بۆب دیلان: ئۆتۆمبێلم لێ دەخوڕی کە پێیان گوتم خەڵاتی نۆبێڵم پێ بەخشراوە

دیدی من 

 له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ژیوار جه‌وهه‌ر

وتاری نۆبێڵی بۆب دیلان له‌ به‌رواری ١٠ـی دیسه‌مبه‌ری ٢٠١٦، له‌ لایه‌ن سه‌ركونسوڵی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌ سوید، ئازیتا ڕاژی، خوێندرایه‌وه‌.

دەقی وتاره‌كه‌ی بۆب دیلان:

ئێواره‌ی هەموو لایەک باش. ڕێز و سڵاوی گەرمم بۆ ئه‌ندامانی ئه‌كادیمیای سویدی و هه‌موو ئه‌و میوانه‌ به‌ڕێزانه‌ی كه‌ له‌م شه‌وه‌دا ئاماده‌ن.

بمبه‌خشن كه‌ ناتوانم خۆم لە لاتان بم، به‌ڵام تكایه‌ ئه‌وه‌ بزانن كه‌ به‌ دڵنیایییه‌وه‌ به‌ دڵ لە لاتانم و وه‌رگرتنی خه‌ڵاتێكی بەنرخی لەم جۆرە جێی شانازییه‌ بۆ من. وەرگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێڵی ئه‌ده‌بیات یه‌كێك بووه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌رگیز بیرم لێ نه‌كردبووه‌وه‌ یان پێم وا نه‌بووه‌ ڕوو بدات. هه‌ر له‌ ته‌مه‌نێکی زووەوە، به‌ كاری كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر ئاشنا بووم و نووسینه‌كانیانم ده‌خوێنده‌وه‌ و پێیان سه‌رسام بووم، كه‌ به‌ڕاستی شایه‌نی جیاكارییه‌كی له‌م چه‌شنه‌ن: كیپڵینگ، شاو، تۆماس مان، پێرڵ به‌ك، ئه‌لبێر كامۆ،هێمینگوه‌ی. ئه‌م غولانەی دنیای ئه‌ده‌بیات كه‌ كاره‌كانیان له‌ خوێندنگه‌كاندا ده‌خوێندرێت، له‌ كتێبخانه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا هه‌ڵگیراون و به‌ تۆنێكی قووڵه‌وه‌ قسه‌یان له‌ باره‌وه‌ ده‌كرێت، هه‌میشه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆر قووڵیان هه‌بووه‌. ئێستاكه‌ش كه‌ ناوم ده‌چێته‌ ناو لیستێكی له‌م جۆره‌وه‌، به‌ڕاستی هه‌ستێكه‌ ده‌ربڕینی بە وشە کاری کردە نییە.

نازانم ئه‌گه‌ر ئه‌م ژن و پیاوانه‌ بۆ خۆیان هه‌رگیز بیریان له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێڵ كردبێته‌وه‌، وه‌لێ هه‌ر كه‌سێك، له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا كه‌ كتێبێك، یان شیعرێك، یان ده‌قێكی شانۆیی ده‌نووسێت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م خه‌ونه‌ نهێنییه‌ی له‌ شوێنێكی قووڵی ناو ناخیدا شاردبێته‌وه‌؛ هێنده‌ قووڵ كه‌ ته‌نانه‌ت نازانن خه‌ونێكی له‌م جۆره‌، هەر بوونیشی هه‌یه‌.

ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێی گوتبام چانسێكی كه‌می بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبێڵم هه‌یه‌، هه‌ر هێنده‌ بیرم لێ ده‌كرده‌وه‌، كه‌ بیر له‌ وه‌ستان له‌سه‌ر مانگ ده‌كه‌مه‌وه‌. له‌ ڕاستیدا، له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌و ساڵه‌ی كه‌ من تێیدا له‌ دایك بووم و بۆ چه‌ند ساڵێك دوای ئه‌وه‌ش، هیچ كه‌سێكی وا له‌ جیهاندا نه‌بووه‌ كه‌ شایه‌نی وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاتی نۆبێڵه‌ بووبێت. كه‌واته‌ ده‌بێت بڵێم كه‌ من له‌ گرووپێكی زۆر ده‌گمه‌ندام، ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕه‌وی نه‌كه‌م.

