November 23, 2017

DidiMn Logo

چەمکی ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا، بەشی دووەم

لە لایەن دیدی من 12 months لەمەوبەر

دیدی من

توانا حەمە

گەلی کورد چۆن لە موزیکی ڕۆهەڵاتی و دراوسێکانی دەڕوانێت؟

 

بە بڕوای من بە هۆکاری ئەوەی کە گەلی کورد بەسەر چوار نەتەوەی دراوسێدا دابەش کراوە، خاوەنی کیان و قەوارەی دەوڵەت و سیاسیی خۆی نەبووە، هەمیشە لە ئەو وڵاتەنەی کە زەبر و زەنگ لە سەر تاکی کورد زۆر بووە، هەستی ناسیونالستیی کوردی تیایاندا بەهێز بووە و بە ئاشکرا ڕۆحی بەرەنگاری لە سەرجەم بوارەکاندا دەبینرێت، کە ئەویش لەپێناو مانەوە و خۆپارێزی و کلتوورپارێزی بووە. دواجار بە هەموو هێزێکیەوە دژایەتیی هەموو ئەو هێرشە کلتووریانە بووەتەوە کە ویستوویانە ناسنامەی کلتووری کوردی بشێوێنن. بۆیە بە بڕوای من چەمکی ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا بەرامبەر موزیکی گەلانی دراوسێ، ب تایبەت ئەو نەتەوانەی کە هەمیشە هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەی کوردیان داوە، بەردەوام بە چاوێکی ناسیونالستی لێی دەڕوانرێت و بەرهەڵستی کردووە. بۆیە لە گوتاری گەلی کورددا هەمیشە ئەوە دەبینرێت، کە ویستویەتی بڵێت ‘من کێ نیم’، وەک لەوەی زیاتر بڵێت ‘من کێم’. هەر بۆیە ئەم تێڕوانیە لە گوتاری ئەدەبیاتی کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە لە تێکستێکی سەدەی ڕابردوو شاعیر و ڕۆشنبیری کورد ئیبراهیم ئەحمەد لە بەشێکیدا دەڵێت:

”نەعەربم، نە ئێرانیم

نە تورکێکی شاخستانیم؛

نەک هەر من خۆم، مێژووش ئەڵێ

کە کوردم و کوردستانیم”

 

ئەم تێکستە لە ساڵانی ڕابردوو لە لایەن شاناز ئیبراهیم ئەحەمەدەوە ئاوازی بۆ دانراوە و لە لایەن د. عەبدولڵا جەمال سەگرمەوە کاری موزیکی بۆ کراوە. لێرەدا دەبینرێت ئەم چەمکە لە گوتارێکی

ناسیونالستیی ئەدەبیاتەوە بۆ ناو موزیکی کوردی هەنگاو دەنێت و دەیەوێت لە ڕێگەی ئەوانی دییەوە خۆی بناسێت و پێناسەی خۆی بکات. چەمکی ناسیونالستی لە موزیکی کوردیدا و بەتایبەت بەرامبەر ئەوانی دی، لە ساڵانی پەنجاکاندا زیاتر چڕ دەبێتەوە، بە نموونە کاتێک شەماڵ سائیب لە ساڵی 1958 بەداوە بە لاساییکردنەوەی دەنگی فەرید ئەترەش چەند گۆرانییەکی کوردی بە ستایلی موزیکی عەرەبی  بەرهەم هێنا، هەر زوو بەرهەمەکانی لە لایەن ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کوردی ئەو سەردەمەوە دژایەتی کرا، کە ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ هۆکاری هەستی ناسیۆنالستی و کێشەکانی نێوان نەتەوەی کورد و عەرەب لە باشووری کوردستاندا. بەڵگە لێرەدا ئەوەیە کە گۆرانییەکانی دیلان هەمان سەردەمن و موزیکی کارەکانی تەواو نامۆن بە موزیکی کوردی، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کورد گرفتی نەتەوەیی نییە لە ڕۆژئاوادا، بۆیە پێچەوانەی شەماڵ سائیب، بەرهەمەکانی دیلان جێی بایەخ بوون و پیشوازیشی لێ دەکرا.

1414646_609497532420537_535816462_n

 دواتر ئەگەر بڕوانرێتە هەندێک لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، چەمکی ئەوانی دی شێوازیکی تر دەدات بە خۆی، بۆ نموونە گۆرانیی بێ دکتۆر، کە ئەم گۆرانییە پێک دێت لە دوێتێکی زیرەک لەگەڵ کچە ئازەرییەک، کە بە هەردوو زمانی کوردی و ئازەری گوتراوە. موزیکی کوردی و ئازەری مۆرکێکی هاوبەشیان هەیە، تەنیا زمانی ئاخاوتن یان هۆنراوەکان جیاوازن. لێرەدا زیرەک دەڵیت:

”بێ دکتور دەوا و دەرمان

شێتت کردم سەرگەردان

دە وەرە دە وەرە کەژاڵ گیان

نەخۆشم بۆ تۆ بیلا،

کەی دێی دەستم بە دامان”

