November 23, 2017

DidiMn Logo

چیرۆک: نه‌خۆشییه‌ سه‌یره‌که‌ی پڕۆفیسۆر ڕه‌حمان

لە لایەن دیدی من 11 months لەمەوبەر

 

دیدی من

 

ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب

 

پڕۆفیسۆر ڕە‌حمان پیاوێک بوو ئەگەرچی قڕوقەپۆز و لەشولارێکی جوانی نەبوو، ئەمما لە بەردڵان و هەتا دەستی لەسەر دانێی دڵاوا و شاییبەخۆ بوو، هەرچەند لەچاو کەیبانووی ماڵەکەیدا عەیب و ئیرادیشی هەبوو، بەڵام لەو پیاوە دەگمەنانەی ڕۆژگار بوو، کە هەر وڵات یا شارێک بە ئاستەم یەکی وەک ئەوی تێدا­ هەڵدەکەوێ. وێدەچوو گەورەترین ئیرادی پڕۆفیسۆر ڕەحمان، کە ژیانی لە شەوکەت­بانووی خێزانی تاڵ کردبوو، بۆگەنی دموددانی بێ. بەیانیان که ‌لە خەو هەڵدەستا، بۆگەنی دەموددانی ڕۆژەڕێیەک دەڕۆیشت، کەچی بەو حاڵەشەوە قەت نەبوو جارێک مسواکێک لە دەموفڵچی وەردا، ئەوەش ببووە گەورەترین کێشەی شەوکەت­بانوو، بەڵام قەت نەبوو تەنانەت بۆ جارێکیش بە چاوی ئەو پیاوە نازەنینەی داداتەوە و پێی بڵێ: ”ئەیەڕۆۆۆۆ دڵم تۆقی، پڕۆفیسۆر بۆگەنی دمت قڕی کردم، ماڵەکەتە مسواکێک لێدە خۆ کافر نابی!” شەوکەت­بانوو بۆ ئەوەی ئەو بۆگەنه دمە‌ بەیانییەکەی لێ تاڵ نەکا، پێش ئەوەی پڕۆفیسۆر ڕەحمان لە خەو هەستێت، لە جێگە دەهاتە دەرێ و بە بیانووی شت­کڕین یان پیاسەی بەیانییەوه، لە ماڵێ دەردەکەوت و تا ڕۆیشتنی ئەو پیاوە توخنی ماڵێ نەدەکەوتەوە. شەوکەت­بانوو نە ئەوەی کە بۆ خۆی زۆر پاکوخاوێن بێت، بەڵام لە چاو پڕۆفیسۆر ڕەحمان عەرز تا ئاسمانی فەرق بوو…

ئەو ڕۆژەی وا شەوکەت­بانوو وەک هەمیشە پاش پیاسەی بەیانی بۆ ماڵێ گەڕاوە، پڕۆفیسۆر ڕەحمانی لە ناو جێدا دی. قەت وا نەبوو پڕۆفیسۆر تا ئەو دەمانە خەوتبێ، دڵەخورپە دای گرت و وتی: ”ئەیەڕۆ پڕۆفیسۆر! ئەوە نوێژی نیوەڕۆیە!” بەڵام هیچ وڵامێک نەبوو. لە دڵی خۆیدا وتی: ”نەکا شتێکی لێ هاتبێ!” بەلەز چوو پەتۆکەی لەسەر لا دا، شەوکەت­بانوو بە دیتنی ڕوخساری پڕۆفیسۆر ڕەحمان رەنگێکی هێنا و برد.

