گفتوگۆ لەگەڵ سەلاحەدین بایەزیدی دەربارەی وەرگێڕان

دیدی من – شاخەوان سدیق

سەلاحەدین بایه‌زیدى یه‌کێکه‌ له‌ وه‌رگێره‌ ناسراو دیاره‌کانى ئه‌م ساڵانه‌ى دوایى ناو دونیاى وه‌رگێڕانى کوردى و خاوه‌نى چه‌ندین کتێبى وه‌رگێڕدراوه‌ له‌ زمانە جیاوازەکانەوە بۆ کوردى، تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ى وه‌رگێڕان و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانى ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ ساز دا.

سەڵاحەدین بایەزیدی وەرگێڕ لەگەڵ شاخەوان سدیق

بارگاس یۆسا ده‌ڵێت: “وه‌رگێڕه‌کان شکستخواردووه‌کانی ناو دونیای ئه‌ده‌بن.” واته‌ ئه‌وانه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ ئه‌دیبی باش، ڕوویان کردووەته‌ وه‌رگێڕان و بونه‌ته‌ وه‌رگێڕی باش، ئه‌م بۆچوونه‌ به‌ بڕوای تۆ تا چه‌ند ڕاسته‌؟ تۆ بۆ ده‌ستت کرد به‌ وه‌رگێڕان؟

به‌ ڕای من وه‌رگێڕان تا ڕاده‌یه‌ک کۆسپه‌ له‌ به‌ر ده‌م ئه‌وه‌ی ببیته‌ ئه‌دیبێکی باش، چونکه‌ ئیتر ناتوانی وه‌ک پێویست کات بۆ نووسینی خۆت ته‌رخان بکه‌یت. له‌ نووسیندا تووشی وه‌سوه‌سه‌ت دەبیت، چونکه‌ ئیدی به‌ هه‌ر ده‌قێک ڕازی نابیت. یان ده‌نا ڕێگر ده‌بێت له‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌ی ستایلێکی نووسینی تایبه‌ت به‌ خۆت بدۆزیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان بوو به‌ خولیا، به‌رده‌وام هه‌ست ده‌که‌یت کاری وه‌رگێڕانت زۆره‌ و ده‌کرێت بیرۆکه‌کانی خۆت وه‌لاوه‌ بنێیت و دواتر کاریان له‌ سه‌ر بکه‌یت. هه‌تا له‌ وه‌رگێڕاندا پڕکارتر بیت، له‌ نووسیندا ته‌وه‌زه‌لتر ده‌بیت. ئه‌و کاته‌ی که‌ بۆ وه‌رگێڕانی ته‌رخان ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر بێت و بۆ ده‌قێکی خۆت ته‌رخان بکرێت، بێگومان چه‌نده‌ش له‌ سه‌ره‌تادا لاواز بێت، به‌پێی ئه‌زموون ده‌گۆڕدرێت و شتێکی پوختی لێ ده‌رده‌چێت. محه‌مه‌دی قازی و ئیبراهیمی یوونسی له‌و دوو وه‌رگێڕه‌ پڕکاره‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردانه‌ن که‌ خزمه‌تی ئه‌ده‌بی فارسییان کردووه‌ و سه‌لماندوویانه‌ که‌ ده‌کرا ئه‌دیبی باش بن. محه‌مه‌دی قازی به‌ ڕۆمانی زارا و بیره‌وه‌رییه‌کانی وه‌رگێڕێک و ئیبراهیم یوونسییش به‌ چه‌ند ڕۆمانێکی وه‌ک دادا شیرین و نزا بۆ ئارمێن. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، وه‌ک چۆن کاری وه‌رگێڕان ڕه‌نگه‌ زه‌بر له‌ نووسین و داهێنان بدات، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌دیببوون بۆی هه‌یه‌ زیانی بۆ وه‌رگێڕان هه‌بێت. له‌وانه‌یه‌ ئه‌دیبێکی باش وه‌رگێڕێکی باش نه‌بێت. ستایل و سه‌لیقه‌ی خۆی به‌ سه‌ر ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌که‌دا بسه‌پێنێت. بۆدلێر شاعیر و نووسه‌رێکی به‌ناوبانگی فه‌ڕه‌نسییه‌، هاوکات له‌ ئینگلیزییشه‌وه‌ کاری وه‌رگێڕانی کردووه‌، له‌وانه‌ قه‌له‌ڕه‌شه‌که‌ی ئێدگار ئالێن پۆی کردووەته‌ فه‌ڕه‌نسی، به‌ڵام به‌ ڕای زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران وه‌رگێڕانێکی بۆدلێرییانه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ده‌قه‌که‌دا بۆدلیر ده‌بینرێت، ئێدگار ئالێن پۆ نابینرێت. له‌ کوردییشدا نموونه‌ی وامان هه‌یه‌، وه‌رگێڕانی شیعره‌کانی خه‌ییام له‌ لایه‌ن مامۆستا هه‌ژاره‌وه‌، وه‌رگێڕانێکی هه‌ژارانه‌یه‌. ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ژار ده‌بینرێت خه‌ییام نابینرێت.

