیە کۆتایی هاتووە’، بەڵام بۆ من، سەوزە هەموو ئەو شتانەی جێبەجێ کرد کە لە ژیانیدا دەیویست؛ لە قەفەز ڕزگاری بوو و دونیای دەرەوەی بینی. هەرچەندە سەخت بوو، بەڵام منداڵێکی پێ گەیاند بە ویستی خۆی، تێدەکۆشا و دەجەنگا و دەی بردەوە. هەموو بەربەستەکانی تێک شکاند، کۆڵی نەدا و بەردەوام بوو. ناتوانین بەمە بڵێین کۆتاییەکی ناخۆش و تراژیدی. بە باوەڕەوە ئەمەم نووسیوە و پێم وایە هەموو شتە زیندووەکان دەمرن. ئێمە ناتوانین بەمە ڕازی ببین وەکو شتێکی ناخۆش.”

بەڵێ، سەوزە هەم وەک هاوڕێیەک هەم وەک دایکێک، دڵسۆز و قوربانیدەر بوو، لە پێناوی خەونەکانی دەژیا و توانی هەموو خەونەکانی بکاتە ڕاستی، کە ئامانجەکانی هاتە دی، مانەوە لە ژیان مانایەکی نامێنێت بۆی.