من له‌ ده‌ره‌وه‌ خه‌ریكی شۆفێری بووم كه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ داچڵەکێنەم پێ گه‌یشت، چه‌ند خوله‌كێكیشی ویست تا توانیم به‌ ته‌واوه‌تی له‌ دۆخه‌كه‌ تێبگه‌م. بیرم له‌ ویلیام شه‌كسپیر، فیگه‌ره‌ مه‌زنه‌كه‌ی دنیای ئه‌ده‌بیات كرده‌وه‌. گه‌یشتمه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ ئه‌و وه‌كوو شانۆنامه‌نووسێك بیری له‌ خۆی كردووه‌ته‌وه‌. بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ده‌ب بنووسێت، به‌ مێشكیدا نه‌هاتووه‌. په‌یڤه‌كانی ئه‌و بۆ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ نووسراون. بۆ ئه‌وه‌ نووسراون بگوترێن، نه‌ك بخوێندرێنه‌وه‌. دڵنیام له‌وه‌ی كاتێك شانۆنامه‌ی هامڵێت‌ی نووسیوه‌، بیری له‌ كۆمه‌ڵێك شتی زۆر جیاواز كردووه‌ته‌وه‌: ”باشترین ئاكته‌ره‌كان كامانه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆڵانه‌ بگێڕن؟” ”ئه‌مه‌ چۆن بخرێته‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ؟” ”هه‌ر به‌ڕاستی ده‌مه‌وێت ئه‌م شانۆییه‌ له‌ دانیمارك نمایش بكه‌م؟” تێڕوانینه‌ داهێنه‌رانه‌كه‌ی و به‌رزه‌خوازییه‌كه‌ی تاكه ‌شتانێك نه‌بوون كه‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌میان داگیر كردبوو، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌ی دنیایی هه‌بوون كه‌ ده‌بوو بیریان لێ بكاته‌وه‌. ”ئایا پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ شانۆیییه‌كه‌ به‌ پێی پێویسته‌؟” ”ئایا به‌ پێی پێویست جێگه‌ی باش بۆ بینه‌ره‌كانم هه‌یه‌؟” ”له‌ كوێ كه‌للە سه‌ری مرۆڤم ده‌ست ده‌كه‌وێت؟” دڵنیام كه‌ دواهه‌مین شتێك كه‌ به‌ مێشكیدا هاتووه‌ ئه‌م پرسیاره‌ بووه‌: ”ئه‌رێ ئه‌مه‌ ئه‌ده‌بیاته‌؟”

كاتێك له‌ ته‌مه‌نی لاوییه‌تیدا ده‌ستم به‌ نووسینی گۆرانی كرد، ته‌نانه‌ت كاتێكیش كه‌ كه‌مێك ناوبانگم له‌ به‌رامبه‌ر تواناكانمدا به ‌ده‌ست هێنا، خه‌ونه‌كانم زۆر دوور فڕین. پێم وا بوو له‌ ته‌واوی قاوه‌خانه‌ و باڕه‌كاندا گوێ له‌ گۆرانییه‌كانم ده‌گیرێ، له‌وانه‌یه‌ دواتریش له‌ شوێنی وه‌ك كارنێجی هۆڵ، زه‌ له‌نده‌ن پالادیوم. ئه‌گه‌ر خه‌ونی گه‌وره‌م هه‌بووبایه‌، له‌وانه ‌بوو بیرم له‌ تۆماركردنی گۆرنی بكردایه‌ته‌وه‌ و دواتریش له‌ ڕادیۆوه‌ گوێم له‌ گۆرانییه‌كانی خۆم بووبایه‌. ئه‌مه‌ به‌ڕاستی گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتێك بوو كه‌ بیرم لێ ده‌كرده‌وه‌. تۆماركردنی گۆرانی و دواتریش له‌ ڕادیۆوه‌ گوێت له‌ گۆرانییه‌كانی خۆت بێت مانای ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌ی گوێگره‌كانت زیاتر ده‌بێت و له‌وانه‌یه‌ به‌رده‌وامی به‌و كاره‌ بده‌ی كه‌ ده‌ستت پێ كردووه‌.