وەڵامی کچە ئازەرییەکە بەزمانی تورکی:

”گولدور بەنی گولدور

دەرد و نەدیر بیلدر

گولدور یەڵاه گولدور

گولدور بەنی گولدور”

ماناکەی بە کوردی:

”بمخە پیکەنین

دەردت چییە لەگەڵم پێم بڵێ

بمخە پیکەنین”

لەم بەرهەمەی زیرەکدا نموونەیەکی دی لە موزیکی ئەوانی دی خۆی وێنا دەکات و پێچەوانەی نموونەکانی دیکە، کە لەپێشدا ئاماژەم پێ دان. لەم نموونەیەدا ئەو هاوبەشییانە دەخرێنە ڕوو لە نێوان موزیکی گەلانی ڕۆژهەڵاتدا هەن، کە زۆر جار جیاوازییەکان لە نێوانیاندا زمانی ئاخاوتن و گۆرانیگوتنە، نەک ستراکچەری موزیک و ئاوازەکانیان، کە بە بەم نموونەیە دەتوانرێت بەراورد بکرێت لە نێوان موزیکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیدا و لیکچوون جیاوازییەکان بدۆزرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە موزیکی ئازەری موزیکی ئەوانی دییە، بەڵام لێرەدا بە هۆی ئەو هۆکارانەی پیشتر ئاماژەم پێ دا، چەمکی ناسیونالستی بەرهەڵستی ناکات و دەبینین گۆرانیبێژی دیاری کورد محەمەدی ماملێ، نزیکە 80 گۆرانیی ئاوازەکانی هاوبەشن لە نێوان کوردی و ئازەریدا و کەمترین کاردانەوەی ئەو هەستە هەبووە لە سەریان. لە هەمان کاتدا ماملێ وەک دیارترین گۆرانیبێژانی سەدەی ڕابردوو هەژمار دەکرێت.

ڕەسەن و ناڕەسەن

 

بە درێژایی سەدەی ڕابردوو تا دوای ڕاپەرین، گفتوگۆی نێوان هونەرمەندان و موزیسیانان ئەوە بووە ”کام گۆرانی  ڕەسەنە و کام  گۆرانی نا ڕەسەنە؟” لە ڕاستیدا تا ئێستا پێناسەیەکی تەواو بۆ ئەم وشەیە نەکراوە، بەڵام زیاتر مەبەست لە بەکارهێنانی وشەی ”ڕەسەن”، لە موزیکی کوردیدا ئەو گۆرانییە کلاسیک و کۆنانەیە کە لە لایەن گۆرانیبێژانی سەدەی ڕابردووە گوتراون، یان بە دیوێکی تردا ڕەسەن موزیکی  خۆماڵییە، کە هیچ خەوش و مۆرکێکی بێگانەی پێوە نییە. هەرچی گۆرانیی ناڕەسەنە، دەچێتە بازنەی  ئەوانی دییەوە. ئەم گفتوگۆیە لە موزیکی کوردیدا تا ئێستا بەردەوامە، لە ڕاستیدا زۆر جار ئەم وشەیە بە هەڵە بەکار دێت، چونکە مەرج نیە هەرچی کۆن بێت، ڕەسەن بێت. بۆ نموونە ئەگەر بڕوانرێتە بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی عەلی مەردان، بە هۆکاری ئەوەی کە موزیکەکانی ژەنیارانی عەرەب ژەندوویانە، مۆرکی موزیکی عەرەبییان پێوە دەبینرێت. هەروەها گۆرانیبێژی کورد مەزهەری خالقی، هەندێک لە کاری موزیکەکانی تەواو مۆرکی موزیکی فارسیان پێوە دیارە،  بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی لە ڕادیۆی تاران تۆمار کراون. دواجار بە هۆی سەرسامیی خالقی بە هونەرمەندی ئێرانی غوڵام موحسین بەنان، کاریگەریی توندی لە سەر دەنگ و موزیکی خالقی بەجێ هێشتووە. لێرەدا لای بەشێکی زۆر بەرهەمەکانی خالقی ڕەسەنترینن، ئەگەر بە و دوو دیدەی سەرەوە بێت ئەوا هەندێک لە کارەکانی ناچنە ناو خانەی ڕەسەنەوە. لێرەدا ئەم چەمکە دەکەوێتە دووڕیانێک، کە بە بڕوای من لە ئاییندەدا دەبێتە گرفت بۆ ئەو لێکۆڵینەوانەی کە دەربارەی ناسنامەی موزیکی کوردی دەکرێت، چونکە سەرئەنجامی ئەم ناڕوونیە لە بەکارهێنانی چەمکەکاندا، ئەو شوناسەی کە موزیکی کوردی دەیەوێت بۆ خۆی دروست بکات خۆی بزر دەکات. لە دوای ڕاپەرین و بە تایبەت لە ساڵی 1998 بەدواوە، ئیدی هەستی ناسیۆنالستی لە موزیکی کوردیدا گەرچی بەرپەرچی تەوژم و شەپۆلی موزیکی ئەوانی دی دەداتەوە، سەرئەنجام ناتوانرێت بەر بەو شەپۆلە بگرێت چەندین جۆر لە موزیک دێنە بوون. بۆ نموونە زەکەریا عەبدولڵا بە دامەزرێنەری ئەرەبێسکی کوردی دادەنرێت، گەرچی زۆر هەوڵ درا ئەم شەپۆلە موزیکە تورکییە نەبێتە دیاردە و بەری لێ بگیردرێت، کەچی دواجار بە هۆکاری کاریگەرییە سیاسی و بازگانی و ئابووریەکانی وڵاتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان، موزیکی تورکی بووە پێداویستییەکی باو سەردەمییانە بۆ موزیکی کوردی. لەمە بەدوا دەیان گۆرانیبێژی دی دروست بوون بە لاسایکردنەوەی موزیکی  ئەوانی دی هاتنە گۆڕەپانی موزیکی کوردی، دواجار توانیان هەوادار و گویگرێکی زۆر بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە. دواتر لە سەردەستی چەند کەسێک ویسترا هەمان ئەزموونی زەکەریا دووبارە بکەنەوە و موزیکی تەربی عەرەبی بێتە ناو موزیکی کوردی، بەڵام بە توندی لە لایەن تاکی کورد و هەستی ناسیۆنالیستییەوە بەرپەرچ درایەوە و نەیتوانی لە ناو موزیکی کوردیدا جێی خۆی بکاتەوە. کە ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو مێژووە پڕ تراژیدیایەی کە کورد لە گەڵ زمان و دەسەڵاتە سیاسییەکانی نەتەوەیی عەرەبیدا هەیبووە.

