November 22, 2017

DidiMn Logo

چیرۆک: قاوه‌ی سوێر

لە لایەن دیدی من 12 months لەمەوبەر

بەختیار حەمەسوور

کە گەیشتینە ترافیک،‌ گڵۆپەکە سوور بوو. منداڵەکان لە هەردوو لاوە تێمان ئاڵان. بە کلێنکس، بنێشت و فڵچەکێشان بە جامەکاندا. سەیرمان کردن و سەیریان کردین. «دیسان هاتنەوە.» سەیری دەکردم کە گوتی. بۆی پێکەنیم. منداڵێک ئاوپرژێنی جامەکەی منی کرد، دیمەنی دەرەوە ئیتر نەدەبینرا. کە پانیی دەمی فڵچە جارێک پرژەکانی ڕاماڵی، دەموچاوی دەرکەوت: ڕەشتاڵە و ڕووشاو. کە جاری دووەم فڵچەکە پرژەکانی ڕاماڵی، مل و یەخەی دەرکەوتن: بۆر و ‌خڕ، چڵکنیش. جامەکانی دادانەوە. جزدانەکەی دەرهێنا و سەیری کردم. «ئەوەیش بۆ خاتری تۆ کە خۆشت دەوێن.» بەس پێکەنیم. جامەکانی بەرز کردنەوە. منداڵەکان هەر دەم و دەستیان دەجووڵان و دەنگیان نەدەبیسترا ئیتر. ڕادیۆی کردەوە. مووزیک بەناو ئوتومبێلەکەدا پەخش بوو. گۆڕی. دەنگێک، کە بۆنی دووری و دەریای لێ دەهات، لە شوێنێک گۆرانی دەگوت. ڕایگرت. دەیزانی حەزم لێیەتی. لەبەر خۆمەوە چەند جار گوتبووم و چەند جاریش بە دزییەوە لە پشت دەرگاکان گوێی بۆ گرتبووم.

ماڵ تا فەرمانگە، سێ ترافیک و چەند شەقامێکی خواری پڕ چاڵ و کەند و بیست خولەکێکیش ڕێیە. لەوێ، لەو بینا کۆنە، لە بەشی تۆمار دەوام دەکەم. مەسەلەن ئەگەر شەقام چۆڵ بێت و ترافیک ڕێکوپێک، ڕەنگە لە کاتی خۆیدا بگەین، بەڵام دۆخی شەقام لە شاردا و لە هەشت بۆ هەشت و نیوی بەیانی، قەت ئاسایی نییە، چەندیش زوو هەستیت، بە پەلە نان بخۆیت و خۆیشت بگۆڕیت. جاران، وەک هەر ژنێک، لە هەر کوێیەک، درەنگ ئامادە دەبووم. ئێستا پێچەوانە بووەتەوە. لە ئوتومبێلدا چاوەڕوان دەبوو، تا پەتی ئارامیی دەپچڕا و دەستی بە هۆڕن‌لێدان دەکرد. پەیتاپەیتا.

ئۆتومبێلەکان لە دواوە دەست بە هۆڕن‌لێدان دەکەن. پەیتاپەیتا. گڵۆپەکە سەوز بووە. «باشە باش.» و دەکەوینەوە ڕێ. گۆرانییەکە تەواو دەبێت. دەیگۆڕێت. «بەیانی باش»ـە. کچێک لەسەر هێڵە: «سەرەتا بەیانی باش لە ئێوە و گوێگران…» تەماشام دەکات: «بەیانی باش جوانترین ژنی دنیا.» بۆی پێدەکەنم. دەمەوێت بڵێم: «بەیانی باش باشترین پیاوی دنیا.» نایڵێم. مەسەلە ئەوە نییە نەمەوێت، نا. دەیگۆڕێت. «فەرموون ئێوە و پێشبینیی کەشوهەوای ئەمڕۆ» لە جامەکەی لای خۆیەوە لە ئاسمان دەڕوانێت: «دیارە ئیتر، ئەرک مەکێشە.» و دەیگۆڕێت. «گەر دەتەوێت بە ئاسانترین و خێراترین ڕێگە پەیوەندیی بە خۆشەویستانتەوە بکەیت…» کزی دەکات. «ئاسانترین و خێراترین ڕێگە بۆ پەیوەندییکردن بە تۆوە، پێکەنینەکەتە.» بۆی پێدەکەنم. هەڵبەت بۆ ئەو. لەم چوارچێوەیەدا و بۆ هەمیشە.