***

پڕۆفیسۆر ڕەحمان نەخۆش کەوتبوو، گلێنەی چاوی زەرد هەڵگەڕابوو، سەروسیماشی سەوز، عارەقەی ڕەش و شینی دەکرد و شەویلگەی لە یەک دەدرا، شەوکەت­بانوو هەوەڵ وای زانی یاووتایەتی، هەر لە پەستا قورسێکی پێ دەدا و پاشۆرەی دەکرد، بەڵام ئەوانە عیلاجی دەردەکەی نەکرد. ڕۆژان هاتن و ڕۆژان ڕابردن، پڕۆفیسۆر ڕەحمان خراپتر بوو باشتر نەبوو، ئەوجار وردەوردە پێستی هەڵدەقرچا و گرمۆڵە دەبوو. هیچ دوکتورێکی ئەو شارە سەرەدەریان لێ نەکرد ئەوە چ موسیبەتێکە تووشی ئەو پیاوە بووە. ئیتر تووک بە لەشیەوە نەمابوو، لە شاردا بڵاو بووەوە کە نەخۆشیی پڕۆفیسۆر ڕەحمان کوشەندەیە و گیرۆ، خۆتان لە ماڵی سەهلە، لە گوزرەکەشیان بپارێزن. شەوکەت­بانوو، کە تا ئێستا بە ماڵ و حاڵی خۆی ڕازی بوو و ئەگەر کێشەیەکیش هەبوایە تەنیا بۆگەنی دمی مێردەکەی بوو، ئێستا دەبوو لە گەڵ ئەو نەخۆشییە سەیروسەمەرەیەش هەڵکا، تەنانەت دەبێ خۆی لە دەروجیرانیش، کە جۆرێکی­ تر و بە ترس ­و پارێزەوە چاویان لێ ­دەکردن، دوور ڕاگڕێ. هەرچەند دوکتورەکان نەیانزانیبوو ئەوە چ جۆرە ئازارێکە، بەڵام دڵنیایی ئەوەیان­ دابوو ئەو‌ نەخۆشییە هیچ مەترسیدار نییە و کێشە بۆ کەس ساز ناکا.

نەخۆشیی پڕۆفیسۆر ڕەحمان ڕۆژبەڕۆژ سەیرتر دەبوو. شەوکەت­بانوو کاتێک بەوەی زانی کە بە هەزار موکافاتەوە نانی بە دەم پڕۆفیسۆر ڕەحمانەوە دەکرد، هەر کاتێک پڕۆفیسۆر دمی دەکردەوە شەوکەت­بانوو میترێک خۆی لێ دەکشاندەوە. جارێکیان کە شەوکەت­بانوو نانی بە دەم پڕۆفیسۆرەوە دەکرد، بە دیتنی دموددانی ئەو کابرایە دڵی لە ژێڵڵا هات و بە سەر نانەکەدا هێڵنجی ­دا و ڕشا‌وە. دموددانی پڕۆفیسۆر نەک هەر بۆگەنێکی کوشەندەی لێ دەهات، بەڵکو وەک قەوزەی لێ هاتبوو. شەوکەت­بانوو ناعیلاج دەستەوداوێنی دوکتوری بیانی بوو، کە گۆیا لەو رۆژانەدا هاتبوونە پێتەخت.

پڕۆفیسۆر ڕەحمان ڕۆژبەڕۆژ رەنگی سەوزتر دەبوو، ئارەقەیەکی زەرد لە تەوێڵیەوە دەهاتە خوارێ و ئازای ئەندامی دەخووساند. لەو ڕۆژەوەی شەوکەت­بانوو به دیتنی دموددانی پڕۆفیسۆر دڵی تێكەڵ ­هات و هێڵنجی ­دا، ئیدی لێی نزیک نەدەبووەوە و کڵفەتێکی گرتبوو تا رۆژانە بێت نان و ئاوی بداتێ و ئەگەر بکرێ بەپێی دەستووری دوکتور هەموو ڕۆژێک بیباتە حەمام و کیسە و لفکەیەکی لێ بخشێنێ، پارەیەکی ئێجگار زۆریشی بۆ ئەم کارە وەلا نابوو.

