گفتوگۆی مەریوان هەڵەبجەیی لەگەڵ بی تا مەلەکوتی، بەشی یەکەم

دیدی من

مای نەیم ئز لەیلا، یەکەم ڕۆمانی شاعیر و نووسەری فارس بی تا مەلەکوتییە، کە مەریوان هەڵەبجەیی لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە بڵاوکراوەکانی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژە. مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕ، گفتوگۆیەکی لەگەڵ بی تا مەلەکوتی ئەنجام داوە کە تیایدا دەربارەی ناوەڕۆک و تەکنیکی نووسینی ڕۆمانەکە قسە دەکەن، دیدی من سەرجەمی ئەو گفتوگۆیە بۆ خوێنەران بڵاو دەکاتەوە.

لە کەیەوە حەزت  لە خوێندنەوە کرد و نیشانەکانی نووسەرێتیت لە خۆتدا دۆزییەوە؟
پێش ئەوەی بچمە خوێندنگە باوکم لە ماڵەوە کۆڕی حافزخوێندنەوەی هەبوو، من پێش ئەوەی ئەلفوبێی فارسی فێر ببم، هەندێک لە شیعرەکانی حافزم لە بەر بوون. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەستم کردە خوێندنەوە، لەبەر ئەوەی دایکوباوکم مامۆستای ئەدەبیاتی فارسی بوون، کتێبخانەکەی ماڵی ئێمە پڕ بوو لە چیرۆک، ڕۆمان، شانۆنامە، کۆمەڵەشیعر و کتێبی لێکۆڵینەوە و زمانناسی. من لە منداڵییەوە حەزم لە ئەدەبیات بوو،  بیرمە  پۆلی پێنجی سەرەتایی بووم کوندەپەپووی کوێری سادقی هیدایەتم خوێندەوە، لە ناوەندیدا بووم بەرهەمەکانی شاهرۆخ مەسکوبم خوێندەوە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت کە ئەو داڕشتنانەی لە خوێندنگە دەمنووسین، جیاواز بوون، هەندێک جاریش مامۆستاکان وایان دەزانی خۆم نەمنووسیون، بەڵام خۆم نووسیبوومن. بە شێوەیەکی جدیتر ئەو کاتە هەستم کرد نووسەرم، کە دەبوایە بۆ گفتوگۆ و وەرگێڕان لە بەشی شانۆی زانکۆی هونەر و ئەندازیاریدا تاقیکردنەوەی پراکتیکیم ئەنجام بدایە، دەبوو بۆ تاقیکردنەوەی پراکتیکی دەقێکم ئامادە و نماییشم بکردایە. من لەبری ئەوەی پەردەی شانۆنامەیەکی بەناوبانگ هەڵببژێرم، شانۆنامەیەکم نووسی و خۆشم ڕۆڵم گێڕا و لە بەرانبەر مامۆستاکان و لیژنەی دادوەراندا پێشکەشم کرد. واتە لە بەردەم چەند مامۆستایەکی وەک حەمید سەمەندەریان و عیززەتولڵا ئینتیزامیدا.

یەکەم نووسەرە خۆشەویستە ئێرانی و بیانییەکانی تۆ کێ بوون؟
یەکەم نووسەری خۆشەویستی ئێرانیم بزورگی عەلەوی بوو، ڕۆمانی چاوەکانی. لە بیانییەکانیشدا ئەنتوان چیخۆف بە شانۆنامەی خاڵە ڤانیاوە.

بەرگی چاپی کوردی مای نەیم ئز لەیلا

پێش ئەوەی وەک چیرۆکنووس بتناسم، وەک ڕەخنەگری شانۆ دەمناسیت و چەند ڕەخنەیەکتم دەربارەی شانۆییەکانی دکتۆر عەلی ڕەفیعی و دەرهێنەرە گەورەکانی تری ئێران لە بڵاوکراوەکاندا خوێندەوە، لەبارەی حەز و ئارەزووت بۆ ئەم ژانرە هونەرییە بدوێ و باسی ئەو سەرنجڕاکێشییانە بکە کە تێیدا دەبینیت، هەروەها دووریی چەندین ساڵەت لێی و ئەو یارمەتییانەی کە دواتر ئەو ژانرە گەیاندی بە ئەزموونی چیرۆک و ڕۆماننووسین