باڵەخانە نزم و بەرزەکان دەبڕین. تاکوتەرا خەڵک دەبینرێن؛ خێرا و سەرداخستوو جادە دەبڕن. لێرەولەوێ دەدوێت. لە بینا هێشتا تەواونەبووەکان. لە دیزاین و شێوازی کارکردنیان. «وەک ئەوەی تاپۆیان بە ناوی تۆوە بێت!» بەیانییەک پێم گوت. کە دەدوێت، هەر دەڵێی وتار دەدات: «بە بۆچوونی من قۆقزیی پێش بینا زیادە، مەسەلەن ئەگەر تەخت بێت دەتوانن بە درێژی و پانیی نێوچەوانی بیناکە ڕیکلام هەڵبواسن و…» ئوتومبێلەکان تێمان دەپەڕێنن. یەک ‌یەک و دوو دوو. «قاتی یەکەم ئەگەر بکرێت بە مۆدێلات و بابەتی ڕۆژ، قاتی دوو بۆ شتی مارکە و بابەتە دەگمەن و دانسقەکان، قاتی سێیش بۆ کافێ و ڕیستۆرانت، دڵنیام قازانجی خۆی نازانێت.» خەڵکان لەنێو ئوتومبێلەکانیانەوە تەماشامان دەکەن و پێدەکەنن.

جارێک گوتم: «هەر گلەیی لە من دەکەیت، خۆت چی.» «خۆم چی؟» «بە خێراییی کیسەڵ دەڕۆیت. ناکرێت کەمێک خێراتر.» نەیدەبیست. قەت ڕیتمی لێخوڕینی خۆی تێک نادات. ئەوجارەیش کە بە ڕێوە بووین بۆ گوند، شەقام لە بەردەممان ڕاخراو و چۆڵ بوو. لە بەهارمان دەڕوانی و سەوزایی. نەمزانی، لە کوێوە و چۆن. وەک داڕمانی شاخێک بەسەرماندا. زرمەیەک و وەرسووڕان بەرەو چاڵێکی قووڵ. تەواو. دواتر کە لەسەر تەختێک درێژیان کردم و بە دەورمدا ڕیزیان بەست، گوێم لێبوو باسیان لە پانی و چۆڵیی شەقام و ئەو شتانە دەکرد و دەیانگوت، لەو کاتانەدا پیاو جامی لای خۆی دەکاتەوە و هەوایەکی فێنک دێتە ژوورەوە و کەیف دەکات، ئێ ئیتر، ڕەنگە گۆرانییەکیش لە هەوای ئوتومبێلدا بێت و بچێت و خەیاڵی پیاو بۆ دوور ببات، دەی دەیبات، هەر لەو کاتانەدایە پیاو پێی پێدا دەنێت و دەفڕێت. چوزانم، لەو قسانە. دەمویست لەسەر تەخت کێل ببمەوە و بڵێم نا. ڕاست نین ئەو قسانە. دەمویست باسی هەموو بەیانییەکان بکەم. هەر قسەیان دەکرد و منیش لەو شوێنە تەنگ و ساردەدا، ڕووت و ڕاکشاو لەسەر تەختێکی یەکنەفەریی، هێواش‌هێواش لە دنیا دادەبڕام و زیادتر هەستم بە سووکەڵەیی جەستەم دەکرد.

منداڵێتی لە گوند و نزیک زەریا و درەختەکان بوو. دواوە بۆم، لە گوند و منداڵانی گوند، لە زەریا و ماسی و درەختەکان.

