خوێنەر و کتێب: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی نانی ڕووت

دیدی من

کتێب: نانی ڕووت

نووسەر: محەمەد شوکری

خوینەر: عەبدولڵا عالایی

ڕۆمانی نانی ڕووتی محەمەد شوکری‌م به‌ وەرگیڕانی د. نه‌جاتی عه‌بدولڵا، که‌ له‌ فەڕەنسییەوە کردوويه‌تی به‌ کوردی، خوێنده‌وه‌. ئه‌م کتێبه‌ی مه‌حه‌مه‌د شوکری، که‌ به‌شی يه‌کی سێينه‌که‌يه‌تی، جۆرێک له‌ يادداشتی که‌سێتيی  ڕۆژگاری منداڵی و نه‌وجه‌وانيیه‌تی. گێڕانه‌وه‌ بڕبڕه‌ی پشتی ڕۆمانه‌که‌يه‌. سروشتی ڕيفييه‌کانی وهڵاته‌که‌ی، زاڵێتیی باوکسالاري به‌سه‌ر ناوچەکەی، نه‌هامه‌تيی خێزانه‌که‌ی به‌ده‌ست هه‌ژارييه‌وه‌ ڕاده‌نوێنێت، کوشتنی براکه‌ی به‌ ده‌ستی باوکی له‌به‌ر هەژاری، ئارامگرتنی دايکی له‌سه‌ر باوکی، نه‌چوونه‌ خوێندنگە و فێرنه‌بوونی خوێندنه‌وه‌ و نووسين… دێته‌ سه‌ر ڕۆژگاری نه‌وجه‌واني، ڕۆژانی ئيشکردن له‌ باڕ و تياترۆخانه‌کان، پێشکه‌شکردنی ئاره‌ق و شه‌ڕاب به‌ پير و لاوان، حه‌مباڵیکردن به‌ نرخێکی زۆر که‌م بۆ به‌ڕی باوکی، فێربوونی خواردنه‌وه‌ و تليکاککێشان، نوستن و جووتبوون له‌گه‌ڵ ژنه‌ به‌ته‌مه‌ن و سۆزانييه‌ لاساره‌کان، شه‌وه‌ سووره‌کان له‌گه‌ڵ ژنی خاوه‌نکار و کاروانسه‌راکان، خه‌ياڵی سێکسیی کچی پاکيزه‌، مژينی ده‌عباکه‌ی له ‌لايه‌ن پيره‌مێردان بۆ بڕێ پاره‌، ويستی هاوڕه‌گه‌زخوازانه‌، شه‌ڕ و پێکدادانی ناو قومارخانه‌کان، دواجار که‌شی سياسيی مه‌غريب و ئيسپانييه‌کان، تيرۆرکردنی خۆپيشانده‌ران و تا دوایی.

ڕاستيی من به‌ سروشتی حاڵ، خۆشيم له‌و ئه‌ديب و ڕۆمانانه‌ نايه‌ت که‌ باوک داده‌شۆرن و ده‌يکوتنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م ڕۆمانه‌يان، که‌ ڕاشکاوی و شايه‌ديی ڕۆژگار به‌ گێڕانه‌وه‌يه‌کی ڕاستگۆيانه‌ و وێناکردنێکی ڕيالستانه‌ی ژينواری کۆمه‌ڵگه‌يه‌که‌يه‌تی، په‌لکێشی خوێندنه‌وه‌ و بگره‌ دووباره‌خوێندنه‌وه‌شت ده‌کات. ڕاستی شتێکی وای تێدا نييه‌ که‌ ئايين و شه‌ريعه‌ت بکوتێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌يه‌ گێڕانه‌وه‌يه‌کی بێپه‌رده‌يی و بێسڵکردنه‌وه‌يه‌ له‌ موقه‌ده‌سات، که‌چی به‌ فيتی ”پياوانی خودا” تا ساڵی ٢٠٠٠ خوێندنه‌وه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ی له‌ مه‌غريب و زۆرێک له‌ وه‌ڵاته‌ عەرەبییەکان قه‌ده‌غه‌ بوو، ڕۆمانه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانيش هه‌رده‌م چانسی وه‌رگێڕانيان بۆ زمانه‌کانی ديکه‌ و زووتر بڵاوبوونه‌وه‌يان زێتره‌.

بە هیوای خوێندنەوەی…