ئەو ڕۆژەی دەبوایە پڕۆفیسۆر ڕەحمان بچێتە حەمام و بە خەستی بشۆردرێت، شەوکەت­بانوو ڕووی لە پڕۆفیسۆر کرد و وتی: ”پڕۆفیسۆر گیان، بچۆ حەمام ‌و‌ ئاوەکە بەردەوە، ئەوە توبا دێت.” توبا چاوەڕوان بوو کە پڕۆفیسۆر ڕەحمان خۆی ڕووت­ بکاتەوە و بچێتە نێو وانی حەمامە‌وە، تا چاوی بە دەمودەزگاکەی پڕۆفیسۆر نەکەوێ‌. پڕۆفیسۆر ڕەحمان بە دەنگێکی سەیرەوە، کە تەنانەت بۆ شەوکەت­بانووش نامۆ بوو، کڵفەتەکەیانی بانگ کرد، توبا هێشتا دەرگەی حەمامی بە تەواوی نەکردبووەوە، کە زیڕەی گەیشتە ئاسمان و هەڵاتەوە دەرێ، شەوکەت­بانوو یەکەم شتێک کە بە مێشکیدا هات، ئەوە بوو کە یا پڕۆفیسۆر زەفەری بە توبا بردووە، یا ئەو ژنەتیوە لە دەمودەزگای پڕۆفیسۆر تۆقیوە، بۆیە خۆی بە حەمامەکەدا کرد و ئەوەی وا ئەو دیتی، یاخوا دوژمنەکەشی نەیبینێ؛ پڕۆفیسۆر ڕەحمان ببوو بە بۆقێكی زەلامی پنۆک­پنۆک و هەڵازناو، نێوان پەنجەکانی پەردەیان دەرکردبوو و ئازای ئەندامیشی سەوزسەوز هەڵگەڕابوو.

پڕۆفیسۆر ڕەحمان بە دیتنی شەوکەت­بانوو، دەستی کرد بە قیڕەقیڕ و ویستی بەرەو لای بچێت،‌ شەوکەت­بانوو لە کڵفەتی داماو خراپتر قیژاندی و بەرەو دەرێ هەڵات.

***

دوکتوری بیانی بڕیار بوو پاش دوو حەوتووی که، لە پێتەختەوە ‌بێن بۆ سەردانی پڕۆفیسۆر ڕەحمان، بەڵام بە بیستنی هەواڵی ئەوەی کە نەخۆشییەکەی لەو نەخۆشییە دەگمەنانەیە، بڕیاریان­ دا بە زووترین کات، هەر لەم حەوتەیەدا بەرەو شاری پڕۆفیسۆرڕەحمان وەڕێ کەون.

***

دەروجیران هیچ، لە تەواوی شاردا بڵاو بووەوە کە پڕۆفیسۆر ڕەحمان بووەتە بۆقێکی زەلامی پنۆک‌پنۆک. لە مەدرەسە و مزگەوت، لە قاوەخانە و کووچەوکۆڵان باس­ باسی پڕۆفیسۆر ڕەحمان و نەخۆشییەکەی بوو، ژنانی گەڕەک لە کۆڵان لینگیان لێ درێژ دەکرد و بە قاوچەقاوچەوە باسی پیسوپۆخڵیی شەوکەت­بانوویان دەکرد و ئەویان بە خەتابار دەزانی. منداڵانیان لە ناوی پڕۆفیسۆر ڕەحمان دەترساند. لە مزگەوت ورتەورتی ئەوە بوو کە دەبێ پڕۆفیسۆر ڕەحمان و خێزانی و تەنانەت کڵفەتەکەشیان بسووتێندرێن، نەکا خەڵک دوچاری ئەو ئافاتە پیسە بن. ئەی هاتوو گیرۆ بوو.

شار لێوڕێژی دەنگۆ بوو

خەڵکی بەو قسانە هان درابوون و ڕژابوونە کۆڵانی پڕۆفیسۆر ڕەحمان، دارودیواری ماڵەکەیان بە تێڵدڕوو و تەنەکە و تەختەسیپ پەرژین کردبوو، تا لە فکری چارەیەکدا بن. شەوکەت­بانوو و توبا لە ماڵێدا پاوان‌ کران، هیچ شوێنێکیان نەبوو خۆیان لەو جانەوەره غەمگین و ‌سەیروسەمەرەیە‌ بشارنەوە. لە پەنجەرەوه سەرەتاتکێیان دەکرد و پڕۆفیسۆر ڕەحمانیان دەدی لە حەمامەکەدا هەڵکورماوە و بە زیزی چاوی لەوان بڕیوە، تاوناتاوێکیش قیڕەقیڕێکی خەمین دەکا و ئاور لە جەرگ و دڵیان بەردەدا.