لەبەر خۆیەوە ئەو ئاوازە دەڵێت کە من پێم خۆشە. زوو زوویش سەری دێنێتە پێش و دڵنیام دەکاتەوە لەگەڵ باشترین شۆفێردا سەرکەوتووم و پێش وادەی خۆی دەمگەیەنێتە شوێنی مەبەست. لە دڵنیایی ئەو دڵنیام. قەت دوودڵ نەبووم و نیم. بەیانییەک پێم گوت. دەستی لەسەر گێڕەکە بوو. دەستیم گرت. عاشقی پەنجەکانی بووم. نەمگوت قەت. چەند جار ماچم کردوون و نەمگوتووە. دوای هەر ماچێک تەماشای کردووم. دەیویست زار بکاتەوە و بڵێت، نەمدەهێشت، دەمزانی، بە چاوەکانیدا. دەمگوت مەیڵێ. هەموو شەو، بەیانی و ئێوارە، هەر دەرفەتێک کە دەبوو، دەیگوت. دەمگوت: «هەندێک شت نابێت بگوترێن، جوانییان لە نەگوتنیاندایە.»

هەشت و شازدە خولەکە، لە سەعاتەکەی دەستیدا.

بەیانی، کە لە ئوتومبێلدا دانیشتبووم، یان بڵێم وەک هەمیشە دانرابووم، هات و لە پێشەوەی ڕوانی. «دەقەیەک.» گوتی و دابەزی. دە خولەک تێپەڕی و نەهاتەوە. هاتەوە. پێدەکەنی: «فەردەیەک پێڵاوی تاکەوتاک بوو لەوسەری کۆڵان.» تەماشای کردم. «خەمت نەبێت.» سەعاتی بۆ ڕاگرتم: هەشت و یازدە خولەک. «لە کاتی خۆیدا دەتگەیەنم. وەعد.» خۆی بەستەوە. سلفی لێدا. «بەم بەیانییە، چ زەوقێکە!» لە کۆڵان دەرچووین. «بەس تۆ خەمت نەبێت. لە کاتی خۆیدا دەگەیت.» کەوتینە سەر شەقامی گشتی. «فەردەیەکی تریش، هەر مەترێک ئەولا کەوتبوو، ئەویش پڕبوو. دڵنیام تاکی یەک بوون. هەموویان.»

گرفتی نییە. کارگە نۆ دەکەوێتە کار. بەیانییەک چووم. «دەچیتەوە ماڵ کە چی بکەی؟» ڕاستی دەگوت. درەنگ کەوتبووم. نەدەکرا بچمە فەرمانگە. گوتم باش. چارەکێک لە شار دوورکەوتینەوە و گەیشتین؛ کرێکارەکانیش. خەواڵوو و تووڕە. لە پاس یەک ‌یەک کە دابەزین، ماندووێتیی ڕۆژی پێشوو بە ڕووخساریانەوە دەبینرا. چووینە ئۆفیس. کرێکارەکان بە بەردەم پەنجەرەی ئۆفیسدا تێپەڕین، بە ڕیز، دەمامک و بەدلە شین. دوو دەرگای گەورە و ژەنگاویی، بە ئیشتیاوە قوتی دان. ناکاو دەنگی بەردهاڕین و گرمەی ئەو دەزگا زەبەلاحە گەیشتە ئینج بە ئینج و کەلێن بە کەلێنی ژوور و ڕاڕەوەکان. دوو ڕۆژ دواتریش، کارگە لە مێشکی مندا هەر بەردی دەهاڕی و دەیگرماند.

«تەنانەت جارێکیش نەبوو بگەینە ترافیک و سوور نەبێت.» و تەماشای پێشەوە دەکات و پاشان من. دەوەستێت؛ لە یەککاتدا ئوتومبێلەکانی لاتەنیشت و دواوە و پێشەوەیش.

