کتێب وەک فریادڕەسێک لە دیستۆپیاکەی برادبێری‌دا

دیدی من
ڕێزان فەتاح

ڕۆمانی فەهرەنهایت٤٥١، ڕۆمانێکی خەیاڵی زانستییە، نوسەری ئەمریکی ڕەی برادبێری لە ساڵی ١٩٥٣ نووسیویەتی، براوەی چەندان خەڵاتە، هەر لە چیرۆکی ڕۆمانەکەوە فیلمێکیش بە هەمان ناو بەرهەم هێنراوە.

ساڵی ٢٠١٤، ئەو کاتەی ناوەندی غەزەلنووس ئەم ڕۆمانەی بە وەرگێڕانێکی جوان لە لایەن سەیوان محەمەد بڵاو کردەوە، ڕۆمانەکەم دەست خست و خوێندمەوە، جێی سەرنج و لێوردبوونەوە بوو، قسە لە دوو جیهانی جیاواز دەکات، ئەویش جیهانی کتێب و جیهانی میدیایە.

بەر لە هەر شتێک ئەگەر تیشک بخەینە سەر ناونیشانەکەی، دەبینین کە دەستەواژەی فەهرەنهایت ٤٥١ دەستەواژەیەکی زانستییە و بریتییە لەو پلەگەرمییەی کە کاغەز تێیدا دەسووتێت. ناوەرۆکەکەیشی بەدەر نییە لە چەمک و دەستەواژەی زانستی، کە بە زمانێکی ئەدەبی و سادە داڕێژراوە، لە هەندێک شوێنیش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و خاڵی دەبێتەوە لە هەر ئاماژەیەکی زانستی. لە سێ بەش پێک هاتووە، بریتین لە ئاگردان و سەلەمەندەر، بێژنگ و لم، سووتان بە گڕێکی شین.

برادبێری لەبارەی جیهانێکی گریمانەکراوەوە دەدوێت، کە میدیا زاڵ دەبێت بەسەر پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، هەروەها ئەو دونیا تەکنەلۆژی و زەمەنە خێرایەی بە هۆی پێشکەوتن و زانستەوە دێتە کایەوە، پێشبینییەکانی خۆی لە ڕێی کارەکتەرەکانیەوە دەخاتە ڕوو، داهاتووی کۆمەڵگەیەکمان پیشان دەدات بەبێ بوونی کتێب. شارێکی دیستۆپیا بەدی دەهێنێت، شارێک کە ناو و ناونیشانی دیار نییە و زەمەنی داهاتووە، دەمانباتە ناو ئەو جیهانەی کە کتێب وەک مەترسییەک دەبینرێت، هەرچییەک پەیوەندیی بە کتێب و نووسین هەبێت دەسووتێنرێت لە لایەن تاقمێک کە پێیان دەڵێن ئاگرکوژینەوەکان. ئەو کەسانەی کە هەڵدەستن بە سووتاندنی کتێبەکان، نووسەر وەک ئاگرکوژێنەوە وێنایان دەکات. کاری ئاگرکوژێنەوە لای هەموان ڕوون و ئاشکرایە، بریتییە لە کوژاندنەوەی ئاگر، بەڵام لەوێدا کارەکە پێچەوانە دەبێتەوە، واتە کاری سەرەکیی پیاوانی ئاگرکوژێنەوە دەبێتە ئاگرکردنەوە، لەبری ئەوەی ببن بە ئاگرکوژێنەوە، دەبن بە ئاگرکەرەوە. ئەمە وێناکردنێکی جوان و قووڵە، ئەگەر بە دیوێکی تر لێکدانەوەی بۆ بکەین دەتوانین بڵێین بە نەمانی کتێب ئاگری جەهل و نەزانین هەڵدەگیرسێت، هیچ کەس قوتار نابێت، کە ئەم ئاگرەش بڵێسەی دا کوژاندنەوەی سەخت دەبێت، هەروەها بەکارهێنانی چەمکی ئاگر وەک سیمبولێک، هەروەک چۆن ئاگر سوتێنەر و لەناوبەرە، بە هەمان شێوە لە تواناشیدا هەیە گەرمی و ڕووناکی ببەخشێت، کە بۆ هەردوو مەبەستەکە بەکار هاتووە.

