مارا/ ساد و پیتەر بروک، بەشی دووەم و کۆتایی

دیدی من

دانا ڕەئوف

مارا – ساد و پیتەر بروک

 بروک لە دەسپێکی پرۆژەکەوە، بڕیاری ئەوە ئەدات کە سەر شانۆ و پانتایی نەمایشەکە دەبێت بە جۆرێک ئامادە بکرێت، ئەکتەرەکان، واتە (نەخۆشەکان) ی چارنتن بە شێوەیەکی سەربەست و بەبێ هیچ سنوور بۆ دانانێک، بەو شێوانەی کە خۆیان دەیانەوێت، بجوڵێنەوە. ئەمەش کاردەکاتە سەر پرۆسەی ڕیژی شانۆنامەکە.

 پرۆڤەکانی پرۆژەکەش لە شانۆنامەکەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو لە ۆرکشۆپێکەوە سەبارەت بە چەمکی (شێتیی) و جۆرەکانی شێتبوون و بێگومان هۆکارەکانیشییەوە دەست پێ دەکات. بروک لەم ڕووەوە وتوویەتی (یەکەم تاکتیکی من ئەوە بوو ڕێگە بە ئەکتەرەکان بدەم لە دونیای شێتیدا بجوڵێنەوە، سەربەست بن و هەر شتێکیان دەوێت بەبێ هیچ بەربەستێک، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ پلان بیکەن) هەنگاوی دووەمیش لە ڕێگای بنەما تەقلیدییەکانی شانۆ و لەهەمانکاتیشدا مەشقی ڕاگوزارییەوە، پاڵ بە ئەکتەرەکانەوە بنێت، وەکوو تاک ئەو یادەوەرییانەیان، یاخود ئەو حاڵەتانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵیاندا ژیاون کە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جۆرە ڕەگەزێکی شێتبوونیان لەخۆگرتووە بێتەوە یاد. بروک چەندین جار، لە شیکردنەوە و یادەوەرییەکانیدا، لە چەمکی شێتییدا ژیاوە و هەوڵی داوە، وەک ئەکتەرێک بەرجەستەی حاڵەتەکان بۆ ئەکتەرەکانی بکات، بۆ نموونە کە باسی چوار یان پێنج حاڵەتی شێتیی بۆ ئەکتەرەکانی کردووە، هەوڵی داوە ئەو ئاستە لە ڕووی پراکتیکیشەوە بدۆزێتەوە، بە تایبەتی کە چ حاڵەتێکیان زیاتر لەوانی تر لە خۆیەوە نزیکە. بەم شێوەیە بروک لەو دەروازەیەوە دەستی پێکردووە کە جۆرە حاڵەتێک لە دەوروبەر و بارودۆخە شێتێتییەکەی خۆیەوە بدۆزێتەوە و لە خۆیەوە دەست پێ بکات.

بروک بەدوای وێنەی پڕ لە جووڵەی شێتێتیدا گەڕاوە، ئەو بارو دۆخە فیزیکییەی کە لە هەڵسوکەوتی شیتەکاندا نزیک بووە، یەکێک لە ئەکتەرەکانی ئاماژەی بەوە کردووە (ئێمە بە تەواوی لەو بڕوایەدا بووین هەموومان لە کۆتاییدا شێت دەبین.)<٣٥>

بروک دواتر لە یاداشتەکانیدا بەم شێوەیە ئاماژە بەو سەرەتا چڕەی کارەکەیان ئەدات و لە هەمانکاتدا دووپاتی چەمکەکانی شێتیی لە نزیکبوونەوەی ڕۆڵەکاندا دەکات (سێ یەکی مەشقی مارا – ساد، وەکو پرۆسەیەکی دوو فاق، هانی ئەکتەرەکان و خۆیشم ئەدا، بە شێوەیەکی بەرفراوان و چڕ شت بەرهەم بهێنین، هەموو شتێک، باش و خراپ. ئەمەش زیاتر لەبەرئەوەی بابەتەکە لەسەر ئاستێکی بەرز دینامیکییەتێکی گەورە لەخۆبگرێت. بەم شێوەیەش بیروڕایەکی ئێجگار زۆری ئامادەنەکراومان کۆکردەوە. لە قۆناخی کۆتایی مەشقەکانیشماندا، کاری ئەکتەرەکان زیاتر بەرەو پانتاییە تاریکەکانی ژیانە ناوەکییە شاراوەکەی شانۆنامەکە بەڕێکەوت.)<٣٦>