منداڵەکان بە نێوان ئوتومبێلەکاندا پێچ لێ دەدەن. بە جامەکاندا دەکێشن. پێدەکەنن و پێکدا هەڵدەپژێن. چەندیش زۆرن. «ئەمانە خاوەنێک شتێکیان نییە.» بە چاو بە دوایاندا ڕا دەکات. «بێ تاپۆن.» جارێک گوتم. هەر بۆ گاڵتە. «خۆ خانوو نین خانم!» گوتی و پێکەنی. تەماشام دەکات: «ئێستایش وا دەڵێیت؟»

لە ئاوێنەی لاتەنیشت دەڕوانێت. بزەیەک تێکەڵ بە بەزەیی لەسەر لێویەتی. «هەر لەمەمان کەم بوو.» ناتوانم دیمەنی ناو ئاوێنەکە ببینم، هەروا سەیری جووڵە و بزەی لێوی دەکەم. دەستی لەسەر سوکان بەرەو قژی هەڵدەگرێت. خۆزگە بە پەنجەکانی دەخوازم، کە تێکەڵ بە تاڵەکانی دەبن و ون. بۆ ئاوێنە دەچەمێتەوە. «سەیرکە چۆن بە تەنیشت سەیارەکاندا دەڕوات. ئاخر کابرا بەو حاڵەوە چۆن دەتوانیت!» لە گوندیش پیاوێک، کە جەنگ لاقێکی بردبوو، هەبوو، ڕەنگە ئێستایش. بۆ گۆڵچنینەوە بەرەو یاڵ و دەشتەکان دەچووین و لە دوورەوە، جوانتر دیمەنی گوند و جووڵەی خەڵک دەبینران. لەگەڵ کچە بچکۆلەکەیدا قاز و قەلیان دەبردە پشت ماڵ و بە دیاریانەوە دەوەستان. دارشەق لە بنباڵ، لەناو گیا و گوڵاڵەسوورەدا، تەکانی دەدا. «ئەمانەیش بیرۆکەی وایان لایە پیاو ناچار دەکەن هەر دەست بە گیرفانیدا بکات.» بزە لێوی جێهێشتووە. بەر لەوەی کابرا بگات، ترافیک سەوز دەبێت. دەنگی هۆڕن لە دواوە بەرز دەبێتەوە. «باشە باش.»

دەکەوینەوە ڕێ.

بە پەنا قوتابخانەیەکدا تێدەپەڕین. هێندە خاو، وەختە بڵێم ئەو بەلای ئێمەدا دەڕوات. جارێک دەستی لەسەر سکم دانا و گوتی: «لێرە ناونووسی دەکەین.» چەندمانگ بوو. لە سکمدا هەستم بە بوونی دەکرد. کچ بوو، دکتۆرەکان گوتیان. دەیگوت تا دەڕواتە ژوورەوە هەر تەماشای دەکەین. دەبوو ئێستا سەری یەکێک لەو منداڵانە کە بەرز دەبێتەوە و نزم، کچەکەی ئێمە بوایە. تۆپەکان هەڵدەدرێن و دەگەڕێنەوە. ئەگەر جامەکان کرابنەوە، گوێمان لە فیکە و قاووقیژیان دەبێت. «حەتمەن وا دەکەین.» کە گوتبووم، هێشتا دەستی لەسەر سکم بوو. دەستم لەسەر دەستی دانا.

بەیانییەک، کە هێشتا لە جێخەو نەهاتبوومە دەرەوە، هات و بەتانی لەسەر لادام: «ئۆملێتم بۆ ئامادە کردوویت.» تا ئەو ساتەیش نەمدەزانی ئوملێت چییە. هەڵی گرتم بەرەو مەتبەخ. لەسەر مێز داینام. هێنای. لە تاوەدا: هێلکە، تەماتە، پیاز و بیبەری تیژ. قۆڵی هەڵکرابوون هێشتا. «کارمەندێکی تازەمان بۆ هاتووە. خواردنی وا دروست دەکات نەبێتەوە.» هەر وەستابوو و قسەی دەکرد: «دەی، بخۆ. بزانە چۆنە.» پاروویەکی بۆ کردم و خۆی خواردی. «واو! بە ژیانت خواردنی وا خۆشت نەخواردووە. دڵنیام، زۆریش.» چووبووە مەتبەخ، چەند رۆژێک. بەس تەماشای دەستی کردبوو و پرسیبووی. فێر بووبوو، چ زوو. هەموو بەیانییەک دروستی دەکات. بەشی دوو کەس. لەسەر مێز کە دادەنیشێت، هەردوو دەستی دەخاتە ژێر چەنە و تاوەیش لە بەردەمدا. بەر لەوەی دەست بە خواردنی بکات، سەر بەرز دەکاتەوە: «دە وەرە ئیتر. سارد بووەوە بێتام دەبێت ها.» بە تەنیشت تابلۆی ژنێکی سکپڕەوە (لێرەدا منیش سکم بەحاڵ بەرز بووەتەوە)، دەستم لەسەر پەرژینی باخچەیەک داناوە و بزەیەکیش لەسەر لێو، لە چوارچێوەیەکی زیرەییدا.