fahrenheit451

لەم شارە پێشبینیکراوەدا میدیا بە چەشنێک دەست دەگرێت بەسەر ژیان، وای لێ دێت دیوارەکانیش دەبن بە دیواری تەلەفزیۆنی و ئاژەڵەکانیش دەبن بە ئاژەڵی میکانیکی، تا دەگاتە ئاستی بیرکردنەوە و بڕیاردان لەبری مرۆڤ. ئا لێرەدا نەک تەنیا کتێب، بەڵکو مرۆڤیش ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە و هیچ شتێکی نامێنێت کە پێی بگوترێت ژیانی تایبەتی، هەموو شتێکی لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵدا دەبێت، دەستەوەستانی و شپرەزەیی دەگاتە ترۆپک، بەم شێوەیە تاکێکی بێڕۆڵ و بەتاڵ لە هەموو جۆرە ڕۆحییەت و هەستێک کە سیمبولی مرۆڤبوونیەتی دروست دەبێت، کەچی لەگەڵ ئەم هەموو وێرانییەشدا کەس نایەوێت ڕیتمی ئەو ژیانە چەقبەستوو و ئامێرئاسایە بگۆڕێت. ئەوان چێژ لەو تەمبەڵی و بێڕۆحییە دەبینن و بەو شێوازەی ژیانکردنە ڕاهاتوون، ترسیان لە بچووکترین جووڵە و گۆڕانکاریی هەیە، بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی دیوارە تەلەفزیۆنییەکان زیاتر دەکەن.

ئەم بارودۆخەش بە هۆی نەمانی ئیرادەی خوێندنەوەو زاڵبوونی میدیا و تەکنەلۆژیایە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە یەکەوە هەیە و هۆکاریی سەرەکیی وێرانبونی هەر کۆمەڵگەیەکن. سەرباری میدیا و تەکنەلۆژیا سستیی ڕۆڵی خوێنەران و نووسەران لە پارێزگاریکردن و بەردەوامیدان بە خوێندنەوە بە ڕوونی لە ڕۆمانەکەدا دەرکەوتووە. ئەوان هیچ هەڵوێستێکی بەرگریکارانە و بەرهەڵستییەک نانوێنن لە بەرامبەر ئەو هەڕەشە و مەترسییە گەورەیەی ڕووبەڕووی کتێب بووەتەوە، ئەمە دەیسەلمێنێت خوێنەران خۆیان هۆکارێکن لە هاتنەکایەی دۆخێکی وەها و هەر ئەوانن دەتوانن درێژە بە پڕۆسەی خوێندنەوە بدەن و ببنە قەڵغانی پاراستن، بەڵام لەوێدا کەمتەرخەمن. یەکێک لە کارەکتەرەکان کە ڕۆڵی خوێنەرێکی شێلگیر و بێدەنگ دەبینێت بە ناوی فابەر، دان بەو ڕاستییە دەنێت و خۆی بە تاوانبار دەزانێت بەرامبەر کتێب و سووتاندنی.

زاڵێتیی میدیا وای کردووە کەس تاقەتی ئەوەی نەبێت لاپەرەکانی کتێب هەڵبداتەوە و بیخوێنێتەوە، ئاشکرایە ئەوەی دەست بداتە کتێب و بخوێنێتەوە کاریگەریی لەسەر بەجێ دەهێڵێت، چونکە خوێندنەوە کلیلی دەرگە داخراوەکەی کتێبە، کاتێک کتێب بریتی بێت لە تۆماری ئەزموونەکانی مرۆڤ، ئەوا بۆ ئەوەی شارەزای ئەم ئەزموونانە بین و کەڵکی لێ وەربگرین، پێویستیمان بە خوێندنەوەیە. بەڵام ئەگەر پڕۆسەی خوێندنەوە ئەنجام نەدرێت ئەوا هەرچەندەی کتێب و نووسەری چاک هەبن ئامانجی خۆیان ناپێکن، واتە تا خوێنەر نەبێت کتێب بە تەنیا هیچی لە دەست نایەت لە هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە.

برادبێری دەیەوێت بڵێت ئەم پڕۆسەی سوتاندن و ناشیرینکردنی دونیای کتێب و فراوانکردنی دونیای میدیایی بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە لایەن خودی دەسەڵات و حکومەتەوە رێک خراوە، سیستەمێک دەیەوێت لە ڕێی فەراهەمکردنی ژیانێکی مۆدێرنانە مرۆڤ کۆیلە بکات. دەکرێت بڵێین ئامانج تەنیا لەناوبردنی کتێب نییە، بەڵکو دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی خودی زەینی مرۆڤ و سستکردنی ئیرادەی خوێندنەوەیەتی، دروستکردنی تاکێکی بێئاگاو ناهۆشیارە، چونکە خوێندنەوەی کتێب مرۆڤی خاوەنهەڵوێست و هۆشمەند پێدەگەیەنێت، تاکێکی سەربەخۆ و تەندروست پەروەردە دەکات، کە لەسەر نادادیی کۆمەڵایەتی و زەوتکردنی ماف و پێداویستییەکانی بێتە دەنگ، ئەمەش بە زیانی حکومەت و دەسەڵات دەشکێتەوە. زۆرینەی دەسەڵاتەکانی دونیا لە هۆشیاریی کۆمەڵگە دەترسن، بۆیە لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات هەوڵی لەناوبردنی ئامڕازەکانی هۆشیاربونەوە دەدەن، کە کتێب یەکێکە لەوان. ئاخر هەمیشە تاکێکی خوێنەر و تاکێکی ئاسایی (مەبەست لە ئاسایی ئەو تاکەیە کە ناخوێنێتەوە) جیاوازییەکانیان بە زەقی لە هەڵسوکەوت و مامەڵەکردندا ڕەنگ دەداتەوە. لە لایەکی تریشەوە ئامانج بازرگانیکردنە، چونکە دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان لە ڕێی سەرمایەدارییەوە خزمەتی خۆیان دەکەن، بە تەکنەلۆژیا و میدیای جۆربەجۆر و پەخشکردنی ڕیکلام، پەرە بە لایەنی سەرمایەدارییان دەدەن و مرۆڤ دوور دەخەنەوە لە واتا بنەڕەتییەکانی ژیان.