ده‌ی، من ئێستا خەریکی ئەو کارەم كه‌ لە ڕۆژگارێکی زۆر لەمەوبەرەوە ده‌ستم داوەتێ. به‌ ده‌یان گۆرانیم تۆمار كردوون و به‌ هه‌زاران كۆنسێرتم له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا ساز کردووە. به‌ڵام گۆرانییه‌كانم هۆكاری سه‌ره‌كیی ته‌واوی ئه‌و كارانه‌ن كه‌ ئه‌نجامیان ده‌ده‌م. پێ ده‌چێت گۆرانییه‌كانم شوێنێكیان له‌ ژیانی چه‌ندین خه‌ڵكی كولتووره‌ جیاوازه‌كاندا دۆزیبێته‌وه‌ و من بۆ ئه‌مه‌ سوپاسگوزارم.

به‌ڵام شتێك هه‌یه‌ كه‌ پێویست ده‌كات بیڵێم. وه‌ك گۆرانیبێژێك، گۆرانیم بۆ په‌نجا هه‌زار كه‌س گوتووه‌ و گۆرانیشیم بۆ په‌نجا كه‌س گوتووه‌ و ده‌شتوانم بڵێم كه‌ گۆرانیگوتن بۆ په‌نجا كه‌س زۆر سه‌ختتره‌. په‌نجا هه‌زار كه‌س یه‌ك كاراكته‌ری هاوشێوه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ په‌نجا كه‌سه‌كه‌ ڕاست نییه‌. هه‌ر كه‌سێك كه‌سایه‌تییه‌ك و شووناسێكی جودای هه‌یه‌؛ جیهانێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان. ئه‌وان ده‌توانن ڕوونتر له‌ شته‌كان تێبگه‌ن. ڕاستگۆیی و ئه‌وه‌ش كه‌ چه‌ندێك په‌یوه‌ندیی به‌ قووڵیی به‌هره‌كه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ هەڵدەسەنگێنرێ. ئەو حەقیقەتەی كە كۆمیتەی نۆبێڵ زۆر بچووكە وای كردووە قیمەت بۆ ئیشەكانم دانێن و لێم تێبگەن و خەڵاتم پێ ببەخشن.

به‌ڵام، وه‌كوو شه‌كسپیر، منیش زۆر جار مێشكم به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ تێڕوانینه‌ داهێنه‌ره‌كانم و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ دنیایییه‌كانی ژیاندا سه‌رقاڵ كردووه‌. ”كێ باشترین مۆسیقاره‌ بۆ ئه‌م گۆرانییانه‌؟” ”ئاخۆ له‌ ستۆدیۆیه‌كی گونجاودا گۆرانییه‌كانم تۆمار ده‌كه‌م؟” ”ئایا نۆته‌كانی ئه‌م گۆرانییه‌ سازاون؟” هه‌ندێك شت هه‌ن هه‌رگیز ناگۆڕێن، ته‌نانه‌ت دوای ٤٠٠ ساڵیش.

ته‌نانه‌ت جارێكیش چییه‌ کاتی ئەوەم نه‌بوو لە خۆم بپرسم، ”ئه‌رێ گۆرانییه‌كانم ئه‌ده‌بیاتن؟”

سا لەبەر ئەوە، بە جددی سوپاسی ئه‌كادیمیای سویدیی ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی خۆیان گرت و به‌ وریایییه‌وه‌ بیریان له‌م پرسیاره‌ كرده‌وه‌، هەروەها سوپاسی بێپایانم بۆ ئه‌و وه‌ڵامه‌ جوانه‌یشیان.

هیوای سه‌لامه‌تی بۆ هه‌مووتان،

بۆب دیلان

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ ٥٣٢ی هەفتەنامەی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