بینەر و شانۆ: سێ خاڵ دەربارەی شانۆیی مارا/سادی بەرهەمی کۆڕی شانۆی با

دیدی من

شانۆیی: مارا/ساد

نووسەر: پیتەر ڤاییس
بەرهەم: کۆڕی شانۆی با

دەرهێنەر: هیوا فایەق

بینەر: حەمە قادر

یەکەم: دەبێت پیرۆزبایى لە هیوا فایەق بکەین، نەک تەنیا لەبەر مارا/ساد، بەڵکو لەبەر ئینتخاب. لە زەمەن و شوێنێکدا کە هونەرمەندان بەردەوام لە نێوان پارە و هونەر، ئۆفیس و ستەیجدا دەکەونە بەردەم دووڕیان. هەڵبژاردنەوەى هونەر و ستەیج هەمیشە پیرۆزبایى دەوێت. مارا/ساد بەرهەمى ئەو ئینتخابەیە، ئەو یەکلابوونەوە مەترسیدارەى کە وا دیارە هیچ کەس، تەنانەت هاوکۆڕەکانى هیوا فایەقیش ناتوانن و نایانەوێت بیکەن. ئینتخابێک کە ئەگەر هەبێت هەمیشە شتێک زیاتر لە بەرهەمى هونەرییش دەوەستێت. بە هەمان شێوە کە شانۆیی ساڵى سفر بەر لەوەى حیکایەتى ئێمە بێت، حیکایەتى شوان کەریم خۆیەتى، بڵیتکڕی هانۆڤەرسلێمانى و مارا/سادیش بەر لەوەى حیکایەتى ئێمە بێت، حیکایەتى دەرهێنەر خۆیەتى.

15109585_1191792724248692_5882649079903424374_n

دووەم: لە دەقى پیتەر ڤایسدا، نازانم بۆچى دەبێ مارکیز دى ساد و ژان پۆڵ مارا بکرێنەوە بە گژ یەکدا. شۆڕش لە جەمعیترین و ماکرۆترین ئاستیدا، دواجار هەر ئینتخابێکى فەردییە و ئینتخابییە فەردییەکان دەبنەوە بە کردەى جەمعى. وەڵامى هاوڕێیەکم (ئاوات پووری) بۆ ئەم پرسیارەم کە تا ئاستێک قەناعەتپێکەر بوو، ئەمەیە کە ڤایس دەیەوێت ساد وەک تاکەکەسێکى ئینقلابى (کەسێک کە دەرفەتى ئەوەى نادرێتێ بیرکردنەوەى خۆى ڕەوانەى ئینتخابێکى جەمعیتر بکات) ئەم جارە دەرفەتى قسەى دەدرێتێ و لە بەردەم شۆڕشێکدا کە سەرى خواردووە، مافى سنگدەڕپەڕاندن و گوتاردان و قسەى دەدرێتێ. بەڵام ڤایس هەق بە مارا دەدات یان ساد؟ پرسیارێکە بۆ هەموان، پرسیارێک کە زۆر جار لە خۆدزینەوەى موئەلیفەوە دێت بۆ لابەلابوونەوە و دووبارەکردنەوەى ئەوەى کە “هەموان ڕاست دەکەن”، “ڕەنگە کەس ڕاست نەکات”، “کەس نازانێت ڕاستى لاى کێیە” و چەند دێڕێکى لەم جۆرە، کە ئەخیرەن ڕێژەگەراییەکى پۆست‌مۆدێڕنیستى بەرهەم دەهێنێتەوە. خۆدزینەوە لە حوکمدان، ئەگەرچى وەک دروستکردنى مەودایەک ئارامهێنەر دەردەکەوێت (کەسێک کە حوکم نادات هیچ نادۆڕێنێت و کەسێک کە هیچ نادۆڕێنێت هەموو شتێک دەباتەوە و کەسێک کە بیەوێت بێ دۆڕاندن هەموو شتێک بباتەوە، دڕندەترین کەسەکانن)، بەڵام جۆرێک ترسنۆکی ئەنتى سادیشى تێدایە. ساد خۆى بەرهەمى ئینتخاب بوو، ئینتخابێک کە بەرەو نزیک سی ساڵ زیندان بردى. لەم نێوەندەدا ڤایس لە کوێیە؟ لە بەینى مارا و ساد؟ هەروەها ئەگەر پرسیارەکە زیاتر بکشێنین، ئەى هیوا فایەق لە کوێیە؟ کەسێک کە دەیەوێت شانۆنامەیەک دەقاودەق بخاتەوە سەر شانۆ لە کوێیە؟ ئەو لە دەر-هێنان-دایە، بەڵام ئایا دەر-هێنان، کردەیەکى بێلایەنانەیە؟