marat

 بروک لە پانتاییەکی بەتاڵدا هەوڵی دامەزراندنی دیدی نەمایشەکەی دەدات، پانتاییەکی بۆش سترکتورێکی هونەری بۆ سەرەتای دیمەنەکان دروست دەکات و هەر لەو سەرەتایەوە گەشتەکەی مارا و ساد دەستپێدەکات: ئەو دیمەنە دەروازەی خانووبەرەیەکی بێ دەرگا و پەنجەرە بەرجەستە دەکات، ئەو بارستەیەش دەبێتە وێنەیەکی پراکتیزەکراوی ڕاستەوخۆی بیرۆکەی (پانتاییە بۆشەکان) کە بروک لەو سەردەمەدا بانگەشەی بۆ دەکرد. کورسییە تەختەکانی نەخۆشخانەکە، شێوازێکی ساکار و باش بەکارهێنراوی لەخۆگرتووە و بە ئاسانی بە شێوەی جۆراوجۆر بەکارهێنراون. حەوزەکەی مارا زوربەی کات لە بەشی پێشەوەی هێڵی ناوەڕاستی شانۆکەدا دانراوە، بەڵام بەردەوام توانای گوێزانەوە و جووڵاندنی هەبووە، بە تایبەتی بۆ لای ڕاستی بەشی سەرەوەی شانۆکە. حەوزەکەی مارا زیاتر گۆرانیبێژەکان و یاریزانە لێپووکئاساکان، لە ڕوانگەی چەندین جووڵانەوە، سەما و نەمایشی جۆراوجۆرەوە، گۆڕانکارییان بەسەردا هێناوە. لەهەمان لاوە بەڕێوەبەری بەندیخانە و خێزانەکەشی لەسەر شوێنێکی تایبەتی نزیک بە بەشی کۆتایی پێشەوەی تەختەی شانۆکە دادەنیشن.<٣٧>

 بروک بە تەواوی سنوورەکانی نێوان پانتاییە شانۆییەکە و خودی شانۆ لەناو شانۆدا وەلاوە دەنێت. کە بینەرانیش دێنە ژوورەوە پانتاییە بەتاڵەکە بە تەواوی کراوەیە. هەندیک لەو بینەرانەی بلیتی شوێنە باش و تایبەتییەکانی پێشەوەیان کڕیوە، دەبینن جێگاکانیان گیراوە و بە گومانەوە سەیری ئەو کەسانە دەکەن کە لە جێگاکانیان دانیشتوون. لەبری ئەوان کەسانی چڵکن، پیر و چەماوە، نەخۆش و شێت دانیشتوون، پرسیارەکەش ئەوەیە، ئەوانە ئەکتەرن، یان خەڵکانێکی ترن و بەر لەوان بە هەر شێوەیەک بووە هاتوونەتە ژوورەوە و لە جێگاکانی ئەوان دانیشتوون، بینەران پارەیان داوە و هەر زوو لەگەڵ ئەو خەڵکە سەیر و سەمەرەیە دەکەونە دەمەقاڵێ، تا لە دواجاردا ئەو کەسانە، بە ناڕەزایەتییەوە ناچار دەبن جێگاکانیان بۆ بینەران چۆڵ بکەن و بە بێزارییەوە بچنە سەر تەختەی شانۆکە و جێگاکانی خۆیان ئامادە بکەن. لەو پانتاییەدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان بینەران و زیندانییەکانی نەخۆشخانەی چارنتن دا نابینرێت، بەڵکو ژووری ئەکتەرەکان، جێگا و ژووری بینەرانیشە. پانتایی شانۆکە، لە هەموو لایەکەوە و بە شێوەیەکی چونیەک لەژێر تیشکی ڕووناکییدا بووە. هیچ پەردەیەک لەنێوان بینەران و شانۆ و ئەکتەرەکاندا نەبووە. شوێنی دانیشتنی بینەرانیش بە درێژایی کاتی نەمایشەکە، هەروەک سەر شانۆکە ڕووناک کراوەتەوە.