راستە ئەو کۆمەڵگەیەی برادبێری باسی دەکات وێرانە و بە تەواوی کەوتووەتە چنگی تەکنەلۆژیاوە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین تروسکایی ئومێد لە چاوی کارەکتەرەکاندا دەدرەوشێتەوە؛ کاتێک پاڵەوانی رۆمانەکە، مۆنتاگ، کە دوو ڕووداو ئاڕاستەی ژیانی دەگۆڕن، بەو هۆیەوە چەندان کتێب حەشار دەدات لە ماوەی پرۆسەی سووتاندنی کتێبدا، ئەم دوو ڕووداوە دەبنە پاڵنەرێک بۆ بیرکردنەوەی. دەڵێت: ”دەبێت کتێب شتێکی تێدا بێت، شتێک کە بە خەیاڵی ئێمەدا نایەت، شتێک وا لە ژنێک بکات لە خانوویەکی گڕگرتوودا بمێنێتەوە، دەبێت شتێک هەبێت، هەر وا و لە خۆڕایی لە ناو ئاگردا نامێنیتەوە” ل: ٧٦. سەرئەنجام ڕۆژێک بڕیار دەدات یەکێک لە کتێبەکان بخوێنێتەوە و ئەمەش دەبێتە خاڵی گۆڕانکاری و دووبارەگەڕانەوە بۆ ناو دونیای کتێب دوای تەمەنێک کارکردن و سووتاندنی کتێب، کەچی کتێب و خوێندنەوە وەک یارمەتیدەر و ڕزگارکەر دەبینێت و بە فریادڕەسی دۆخی نالەباری کۆمەڵگەی دادەنێت، دەڵێت ”نازانم، هەموو شتێکمان هەیە کە بۆ خۆشحاڵبوون پێویستمانە، بەڵام خۆشحاڵ نین. شتێک دیار نییە، تەماشای دەوروبەرم کرد. تەنیا شتێک بە دڵنیایییەوە دەزانم لە دەست چووە، ئەو کتێبانەیە کە لە ماوەی دە دوازدە ساڵی ڕابردوودا سوتاندوومن. بۆیە پێم وایە ڕەنگە کتێب یارمەتیمان بدات” ل: ١١٥. هەروەها لە بەشی کۆتادا کاتێک کەسایەتییەکان دەبن بە خودی کتێب و بەرگی کتێب و ناونیشانی کتێبەکان هەڵدەگرن: ”ئێمە جگە لە بەرگی کتێبەکان هیچی تر نین، جگە لەوە هیچ گرنگییەکمان نییە.” ل: ٢٠٥. هیچ گومانێک بۆ تاوانباربوون لە کەسایەتیی ئەواندا نامێنێت، ئەوان خۆیان دەدەنە دەستی چاوەڕوانی، چاوەڕوانن، چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی جەنگ، کەسیش نازانێت ئاخۆ ئەو جەنگە کەی کۆتایی دێت. ”کە جەنگ کۆتایی هات، ڕەنگە سوودێکمان بۆ دونیا هەبێت.” ل: ٢٠٤. ”کە جەنگ کۆتایی هات، ئەو کاتە کتێبەکان جارێکی تر دەنووسرێنەوە.” ل: ٢٠٥.

بەڵێ، نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا، هەر مەبەستی پپیشاندانی جیهانێکی دیستیۆپیایی و زاڵی میدیا و تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو ویستی سەرەکی بریتییە لە خستنەڕووی واقیعییەتێک دەشێت ڕووبەڕووی هەر کۆمەڵگەیەک ببیتەوە، جەنگێک ئەگەری ڕوودانی هەیە، ئەویش کاڵبونەوەی کلتووری خوێندنەوە و لەناوبردنی کتێب و سڕکردنی زەین و خەیاڵی مرۆڤ و کۆیلەکردنیەتی.