ڕیزێک دوکان، بەوبەری جادەوە، نیوەداخراو و نیوەکراوە، هەن. پیاوێک، مانکێنێکی نیوەڕووتی هەڵگرتووە و لەپێش دوکان دایدەنێت. تەنیشت دوکانەکان کەنێسەیەکە. یەکشەممەیەک چووین. دەزگیراندار بووین و دڵخۆش. خاچمان کێشا، مۆممان داگیرساند و دوعامان خوێند. ڕۆژێک گوتی: «خۆزگە بۆ جارێک دەگەیشتینە ئێرە و هەموویان بکرانایەتەوە.» گوتم: «ئەوەیش بوو بە کێشە!» مستی لە چەرمی سوکانەکە توند کرد: «دەمەوێت بزانم چی‌ دەفرۆشن.» لە تێپەڕیندا، تەماشای ئەوبەری جادە دەکات: «دیسان نیوەداخراو و نیوەکراوەن.»

کافێ‌شۆپێک لە بەردەممانە، هەر دەگەینە ئەو ئاستە، دەڵێت ڕۆژێک قیروسیای لێ دەکەین و لادەدەین. بیرم نییە حەزم لە قاوەخواردنەوە بووبێت. سەرەتایش کە ناسیم، لەم کافێیەوە ڕایدەکێشامە ئەو کافێ و هەر دەیگوت بۆ نایخۆیتەوە؟ تا سارد دەبووەوە، هەر تەماشایم دەکرد. گوتی: «حەکایەتێکت بۆ بکەم دەیخۆیتەوە؟» سەرم لەقاند.

کوڕێک هه‌بوو، هه‌میشه‌ دڵتەنگ، له‌گه‌ڵ کچێک تازه‌ يه‌کتريان ناسيبوو. کچه‌ بێئه‌ندازه‌ جوانبوو. ڕۆژێک پێکه‌وه‌ بڕیاریان دا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، کافێیه‌ک له‌ نزیک ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌وانی لێ ده‌ژیان، هه‌بوو، ناوی «کافێ بلوو» بوو. بۆ یەکتربینین قەراری ئەوێیان دا. کچە دەستی کوڕەی گرت، یان نا، کوڕە دەستی کچەی گرت. گەیشتن و لای پەنجەرەیەکی تەمگرتوو دانیشتن. گارسۆنەکە هاته‌ لایان: «چیتان بۆ بێنم؟» کوڕه‌ گوتی: «قاوه‌ی سوێر!» کچه‌ برۆی تێک نا و هێڵەکانی نێوچەوانی دەرکەوتن. گارسۆنەکە‌ کە هەروا سه‌ری سوڕمابوو، نەیدەزانی دەبێت چی بکات. کوڕه‌ ‌تەماشای کرد: «بۆ وەستاوی. قاوه‌مان بۆ بێنه،‌ قاوه‌ به‌ خوێوه‌!» گارسۆنەکە بەدەم داوایەکەوە چوو کە هەرگیز نەچووبوو.

کچه‌‌کە‌ پرسی: «بۆ قاوه‌ی سوێر!؟» گرژیی ڕووخساری نەمابوو ئیتر.

