ڕۆمانی ڕووەکی، هەڵگری خەڵاتی مان بووکەری ٢٠١٦ دەکرێتە کوردی

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

دوای وەرگێڕانی ڕۆمانی خوایە تۆ لەوێی؟ منم مارگرێتی نووسەری ئەمەریکی جودی بلووم، هەژار عوسمانی وەرگێڕ ڕۆمانێک لە ئەدەبی کۆریاییەوە بۆ خوێنەرانی کوردیزمان وەردەگێڕێت.

هان کانگ

ڕووەکی ڕۆمانێکی ڕۆماننووسی کۆریای باشوور، هان کانگە و هەژار عوسمان لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و بڕیارە ڕۆژی ٢٢/١٢/٢٠١٦ لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس‌ەوە بە ئامادەیی وەرگێڕ بڵاو بکرێتەوە. دەربارەی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە، کە هەڵگری خەڵاتی مان بووکەری نێودەوڵەتییە بۆ ساڵی ٢٠١٦، دیدی من گفتوگۆیەکی کورتی لەگەڵ وەرگێڕەکەیدا ئەنجام داوە، کە تیایدا زانیاریی ورد دەربارەی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو.

هەژار عوسمان 

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ڕۆمانە بۆ وەرگێڕان لە لای تۆ چی بوو؟

هەمیشە حەزم لەو ئەدەبە بووە کە پرسیار دەوروژێنێت و وەڵامیشی بۆ هیچ کام لە پرسیارەکان پێ نییە. من بۆ خۆم ناو لەم جۆرە لە ئەدەب دەنێم ئەدەبی گێژاو، چونکە هەموو شت لەو نێوەدا شلۆقە و لە خوولانەوەیەکی خێرادایە و دەرفەتی تێگەیشتن کاری کردە نییە. ڕووەکییش ڕۆمانی وروژاندنی پرسیار و نەبوونی وەڵامە و هەموو شت تیایدا لە گێژاودایە! هەڵبژاردنی کتێب بۆ وەرگێڕان لە لایەن وەرگێڕێکەوە گرنگترین و حاسمترین بڕیارە کە دەبێت بیدا، ئەمە بە تەنیا قسەی منیش نییە. ڕۆمانی ڕووەکی پێشنیازی هاوڕێی شاعیر و چیرۆکنووس شاڵاو حەبیبە بو، تا بیخوێنمەوە و ئەگەر پێم باش بوو بڕیار لە وەرگێڕانی بدەم و لە ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە بڵاوی بکەینەوە. بەڵام ئەو پێشنیازە کتومت ئەو ڕۆمان/ئەدەبە بوو کە من حەزم لێی بوو؛ کورتوپوخت، ڕووەکی ئەدەبی گێژاوەوە و وەک ڕۆیشتن وایە بە دەشتێکی پڕ لە مین و لوغمدا.

دەمەوێت بە کورتی دەربارەی نووسەری ئەم ڕۆمانە زانیاریی بدەیتە خوێنەرانی دیدی من

هان کانگ (لەدایکبووی ٢٧ی نۆڤەمبەری ١٩٧٠) ڕۆماننووسێکی کۆریای باشوورە و لە ساڵی ٢٠١٦دا خەڵاتی مان بووکەر پرایزی نێودەوڵەتیی بۆ ڕۆمانی ڕووەکی پێ بەخشرا، کە یەکەم ڕۆمانی ئەو بوو وەرگێڕدرا بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. هان کانگ کچی ڕۆماننووس هان سیۆنگ وۆنە و لە گوانجو لەدایک بووە. لە زانکۆی یۆنسەی ئەدەبی کۆریایی خوێندووە و براکەشی، هان دۆنگ ڕیم، هەر نووسەرە. هان کانگ لە سەرەتادا، وەک زۆربەی نووسەران بە شیعرنووسین دەستی پێ کردووە و دواتر کورتەچیرۆک. لە ئێستاشدا لە ئینستیتیوتی سیئۆل بۆ هونەرەکان وانەی نووسینی داهێنەرانە دەڵێتەوە و خاوەنی پێنج ڕۆمانە.

