خوێنەر و کتێب: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گرگن

دیدی من

کتێب: گرگن

نووسەر: پیێر لاگەرگڤیست

خوێنەر: سۆزان عەلی

گرگن ‎گرگن ڕۆمانێکە کە باس لە سەردەمێکی کۆن دەکات، پیێر لاگەرگڤیست نوسیوویەتی و خەبات عارف لە سویدییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبە.

گرگن ئەو ڕۆمانەی کە هەر لە دەستپێکردنیەوە خوێنەر هەست بە جیاوازییەکی سەیر دەکات، بەراورد بە زۆرێک لە ڕۆمانەکانی تر، ئەویش بەوەی گێڕەرەوە و پاڵەوانی ڕۆمانەکە پێچەوانەی پاڵەوانە پاک و بێتاوان و جوانەکان، گرگنێکی چەپەڵی ڕۆحگەورەی ڕقئەستوورە، کە بەوپەڕی شانازی و بێباکییەوە باسوخواس لە پۆخڵەواتی خۆی و ڕەفتارە کارەساتئامێزەکانی دەکات. ئەم گرگنە هەستێک کە لە ژیانیدا ئەزموونی نەکردووە، هەستی خۆشویستنی ئەوی دییە، کە لە زۆر شوێندا خوێنەر بە جۆرێکی سەیر تووڕە دەکات، وا لە خوێنەر دەکا حەز بکات دەستبەرداری حەزی خوێندنەوەی چیرۆکەکەی ببێت و ئاوات بە لەناوبردنی گرگن و نەگەیشتنە کۆتایی چیرۆکەکە بخوازێت.

‎گرگن گێڕانەوەی سەردەمی پادشایەکە کە بەردەستێکی گرگنی هەیە، خواستی شەڕانگێزی ئەم گرگنە بە شێوەیەک فراوانە، تا ئەوەی سەرتاسەری وڵات بەرەو ماڵکاولی و قاتوقڕی و نەخۆشیی جۆراوجۆر دەکاتەوە و تاک بە تاکی خێزانی شاهانەش ڕووبەڕووی مەرگ دەکاتەوە. ‎ڕۆحی نەرجسیەت لە گرگندا هێند زۆرە، کە ڕێگە بە مایسترۆی نیگارکێش نادات تابلۆیەکی بکێشێت، تا هیچ کەسێک تەنانەت نەبێتە خاوەنی تابلۆیەکیش، کە لێرەدا نووسەر ماڵوێرانیەکانی پاش نەرجسیەتی لەڕادەبەدەر دەخاتە ڕوو، کە نەرجسیەت چەندە جوانە و لەڕادەبەدەر بێت چەندە قێزەونە، بەوەی لە ڕێگەی گرگنەوە تاووتوێی دەروونی مرۆڤ دەکات و پێمان دەڵێت “سەیر بکە، ئەها مرۆڤ چ شێلگیرانە خولیای بینینی ئەوانی دییە بە زەلیلی! ببینە حەزی بێ هۆ بۆ ڕسوابوونی ئەوانی دی چۆن بە ناخی مرۆڤدا ڕۆ چووە!”

هاوکات گرگن لەم ڕۆمانەدا خۆی بە شتێکی دەرەمرۆڤ و بێ شوناس دەزانێت، کە لە شوێنێکدا دەڵێت: ”تەنانەت جرجیش بەرگەی ئەوە ناگرێت کە مرۆڤ بێت.” شوناسی خۆی بە گرگن کردووە، بەڵام داخۆ گرگن لە ژێر ناوی چ جۆرێک لە زیندەوەرێکدا! هەر بە ڕاست بڵێی جۆرێکی تری بوونەوەر نەبووبێت؟! ‎بەڵام بە پشتبەستن بە خوێندنەوەی ڕابردوو و ئێستای مرۆڤ، دەتوانم بڵێم نەخێر، جۆری تر نەبوو، هەر مرۆڤ بوو، چون ئەو هەموو خراپەکاری و بێئامانییە تەنیا لە شانوشەوکەتی مرۆڤ وەشاوەتەوە و دەوەشێتەوە.