بەدۆکیۆمێنتکردنی سینه‌ماى کوردى: مێژووی کورد بە زمانی تورکی لە فیلمی مێگەل‌دا

دیدی من

شۆڕش محه‌مه‌د

 

یەکێک لە گرفتەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی لە سەرجەم کایە جیاوازەکاندا نەبوون یان کەمیی دۆکیۆمێنت و ئەرشیفکردنە. لە هەوڵێکی خاکەڕاییانەی خۆمدا هەوڵ دەدەم ڕەوتی فیلمسازیی کوردی دۆکیۆمێنت و ئەرشیف بکەم و هەر جارە و فیلمێکی کوردی لە تافە جیاوازەکاندا بخەمە بەر دیدی خوێنەر.

فیلم: مێگەل

سیناریۆ ‌و به‌رهه‌مهێنەر: یه‌ڵماز گۆناى

ده‌رهێنەر: زه‌کى ئۆکتان

وێنه‌گر: عیزه‌ت ئاکاى

مۆنتێر: ئۆزده‌میر ئه‌ریتان

موزیک: زولفو لیفانیللى

به‌رهه‌م: تورکیا، 1979

نواندن: تارق ئاکان، مه‌لکا دمراغی، ئیرۆل دمیرۆز، لیفانت ئانانیر، سنار کوکایا

فیلمه‌که‌ چیرۆکى خانه‌واده‌یه‌کى کورد ده‌گێڕێته‌وه،‌ که‌ له‌یه‌کێک له‌ گونده‌ کوردییه‌کانى وڵاتى تورکیا خه‌ریکى به‌خێوکردنى مه‌ڕ‌وماڵات و کشتوکاڵکردنن. پاڵه‌وانى فیلمه‌که‌ گه‌نجێکه‌ به ‌ناوى شڤان، کچى عه‌شیره‌تێکى ترى خواستووه‌ به ‌ناوى بێریڤان، که‌ له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌کدا زه‌ماوه‌نده‌که‌یان له‌پێناوى ئاشته‌وایى نێوان دوو عه‌شیره‌ت‌ و بۆ دامرکاندنه‌وه‌ى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌کى کۆن ئه‌م ژنخوازییه‌ ئه‌نجام  دراوه‌.

له ‌به‌دبه‌ختی، بێریڤان سێ جار سک ده‌کات ‌و هه‌رسێ جاره‌که‌ منداڵه‌کانى له‌بار ده‌چێت‌ و باوکى شڤان وا ده‌زانێت بووکه‌که‌ى به‌م ه‌به‌ست منداڵه‌کانى له‌بار ده‌بات‌ و به‌ بڕواى ئه‌و بێریڤان ده‌یه‌وێت تۆڵه‌یان لێ بکاته‌وه‌، به‌ڵام شڤان ڕوانینێکى ترى هه‌یه‌‌ و به ‌باوکى ده‌ڵێت: “باوکه،‌ نه‌خۆشه‌، گوناهه‌ و خودا هه‌ڵناگرێت‌ وا بیر ده‌که‌یته‌وه‌. ئایا ده‌چێته‌ عه‌قڵه‌وه‌ ژنێک به‌ ئاگایی و بۆ مه‌به‌ستێک‌ منداڵه‌کانی خۆی بکوژێ‌ت؟ باوکه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌رکردن هه‌یه، له ‌لای پزیشکی پسپۆڕ، نه‌خۆشه‌، نه‌خۆش.” به‌م شێوه‌یه‌ شڤان کاره‌که‌ ده‌بڕێنێته‌وه‌، که‌ نایه‌ڵێت‌ بێریڤان به‌ ته‌نیا بێت‌.

the-herd-suru-4

له‌گه‌ڵ له‌بارچوونى منداڵى سێیه‌میشى، بێریڤان تواناى قسه‌کردن له‌ده‌ست ده‌دات‌ و شڤانى مێردى، که‌ خاوه‌ن دڵێکى میهره‌بانه‌، تفه‌نگه‌که‌ى خۆى ده‌فرۆشێت ‌و بێریڤان ده‌بات بۆ شار بۆ ئه‌وه‌ى پزیشک چاره‌سه‌رى بکات. به‌ڵام له ‌نه‌خۆشخانه‌ ناهێڵێت پزیشکه‌که‌ پشکنینى بۆ بکات، چونکه‌ نه‌ریته‌کانى عه‌شیره‌ت ڕێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ن پیاوێکى نامۆ پشکنین بۆ ژنێک بکات ‌و پاش ماوه‌یه‌ک بێریڤان ده‌مرێت.