لە ئێستادا بە هۆی گەشەندنی ژیاری کۆمەڵاتیی کورد و بوونی کیانۆکەیەکی سیاسی، هەستە ناسیونالستییەکان کاڵ بوونەتەوە و دەیان فۆڕم و ژانری تر لە موزیکی ئەوانی دی لە ناو دونیای موزیکی کوردی، هەر لە موزیکی کلاسیکی ئەورووپی، تورکی، عەرەبی، تا موزیکی ڕاپ دەبینرێت و ئاوێتە بوون لەگەڵ کلتووری موزیکی کوردیدا. دواجار لە لایەن تاکی کوردەوە دوولایەنە سەیری ئەم بارە دەکرێت: هەندێک پێیان وایە پێویستە گۆرانیی کوردی ببێت بە بەشێک لە موزیکی جیهانی و هەندێکیش پێیان وایە پێویستە مۆرکی موزیکی کوردی پارێزگاریی لێ بکرێت و لەناو نەچێت. لێرەدا بە بڕوای من موزیکی کوردی ناتوانێت خۆی بپارێزێت لە شەپۆلی موزیکی ئەوانی دی، چونکە ئەمە کێشەی تەنیا گەلی کورد نییە، زۆرینەی نەتەوەکان لە ژێر هەڕەشەی بەجیهانگیریدابووندان و بەشێکی زۆر لە فەرهەنگی زمان و موزیک و ئەدەبیات و تا دوایی لەناو دەچن و کلتووری موزیک‌تەکنەلۆجی پانتاییەکی فراوان لە موزیکی نەتەوەکان داگیر دەکات. بە بڕوای من باشترین ڕێگە بۆ پاراستی فەرهەنگی موزیکی کوردی لە بز نەبوون لە ناو موزیکی ئەوانی دیدا، ئەرشیفکردن و پاراستنی ئەو فەرهەنگە موزیکییەیە کە لە ڕابردوودا هەبوون و وەک بەشێک لە میراتی ڕابردوو بپارێزرێن و بە دیجیتاڵ بکرێن. چونکە لە ئێستا دونیابینی بۆ موزیک زۆر گۆڕاوە و چەمکی ئەوانی دی و ئێمە تەواو ئاوێتە بوون، ئەمە دیاردەیەکی جیهانییە، کە زۆرسەختە بتوانرێت ڕێگری لەم دیاردە جیهانییانە بگیردرێت.

تێبینی

بۆ خوێندنەوەی بابەتی هاوشێوە، بڕوانە کتێبی چەمکی ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا، توانا حەمە، ٢٠١٤.

لە پێشەکی ینووسینی ئەم بابەتە سوودم لە کتێبی موسیقی شناسی فرھنگ مفاھیم موسیقی شناسی وەرگرتووە. بڕوانە:

  • ئەحمدی بابک، موسیقی شناسی فرھنگ مفاھیم موسیقی شناسی، چاپ اول، تھران، ١٣٨٩، ١٥٥.
  • بەشێک لەم بڕوایانە دەرئەنجامی نووسینی چەند ڵیکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیی بڵاونەکراوەمە.

 

 

Awani Di, Others, TwanaHama,