من لە زانکۆ بەشی شانۆنووسینم لە بەشی شانۆدا خوێند، بەڵام حەز و ئارەزووم بۆ نواندن تەنانەت دەرهێنانیش نەبوو. دیارە پێشم وایە توانایەکی ئەوتۆ و زۆر باشم لەو دوو بوارەدا نەبوو، بەڵام هەر لەو ساڵانەی زانکۆدا و لەگەڵ کۆمەڵیک لە هاوڕێکانمدا دەچووین بۆ بینینی شانۆکان و دواتر دادەنیشتین و لەبارەیانەوە قسەوباس و گفتوگۆمان دەکرد. یەکێک لە هاوڕێکانم، کە لەو سەردەمەدا لە بڵاوکارەوەکاندا کاری دەکرد، بە منی گوت ”ڕەخنەی شانۆ بنووسە، تۆ ڕەخنەگری شانۆیت”. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕەخنەی شانۆم نووسی و یەکەم ڕەخنەشم دەربارەی شانۆیی نیلوفەری شین، لە نووسین و دەرهێنانی حەمید ئەمجەد بوو، لە ڕۆژنامەی هەمشهریدا و لە کاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەجر لە ساڵی ١٩٩٦دا بڵاو بووەوە. دیارە بەبێ ناوی خۆم، وتبوویان لەبەر ئەوەی بەناوبانگ نییە ناوی نانووسین. دڵم شکا، بەڵام هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی جدی دەستپێکی ڕەخنەی شانۆیی من لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە جۆراوجۆرەکاندا دەست پێ بکات و بەردەوام بەرهەمەکانم بە ناوی خۆمەوە بڵاو بکەمەوە، دیارە هەندێک جاریش بە ناوی خوازراوەوە. هێدی‌هێدی عاشقی ئەم کارە بووم و دەستم کرد بە نووسینی گوتار و یادداشت و گفتوگۆ لەگەڵ ئەهلی شانۆ و بەشداریکردن و ڕەخنەگرتن بە شێوەی ئامادەبوون لە کاتی تەواوبوونی شانۆکاندا، واتە ئەو کاتانەی ڕاستەوخۆ دوای نماییش ڕەخنەی شانۆ لە لایەن ڕەخنەگرەوە دەست پێ دەکرا، هەروەها بە شێوەی نووسینیش هەشت ساڵ درێژەی کێشا، تا ئەو کاتەی ئێران لە بووم، واتە تا ساڵی ٢٠٠٥، ئەو کاتەی کە یازدە ساڵ لەمەوپێش ئێرانم بەجێ هێشت. بە ڕای من هەر جۆرە نووسینێک یارمەتیی چیرۆکنووسین دەدات، چونکە بە هەرحاڵ، تۆ سەروکارت لەگەڵ وشەدا هەیە و لەگەڵ دونیایەکی فراوان و سەرسووڕهێنەر بە ناوی شانۆوە، دراما و دراماتورگی.

کاتێک سەیری کارنامەکەت دەکەم، سەیرە، سەرەڕای ئەو حەز و ئارەزووە زۆرەی بۆ شانۆ هەتە و ئەکادیمیات لە بەشی شانۆنووسی تەواو کردووە، بەڵام جێگەی بەتاڵی شانۆنامە لە بەرهەمەکانتدا دەبینم، لە کاتێکدا شعر، ڕەخنەی شانۆیی، گوتاری ئەدەبی، چیرۆک و ڕۆمان دەبینرێت، ئایا شانۆنامەت نووسیوە و چاپت نەکردوون، یان بە هیچ شێوەیەک نەتنووسیوە و لە ئاییندەشدا هیچ بیرۆکەیەکت بۆ نووسین لەم ژانرەدا نییە؟