ئیتر توبا نەیدەوێرا تەنانەت بە دزیشەوە چاوی لێ کا، چاوەڕوان بوو تا خەڵکی دەرگەیان لێ بکەنەوە و لەو موکافاتە ڕزگاری بێت دواتر چ دەبێ با ببێ.

ماڵی شەوکەت­بانوو وەک ئەشکەوتی لێ هاتبوو، تاریک و شێدار، ئاوی حەمامەکە هەر وا خوڕەی دەهات و ئەوەش بە کەیفی پڕۆفیسۆر ڕەحمان بوو.

شەوکەت­بانوو شەوانە لە کەلێنی پەنجەرەی حەمامەکەوە کەمێک گژوگیا و ورکەنانی بۆ فڕێ دەدا‌ خوارێ و بە دیتنی پڕۆفیسۆر ڕەحمان، کە چۆن دەیقیڕاند، فرمێسک لە چاوییەوە دەهاتە خوارێ و تێرتێر بۆ چارەڕەشی خۆی و نەگبەتیی ئەو پیاوە نازەنینە دەگریا.

قیڕەقیڕی پڕۆفیسۆر ڕەحمان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبوو، کەس نەیدەزانی دەڵێ چی، شتیان بۆ حەوا دەدا نەیدەخوارد. پەرۆشی و دڵخورتی بە ناوچاوانی شەوکەت­بانووەوە دیار بوو. پڕۆفیسۆر بیری لە ڕۆژانی ڕابردوویان دەکردەوە، کە بەتاڵ لە هەموو شتێک بوو، بەڵام شەوکەت­بانوو بەختیار بوو، ئەوە قسەیەک بوو کە ڕۆژانێکی دوور شەوکەت­بانوو بە گوێی پڕۆفیسۆریدا چرپاندبوو. پڕۆفیسۆر شەوکەت­بانووی جوانتر لە هەمیشە دەدیت، کاتێک لێوی دەگەست و لە ڕانی خۆی دەدا. شەوکەت­بانوو بەردەوام لە هاڵەکه دەهات­ و دەچوو، شاڵاوی بۆ تەلەیفوونەکە دەبرد و زەنگی بۆ دوکتورەکان لێ دەدا و تا گەیشتنیان ئامۆژگاریی لێ وەر‌دەگرتن.

دوای تێپەڕبوونی حەوتوویەک بەو وەزعە، عاقیبەت دوکتورەکان گەیشتنە سەر پڕۆفیسۆرڕەحمان. خەڵکی ڕژابوونە ئەوێ و لە بەر دەرگەی ماڵەکەیان ئاپۆڕەیان دابوو. لە تەواوی دونیاوە هەواڵنێر هاتبوون و هەرچی گەشتیاری ئەو وڵاتە و وڵاتەکانی دراوسێ هەبوون، بە بیستنی ئەو هەواڵە سەیروسەمەرەیە بەرەو شاری پڕۆفیسۆر ڕەحمان وەڕێ کەوتبوون. مانشێتی بەیانیی ڕۆژنامەکان وێنەیەکی خەیاڵیی پڕۆفیسۆریان چاپ کردبوو و بە گەورەیی نووسیبوویان: ”ئەو پیاوەی بوو بە هەژدیها!” ئیدی وای لێ هاتبوو کە ئاساییشی شار وەخۆ کەوتبوو تا کۆنتڕۆڵی شارەکە بە دەستەوە بگرێ، شارەوانی لەو دەرفەته کەڵکی وەرگرت و ئەمسەر و ئەوسەری کۆڵانی بە نەردە پەرژین­ کردبوو، بۆ هەر لاش دوو کەسی دانابوو تا پارەیەکی زۆر لە خێڵی تەماشاکەران وەربگرن و ئیزنیان بدەنێ بڕۆنە پێشێ و چاو لەو ماڵە کەن کە تێیدا پیاوێک بووەتە بۆق.

