له‌باره‌ی کتێبی ئیتر له‌ ده‌رگا نادات پۆسته‌چی

 

دیدی من

 

حەمە مەنتک

کتێبێک کە دەروونناسانە دەدوێت

نامە بە چەشنێک لە چەشنەکانی پەخشانی هونەری دادەنرێت، تەنانەت هەندێک لە شیعری نزیک دەکەنەوە. ئین تەباتەبا نامە بە قەسیدەیەکی ئازادکراو دادەنێت. کەواتە نامەش (بەتایبەت نامەی ئەدەبی) بنەمای خۆی هەیە، بۆیە نووسەرانیش پتر خۆیان بە لایەنی هونەری و هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی جوان خۆیان خەریک دەکەن. ئەوەی من دەمەوێت لێرە بەرباسی بدەم، پەیڤین نییە لەبارەی ئەدەبیاتی نامەوە، بەڵکو سرنجدانە لەسەر هەندێک لایەنی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجیی نووسەری کورد لە نامەکانی ناو کتێبی ئیتر لە دەرگا نادات پۆستەچی لە ئامادەکردنی بوشرا کەسنەزانی.

بۆ نۆڕین لە نامەکان، دەبێت باری سیاسی، کۆمەڵایەتی و هزریی سەردەمی نامەکەی تێدا نووسراوە لەبەرچاو بگرین. بە واتەیەکی دیکە، هەریەک لەو لایەنانە کاریگەرییان لەسەر نووسەر و ڕۆشنبیران هەیە. ئایا ئێمە چۆن بزانین هەر نووسەرێک لە سەردەمی خۆیدا بیرکردنەوە و هەڵوێستی لەباری سیاسی، کۆمەڵایەتی، هزری و تا دوایی چۆن بووە؟ بێگومان کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترش.  لە لایەکی دیکە، لە هاوڕێیەکی بپرسیت، ڕەنگە پێیدا هەڵبڵێت، لە دوژمنی بپرسیت، ئەویش بە باری خەراپە باسی دەکات.

چارە؟

بوشرا کەسنەزانی ڕێیەکی وەهای دۆزیەوە، کە ڕەنگە زۆربەی خوێنەران بڵێن، ئەوە تەنێ کۆکردنەوەی نامەیە. بە بڕوای من نەخێر! ئەوەی بوشرا کردوویەتی، لێکۆڵینەوەیەکی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجییە لەبارەی نووسەرانی کورد. لە ڕێی ئەم نامانەوە، دەروون و بیرکردنەوەی نووسەری کوردی پیشان دا، چونکە هەر وشە و ڕستەیەکی ناو نامەکان، کۆمەڵێک دەلالەتی دەروونی و کۆمەڵایەتییان لە پشتە. لەو نامانەدا ڕووی ڕاستەقینەی نووسەرەکان دەرکەوتووە، جا چ بە لایەنی جوانی، یان ناشیرینی بێت. من یەک بەبارە خۆم، گەلێک نووسەر هەبوون، وام دەزانی وەختی خۆی شۆڕەسواری مەیدانێک بووە، کەچی لە ڕێی وشەی نامەکانییەوە زانیم ئەمن سەهووم.

هەموو نامەکان، کۆمەڵێ ڕەهەندیان بە بارە دەروونییەکەیدا هەیە؛ نووسەرەکانمان لە ناو نامەکانیشدا هێندە شەرمنانە دەردەکەون، تەنانەت لە هەندێک نامەکان وشە و ڕستەی هێندە جوان دەردەکەون، کەچی لە واقعدا شتێکی دیکە دەبینیت.

ئەم لێکۆڵینەوەیەی بوشرا کۆمەکی باشی ئێمە دەکات، بەو واتایەی شارەزای سەردەمێک دەبین، کە تێیدا نەژیاوین، سەردەمێک ڕەنگە نەزانین ڕۆشنبیرانمان چۆن ژیاون، تەنانەت چۆنێتیی بیرکردنەوەی نووسەران دەزانین. ئەوەی لە کن من جێی سرنج بوو، شەرمنیی نووسەرەکانە. لە هەندێک لەو نامانەدا بە ئاشکرا خوێنەر هەست بە چەپاندن لە نامەکاندا دەکات، تەنانەت وەک لە پەیڤی سەرەتادا بوشرا کەسنەزانی بەرباسی داوە، زۆر وشە و ڕستە هەبووە، پێیان لا بردووە. هەرچەندە لێکۆڵەر بە ئەرکی ئەخلاقیی کارەکەی زانیوە پرسیان پێ بکات و ڕەچاوی هەستی ئەوانیشی کردووە، بەڵام نووسەرەکان وەک چۆن کاتی نووسینی نامەکان ڕێیان بە خۆیان داوە، ئەو وشە و ڕستانە بنووسن، ئاوهایش مادام ڕێی بڵاوکردنەوەی نامەکانیان دا، بە هەموو وشە و ڕستەکانەوە بڵاویان کردبانەوە. لێرەوە دەزانین وەک چۆن تاکی کورد، چەپاندنی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی هەیە، نووسەرەکانیش هەمان شێوە. لە ڕاستیدا دەبوایە ئەو تەوقە بشکێنن، وەکو چۆن لە شیعر و نووسینەکانیان باسی یاخیبوون و تەوقشکاندن دەکەن. لێرەوەیش گرنگیی کارەکەی بوشرا دەردەکەوێت، کە چۆن دیوێکی دیکەی نووسەرەکانمان پیشان دەدات.