کوڕه‌کە گوتی: «به‌ منداڵی ماڵمان نزیک زه‌ریا بوو، کە باران دەباری، شەپۆلەکان دەگەیشتنە بن درەختەکان و تا ناوقەد تەڕ دەبوون. دەوەستاین تاکو باران خۆشی دەکردەوە، شەپۆلەکان دەگەڕانەوە و زەریایش هێمن دەبووەوە، ژێر درەختەکان پڕ دەبوون لە ماسی. کە هەڵدەبەزینەوە بریسکەیان دەهات، سرک و لووس بوون. له‌گه‌ڵ منداڵانی گوند، سەتڵ و سووزگیمان دەکرد بە قۆڵدا و ده‌چووین کۆمان دەکردنەوە.‌ دواتر پەنجەمان بەسەری زماندا دەهێنا، سوێر بوو. دەتریقاینەوە. ڕۆژانێکی خۆش بوون، ناگه‌ڕێنەوە ئیتر. ئێستا ده‌مه‌وێت یه‌که‌م ژوانی ئه‌ڤینداریم، به‌ یادی سوێریی ‌جارانه‌وه‌ بێت.» کچه‌ بۆ ساتێک،‌ هەورێک جوانییەکەی داپۆشی.

کوڕە بە لەپی دەست کەمێک شووشە تەمگرتووەکەی سڕی: پیرەژنێک و سەگێکی سپیی تیسکن دەچوونە شوێنێک.

پاش ماوه‌یه‌ک، دوو لاوه‌که‌ بوون به‌ هاوسه‌ری یه‌کتر. ئیدی کچه‌ هه‌مووکات قاوه‌ی سوێری بۆ مێرده‌که‌ی ئامادە ده‌کرد. ساڵان تێپه‌ڕین، پێکەوە پیربوون و پیاوەکە بە نەخۆشییەکەوە ڕۆیشت و ژنەکەی تەنیا مایەوە. ڕۆژێک ژنەکەی بەناو یادگارییەکانی مێردەکەیدا دەگەڕا، چاوی بە دەفتەرێکی بەرگ‌سەوزی بچووک کەوت. کردیەوە. لە یەکەم پەڕەدا بە گەورەی نووسرا بوو: یادداشت. لاپەڕەکانی هەڵدایە و له‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کدا چه‌ند دێڕێکی کەم نووسرابوون، خوێندیەوە‌: «من قه‌ت حه‌زم له‌ خواردنەوەی قاوه‌ی سوێر نه‌کردووه‌، ئەسڵەن هەر حەزم لە قاوە نەبووە، چجای قاوەی سوێر! ئه‌و ڕۆژه‌ی‌ له‌ «کافێ بلوو» داوای قاوه‌ی سوێرم کرد، به‌ هۆی شڵەژان و شپرزه‌یی حاڵمه‌وه‌ بوو، ئاخر ئه‌وه‌ یه‌که‌مجار بوو له‌گه‌ڵ کچێکدا بچمه‌ ده‌ره‌وه، کچێک کە ئەوکات خۆشەویست و ئێستا ژنمە، تەنانەت منداڵێکیش لە سکیدایە و وەک هەمیشەییش هەر دێمەوە قاوەی سوێرم بۆ ئامادە دەکات‌.»

مرۆڤ له‌ پێناو خۆشه‌ویسته‌که‌یدا هه‌ر قاوه‌ی سوێر نا، گۆشتی کاڵیش ده‌خوات.

شەوان، ئەو کاتەی بڕیارە فیلمێک ببینین، دەچێتە مەتبەخ و جزوە دەخاتە سەر گاز. دەگەڕێتەوە، بە دوو کوپ قاوەی داخ لەسەر سینییەکی بچووک. شەوێک گوتم: «لەوەتەی ئەو حەکایەتەت بۆ گێڕاومەتەوە قاوەخۆرێکی سەیرم لێ دەرچووە.» کوپەکەی بە هەردوو دەست گرتبوو، گوتی: «ئەی چۆن، مرۆڤ له‌ پێناو خۆشه‌ویسته‌که‌یدا هه‌ر قاوه‌ی سوێر نا…» و قومێکی لە قاوەکە دا و داینا. «گۆشتی کاڵیش دەخوات.» فیلمەکان دەهێنێت و ناوەکانیان دەخوێنێتەوە. تا یەکێک دەدۆزێتەوە، بە دڵی من. بەر لە دەستپێکردنی فیلم، لەسەر مێزی تەنیشت تەلەفیزیۆنەکە دامدەگرێت. لە باوەشیدا جێیەک بۆ خۆم دەکەمەوە. بە لەپ شووشەی چوارچێوەکەم دەسڕێتەوە. «قەینا، پێچەوانەی ڕەوتی حەکایەتەکە، با قاوەچییەکە من بم.» وا دەڵێت. بزەم لەژێر دەستیدا نەختەنەختە دەردەکەوێت.