ڕاستییەکەی ئەوەیە سەرەڕای ئەو هەموو عەشقە بێسنوور و بێئەندازەیەی بۆ شانۆم هەیە، بەڵام زۆر حەزم لە نووسینی شانۆنامە نییە، سەرەتا چەند شانۆنامەیەکم نووسی، هەر لە قۆناغی خوێندکاری و ئەکادیمیادا بوو، زۆربەی بۆ پڕۆژەی زانستی و بەشی پراکتیکی و بەرگریکردنم بوو لە وانەکانم، دواتریش، تەنانەت ئەو کاتەشی کۆچم کرد، هەر بەردەوام بووم. بیرمە لە کاتی کۆڕی بەرگریکردن لە نامەی ئەکادیمیامدا دەستەی دادوەران و مامۆستایانی سەرپەرشتیارم، بەڕێزان مەحموود دەوڵەتئابادی، بەهزاد فەرهانی و نەسڕولڵا قادری بوون، زۆر ئەو شانۆنامەیان  پەسەند کرد کە بۆ پێشکەشکراوەکەم نووسیبووم، بەڵام هەرگیز هیچ کام لەو شانۆنامانەی کە نووسیمن، چاپم نەکردن، یاخود لەسەر تەختەی شانۆ نماییشم نەکردن. ڕەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بێت خۆم زۆر بەدوای ئەوەوە نەبووم.

مەریوان هەڵەبجەیی و بی تا مەلەکوتی 

لە ئێراندا ناوێکی ناسراو بوویت و کارنامەیەکی باشت لە بواری ڕەخنەی شانۆ و چیرۆکنووسیندا هەبوو، لە باشترین بڵاوکراوەکاندا دەتنووسی، چۆن بوو بڕیارت دا لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا و بە تەنیا کۆچ بکەی بۆ ئەمەریکا؟

من هەمیشە کەسێک بووم حەزم لە ڕیسک بووە، حەزم لە ئەزموونی نوێ بووە، لەو کەسانە بووم حەزم کردووە بەردەوام خۆم هەڵدەمە ناو ئاوەوە و شتی نوێ تاقی بکەمەوە. هەستم دەکرد ئەگەر ئەزموونی ژیان لە جێگەگەلی تر لە ژیانمدا نەبێت، وەک نووسەرێک ئەوە شتێکم کەمە، واتە ئەزموونی ژیانێکی کەمم هەبوو. لە ماڵی باوکمدا دەژیام، کە هەموو شتێکی تیابوو، وەک بڵیی لە فەزایەکی بچووکدا هەناسەم دەدا. لە ئێران هەستم دەکرد لە گۆزەئاوێکی بچووکدام و دەبێت خۆم بگەیەنمە دەریا، دیارە هۆکاری کۆمەڵایەتی و تایبەتیشی هەبوو، لەوانەش ترافیکی تاران و هەوا پیسەکەی ئازاریان دەدام، کلتووری شۆفێریکردنی خەڵک، ماتۆڕەکان و پیسبوونی بەردەوامی هەوا و دەنگ، لە هۆکارەکانی کۆچکردنم بوون. بە هەرحاڵ، بە شێوەیەکی گشتی دەمویست لەسەر پێی خۆم ڕابوەستم و ژیانێکی نوێ ئەزموون بکەم، لەم بارەیەشەوە زۆر خۆشحاڵم.

بە شێوەیەکی سروشتی و هەمیشەیی لە سەرەتاوە ژیانی کۆچبەری زۆر ئەستەمە و مرۆڤی کۆچبەر زیاتر لە هەر شتێک بیر لە کار و نانی شەوی دەکاتەوە، لە دۆخێکی وادا کات بۆ خوێندنەوە و نووسین نامێنێت و تاکی کۆچبەر تووشی دووفاقییەکی زۆر دەبێت و ڕووبەڕووی کێشەی جۆراوجۆر و گەورە دەبێتەوە، دەکرێت لەم بارەیەوە باسی ئەزموونی تایبەتی خۆت بکەیت، ئەوەش لە کاتێکدا تۆ لە ئێران دۆخێکی گونجاوت هەبوو، پڕکار و چالاک و ناسراو بوویت