گریانی شەوکەت­بانوو لە سۆی پڕۆفیسۆر بڕانەوەی نەبوو، ئارا و قارای لێ هەڵگیرابوو، لە ڕانی خۆی دەدا و سەروچاوی دەڕنییەوە. هاواری دەکرد: ”ئەی لەو سیابەختییە! ئەی لەو ئابڕووچوونە!” ئەو چاک دەیزانی تازە ئەگەر پڕۆفیسۆر ببێتەوە پیاوەکەی جارانیش، کەس توخنیان ناکەوێ و هەتا دونیا دونیایە بێزراو و تەریک دەمێننەوە. شەوکەت­بانوو لە خەیاڵی خۆیدا هەزار ترس و خۆفی دەهێنا و دەبرد. پڕۆفیسۆر ڕەحمان دەیقیڕاند و تاوناتاوێک تا بەر دەرکی حەمامەکە دەهات و پەژیوان دەبووەوە، دەیویست باوەش بە شەوکەت­بانوودا بکات و بیلاوێنێتەوە، دەیویست بڵێ ”بەسە شەوکەتەکەم، بەسە ئیتر مەگری”. بەڵام تەنیا بە هێنانەدەرێی سەری، کیفایەتی دەکرد و چاوی لە بێقەراریی شەوکەت­بانووی نازەنین دەکرد و گەرووی پڕ دەبوو لە قیڕەیەکی حەزین.

***

هەر کەس لە پاڵەوە شتێکی دەکوت، مەلا و فەقێی ئەو شارە و هەموو شارەکانی دراوسێ ئەو باسەیان کردبووە بنێشتەخۆشەی خۆیان و لە وتاری نوێژی جومعە­دا باسیان دەکرد و دەیانگوڕاند: ”هۆ خەڵکینە‌! ئەی نەتاندی غەزززەبی خودا چۆن داوێنی ئەو پیاوە داوێنپیسەی گرت؟ لەو ڕۆژە بترسن ئێوەش ئازیزان، بترسن ئاگری شەیتان داوێنتان بگرێت، هۆشیار بن خەڵکینە، ئەوە چارەنووسی هەر داوێنپیسێکە کە چاوی لە ماڵ و نامووسی موسوڵمانانە.” لە شار دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە پڕۆفیسۆر ڕەحمان داوێنپیسه و بێنامووسی ئەو بەڵایەی بەسەر هێناوە‌، هەر کەس بە لەونێک لێکی دەداوە: ”دەبێ بەردەباران کرێن، دەبێ شارەبەدەر کرێن و تڕۆی دونیا و قیامەت بن، دەبێ ئاوریان تێبەردەین و…”

شار لیپاولیپی بەندوباو بوو

دوکتورەکان بە هەستیارییەکی زۆرەوە، دەمبێن و تەشکیلاتیان دەست دایە و چوونە ڕەختکەنی حەمامەکەوە. پڕۆفیسۆر ڕەحمان کە ئیتر بە تەواوەتی ببووە بۆقێکی سەوزی پنۆک‌پنۆکی زەلام، بە دیتنی دوکتورەکان بەو تەشکیلاتە عەجایباتەوە،‌ دەستی کردەوە بە قیڕەقێڕ و لە بەر دەرگەوە هەڵبەزییەوه و بازی دا‌ گۆشەی حەمامەکە و دڵەخورپە دای­ گرت. یەکێک لە دوکتورەکان، کە دیار بوو لەوانی ­تر بەجەرگتر بوو، وەژوور کەوت و شڵپەشڵپێکی ساز کرد، هەرچی حەول و تەقەلای­ دا پڕۆفیسۆری بۆ نەگێرا، بۆیە داوای یارمەتییان لە ئاتەش­نەشانی کرد کە تۆڕێک بێنن و پڕۆفیسۆری پێ ­بگرن.

