کێ‌ ئەکتەرە لە شانۆدا؟ یان ئەکتەری شانۆ کێیە؟

دیدی من

ڕێباز محەمەد جەزا

لە سەردەمێکدا دەژین، ناسنامەکان ناڕوونن یان لانیکەم ئاڵۆزن و زۆربەی جارەکانیش نادیدەن،  یان وای لێ دەکرێت  یان کار لەسەر ئەوە دەکرێت بەوەی کەس نەزانێت کێ ئەکتەرە.  ئەکتەر مرۆڤێکی کۆسمۆپۆلیتیە، خاوەنی مەعریفە و جیهانبینی و هونەر و تەکنیکی خۆیەتی، هێز لە گەران و دۆزینەوە و مەشق و دۆخە جیاوازەکانی وەردەگرێت و دەشێت زیاتریش لەبارەی ئەم کەسە هونەرمەندەوە بگوترێت، بەڵام ئایا ڕاستییەکە بۆهەموان زانراوە؟ گرفتی ئەم باسە لەوەدایە کە بەشێک لە بەهرەداران و خاوەن کەسایەتی و خاوەن پێگەکانی ناو هونەرەکەش خۆیان لەم  پرسیارە لا دەدەن. تا وای لێ دێت کەسمان دەست نەکەوێت پرسیارەکانی خۆمانی لێ بکەین بەوەی زۆر جاران کاری ئەکتەر لە خوویەک (Habit) و لەسەر ڕاهاتنێکی  سادەوساکاری رۆژانە پچێت، وەک لەوەی پێویستی و مەعریفە و مەشق و ڕاهێنان و پەروەردەکردن بێت.

ئەکتەر کەسێکە نواندن دەکات، بە ڕای من ئەم ڕستە سادەیە جوانترین ناسنامەی ئەکتەرە، بەڵام زۆر جار بە زمانی زبر و قسەی دروشمئاسا و گریان و پێکەنینی ناشانۆییانە و ناشترین دەمانخەنە ناو ئەو دۆخەی سەرمان بسووڕمێت کەسێک بە خۆی بڵێت ”ئەکتەر”، کەچی ئەوەندە بێدەسەڵات و خۆپچووکبین بێت، نەتوانێت بەو پسپۆڕییە مەزنە و ئەرکە هونەرییە بەرزەکەی خۆی پیشان بدات و پەنا بۆ زمانێکی تر ببات. ئایا ئەکتەر مرۆڤێکە هەڵدەپەڕێت و لاسایی دەکاتەوە و کۆپی شتەکان دەکاتەوە؟ یان مرۆڤێکی داهێنەرە و بەشێک لە ڕۆح و ژیانی  نوێی خۆی پێشکەش دەکات، کە دوورە لە ژیانی ئاسایی خۆی؟ یان ئەکتەر بە تەنیا هەڵدەستێت بە لەبەرکردنی  دیالۆگی کەسێکی تر و خۆی فڕێ‌ دەداتە ناو کڵێشەیەکی  ئامادەکراو و خۆشدەست و دەرکەوتن لەناو خەڵکەوە؟ یان ئەوەیە کە پێویستە لە  خوێندنەوەوە بۆ وێستگەکانی ژیانی کارەکتەر و  لەوێوە پچینەوە بۆ لای کەسی ئەکتەر و تەمومژەکان بڕەوێنینەوە؟ بەڵام دەبێت کێ وەڵامدەرەوە بێت؟ ئەگەر بەو پەسنکردنانە ڕازی بین و ئەو دەربڕینە بگەیەنینە جەماوەری شانۆ (خوێنەر و بینەر) و لەوێوە  دۆزەکە سەر ڕێگە بخەین،  وەک هەندێک لە توێژەرەکان دەڵێن، ”ئەکتەر کەسێکە چاوبەست دەکات،جادووگەرە ئەکتەری مەزن”، گازندەکردن یان پەڕینەوە بۆ دوو جیهانی تر، کە دەبێتە سەرەتای گەشتەکەمان و ئەوانیش بریتی دەبن بەچەند دوالیزمێک، لەوانە خەیاڵ-واقع، بینراو-نەبینراو، ئاگا-نائاگا و زۆری تریش، بەڵام ئەکتەر چۆن مامەڵە لەگەڵ دوالیزم دەکات؟ هەموو دۆخەکان بە یەک ئاست و بە یەک میدیۆم و یەک دۆخ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟

جان پۆڵ سارتەر دەڵێت: ”هیچ بوونەوەرێک ناوەستێت لە  شیکردنەوە، ڕۆڵی ژیانی خۆی دەگێڕێت، خۆی ناناسێت، نازانێت ئەو کێیە، بە تەنیا ئەو بۆی دەبێتە ئاوێنە  یان سێبەر.” کەواتە ئەوەی ئێستا هەیە، بە ناتەواوی ماوەتەوە  (شانۆ لە باشووری کوردستان)، پێویستی بە مشتوماڵ و کرانەوە هەیە بە ڕووی ئەو باستەوەر و مشتومڕانەدا و گفتوگۆکردنی زیاتر لەبارەی ئەوەی بەڕووی خۆی و دەرەوەی خۆی و پرسیارەکاندا  بکرێتەو ە و  بەهەند وەربگیرێت و تەماشا بکرێت و حسابی بۆبکرێت، بۆ هەر ساتێک لە ساتەکانی  ژیانی ئاسایی-هونەری  و بە بایەخەوە  ئەو ژیانە بکات.