 ئەم تەکنیکە دواتر لە پرۆژەی US (ئێمە و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا) بە شێوەیەکی تری هەمەلایەنە پەرە دەسەنێت. بروک لەم ڕووەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و دەڵێت (پێتەر ڤایس تەنها شانۆیەکی سەراپاگیر بەکارناهێنێت، بەڵکو ئەو بیرۆکەیەش بەکاردەهێنێت، کە هەموو توخمەکانی تەختەی شانۆ لە خزمەتی شانۆییەکەیدا بێت. هێزی شانۆنامەکەش تەنها ناگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی شێوازە جۆراوجۆرەکان، بەڵکو زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی ئەو قەیرانەی لە بەرەنجامی پێکداچوونی ئەو شێوازە دژانەدا ڕووئەدات. هەموو شتێک بەهۆی دژەکەیەوە لە جێگای خۆیدا دانراوە، جیددی لە رێگای کۆمیدیاوە، پایە بەرزەکان لە ڕێگای چەمکەکانی هونەرێکی میللییەوە، ئەدەبێکی باڵا لە ڕیگای شتە نزم و بازاڕییەکانەوە، ڕۆشنبیریش لە ڕێگای جەستەوە. بێگومان ئەمانەش بەهۆی وێنەکانی شانۆ و توانای تەختەی شانۆوە ژیانیان بەبەردا دەکرێت.)<٣٨>

peter-brook-at-home-in-19-004

  مارا، کۆردی و هاوکێشە مێژووییەکە

بروک لە ڕووداوە مێژووییەکانەوە، لە فاکتەرە ڕاستەقینەکانی ئەو ڕۆژگارە و بارودۆخی ڕووداوەکانەوە چارەسەرێکی هونەری بۆ ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی کۆردی و کوشتنی مارا ئەدۆزێتەوە و لە دیدێکی هونەری و بیرێکی ڕێژییەوە، مێژوو دەبەستێتەوە بە کات و رۆژگاری نەمایشەکە و مەسەلە سیاسییەکانیشەوە. لەلای بروک کۆردی مارا ناکوژێت. لەکاتێکدا کۆردی لە سەردانی سێیەمیدا خەنجەرەکەی دەستی بە شێوەیەکی نادڵنیا بە ڕووی سنگە ڕووتەکەی مارادا بەرز دەکاتەوە، مارا خۆی خەنجەرەکە لە دەستی کۆردی ڕادەپسکێنێت و دەیخاتە سەر سنگی خۆی. لەهەمانکاتدا، وەک کاردانەوەیەکی ئەو گەمە شانۆییەی چارنتن، لێپوکەکان ڕەنگی ڕەش لە سەتڵەکانەوە دەڕێژن، ئەمەش وەکوو هێمایەک بۆ ئەوەی کە مارا قایلە   بمرێت. کۆردی سێ جار لە دەرگا ئەدات و لە سەردانی سێیەمدا، لە سێیەم جاردا مارا دەکوژێت، ئەمەش لە ڕووی مێژووییەوە تەواو نەبووە. خۆی هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ ئەوەی ڕێگا لەو مردنە بگرێت.

 بروک هەرچەندە لێرەدا مێژوو دەگێڕێتەوە، بەڵام لە دیدێکی هونەری، لە بنەماکانی شانۆی ناو شانۆ، لە سترکتورە دەوڵەمەندەکەی دەقەکەی پێتەر ڤایس و لە مامەڵەکردنێکی جیاوازی هونەری نواندن و دۆزینەوەی جۆرە شێتییەک، بە تایبەتی لەلای کۆردی و ئەو نەخۆشییەی کە تووشی هاتووە (خەولێکەوتن) ڕێگایەکی دۆزیوەتەوە کە زیاتر نزیکە لە شانۆیەکی فیزیکییەوە.

 بروک، کۆردی تووشی نەخۆشی خەولێکەوتنێکی هەمیشەیی دەکات. ئەمەش وایکردووە کە لە هەندێک شوێندا بە تەواوی وشەکانی بەدەم خەونەوە لێ بزر بێت. بەم شێوەیەش وتەکانی خۆی لەبیرچۆتەوە و لەسەر شانۆکە خەوی لێکەوتووە، ساد وەک ڕیژیسۆری نەمایشەکە ناچاربووە، کە بەردەوام خەبەری بکاتەوە و بیخاتەوە ناو ڕووداوەکان.

 چەقی ڕووداوەکانی شانۆنامەکەش کوشتنی مارا – یە لەلایەن کۆردییەوە، کۆردی کە لە سەردانی سێیەمیدا دەیەوێت مارا بکوژێت، هەموو کردارەکە، بە جوڵەیەکی خاو (سلۆمۆشن) بەرجەستەی جوڵەیەکی فیزیکیی و خەونەئامێز دەکات و هەموو شتەکان لە چاوتروکانێکدا ڕووئەدەن.