پڕۆفیسۆر بە بیستنی تۆڕ خۆی ڕاپسکاند و لە حەمامەکە هاتە دەرێ، هەر دوکتور بوو لە ترسان خۆی بە کونێک­دا دەکرد، کەس نەیوێرا توخنی کەوێ. پڕۆفیسۆر بە دوو باز خۆی خستە حەوشەوە، ئێستا لە دەرگەکە نەچووبووە دەرێ کە بەسەر حەشامەتێکی ئێجگار زۆر لە کووچەکەدا کەوت. شڵەژا، ویستی بگەڕێتەوه،‌ لە پشتەوە دوکتورەکان گەمارۆیان دابوو، لە پێشەوەش چاوی واقوڕماوی خەڵکی و برووسکەی کامێرای سەدان پەیا‌منێر. بێ ئەوەی ئیختیاری خۆی لە دەستدا بێ، چاوی قووچاند و خۆی خستە ناو جەماوەرەکەوە؛ بوو بە هەرا و زەنازەنایەک ئەوسەری ناپەیدا، هەر کەس لە لایەکەوە بە بەرد و تێڵا تێیبەربوون، پڕۆفیسۆر دەیقیڕاند و خۆی دەرباز دەکرد. ئیتر هیچ شتێکی نەدەبیست، بە سەر نەردەکاندا بازی ­دا و خەڵکیش بەدوایدا. پڕۆفیسۆر وە هانکەهانک کەوتبوو. بڕستی لێ بڕا. خەڵک بەردەوام بەردەبارانیان دەکرد. ئیتر هەستی بە ئێش و ئازار نەدەکرد، گوێی لە فیکەفیک و زەنازەنا نەبوو، تەنیا و تەنیا بیری لای شەوکەت­بانوو بوو. خەڵک ئاپۆرەیان ­دا و لە سووچی دیوارێک­دا‌ تەنگیان پێ هەڵچنی، شەوکەت­بانوو بە ناو ئاپۆرەکەدا ڕێی خۆی دەکردەوە و هاواری دەکرد و لە خۆی دەدا. کەس گوێی لە دەنگی نەدەبوو، فیکەفیک و هۆیت‌هۆیت بڕانەوەی نەبوو. پڕۆفیسۆر وردەوردە دادەهێزرا و پێڵووەکانی بە یەک­دا کەوتن.

شەوکەت­بانوو بڕیاری خۆی­ دا، ئەو کارەی ساڵەها لەوە پێش دەبوو بیکا،‌ دەیویست ئێستا بیکا. پڕۆفیسۆر لە گیانەڵادا بوو، خوێن بە لاچاوییەوە شۆلاوگەی بەستبوو، هەموو گیانی بزربزری نوقمی خوێن ببوو. شەوکەت­بانوو دەیقیژاند و ڕێی خۆی بە ناو خەڵکەکەدا دەکردەوە، پڕۆفیسۆر دەیزانی دێت، ئەو گوێی لە دەنگی شەوکەت­بانوو دەبوو. شەوکەت­بانوو هەر هەنگاوێکی هەڵدەهێناوە جلێکی دادەکەند، کەس دەروەستی نەدەهات، خەڵک بەردەوام پڕۆفیسۆریان بەردەباران دەکرد و دەیانقیژاند. شەوکەتبانوو ڕێی خۆی کردەوە و لەشی نیوەڕووتی خستە ناو باوەشی سەیر و قێزەونی پڕۆفیسۆر ڕەحمانەوە و لە خوێنی مەیلەو ڕەشی گەوزا و گەوزا و تێکەڵ بە یەک بوون. پڕۆفیسۆر تەنیا لێوەکانی دەجووڵانەوە. شەوکەتبانوو ئاڵۆش ببوو، دەستی کرد بە لێستنەوەی ئازای ئەندامی پڕۆفیسۆر ڕەحمان. پڕۆفیسۆر تەنیا لێوەکانی دەجووڵانەوە. هەر بەرد بوو بە سەریاندا دەباری. پڕۆفیسۆر بێهەست و خوست بوو، شەوکەتبانوو بەردەوام دەیلێستەوە و لە خوێنیدا دەتلاوە، پڕۆفیسۆر تەزوویەکی خۆش بە لەشیدا تێپەڕ دەبوو، بەردەباران بڕانەوەی نەبوو، شەوکەت­بانوو دەیقیڕاند و دەیلێستەوە، پڕۆفیسۆر دەیقیڕاند و تەزوویەک بە لەشیدا تێپەڕ دەبوو، بەردەباران بڕانەوەی نەبوو…

 

Anwar Arab, naxoshya sairakai Professor Rahman,