بەرگی ڕۆمانەکە بە چاپی کوردیی

تەکنیکی نووسینی ڕۆمانی ڕووەکی چۆنە؟

ڕۆمانەکە لە ڕووی تەکنیکەوە هاوچەرخ و باڵایە؛ پێدانی خەڵاتی مان بووکەری نێودەوڵەتی، کە ڕۆمانی سەمەرەیەک لە سەرمدای ئۆرهان پاموکیش لە پێشبڕکێی بردنەوەی هەمان خەڵاتدا بوو، هەر بەم هۆیەوە بوو سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڕۆمانە لە ڕووی زمانەوە، زمانێکی شاعیرانە و ئیرۆتیکی و پێچەڵپێچی هەیە و لە سەروەختی وەرگێڕاندا وەرگێڕ تووشی دژواری و ئاستەنگ دەکاتەوە.

وەرگێرانی ئەم ڕۆمانەت لە زمانی دووەمەوە کردووە، تۆ وەک وەرگێڕ چیت کردووە بۆ ئەوەی ئاشنا بیت بە کلتووری زمانی یەکەم تا بتوانیت کاری وەرگێرانەکەت باشتر ئەنجام بدەیت؟

ڕۆمانەکە بە کۆریایی نووسراوە و دیبۆرا سمس لە جەنیوەریی ساڵی ٢٠١٥دا وەری گێڕاوەتەوە سەر زمانی ئینگلیزی و منیش لە ئینگلیزییەکەوە وەرم گێڕاوەتە سەر کوردی. سەبارەت بە ئاشنایەتیی بە زمان و کلتووری کۆریای باشوور، من زانیاریی پێویستم نەبوو و وەک دیبۆرا سمس، کە خۆی دکتۆرای لە ئەدەبی هاوچەرخی کۆریاییدا هەیە و ماوەی یەک بۆ دوو مانگێکیش چووتە کۆریا و لەگەڵ هان کانگدا خواردنی ڕووەکیی خواردووە و چووتە هەندێک لەو کۆڵان و کافتریایانەی کە لە ڕۆمانەکەدا باسیان لێوە کراوە، من دەرفەتی ئەوەم نەبوو، بڕوا ناکەم قەتیش هەمبێت. بەڵام سەرباری ئەوەش بەپێی پێویست لە ئینتەرنێتدا گەڕاوم بەدوای هەندێک شتدا و کەڵکم لێی بینیوە. هەروەک ڕووداوەکەی گوانجو، بینینی فیلمەکەی، کلتووری زاڵی پیاوسالاری و توندوتیژی لەو وڵاتەدا دەرهەق بە ژن و مێژووی ڕووەکیبوون و هەندێک شتی دیکەیش.

بەرگی ڕۆمانەکە بە چاپی ئینگلیزیی

ئەم ڕۆمانە دەربارەی چییە؟

ڕووەکی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاو بووەوە. پاش هەشت ساڵ و لە جەنیوەریی ٢٠١٥دا بە زمانی ئینگلیزییش بڵاو بووەوە. ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانێکە دەربارەی ژیانی مۆدێرنی کۆریای باشوور، بەڵام ڕۆمانێکیشە دەربارەی شەرم، هەواوهەوەس و شکستی هەوڵەکانی تێگەیشتن لە یەکتری. باس لە چیرۆکی ژنێکی ماڵەوە دەکا کە بڕیاری وازهێنان لە گۆشتخواردن پاش بینینی خەونێکی خوێناوی و مۆتەکەیی لەمەڕ مرۆڤەوە پەل دەهاوێت بۆ وێرانکردنی ڕووداوەکانی دواتری ژیانی خۆی و ژیانی خێزانیشی. ڕووەکی لە ١٦ی مەیی ٢٠١٦ خەڵاتی مان بووکەری نێودەوڵەتیی پێ بەخشرا. وەرگێڕانە کوردییەکەیشی لە ٢٥ی ئۆگەستی ٢٠١٦دا تەواو بوو.