15073318_1184894391605192_5215524378448922280_n

 بروک ڕووداوەکانی دەقەکە دەکاتە هێزێکی بەرجەستەکراوی فیزیکی، ئەم شێوازە فیزیکییە توندوتیژە بە باشی لە جلوبەرگ و کەرەستە بەکارهێنراوەکانی کارەکتەری شێتەکان و گۆرانیبێژەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە.  بەگشتی، زمانی جەستە و وێنە شانۆییەکان لایەنێکی گرینگ و وزەیەکی دیار و ئاشکرای نەمایشەکە پێکدەهێنێت. هەست و سۆز دەبنە کۆمەڵێک وێنەی کۆنکرێتی. وشە لەو تابلۆیەدا بەرجەستەی کۆمەڵێ جوڵەی ئێستاتیکی و فیزیکی دەکات. ئەم وێنە پڕ لە وزە و جەستە هەژێنراوە، بە تایبەتی لە دوا ساتەکانی کۆتایی نەمایشەکەدا، دەگاتە ئاستێکی گوزارشتئاسای بەرز. لەو تابلۆیەدا کارەکتەری شێتەکان یاخی دەبن، یاخی بوون و تێکئاڵانێکی سێکسئامێز، دەروازەیەک بۆ بارودۆخێکی توندوتیژی شێتەکان دەکاتەوە. ئەو توندوتیژییە ڕووبەڕووی بینەرانیش دەبێتەوە.

 لەو ڕووبەرە کراوە و فراوانەدا، هیچ سنوورێک بینەران و کارەکتەرەکان (شێتەکان) لە یەکتری جیاناکاتەوە، بەڵکو سینۆگرافیا و دیدی ڕیژی بروک، پانتایی شانۆکە، لەژێر ڕووناکییەکی بەهێزی سەرچاوەکانی رووناکیدا، بە هۆڵی دانیشتنی بینەرانەوە دەبەستێتەوە. لەو ڕابوونە توندوتیژەی شێتەکاندا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە هیچی بۆ ناکرێت، بەڵکو هەڵدێت و خۆی لەناو بینەراندا دەشارێتەوە، تەنانەت پاسەوانەکانیش بە گۆپاڵ و دارەکانی دەستییانەوە توانای دەست بەسەردا گرتن و دامرکاندنەوەی ڕابوونی شێتەکانیان نابێت. دوای هەڵهاتنی ئەوانیش تەکنیککار و کرێکارانی پشتەوەی شانۆ ناچار دەبن ئەو شاڵاوە توندوتیژەی شێتەکان و نەمایشەکەش ڕابگرن، بەڵام نەمایشەکە بەوە کۆتایی نایەت، بەڵکو دیمەنەکە بەوە کۆتایی دێت کە شێتەکان کەلوپەل، جلوبەرگ و قژە دەسکردەکانیان فرێدەدەن، دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە ئەمە تەنها شانۆیە، دوای ئەوە چەپڵەڕێزانی بینەران بە چەپڵەیەکی گاڵتەئامێزی ئەکتەرەکان دەوەستێنرێت.