لە لایەکی دیکە شەرمنیی پتر لەو نامانەدا دیارە، کە لەمەڕ بەرهەمی یەکدییەوە پەیڤیون. هەندێک جار زۆر لە زمانچەوری (موجامەلە) نزیک بووەتەوە. لە نامەکان هێندەی پێداهەڵدانی دەقەکان کراوە، هێندە ڕەخنەیان لێ نەگیراوە، دیارە ئەمەیش هۆکارگەلی هەن. هەمینگوای کاتێک نامە بۆ سکۆت فیتزجیڕاڵد لەبارەی ڕۆمانەکەی سکۆتەوە (گاتسبی مەزن) دەنێرت، زۆر بە ڕوونی و ئاشکرا لەبارەی لایەنی کارەکتەر و هونەرەکانی دیکەی ڕۆمانەکە دەپەیڤێت. هێندەی ڕەخنە دەگرێت، هێندەی پێدا هەڵناڵێت. ئەمەیشیان دەچێتە خانەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە بوشرا کردوویەتی. لێکۆڵینەوەیەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەموو ئەو ڕوانەمان بۆ دەردەخەن. دەبینین بوشرا بەتایبەت لە پێشەکییەکەدا زۆر بێلایەنانە، زۆر لایەن و تەکنیکی کۆی نامەکانی شی کردووەتەوە و ئەنجامی باشی لێ هەڵاوێردوون. بەڵام خوێنەری جدی لەوە تێدەگات، ئەم کارەی ئامادەکار کارکردنێکی ناڕاستەوخۆیە، وەک لێکۆڵینەوەیەکی نادیار لە پشتی کتێبەکەوە خۆی حەشار داوە. بۆ نموونە، لە پێشەکییەکەدا لە شوێنێک ئاماژە بەوە دەکات ”نامە، شوێنێک بۆ ڕەخنەی شاراوە” چەند نموونەیەکی هێناوەتەوە. لە هێنانەوەی ئەو نموونانە، یان دەرخستنی لایەنی ڕەخنەی شاراوە لە نامەکان لەخۆڕا نییە، بەڵکو بوشرا پێمان دەڵێت: ”ئەمەیە پەیڤینی نووسەرانمان لە نامەدا.” واتە بوشرا هێندەی مەبەستی ئەوەیە ڕەخنە، لەو شێوازی ڕەخنەیەی نووسەری نامەکان بگرێت، هێندە مەبەستی نییە بڵێت نووسەری کوردیش چەند ڕاشکاوانە لە نامەکان ڕەخنە لە بەرهەمی یەکدی دەگرن. بەڵگەیشمان بۆ ئەوە، هێنانەوەی نموونەیە لە ئەدەبیاتی نامەی فەڕەنسی و فارسی تا خوێنەر بە ناڕاستەوخۆ بەراوردەکە تێبگات. هاوکات زۆر بە وردی نموونەی لە نامەی نووسەرە کوردەکان هێناوەتەوە، هەر بە خوێندنەوەی نموونەکان دەزانین ئەوەی بوشرا دەیکات، لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەئامێزە لەبارەی ئەدەبیاتی نامەوە.

بەڵگەمان بۆ لێکۆڵینەوەیی ئەم کتێبەی بوشرا، هێنانەوەی نموونەیە لە ئەدەبیاتی نامەی میللەتانی دیکە. لە پێشەکییەکەدا چەندین بابەتی ناو نامەکانی بەرباس داوە. بۆ هەر بابەتێک نموونەی لە ئەدەبیاتی نامەی میللەتانی دیکە هێناوەتەوە، دواتر نموونەی لەو نامە کوردییانەیش هێناوەتەوە. کاری بەراوردکردن، کاری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیە، پاتە دەیڵێمەوە ئەم کارەی بە ناڕاستەوخۆ بە خوێنەر دەڵێت. ئەمەش دەچێتە ناو خانەی ئەدەبیاتی بەراوردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نامەکان گەلێک لایەنی ئەو سەردەمەی تێیدا نووسراوە دەردەخەن. دەتوانین لە ڕووی باری سیاسی، هزری و کۆمەڵایەتی سوودیان لێ وەربگرین. هاوکات کۆی نامەکان لە نامەی هونەری و جوان خاڵی نین، چونکە لێکۆڵەر تەنێ نامەی نووسەرانی کۆ نەکردۆتەوە، بەڵکوو نامەی کەسایەتیی سیاسی، ڕۆشنبیر و هونەرمەندی تێدایە، ئەمەیش ڕەهەندەکانی کارەکە تۆکمەتر دەکات.