15129647_1191813747579923_8506955974330754871_o

دەتوانىت لە یوتیوب سێرچ بکەیت و چەندین دەرهێنانى گەورەوگرانى مارا/ساد ببینى، دەتوانى. بەڵام ئەوەى سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەى دەقێک بۆ نماییش دەکاتەوە پێویستى لاى کەسێک، دوورکەوتنەوەیە لە بێلایەنى (نەک لەبەر ئەوەى لە ئێستامان دەدوێت، تەقریبەن شاکارە ئەدەبییەکان هەموویان لە هەموو زەمەنێک دەدوێن) و کردنى دەرهێنانە بە کردەیەکى ڕادیکاڵ. کردنى میزانسن و کۆمپۆزشنە بە کردەیەکى سیاسى و ئەمەش دیسانەوە ناوەڕۆک دەکاتەوە قوربانى فۆڕم، فۆڕمێک کە لە خۆیدا ناوەڕۆکیشە. بەڵام دەرهێنەر لانیکەم لە ئاستێکدا ئینتخابێکى خۆى کردووە، ئەوەى لە بەرهەمى ڤایسدا گرنگە بەخشینى سەر ستیجە بە ساد، ساد خۆى خراوەتە ژێر ستەیج، هەمیشە و لە مێژوودا خراوەتەوە ژێر شوێنى پیشاندان. نەک هەرئەمەش بەڵکو کردنى ساد بە دەرهێنەر (لانیکەم دواى چەند دەرهێنەرێکى تری ناو دەقەکە) خۆى کردەیەکى ڕادیکاڵ.  بەڵام بۆچى ساد لە کاتى دەستدرێژیدا دەخرێتەوە ژێر ستەیج؟ دەستدرێژى، ساتێکى سادییانە، کە نیشاندانەوەى بە ئاشکرا تەنیا وەفایەکە بۆ ڕۆحى ساد، ڕۆحێک کە ڕەنگە تەنیا پیشاندانی بوێت، واتە لێگەڕێی لە زیندانەکەى بێتە دەر و لە سەر ستەیج و بە ئاشکرا و لە ژێر ڕووناکیدا کارى خۆى بکات. بۆچى هیوا فایەق لە کاتى دەستدرێژیدا ساد دەباتەوە ژێر ستەیج؟ پرسیارێک کە وەڵامەکەى ئاسانە؟ قبووڵنەکردنى ئەکتەر، کەسوکارى ئەکتەر، قبووڵنەکردنى کۆمەڵگە، وەستاندنى نماییش و … هەر شتێکى تر. بەڵام ئەگەر ساتێک بوەستین، بە ڕاستى ساد چییە جگە لەم ڕیسک و مەترسییە؟! لانیکەم بۆ ئێمە لە ئێستادا کەسێکى پاڵتۆ لەبەر نییە، بۆرژوایەکى فەڕەنسى نییە، بەڵکو ڕۆحى ڕیسک و مەترسییە، ڕیسکێک کە دەرهێنەر نایەوێت بیکات، ناتوانێت بیکات و بەم جۆرە مارا/سادى هیوا فایەق دەبێتەوە بە نماییشێکى موحافیزکار. شانۆییەک کە گرنگییەکەى نەک بەردەوام بیرخستنەوەى برێشتییانە بۆ هاوچەرخبوون لەگەڵ ئێمە ( کە زۆر جار زیاد لە پێویستە)، بەڵکو وەفاداربوونە بە ڕۆحى پیشاندان و نەشاردنەوە، کە هەمان ڕۆحى سادییە. داى دەخەن؟ با دای بخەن. توڕە دەبن؟ با ببن. قبووڵى ناکەن؟ با نەیکەن.

سێیەم: ڕەنگى دیکۆر و خستنەپاڵى دوو ڕەنگى شینى کاڵ و سەوزى کاڵ، دژە لەگەڵ فەزاى سادۆمازۆخیستى نماییشەکە. بۆچى ئەو پەڕۆ سوورە لەبرى ساد، لە ملى مارادایە و بۆچى لایتى شینى مۆرباو (وەک ڕەنگێکى سارد) هەڵبژێردراوە بۆ فەزایەکى پڕتەنگەژەى ئینقلابى و خوێناوى و سادۆمازۆخیستی؟ تەئکیدى زۆر لە سەر سپى (بەو بارگە ڕەمزییەى هەیەتى) لەم نماییشە خوێناوییەدا کە ساد دەری هێناوە، دروستە؟ ساد دەرى هێناوە؟ بەڵێ، ڕەنگە باشترین نماییشى مارا/ساد ئەوە بێت دەرهێنەر بە خێرایى خۆى ون بکات و لێگەڕێ ساد دەری بهێنێت، چونکە لانیکەم ڕەنگە ساد لە ئێستادا مافى ئەوەى هەبێت لە سەر ستەیج نماییشێک دەربهێنێت. ڕەنگە ڤایس‌یش تەنیا ئەمەى ویستبێت.