سه‌باره‌ت به‌ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌شت، ده‌بێت بڵێم ئه‌و حه‌زه‌ گه‌وره‌یه‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان و ئه‌ده‌بی جیهانی هه‌مبوو خولیای وه‌رگێڕانی له‌ مندا به‌دی هێنا. یه‌که‌م به‌رهه‌می چاپکراوم وه‌رگێڕانی کورته‌چیرۆکێکی ته‌نز بوو له‌ زمانی فارسییه‌وه‌، که‌ کاتی خۆی له‌ گۆڤاری سروه‌دا بڵاو بووهوە‌. دواتر به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر درێژه‌م به‌ کاری وه‌رگێڕان دا و له‌ ماوه‌ی پازده‌ ساڵی ڕابردوو، له‌ هیچ هه‌لومه‌رجێکدا وازم لێ نه‌هێناوه‌ و لێی پاشگه‌ز نه‌بوومه‌ته‌وه‌.

هه‌میشه‌ دهگ‌وترێت وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێکی نوێیه‌ له‌ لایه‌ن که‌سی وه‌رگێڕه‌وه‌، ئێوه‌ چۆن له‌مه‌ ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه‌ وه‌رگێڕان ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی تێکسته‌کان بگوازێته‌وه‌؟

وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێکی نوێ نییه‌، به‌ڵام هیچی له‌ نووسین که‌متر نییه‌، بۆیه‌ش وه‌رگێڕ ده‌بێت له‌ هه‌مان کاتدا نووسه‌ر بێت. به‌ڵام قه‌ڵه‌می وه‌رگێڕ وه‌ک هیی نووسه‌ر قه‌ڵه‌مێکی ئازاد و ڕه‌ها نییه‌، کۆمه‌ڵێک سنوور و چوارچێوه‌ی دیاریکراوی هه‌یه‌. لێره‌دا، وه‌رگێڕ ده‌توانێت به‌رگێکی نوێ به‌ باڵای ده‌قدا ببڕێت. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆمانێکی وه‌رگێڕدراوت خوێنده‌وه‌ و هه‌ستت کرد که‌سایه‌تییه‌کانی ناو ڕۆمانه‌که‌ جلی کوردییان له‌ به‌ردایه‌ یان فه‌زای گوند و شوێنێکی نیشتمانی خۆت له‌ مێشکتدا وێنا بوو یان ده‌نا هه‌ست بکه‌ی که‌سه‌کان به‌ کوردی قسه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ بزانه‌ ڕۆحی زیندووی تێکسته‌که‌ گوازراوه‌ته‌وه‌.