فیلمه‌که‌ که‌ لە ڕه‌چه‌ڵه‌کدا له‌باره‌ى ژیانى کورده‌وه‌یه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانى تورکیا رێگه‌یان نه‌دا زمانى کوردى له‌ فیلمه‌که‌ به‌کار بهێنن ‌و فیلمه‌که‌ به ‌زمانى تورکى به‌رهه‌م هێنرا. گۆناى له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ”فیلمی مێگه‌ل له‌ ڕاستیدا مێژووی گه‌لی کورده‌، به‌ڵام من ته‌نانه‌ت نه‌متوانی زمانی کوردی له‌م فیلمه‌دا به‌کار بهێنم، ئه‌گه‌ر زمانی کوردیم به‌کار بهێنایه‌، هه‌مو ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان له‌م فیلمه‌دا کردبوو ده‌خرانه‌ زیندانه‌وه‌.”

the-herd-suru-5

ته‌وه‌رێکى ترى فیلمه‌که‌ تیشکخستنه‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانکارییانه‌یه‌ که‌ شارستانییه‌ت به‌سه‌ر خێزانێکى گوندنشین ده‌یهێنێت ‌و خه‌ونى شڤان، پاڵه‌وانى فیلمه‌که‌ ده‌خاته‌ ڕوو بۆ رزگاربوون له ‌دابونه‌ریتى گوندییانه‌ى خانه‌واده‌که‌ی و هه‌وڵدانى بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ دۆخى ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌ نوێیه‌ى شارى ئه‌نقه‌ره‌ خۆى بگونجێنێت، به‌ڵام دواتر هه‌موو خه‌ونه‌کانى هه‌ڵده‌وه‌رێت ‌و ده‌خرێته‌ زیندان.

له‌و باره‌یه‌وه‌ شڤان ده‌ڵێت: ”ئه‌م ژیانه‌ که‌ڵکی گوزه‌رانی نه‌ماوه‌، له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ تراکتۆر ده‌بینرێت‌ و بست به‌ بست ده‌کێڵێ‌ و رۆژ به ‌رۆژ له‌وه‌ڕگە و پاوان که‌م ده‌کاته‌وه‌.” به‌ لای شڤان‌ه‌وه‌ ته‌نیا چاره‌ ڕه‌وکردنه‌ به‌ره‌و شار، بۆ گه‌ڕان به‌دوای کاردا، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بزانێت‌ له‌ شاردا چه‌ند یاسای ڕه‌ق و توند هەن.

the-herd-suru-6

یه‌ڵماز گۆناى، ئه‌کته‌ر ‌و نووسه‌ر ‌و ده‌رهێنه‌رێکى به‌ناوبانگى جیهانییه‌، لە  ١/٤/١٩٢٧ له‌ شارى سفیریک له‌دایک بووه‌ ‌و له‌ ٩/٩/١٩٨٤ کۆچى دوایى کردووە.

کاروانى هونه‌رىی خۆى له ‌ساڵى 1959 وه‌ک ئه‌کته‌ر ده‌ست پێ کرد ‌و له ‌114 فیلمى سینه‌مایى نواندنى کردووه ‌‌و سیناریۆى بۆ 64 فیلم نووسیوه ‌‌و له‌ نێوان ساڵانى 1966 بۆ 1983 کاری دەرهێنانی بۆ ٢٦ فیلمی سینەمایی کردووە.

the-herd-1978-film-images-360b4fae-974c-4c0a-a30f-65046c4820a

هه‌رچى زه‌کى ئۆکتان ده‌رهێنه‌رى فیلمى مێگه‌له‌، له‌دایکبووى ٤/٨/١٩٤١ی شارى ئیستەنبووڵ‌ە، له ‌نێوان ساڵانى 1963 بۆ 2006 کاری دەرهێنانی بۆ 32 فیلمى سینه‌مایى کردووە، له ‌فیلمه‌کانى ترى: فۆرگۆن 1973، حه‌سره‌ت 1974، دوژمن 1982، یوکسول 1986 و غولوم 2002.