November 22, 2017

DidiMn Logo

خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانی دزێکی ڕاستگۆ

لە لایەن دیدی من 1 year لەمەوبەر

دیدی من

کتێب: دزێکی ڕاستگۆ

نووسەر: فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی

خوێنەر: دەریا سەڵاح

ڕۆمانی دزێکی ڕاستگۆی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی کتێبێکی بە قەبارە بچووکە بەڵام باس لە ڕووداوێکی کاریگەر دەکات؛ دۆستۆیڤسکی هەرچەندە زۆربەی کتێبەکانی زیاتر جەخت لە لایەنی دەروونی کارەکتەرەکان دەکاتەوە لە کاتی شەرم یان کاتی دزی یان کاتی درۆکردن یان کاتی کوشتنی کەسێک، بە جۆرێک پەسنی ئەو حاڵەت و کاردانەوەی کەسەکان دەکات وەک ئەوەی خۆی ئەو کارەی بەسەردا هاتبێت. بە جۆرێکی سەیر پەلکێشی ناو ڕووداوەکانت دەکات کاتێک، کتێبێکی دەخوێنیتەوە هەست دەکەیت ئەو کارەکتەرەت لە بەرچاوە و تەواو حاڵەتەکانیت دێتە بەرچاو، بە ڕوونی هەست بە هەموو وردەکارییەکان دەکەیت. هەمیشە لە کاتی نووسیندا پەسنی ڕوخساری کەسێتییەکان زۆر ڕوون ناکەتەوە و بە بەشێکی گرنگی نەزانیوە، بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆی باسکردنی حاڵەتی کەسایەتییەکانە بە وردی، تەنانەت بە جۆرێک شیکاری دەکات وەک ئەوەی پزیشکی دەورونی بێت. تەواوی حاڵەتەکان وەک دیمەنی درامایەک دەبینیت، بەڵام هەر خوێنەرێک کتێبێکی دۆستۆیڤسکی بخوێنێتەوە شتێکی تێدا بەجێ دەهێڵێت، کتێبەکانی وەکو تەورێک وایە کە بکێشێت بە سەرتدا و بڵێیت ئەم نووسەرە دەیەوێت بڵێت چی؟ دەیەوێت لەوە زیاتر چیی تر بڵێت؟

سەرەتا ڕۆمانەکە بەوە دەست پێ دەکات کە پیاوێک لە ژووری ژنێکدا بە ناوی ئەگرافینا بە کرێ دەژی، کە ئەگرافینا خواردنی بۆ دروست دەکات و جلی بۆ دەشوات ب،ەڵام ئەگرافینا ژنێکی کەمدووە، ڕۆژێک ئەگرافینا پێی دەڵێت کە پیاوێکی باش هەیە دەیەوێت ژوورەکەی تەنیشتی تۆ بە کرێ بگرێت، ئیتر ئەمیش ڕازی دەبێت. ئەم پیاوە تازەیە کە ژوورێکی لە ماڵەکەی ئەگرافینا بە کرێ گرتووە سەربازێکی خانەنشینە و بەرگدوورە و ناوی ئاستافی ئیڤانیچە ڕ،ۆژێکیان پیاوێک لەناکاو خۆی دەکات بە ماڵیاندا و بە بەرچاوی هەموویانەوە پاڵتۆی پیاوەکە دەبات و دەیدزێت و ڕادەکات، پیاوەکەش زۆر بە واقوڕماوییەوە سەر دەکات و هیچ ناکات، هەروەها ئەگرافیناش، بەڵام ئاستافی ڕادەکات بە دوای و نایگرێتەوە، بە نائومێدییەوە دەگەڕێتەوە و زۆر خەمی لێ دەخوات، بەڵام دوای گفتوگۆی لەگەڵ پیاوەکەدا باسی چیرۆکەکانی خۆی دەکات، ئیتر ئاستافی باسی چیرۆکی دزێکی ڕاستگۆ بۆ پیاوەکە دەکات و لەوێوە چیرۆکە سەرەکییەکە دەست پێ دەکات، کە بە شێوەی فلاشباک بۆ ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە پیاوێک بە ناوی ئیمیلیان هەمیشە خەریکی خواردنەوەیە و پارەی کەم پێیە و هیچ گرنگی بە خۆی نادات و بە تەواوی کەسێکە دەستی لە خۆی شتووە و لە هەمان کاتیشدا جێگای بەزەییە بۆ زۆر کەس.

120857

 ئیمیلیان کە جێگیر دەبێت لە ماڵی ئاستافی و زۆر کات ئاستافی خواردنی خۆی پێ دەدات و خواردنەوەی بۆ دەکڕێت، بەڵام هەرچەند پێی دەڵێت دەست بکە بە کارکردن و واز لە تەممەڵی بهێنە، سوودی نییە، تا جارێک ئیمیلیان دوو پانتۆڵی ئاستافی دەدزێت و دواتر ئاشکرای ناکات، بەڵام ئاستافی دەزانێت کە ئیمیلیان بردوویەتی. بۆ ماوەیەک ئیمیلیان خۆی ون دەکات و دیسان دەگەڕێتەوە و لە ماڵی ئاستافی دەمرێت.