photograph-by-douglas-h-jeffery_crop

ئێستاتیکا و دیدی ڕیژی

دیدی ڕیژی و پراکتیزەکردنی چەمکەکانی سینۆگرافیا و ئامادەکردنی مۆسیقا، ڕۆڵێکی گەورە لە دیاریکردنی پەیوەندییە هونەرییەکاندا دەگێڕن، پرۆسەی ئەو پەیوەندییەش یەکە فیکری، ئێستاتیکی و دیدە ئەزموونگەرییەکەی پرۆژەکە دەکاتە دەستپێکی پتەوی پێودانگە هونەرییەکان. بۆ نموونە بەکارهێنانی کۆمەڵێ هێمای بەرجەستەکراو لە داڕشتە ئاوێزانبووەکانی مارا – ساد دا دەبێتە ئاماژەیەکی سیمۆلۆژی و سترکتورە هونەرییەکان لە وێنە شانۆییەکاندا پێکدەهێنێت: کۆمەڵێ بارستەی شێوە پەنجەرەیی، بە جۆرێکی بازنەیی لە نێوەڕاستی پانتایی شانۆکەدا دانراوە، بەشەکانی ئەو دیکۆرە بازنەییە لە فۆرمێکی سێگۆشەیی پێکەوە لکاودا، شانۆیەکی خڕیان لە ناوەڕاستی شانۆکەدا دروست کردووە. نەمایشێکی گەورەی وێنەیی بەم بەشانە دروست دەبێت، هەندێک جار نەخۆشەکان لە ناویدان، هەندێک جاری تر بە تەواوی لە ژێریدا خۆیان دەشارنەوە و بزر دەبن، هەندێک جاریش تەنها سەریان بە دەرەوە دەبێت. ئەمە جگە لەوەی ئەو بارستانە لە کاتی پێویستدا، بە پێوە ڕادەگیرێن، یان پێکەوە بازنەیەک لە چەشنی شورایەک دروست دەکەن. لە کۆتاییشدا دەبنە بەندیخانە. هەروەها ئەو بارستە سێگۆشەییانە پێکەوە فۆرمێکی ئێستاتیکی بزۆزیان لەخۆگرتووە، دەبنە بازنەیەک، بە شێوەیەک گوزارشت لە بزاڤێکی گەردوونی لەنێوان هێزەکانی بوون و نەبووندا بەرجەستە دەکەن، ئەمە جگە لەوەی ئەو بارستە سێگۆشەییانە بە ئاسانی لادەبرێن. لەژێر بارستەی هەر بەشێکیشدا چاڵێکی تایبەت هەیە، ئەم چاڵانە دەبنە گۆڕی بەکۆمەڵ، بەندیخانەیەکی توندوتیژ کە بە ئاسانی لەکاتی پێویستدا شێتەکان بە زەبری هێز تیایدا بەند دەکرێن، یان شوێنێک بۆ داڵدە و کڕکەوتنی کاتی نەخۆشەکان. لەم دەروازەیەوە یاساکانی تاوان و سزای کۆمەڵگای ڕۆژئاوا، دەبێتە ئاوێنەیەکی بەرجەستەکراوی مێژوویەکی توندوتیژی مرۆڤایەتی . خاتوو (گونیلا ڤایس) کە سینۆگرافیای نەمایشەکەی و دیسان جلوبەرگی ئەکتەرەکانی کردووە، دەڵێت (ئەو چاڵ و بارستە بازنەییە لە دووتوێی خەونێکی دۆزەخئاسای خۆمەوە سەرچاوەی گرتووە) هەروەها خاتوو گونیلا ڤایس لە وەڵامی پرسیارێکی ترمدا، گووتی (ڕۆژانی مەشق و پرۆسەی دامەزراندنی نەمایشەکە دوورودرێژ بوو، ئەمەش ئەو بوارەی بۆ من ڕەخساندبوو، هەموو ڕۆژێک، دوای ئەوەی گرفتە تەکنیکییەکانی خۆمم سەبارەت بە سینۆگرافیا و جلوبەرگ چارەسەر دەکرد، بەشداری کاری پرۆڤەکانیشم دەکرد. ئەمە جگە لەوەی دوای هەموو ڕۆژێکی درێژی مەشق و پرۆڤەکان، پیتەر بروک و هەموو بەشدارانی پرۆژەکە، نزیکەی کاتژمێرێک گفتوگۆیان لەسەر مەشق و کارەکانی ئەو ڕۆژە دەکرد، بیری نوێ، پێشنیار و گۆڕانکارییەکانیان دەخستە ڕوو. ئەوانەی کە بە لامانەوە چاک بوایە، تاقی دەکرانەوە، پەسەند دەکران یان هەڵدەگیران بۆ ڕۆژی دوایی. لەکاتی خودی پرۆڤەکانیشدا، بە هەموو شێوەیەک، هەموو جۆرە گفتوگۆیەک قەدەغە بوو.)<٣٩>

 بورک هەر لە سەرەتاوە بەو مۆسیقایە قایل نابێت، کە بۆ نەمایشەکەی بەرلین دانرابوو، بەڵکو داوای مۆسیقایەکی تر و تایبەتمەندی نەمایشەکەی خۆی دەکات. ئەو مۆسیقا نوێیەش یەکسەر لەگەڵ ڕۆژانی مەشق و پرۆڤەکاندا نووسراوە. R.C.Peasly ی کۆمپۆسیتۆری مۆسیقی ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ و سەرلەنوێ مۆسیقایەکی تر بۆ نەمایشەکەی بروک لە لەندەن دادەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ڕۆژێک ئامادەی مەشق و پرۆسەی خوڵقاندن و بنیاتنانی نەمایشەکە دەبێت. ئەم کۆمپۆسیتۆرە لەگەڵ بروک و جووڵانەوەی ئەکتەرەکان و دروستکردنی دیمەن و بەکارهێنانی کەلوپەلەکانیان مۆسیقاکەی ڕێک خستووە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەکتەرەکان ئاوازی گۆرانییەکانی داناوە. بەم شێوەیەش بووە بە بەشێک لە پرۆسەی کارەکە.