لە ئاوێنەی لای خۆیدا، کەمێک یەخەی کراسەکەی ڕێک دەخات.

هەر خۆی دەگۆڕێت، هەناوی دۆڵاب دێتە دەرەوە. چەند گوتوومە، سوودی نییە. دێتە هۆڵ: «چۆنم؟ لێم دێت؟» کەمێک لەولای سەعاتە چاڵمەکەوە، دەستم خستووەتە کەمەر و نیگام بۆ دوور ڕەوانە کردووە. دێتە ژووری خەو، تەماشای خۆی دەکات، لە نووکی پێ تا یەخە. سەر بەرز دەکاتەوە. «بە دڵتە، دەزانم.» لەسەر مێزی تەنیشت تەختەخەو، جانتا لە قۆڵ و بزەیەکیش لەسەر لێو، دانراوم، دیسان لە چوارچێوەیەکدا.

«ئاخ! سێ چرکە زووتر…» و ستۆپ دەگرێت، کەمێک بە پێشدا دەکەوم، بەس ناکەوم. (چەسپ کراوم) دەکێشێت بە ناوەڕاستی سوکاندا و هۆڕن لێ دەدات. دەست لا دەبات. دەزانم، بێ ئەوەی پێشەوەیش ببینم: گڵۆپەکە پرتەقاڵی و خێراییش سوور بووە. مەودا و دووری ئوتومبێلی ئێمە و تەنیشت، هێڵێکی سپی کاڵە و پچڕپچڕ. منداڵەکان بەسەریدا ڕا دەکەن و تەقە لە جامەکان هەڵدەستێنن و خەیاڵی سەرنشینەکان دەشێوێنن. کە دەچووین بۆ گوند و شار نەختەنەختە لێمان دوور دەکەوتەوە و شەقامیش پان، چۆڵ و ئارام، دەیگوت: «ترافیک و منداڵەکان کە نین شۆفێری شتێکی ترە.»

لەسەر گومەزی مزگەوتێک چەند کۆتر نیشتوونەتەوە، بە بەربوونەوەی پارچەیەک تەختە لەو نزیکانە، هەڵفڕین. دەفڕن و هەوا پڕ دەبێت لە پەڕی سپی و سوور. «چەند جوانن.» سەری نزم دەکاتەوە و تەماشایان دەکات.

حەفتانە تەنیا هەینییەکانی هەیە. ڕۆژانە هەشت سەعات کار. «زوو دەتهێنم بۆ خاتری پشووەکەی.» لە کافێیەکدا گوتی. پڕ بە کافێکە پێکەنین. بەختەوەر و بەدبەخت، هەرچی لەوێ دانیشتبوو، ئاوڕیان بۆ مێزەکەی ئێمە دایەوە. دوو حەفتە پشوومان وەرگرت، حەفتەی دووەم چووینە گوند. بەیانیان کە هەڵدەستاین، دووشمان دەکرد. نانمان دەخوارد. ماست و چا و پەنیر. دەچووینە دەشت. من بە سەبەتەیەکی بچووک و ئەویش مەتارەیەک ئاو. دەگەڕاین، تا ماندووبوون دەگەڕاین. لەسەر گیای سەوز و تەڕیش کە ڕادەکشاین، لە ڕۆیشتنی هەورەکانمان دەڕوانی. وردەوردە لە یەک نزیک دەبووینەوە، سەرم دەخستە سەر باسکی و دواتریش سینگی. کە تلمان دەخوارد، گیا و گوڵ لەژێرماندا دەپلیشانەوە.

