کتێبی وەرە پێشەوە، مانیفێستی نوێ بۆ ژنان

دیدی منشۆڕش محەمەد

وەرە پێشەوە کە یەکێکە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەمەریکا، لە لایەن رێکخراوی ھیوا فاوندەیشن لە شاری سلێمانی کراوەتە کوردی.

وەرە پێشەوە شێریڵ ساندبێرگ نووسیویەتی، کە بەڕێوەبەری گشتیی چالاکییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکە ‌و پێشتر جێگری سەرۆکی بەشی فرۆشتنی نێودەوڵەتیی ئۆنلاین ‌و چالاکییەکانی ماڵپەری گوگڵ ‌و سەرۆکی دیوانی وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە. شێریڵ رێکخراوی لین ئنی دامەزراندووە، کە رێکخراوێکی قازانجنەویستە ‌و ھانی ژن دەدات لە ئارەزووەکانیان ‌و ئەو کارە خێرخوازییانەی کە یارمەتیی ژنان دەدەن بچنە پێشەوە.

پاسار شێرکۆ عەبدولڵا کتێبەکەی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و نیان عەبدولڵا ئەحمەد سەرۆکی رێکخراوی ھیوا فاوندەیشن، پێشەکیی چاپە کوردییەکەی نووسیوە.

نیان عەبدولڵا ئەحمەد، سەرۆکی رێکخراوی ھیوا فاوندەیشن، لەبارەی کتێبەکەوە دەڵێت: ”کوردستان لە گەشەکردن ‌و بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، بارودۆخی ژنانیش گەشەی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام تا گەیشتن بە ئامانجی یەکسانیی تەواوی ژن ‌و پیاو رێگەیەکی زۆر ماوە بیبڕین.”

ھەروەھا دەڵێت: ”ئەم کتێبە بەناوبانگە دەتوانێت ڕێنماییەکی زۆر باشمان بکات، ژنی کورد لە ئێستا ‌و لە ڕابردوودا بەشداری ‌و کاریگەریی خۆی لە مەیدانە جیاجیاکاندا سەلماندووە، لە کاتی ئەنفال ‌و کیمیاباران ‌و کۆڕەودا ژنانی کورد جار لە دوای جار توانا ‌و کاریگەریی خۆیان سەلماندووە، لە دوای راپەڕینیش ژنی کورد لە بوارەکانی وەک کارگێڕی، ئەدەبی، ھونەری، ڕاگەیاندن، ئابووری ‌و کەرتی تایبەت، سیاسەت و کۆمەڵگەی مەدەنی خۆیان سەلماندووە.

سەرۆکی رێکخراوی ھیوا فاوەندەیشن ئاماژە بەوە دەکات کە ”شێریڵ داوا دەکات ژنان ھەوڵی بەدەستھێنانی پۆستەکانی سەرکردایەتی بدەن و لەوێوە کار بکەن بۆ بەدیھێنانی یەکسانی نێوان ژن و پیاو”.

کتێبەکە لە ١١ بەش پێکھاتووە و باسی ئەوە دەکات کە چۆن ژن ببێت بە سەرکردە و ھانی ئەوەش دەدات.

 زۆربەی زۆری بابەتەکانی ناو کتێبەکە چیرۆکی ژیانی شێریڵ خۆیەتی کە دەیگێڕێتەوە و کە چۆن بووە لە کارکردن وەک ژنێک و دواتر چۆن توانیویەتی ببێت بە ژنێک کە ھەموو کەس بیناسێت.

شێریڵ لەبارەی ئەزموونی کاری خۆیەوە دەڵێت: ”من بەو بڕوایەوە چوومە مەیدانی کارەوە کە نەوەکەی من بەرپرسیارێتی و ھەلی یەکسانی دەبێت و بەو شێوەیەش بوو. ژنان زیاتر بڕوانامەی زانکۆیی بەدەست دەھێنن و بڕوانامەی باڵای زیاتر بەدەست دەھێنن و دەچنە ھەموو ئاستێکی مەیدانیی کارەوە، بەڵام لە ھەموو پیشەسازییەکدا ژنان %١٥،  %١٨ یان %٢٠ی پلە باڵاکان پێک دەھێنن. ژنان بە ھۆی زۆر شتەوە رێگرییان لێ کراوە، بە ھۆی لایەنگرییەوە، بە ھۆی نەبوونی نەرمونیانییەوە، بە ھۆی نەبوونی ھەلەوە. ئێمە خۆشمان رێگری لە خۆمان دەکەین، ناچینە سەر مێزەکە، دەستمان بەرز ناکەینەوە، دەنگمان وەک پێویست ھەڵنابڕین.

leanin
یەکەم رۆژم لە بیرە کەھاتم بۆ کۆمپانیای فەیسبووک، بە ئۆتۆمبێلەکەمەوە دەھاتم بۆ ئەم کارە تازە و سەختە، دڵنیا نەبووم بتوانم سەرکەوتوو بم، بیر لەو ھەمو ساتانە دەکەمەوە کە بڕوام بە خۆم نەبوو، ھەموو ئەو ئەرکانەی دڵنیا بووم خەریکە شکست دەھێنم، ھەمو کارەکان دڵنیا نەبووم دەتوانم ئەنجامی بدەم، بەڵام دوای ئەوەی بینیم ئەو ھەموو ژنە پاشەکشە دەکەن و پاش ئەوەی خۆمم بینی کە بە ڕاستی خەریکە پاشەکشە دەکەم لەم ھەلانە، ئەو کاتە بو کە شێوازەکەم بینی و دەستم کرد بە باسکردنی. کەس پۆستی بەڕێوەبەرێتی بەدەست ناھێنێت بەوەی لە سوچێکدا دانیشێت نەک لەسەر مێزەکە.

ئەم کتێبە بۆ ژنانە لە ھەموو تەمەنێکدا، کچە گەنجەکان کە بیر لەوە دەکەنەوە دەبێت داھاتوویان چی بێت. ئەو کەسانەی کە رەنگە مەیدانی کاریان بەجێ ھێشتبێت و بیر لە گەڕانەوە دەکەنەوە، تەنانەت بۆ ئەو کەسەش کە خۆبەخشانە کار دەکات و دەیەوێت بێتە پێشەوە و بەرەو سەرکردایەتی ھەنگاو بنێت. هاندانێکە بۆ ژنان بۆ ئەوەی بڕوایان بە خۆیان ھەبێت و یارمەتیدانیانە لە دروستکردنی جیھانێکی یەکساندا. من بڕوام وایە جیھان شوێنێکی باشتر دەبێت ئەگەر نیوەی کۆمپانیاکان و نیوەی وڵاتەکان لە لایەن ژنانەوە سەرکردایەتی بکرێن و ماڵەکانمان لە لایەن پیاوانەوە بەڕێوە ببرێن. باسەکە بریتییە لە بڕوابەخۆبوون.”

ھەر لەگەڵ لەچاپدانی کتێبەکە ڕێکخراوی ھیوا فاوەندەیشن دانیشتنێکی بۆ کتێبەکە ئەنجام دا و لەو دانیشتنەدا نزیکەی ٣٠٠ کەس بەشدارییان تێدا کرد و تا ئێستا نزیکەی ١٥٠٠ دانەی لێ دراوە بە زۆر کەس و شوێن و لایەن، ھەروەھا ژمارەیەکیشی لێ فڕۆشراوە.