ئێستا له‌ کوردستان پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕان له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وە ده‌کرێت، پێتان وایه‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانه‌، وه‌رگێڕانی زیندوو بێت؟ ئایا تا چه‌ند ده‌قه‌که‌ جوانیی خۆی ده‌پارێزێت له‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانانه‌دا؟

په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و زمانه‌ دووه‌م و سێیه‌مه‌ کام زمانن. ئه‌گه‌ر ئه‌م زمانه‌ دووه‌مه‌ زمانێکی ئه‌ورووپی بێت، به‌ ڕای من گۆڕانکارییه‌کی زۆر گه‌وره‌ ڕوو نادات، زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانیت پشت به‌ وه‌رگێڕانێکی ئینگلیزی ببه‌ستیت که‌ له‌ هه‌نگاری یان یۆنانییه‌وه‌ کراوه‌، یان وه‌رگێڕانێکی فه‌ڕه‌نسی که‌ له‌ پورتوگالی و ئیسپانییه‌وه‌ کراوه‌، چونکه‌ گۆڕانکاری به‌سه‌ر وشه‌کاندا نایه‌ت، ستروکتوری ده‌ق ناگۆڕدرێت. هه‌ڵبه‌ت دیسان ئه‌گه‌ر له‌ زمانی یه‌که‌مه‌وه‌ بێت باشتره‌، به‌ڵام هه‌ندێک زمان هه‌ن، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورددا یه‌ک دوو ئه‌دیب ئاشنای نه‌بێت، بۆیه‌ به‌ ناچاری له‌ زمانی دووه‌مه‌وه‌ ده‌بێ وه‌ربگێڕدرێن. ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی له‌مه‌ڕ وه‌رگێڕان له‌ لای خۆمان و جیرانه‌کانمان هه‌یه‌، لێره‌ نییه‌ یان کێشه‌کان له‌و ڕووه‌وه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ک چاره‌سه‌ر کراون که‌ ئیتر نابینیت باسی لێوه‌ بکرێت. به‌ڵام بۆ زمانی فارسی وا نییه‌ که‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگه‌ بۆ وه‌رگێڕه‌ کورده‌کان. ناتوانیت متمانه‌ به‌ هه‌ر وه‌رگێڕێکی فارس بکه‌یت. فه‌وزایه‌کی گه‌وره‌ له‌ وه‌رگێڕانی فارسیدا هه‌یه‌. ئیتر وای لێ هاتووه‌ هیچ سنوورێکی ئه‌خلاقی ناناسێت. من ڕۆمانێکی وه‌رگێڕدراوی فارسیم خوێنده‌وه‌ وه‌رگێڕه‌که‌ی وشه‌ی ”به‌راز”ی له‌ ناو کتێبه‌که‌دا کردبوو به‌ ئاژه‌ڵ، ئاژه‌ڵه‌کان. له‌ زۆر جێدا، پێش ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حکومەتی ئێران کاره‌کانیان سانسۆر بکا، بۆ خۆیان سانسۆری ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ وه‌رگێڕدراوه‌کانیان بڵاو ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ته‌نیا نموونه‌یه‌کی بچووکه‌ له‌ سانسۆرێک که‌ وه‌رگێڕ به‌سه‌ریدا سه‌پاوه‌ یان دڵخوازانه‌ کردوویه‌تی و زۆریش بێمانایه‌. ئیتر بمێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌کان ده‌فارسێندرێن، ئیدیۆم و ده‌سته‌واژه‌کان ده‌گۆڕدرێن. هه‌ست ده‌که‌م له‌ نێوان زمانی فارسی و عه‌ره‌بیدا پتر ده‌توانیت پشت به‌ زمانی عه‌ره‌بی ببه‌ستیت و ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ناچار بیت وه‌رگێڕانێکی ده‌ستی دوو و سێ بکه‌یت، له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ بێت که‌موکوڕیی که‌متر بێت.

ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌کییانه‌ چین که‌ ده‌بێت له‌ که‌سی وه‌رگێڕدا هه‌بن، ئایا زانینی زمانێک به‌ ته‌نیا ده‌توانێت وا له‌ مرۆڤ بکات توانای وه‌رگێڕانی تێکسته‌کانی هه‌بێت؟ وه‌رگێڕان پیشه‌یه‌ یان زانسته‌ یان هونه‌ره‌؟

وه‌رگێڕان له باشووری کوردستان هێشتا نه‌بووەته‌ پیشه‌ یان زانست و زیاتر هونه‌ر یان خولیا و حه‌زێکی تاکه‌که‌سییه‌. پیشه‌ نییه‌، چونکه‌ ده‌توانم بڵێم هه‌موو وه‌رگێڕێکی کورد له‌ په‌راوێزی ژیانی ڕۆژانه‌دا کاری وه‌رگێڕان ده‌کات، بۆ بژیویی ژیان ناچاره‌ په‌نا بۆ کاری تر ببات و وه‌ختی پشوو و حه‌سانه‌وه‌ی بۆ وه‌رگێڕان دابنێت. وه‌رگێڕانی کوردی له‌ په‌راوێز و به‌ ماندوویی ده‌کرێتت و له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ نۆره‌ی خۆی کاریگه‌ریی له‌ سه‌ر کوالیتی وه‌رگێڕان هه‌بێ. نه‌بووەته‌ زانستیش، چونکه‌ کۆڕ و ناوه‌ندی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان دروست نه‌بوون و وه‌رگێڕی کورد به‌ هه‌وڵی خۆی، خۆی پێده‌گه‌یه‌نێت و ده‌رچووی زانکۆ یان ناوه‌ندێکی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان نییه‌. دواتر به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراویش، نه‌ به‌ باش و نه‌ به‌ خراپ قسه‌ی له‌سه‌ر ناکرێت و هه‌ڵناسه‌نگێنرێت.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگێڕانێکی باش و سه‌رکه‌وتووش، به‌ بۆچوونی من زانین و شاره‌زابوون به‌سه‌ر زمانی ده‌ستپێک و زمانی مه‌به‌ستدا مه‌رجه‌، به‌ڵام به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌. وه‌رگێڕ ده‌بێت له‌و بواره‌دا ئاگەدار بێت که‌ کاری له‌سه‌ر ده‌کا. دیاره‌ ئه‌مڕۆکه‌ ئه‌نته‌رنێت له ‌چاو ڕابردوو ده‌رفه‌تێکی زیاتری بۆ وه‌رگێڕه‌کان ڕه‌خساندووه‌ و له‌ هه‌ندێک ڕووه‌وه‌ ئاسانکاریی بۆ کردوون. بۆ نموونه‌ وه‌رگێڕێک زۆر به‌ سانایی ده‌توانێت سه‌باره‌ت به‌ فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی ناوچه‌یه‌ک  یان سه‌باره‌ت به‌ ناو، شوێن، که‌سه‌کان و زۆر شتی تر زانیاری به‌ده‌ست بێنێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له‌ پێشخستنی توانا و ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگێڕدا به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ور نابینێت و ته‌نیا ده‌توانێت کێشه‌ ته‌کنیکییه‌کانی چاره‌سه‌ر بکات.

وه‌رگێڕان ده‌توانێت چ ڕۆڵێک له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی کتێبخانه‌ی کوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هه‌وڵ نه‌دراوه‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ بکه‌ن، واته‌ به‌رهه‌مه‌ کوردییه‌کان وه‌ربگێڕنه‌ سه‌ر زمانه‌ بیانییه‌کان؟ پێتان وا نییه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ پێداویستییه‌کی گه‌وره‌یه‌؟

وه‌رگێڕان ڕه‌فه‌ به‌تاڵه‌کانی کتێبخانه‌ی کوردی داده‌گرێت و ڕه‌فه‌ی نوێی پێوه‌ زیاد ده‌کات، نه‌ته‌وه‌یه‌ک چه‌نده‌ش خاوه‌نی کتێب و نووسه‌ر بێت، دیسان پێویستی به‌ وه‌رگێڕانه‌. خاڵی سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی خاوه‌نی زۆرترین کتێب و ده‌وڵه‌مه‌ندترین زمانن، زیاتر له‌وانی دیکه‌ گرنگی به‌ وه‌رگێڕان ده‌ده‌ن و له‌و بواره‌وه‌ چالاکترن. کتێبی وه‌رگێڕدراویان له‌ هیی نووسراو پتره‌. وه‌رگێڕان، ده‌توانێت به‌ هانای کتێبخانه‌ی کوردییه‌وه‌ بێت، ده‌وڵه‌مه‌ندی بکات و ڕه‌نگ و بۆی پێ ببه‌خشێت. ده‌توانێت له‌ داهێنان و نوێگه‌ریدا ڕۆڵێکی به‌رچاو بگێڕێت.

له‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌دا، به‌ پێچه‌وانه‌ی وه‌رگێڕان به‌ زمانی کوردی هه‌وڵ و خولیای وه‌رگێڕ به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌، هه‌ندێک فاکته‌ری دیکه‌ دێنه‌ گۆڕێ: هه‌ڵبژاردنی ده‌ق، دۆزینه‌وه‌ی وه‌شانخانه‌، تیراژ و ڕێژه‌ی خوێنه‌ران. زۆر شت که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ وه‌رگێڕانی ده‌قێکدا به‌ کوردی بیری لێ نه‌کرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت من خۆم تاقیم نه‌کردووەته‌وه‌ تا بزانم که‌ند و کۆسپه‌کانی به‌رده‌می چین.

ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا وه‌رگێڕانی پیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت له‌ باشووری کوردستان چۆن ده‌بینن؟ پێتان وایه‌ زۆر و بۆری له‌ وه‌رگێڕاندا هه‌یه‌؟ کێ به‌رپرسیاره‌ له‌و دۆخه‌ و چی بکرێت بۆ باشتربوونی؟

وه‌رگێڕان هه‌تا زۆر بێت باشتره‌، ئه‌وه‌ی له باشووریکوردستان ده‌کرێت، زۆر نییه‌، هێشتا به‌ سه‌دان شاکاری کلاسیک هه‌ن بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌رنه‌گێڕدراون، ڕه‌نگه‌ بۆ خۆمان پێمان وابێت زۆره،‌ چونکه‌ دره‌نگ ده‌ستمان پێ کردووه‌. به‌ڵام بۆربوون له‌ وه‌رگێڕاندا به‌دی ده‌کرێت، پاشاگه‌ردانییه‌ک هه‌یه‌ و به‌ پله‌ی یه‌که‌م ده‌زگاکانی چاپ و په‌خش لێی به‌رپرسیارن. ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌بێت هه‌موو وه‌رگێڕانێک بڵاو نه‌که‌نه‌وه‌ و لیژنه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و کتێبانه‌ پێک بهێنن که‌ به‌ نیازن بڵاویان بکه‌نه‌وه‌ و له‌ بڕیارداندا هه‌ستیارتر بن. به‌تایبه‌ت گرنگی به‌ زمانی کوردی بده‌ن، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی وه‌رگێڕانی کوردی.

کورتەیەک له‌ ژیاننامه‌ وەرگێڕ

سلاحەدین بایه‌زیدى، ساڵی ١٩٨٢ له‌ شاری مه‌هابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له‌دایک بووم. له‌وێ تا دیپلۆمم خوێنده‌وه‌ و ساڵی ١٩٩٩ له‌به‌ر هۆکارگه‌لی سیاسی، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانم به‌جێ هێشتووه‌ و ڕووم کردووەته‌ باشووری کوردستان. چه‌ند ساڵێک له‌ شاری سلێمانی ژیاوم و له‌ ساڵی ٢٠٠٨ه‌وه‌ له‌ سویسرا ده‌ژیم. له‌ زانکۆی نۆشاتێل ساڵیک زمان و ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسیم خوێندووه‌ و ئێستاش له‌ شاری نۆشاتێل نیشته‌جێم. تا ئێستا زیاتر له‌ ده‌ کتێبم بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌رگێڕاوه‌ و به‌ هۆی شاره‌زاییم له‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی و تورکیدا پتر گرنگیم به‌ ئه‌ده‌بیاتی فه‌ڕه‌نسا و تورکیا داوه‌.