سەری بە جامەکەوە دەنێت، لە شۆستە و خەڵک دەڕوانێت. بێ ئەوەی سەیرم بکات دەڵێت: «تەماشا!» و دەست بۆ سایدی ئەوبەر ڕادەکێشێت. چاوی تەسک دەکاتەوە. «دەستی داوەتە دەست کوڕێکی بچکۆلەی قژزەرد.» سەیرم دەکات: «قەت بیرت لە کوێرێک کردووەتەوە کە لە شەقام دەپەڕێتەوە و…» سەر داشبڵەکە ڕێک دەخات. «بیر لە چی دەکاتەوە؟» جوانتر دەیبینم و دەمبینێت. «ڕەنگە ئەو قژزەردە قسەی بۆ بکات و بڵێت، ئەم پارچەئاسنانە گوویان کردووەتە شار و شەقام. نا، ئەوە لە قسەی گەورەکان دەچێت.» و سەری لە جامەکەوە دەباتە دەرەوە. «تۆ دەڵێی چی؟» بەس پێدەکەنم. «وا پەڕینەوە.» دەنگی هۆڕن لە دواوە بەرز دەبێتەوە. «باشە باش.» و سەر دەهێنێتە ژوورەوە.

دەکەوینەوە ڕێ.

وەک هەمیشە لەسەر سایدی لاتەنیشت، سایدی خاو، ئوتومبێلەکە دەئاژووێ. با لەسەر کوشنیش دانەنیشتبم، هەر هەست بە چاڵ و خواروخێچی جادەکە دەکەم. پەنجە بە دووگمەی لای خۆیدا دەنێت؛ جامەکان نیوە دادەگرێت. هەوا دێتە ژوورەوە و لە قژی دەدات. کەروێشکە دەکات، نەرم و پڕ، پڕیش لە تاڵی سپی. کە دەچووینە سەر تەختەخەو و سەری دەخستە سەر مەمکەکانم، ئیتر پەنجەم نەدەسرەوتن، تاکو لە چەند تاڵێک دەئاڵان و ون دەبوون. ناوم نابوو «کێڵگەی گەنم» دەیگوت: «پەنجە خڕ و بچکۆلەکانت قژیان لەبن دەرهێنام کچێ.» و دەتریقاینەوە.

دەگەینە پێش فەرمانگە. بینای فەرمانگە لە جاران کۆنتر، پەرتتر و پرتووکاوترە. سەعاتەکەیم بۆ ڕادەگرێت: هەشت و بیست‌وهەشت خولەک. «مەگەر نەمگوت خەمت نەبێت.» و ئوتومبێل دەکوژێنێتەوە. تەماشام دەکات و چاوەڕوانە دابەزم. ناتوانم. من مەحکووم و دیلی چوارچێوەکانم. لە گشت شوێنێک: ناو ئوتومبێل، ژووری خەو، متبەخ، هۆڵ و… تەماشام دەکاتەوە. دەمەوێت بڵێم ئەو نیگایەت بریندارم دەکات، لایبە. دەمەوێت بڵێم پێکەنینی ناو هەموو چوارچێوەکان ساختەن و خیانەتکەر. وشەکان لە گەروومدا مەییون. سەری دەخاتە سەر سوکان. ئیتر ڕووخساری نابینم، تەنیا دەنگیەتی کە دەیبیستم. دەمەوێت لەم چوارچێوەیە بێمە دەرەوە و دەست لەسەر شانە لەرزیوەکانی دابنێم و بڵێم لێخوڕە، بۆ گوند، بۆ ژێر درەختەکان، بۆ ‌کۆکردنەوەی ماسی. ناتوانم. لەم چوارچێوەدا و بەسەر ئەم داشبڵەوە چەسپ کراوم.

ساڵانێکە.

 

 

 

سەرنج: حەکایەتی ناو ئەم چیرۆکە، حەکایەتێکە لە گەلێک وڵاتی جیاواز و بە شێوەی جیاواز گێڕاوەتەوە، لەوانە: فارس، عەرەب، توورک، ژاپۆنی و… بەڵام ئێمە لێرەدا لەگەڵ ڕەوتی چیرۆکەکەدا گونجاودوومانە.

Baxtiar Hama Sur, Galawej, Qawai Swer, Story,