مای نەیم ئز لەیلا، دەنگی نەوەی نوێی ئێران لە تاراوگە

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

مای نەیم ئز لەیلا، یەکەم ڕۆمانی شاعیر و نووسەری فارس بی تا مەلەکوتییە، کە مەریوان هەڵەبجەیی لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە بڵاوکراوەکانی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژە.

مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە، دەربارەی بی تا مەلەکوتیی نووسەر، لە پێشەکیی ڕۆمانەکەدا کە کۆپییەکی بۆ دیدی من نێردراوە، نووسیویەتی: “بی تا، بەشی شانۆنامەنووسیی زانکۆی هونەری تارانی تەواو کردووە و چەند ڕەخنەیەکی سەرنجڕاکێشیم دەربارەی شانۆییەکانی عەلی ڕەفیعی و حەمید سەمەندەریان و بەهرام بەیزایی و چەند شانۆکاری تر خوێندبووە و لە دوای ئەوەوە بوو هەر شانۆیەک ئەو دەربارەی بنووسیایە دەبوومە بینەری. پاش بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەچیرۆکێک و یەک کۆمەڵەشیعر، تارانی بەجێ هێشت و لە واشنتن نیشتەجێ بوو.”

مەریوان هەڵەبجەیی

نووسیویشیەتی: “بە پێچەوانەی زۆربەی ئەو نووسەرانەی چەند ساڵی سەرەتای ژیانی تاراوگەیان بێدەنگ دەبن و بەرهەمیان نابێت وئەگەری ئەوەی هەیە وەک زۆر نووسەری تر بەرهەمی نەبێت و بۆ چەندین ساڵ بێدەنگ بێت، تا ساڵی ٢٠١٠ دووەم کۆچیرۆکی بڵاو بووەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، کەوتە بەر ستاییشی ڕەخنەگران و خوینەران. ساڵی ٢٠٠٧ ڕەشنووسی یەکەم ڕۆمانی، مای نەیم ئز لەیلا، تەواو کرد و لەبەر ئەوەی بڕیاری دابوو بێ سانسۆر و بەو جۆرەی حەز دەکات چاپ بێت، پێنج ساڵ لە چەکمەجی مێزەکەیدا مایەوە، دواجار لە ساڵی ٢٠١٢دا دوایین پاکنووسی کرد و لە ساڵی ٢٠١٣دا لە پاریس بڵاوی کردەوە.”

دەربارەی ڕۆمانەکە، وەرگێڕ لە بەشێکی تری پێشەکییەکەدا نووسیویەتی: “مای نەیم ئز لەیلا سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بڵاو بووەوە و بەپێی یاساکانی ئێران هیچ بڵاوکراوەیەکی کاغەزی و ئەلیکترۆنیکی وڵات بۆی نییە دەربارەی بنووسێت یان ڕیکلامی بۆ بکات، تەنیا لە میدیاکانی دەرەوەی وڵاتدا دەیان ڕەخنەی ستایتشئامێزی لەبارەوە نووسراوە و بە یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکانی تاراوگە و قسەکردن دەربارەی تاراوگە دانرا و ناوبانگێکی زۆر زیاتری بۆ بی تا مەلەکوتی بەدەست هێنا و وەک ڕۆماننووسێکی گەورە ناساندی.”

بی تا مەلەکوتی

سەبارەت بە تەکنیکی نووسین و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە، مەریوان هەڵەبجەیی نووسیویەتی: “یەکەم ڕۆمانی بی تا مەلەکوتی بەرهەمی ئەزموونی چەندساڵ ژیان لە واشنتن دی سی بوو بە گێڕانەوەیەکی زۆر جوان، بە تەکنیک و زمانێکی زۆر سەرنجڕاکێش و کاریگەر، کە پەرەگراف بە پەرەگرافی لە گرتەی سینەمایی دەچێت، زۆر جار زمان تەواو شاعیرانە دەبێتەوە و دەتسپێرێت بە موزیکێکی جادوویی و بە قووڵی تێکەڵ بە ڕۆحی کارەکتەر و شوێن و کاتت دەکات. ڕۆمانێک هەڵگر و پیشادەری ساتەکانی شکست و بێهودەیی شۆڕشی گەلانی ئێران و پێکدادانی گرووپە چەپ و ڕاستەکان و لەسێدارەدانی هەزاران لاوی خوێنگەرم و ئازادیخواز و کۆچ بۆ تاراوگە و خەمەکانی تاراوگەنشینی و عیشق و تەنیایی و جیابوونەوە و هەستانەوە و چەندین بابەتی گرنگی تر، کە هەریەکەیان پێویستی بە خوێندنەوەی قووڵی سیمۆلۆژی، دەروونناسی، کۆمەڵناسی و ڕەخنەی فیمینیستی هەیە.”