من ناوم سوورە، ڕەنگینترین و گەشبینترین ڕۆمانی پاموک لە چاپێکی نوێی کوردیدا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

من ناوم سوورە شەشەم ڕۆمانی نووسەری تورک ئۆرهان پاموک‌ە، یەکەم جار ساڵی ١٩٩٨ چاپ کراوە و نووسەر بە “ڕەنگینترین و گەشبینترین ڕۆمانم” ناوی بردووە. ئەم ڕۆمانە کە چیرۆکی وەستا و هونەرمەندانی نیگارکێشی عوسمانی و ئێرانی و جیهانی ڕۆژئاوامان بۆ دەگێڕێتەوە، ژمارەیەک خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانیی بەدەست هێناوە و بۆ سەرووی ٤٠ زمان وەرگێڕدراوە. بڕیارە ئەم ڕۆمانە لە سەرەتای مانگی ١٢ی ئەمساڵ لە چوارەمین فێستیڤاڵی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سێیەم چاپی بە وەرگێڕانی کوردیی بەکر شوانی، بڵاو بکرێتەوە.

orhan-pamuk

بەکر شوانی، وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە بۆ کوردی، دەربارەی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەرانی دیدی من گوتی: “وەک لە دیوی دەرەوەی بەرگی دووەمی چاپە تورکییەکەدا هاتووە، ڕۆژنامەی فرانکفورتەر ئەلگەماینەی ئەڵمانی لە پەسنی ڕۆمانی من ناوم سوورەدا نووسیویەتی: ‘شاکارێکی شاهانە و دەوڵەمەندی ئەدەبی جیهانییە.’ ڕۆژنامەی نیوستەیمێنتی بەڕیتانییش نووسیویەتی: پێویستە هەموو کەسێک ئەم ڕۆمانە و بەرهەمەکانی تری ئۆرهان پاموک بخوێنێتەوە.”’

15178214_1387788867928770_6037455078755851781_n

گوتیشی: “من ئەم ڕۆمانەم لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەرگێڕا و هەر ئەو ساڵە لە دەزگای ئاراس لە هەولێر چاپ کرا. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ دووەم جار لە هەمان دەزگا چاپ کرایەوە و وا ئەمساڵیش بۆ جاری سێیەم لە ناوەندی و ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە چاپ کراوەتەوە.”

14972059_10210045960299431_1946478587_n 

کورتەی ڕۆمانی من ناوم سوورە

 

ڕووداوەکانی ڕۆمانی من ناوم سوورە لە نۆ ڕۆژی بەفراوی و تۆفی زستانی ساڵی ١٥٩١دا دەقەومێن؛ شەکوورەی شۆخ بە دوو کوڕی بچووکی بەردەوام  پێکدا هەڵپڕژاوەوە دەکەوێتە گەڕان بۆ دۆزینەوەی مێردێکی نوێ و خۆشەویستێک لە جێی مێردی پێشووی، چونکە چوار ساڵ بەسەر نەگەڕاوەی مێردیدا لە شەڕ تێپەڕیوە. بۆ ئەم مەبەستە، لە شوێنی خۆشاردنەوەیەوە سەیری ئەو وەستا نیگارکێشانەی کۆشکی سوڵتان دەکات، کە باوکی ئەم یەک بە یەک بۆ ماڵی خۆی بانگیان دەکات. وەستایانی نیگارکێش، ئەوانەی ڕوو لە ماڵی ئەمان دەکەن، لە ژێر کاریگەریی شێوازی فەرەنگدا نیگاری ترسناک بۆ کتێبێک دەکێشن کە سوڵتانی عوسمانی بە نهێنی و بە چاودێریی باوکی شەکوورە بە ئامادەکردنی دەدات. پاش کوژرانی یەکێک لە نیگارکێشەکان، قەرەی پوورزا و ئەڤینداری شەکوورە پەیدا دەبێت. لە ئیستەنبووڵیش، دەستەیەک لە دەوری مەلایەک گرد بوونەتەوە، لە کاتێکدا گرانی و ترس و پەلاماری ئەم دەستەیە بۆ سەر تەکیەکان باڵی بەسەر شاردا کێشاوە، وەستایانی نیگارکێش و خۆشنووسان شەوانە لە قاوەخانەیەک کۆ دەبنەوە و بەدەم گوێگرتن لە بەسەرهاتەکانی چیرۆکبێژێکی زماندرێژەوە کات بەسەر دەبەن و ڕادەبوێرن. ئەم کتێبە باس لە مردوان، زمانگرتی شتومەک، مەرگ، هونەر، ئەڤین، ژیانی هاوسەری و بەختەوەری دەکات و هەریەکەشیان بە دەنگی خۆی دەدوێت. هەمان کات شینێکی خەمگینیشە بۆ جوانییە لە بیرکراوەکانی هونەری نیگارکێشانی کۆن.

چوارەمین فێستیڤاڵی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە لە ڕێکەوتی ١-٣/١٢/٢٠١٦ لە شاری سلێمانی و ٤-٥/١٢/٢٠١٦ لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و چەندین مەراسیمی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە بڵاوبوونەوەی ٤٢ کتێب لە دوایین چاپکراوەکانی ناوەندی ناوبراو.