 خاتوو گونیلا ڤایس دەڵێت (Peasly ی کۆمپۆسیتۆر بە هاوکاری ئەکتەرەکان توانی ئەو ڕیتمە لە مۆسیقاکەیدا بدۆزێتەوە، کە لەگەڵ ئەوان و دەقەکەدا دەگونجان، هەروەها Adrian Mitchel ی شاعیریش بەردەوام ئامادەی ڕۆژانی مەشق و پرۆڤەکان دەبوو، ئەویش بە بەشداریکردنێکی بەتین و پڕ لە وزە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپۆسیتۆرەکەدا، بێگومان بە بەشداری ئەکتەرەکان و بروک، بە تێکستەکاندا دەچۆوە و گەر پێویست بوایە گۆڕانکاری تێدا دەکردن، دایدەڕشتنەوە و ڕێکی دەخستنەوە.)<٤٠>

2010-08-560

  بە فیلمکردنی مارا – ساد

بروک بە نەمایشی مارا – ساد دەرگایەکی تر بەڕووی دید و تێڕوانین و ئەزموونەکانی شانۆدا دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی چەمکەکانی شانۆی ئەزموونگەرییش، لەڕووی تیۆر و پراکتیکەوە دەگەیەنێتە ئاستێکی تر و قووڵبوونەوەیەکی هەمەلایەن. مارا – ساد لە لەندەن، پاریس و نیۆیۆرک بە سەرکەوتنێکی گەورەوە پێشکەش دەکرێت، بە پیرەوەچوونێکی چاوەڕواننەکراوی بینەران، چەمکەکانی شانۆی ئەزموونگەری، بازاڕ و سیاسەتی شانۆکانی ئەوکاتەی ڕۆژئاوا دەگۆڕێت. ئەم سەرکەوتنە وا لە بروک دەکات کە نەمایشەکە بکاتە فیلمێکی سینەماییش. ئەم هونەرمەندە لەمبارەیەوە گوتوویەتی (لە فیلمەکەدا وێنەی ئەوەم گرتووە کە چاو دەیبینێت. ئەم پرۆسەیە لەسەر شانۆ بە پێچەوانەوەیە، بەڵکو لەبری چاوێک هەزار کەس بە دوو چاوەوە دەڕواننە نەمایشەکە، بەڵام لەهەمانکاتدا، هەر هەمووشیان ڕووبەڕووی تێڕوانینێکی گشتی دەبنەوە.)<٤١>

 فیلمەکە بە هەمان سەرکەوتنەوە لە زوربەی هۆڵی سینەما تایبەتیەکان و کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی وڵاتە ئەوروپییەکانەوە بڵاودەکرێتەوە. خاتوو گونیلا ڤایس کە وەکو سینۆگراف لە فیلمەکەشدا کاریکردووە، لەمبارەیەوە بە منی گووت (بۆ فیلمەکە دیوارێکم لەلای چەپی سینۆگرافیاکەدا لابردووە، بۆ ئەوەی کامێرا و ڕووناکی بتوانن بە سەربەستی کار بکەن. لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەشدا کە لە وێنەگرتنی فیلمەکەدا کراوە، دەکرێت فیلمەکە بە دۆکیومینتێکی باشی هەردوو نەمایشەکەی لەندەن و نیویۆرک دابنرێت. دیمەنی کۆتایی لە فیلمەکەدا بە تەواوی شێوەیەکی تایبەت و سەربەخۆی جیاواز لە نەمایشە شانۆییەکان وەردەگرێت. لە فیلمەکەدا دیوارێکی شیشی پەنجەرەئاسا، هەروەک بەندیخانە، پانتایی شانۆ و هۆڵی بینەران لێکجیادەکاتەوە. لە شانۆییەکەدا، کە شێتەکان بە شێوەیەکی تووڕە لە هەڵچوونێکی دەروونیدا، هێرش دەکەنە سەر بینەران، دیوارە ئاسنینە پەنجەرەئاساکە، بۆ ئەوەی ڕێیان لێبگرێت، دێتە خوارەوە. بەڵام لە فیلمەکەدا لەبری ئەوە بە دیوارە پەنجەرەئاساکە، چارەسەر کراوە.)

تێبینی: ئەم بابەتە لە کتێبی (پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا)ەوە وەرگیراوە