ئەمە کۆی وڕوداوەکە بوو، بەڵام دۆستۆیڤسکی لە ڕێگەی ئاستافییەوە پێمان دەڵێت هەندێک مرۆڤ هەن بە جۆرێک گیرۆدەی بەرانبەریان دەبن بێ هیچ شتێک کە ئەستمە دەستی لێ هەڵبگرێت، ئەوە ئیمیلیان لە ماڵی ئاستافی دەژی و خواردن و خواردنەوە دەخوات، بەڵام بە جۆرێک دڵی نایە لە ماڵ دەری بکات و بڵێ ئیتر سەر بەم ماڵەدا مەکەرەوە. جگە لەوەش دڵی بە حاڵی دەسووتێت  کە ئیمیلیان ئەوەندە پەڕپووت ەو جلەشڕێکی لە بەردایە. یانی بە جۆرێک ئاستافی گیری کردووە گەر پێی بڵێ لە ماڵی من بڕۆ دەرێ، دڵی نایەت و دەزانێت ئیمیلیان هیچ کەسی نییە و لە دەرەوە دەمرێت. گەر جێگەشی بکاتەوە ئەوا دەبێت بێ بەرانبەر هاوبەشیی خواردن و خواردنەوەی لەگەڵ بکات. یانی بە جۆرێک نازانێت بە چی جۆرێک پێی بڵێت کارێک بدۆزەوە، چونکە دەزانێت ئیمیلیان پیرە و پەڕپووتە و زۆر شت بە گوێیدا ناچێت و گەر دەستبەرداری ببێت مرۆڤێک لە ناو دەچێت. یانی هەم بە جۆرێک وابەستەی بووە و هەم بە جۆرێکیش هەست دەکات بووە بە بارگرانی بەسەرییەوە. یانی بە جۆرێک هەندێک کات مرۆڤ لە دوو ڕێگەیەکدا دەوەستێت و نازانێت چی بکات، بەڵام بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، کاتێکیش بێدەنگی هەڵدەبژێرێت خۆی دەبێت باجەکەی بدات، کە پەیداکردنی پارەیە بۆ کەسێک تا بژی، گەر قسەش بکات و لە ماڵ دەری بکات دەزانێت مرۆڤێک لە ناو دەچێت، چونکە ئیمیلیان بە کەڵکی ئەوە نایەت هیچی لە گەڵدا بگوترێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئیمیلیان دوو پانتۆڵی لێ دەدزێت و نکۆڵیش دەکات کە نەیبردووە، بەڵام ئاستافی دەزانێت بردوویەتی و بێدەنگ دەبێت، ئیمیلیان بەو کارەی ئازاری ویژدان ڕووی تێدەکات و چەند ڕۆژێک سزای خۆی دەدات و ناخواتەوە، چەند ڕۆژێک بێدەنگ دەبێت، نادوێت، چەند ڕۆژێک لەسەر پلیکانەکان دەنوێت و نایەتە ژوورەوە، چەند ڕۆژێک خۆی دەخواتەوە و بیر دەکاتەوە، بەڵام ئازاری ویژدان لێی ناگەڕێت چونکە کارێکی نەشیاوی کردووە و کەسێک جێگەی بۆ کردووەتەوە و دزیشی لێ کردووە تا خواردنەوە بکڕێت. ئیمیلیان بەوە سزای خۆی دەدات تا لە ماڵ بڕواتە دەرەوە و خواردن نەخوات و لە بەر سەرما بخەوێت، بەڵام ئەوەش بە ڕەوای خۆی نابینێت و دێتەوە بۆ لای ئاستافی بەڵام کارێکی لە خۆی کردووە کە خەریکە گیان لە دەست دەدات. چەند ڕۆژێک پێش مردنی بێدەنگ دەبێت و لە ئاستافی دەڕوانێت تا ڕۆژێک دەڵێت ”من پانتۆڵەکانم بردووە، بەڵام لە بری ئەوە پاڵتۆکەم بفرۆشە و پارەکەی ببە” و ئیدی گیان لە دەست دەدات.

 لە کۆتاییدا مرۆڤ زۆر کات نازانێت چی بکات و چۆن بژێت و کەسانی تریش چۆن داوەری لە ژیانی بدەن، یانی هەندێک حاڵەت هەن نازانیت بڵێی تاوانبارە یان بێتاوان، جێگەی بەزەییە یان جێگەی ستاییش، شایەنی مانەوەیە یان دەرکردن. دۆستۆیڤسکی زۆر کات باسی ژیان و حاڵەتی کەسانێک بە جۆرێک دەکات، دەتوەستێنێت و وشکت دەکات و دەبێت زیاتر لە زۆر بیر بکەیتەوە کە ئایا بۆچی ئەم مرۆڤانە وا دەژین؟ بۆچی حاڵیان بەم شێوەیە؟ ئایا چی دەبێت مرۆڤێک بیر بکاتەوە و بە باشی بژی و لەسەر شەقامەکان نەبێت و لەسەر حسابی کەس نەژی؟ یان کە مرۆڤێک پیرە و حاڵی شڕە و ناتوانێت دەست بەسەر ژیانی خۆیدا بگرێت و دواجار کەسێک جێگەی دەکاتەوە و بە هەموو حاڵەتەکانییەوە لێی ڕازییە و توانای دەستبەردا بوونی نییە. مرۆڤ هەمیشە وەک ژوورێکی تاریک وایە و تا زیاتر بەرەو ژوورەوە بڕۆیت و ژووری زیاتر ببینیت و ڕووناکی لێ بەیت و بە ڕوونی بیبینیت ئەوکات دەزانیت مرۆڤ بوونەوەرێکە هەزارەها ڕەفتار و خووی جیاواز لە خۆی دەگرێت و تێگەیشتنی تەواو لە مرۆڤێک ئەستەمە.

ئاستافی ئیمیلیان ناو دەنێت دزێکی ڕاستگۆ.

Darya Salah, Dostoevsky, Fyodor Dostoevsky,