باشە، لە سەرەتادا شتێک بوو لە شێوەی مردن، من ڕۆیشتبوومە جێگەیەکی وەک مەنهاتنی نیویۆرک بەبێ کار، بەبێ پارە و سەرمایەی تایبەتی، بێ ئەوەی لەوێ کەسێکم هەبێت، تەنانەت بێ ئەوەی بتوانم چەند وشە یان ڕستە بە ئینگلیزی بدوێم. بە تەواوی مانا بووبوومە هیچ کەسێک. هیچێکی ڕاستەقینە، ڕێک هەر ئەو ئەزموونەش بوو کە بۆ نووسین پیویستم بوو. هەر ئەو کاتانە بوو کە خۆم ون کردبوو، دەستم بە نووسینی ڕۆمانی مای نەیم ئیز لەیلا کرد. نووسینی ئەم ڕۆمانە بووە هۆی ئەوەی خۆم بدۆزمەوە، هەر ئەو بی تایەی کە دەمویست. من بەدوای کاردا دەگەڕام، لە مەنهاتن کاری فرۆشیاریم لە  فرۆشگەیەکدا دۆزییەوە. ناچار بووم بۆ گەیشتن بەو ماڵەی، کە دەبوو خۆم کرێکەی بدەم، ڕێگەی دوورودرێژ ببڕم. دەبوو لەگەڵ تەنیاییدا، دووری لە خێزان وهاوڕێکانم، شانۆی ساری تاران وهەموو ئەو کەشە کلتووری و ئەدەبی و هونەرییەی تیایدا ژیابووم، خۆم ڕابهێنم و لە هەمووشی گرنگتر دووری لە زمانی فارسی. بەڵام خەمی غوربەت بۆ نووسینی ڕۆمانی مای نەیم ئیز لەیلا زۆر بەکەڵکم هات، وەک بڵێی خۆم دەسووتام و وشەکانی ڕۆمانەکە یەک‌یەک دادەگیرسان.

یەکەم ئەزموونت پاش بەجێهێشتنی وڵات کە لە دەرەوەی وڵات و لە پاریس چاپ بوو، ڕۆمانی مای نەیم ئیز لەیلا بوو. کارکردن دەربارەی ژیانی کەسانێک کە ڕۆژانی قەیراناویی پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانیان بەجێ هێشتووە و ئێستاش وڵاتیان بەجێ هێشتووە و ئامانج و ئارەزووەکانیان دۆڕاندووە، یان بە مانایەکی تر بۆ گەڕان بەدوای ئامانج و خەونەکانیان ڕوویان لە سەرزەمینێکی تر کردووە. ڕۆمانەکە لەوپەڕی جوانیی خۆیدا ئاماژەی وردی شەستەکان، هەشتاکان، دووهەزارەکانی ئێرانی لەخۆ گرتووە، وێنەی قووڵی شەڕ و کلتووری داخراوی ئایینی و عەشق و شکست و بەندیخانە و لەسێدارەدان و کۆچی بەردەوام و تا دوایی. هەموو ئەمانەی بە جوانترین شێوە بەدی هێناوە. بە جۆرێک، ئەو کاتەى دەمخوێندەوە باوەڕم نەدەکرد ڕۆمانی یەکەمت بێت. لە چەشنی خۆیدا کارێکی سەرکێشانە و جەسوورانە و لە هەمان کاتدا ڕیسک بوو، چونکە تۆ تازە گەیشتبوویتە ئەمەریکا و ئەزموونی ژیانت لەناو ئەو کلتوورەدا نەبوو، کۆمەڵگەی ئێرانی ئەمەریکاشت بەپێی پێویست نەدەناسی. تا چەند لەو بوارەدا لیکۆڵینەوەت کرد؟ چەندە کەڵکت لە ئەزموونی تایبەتیی خۆت وەرگرت؟ بە شێوەیەکی گشتیی ئەزموونی نووسینی یەکەم ڕۆمانت چ چێژ و دژوارییەکى بۆت هەبوو؟ هەروەها تا چەند لەگەڵ کەسێتییەکانتدا ژیایت؟

ئەزموونی تایبەتیم زۆر بەکەڵکم هات، گەرچی لە ناو هەموو ئەو کەسێتییانەی کە تا ئێستا نووسیومن و بەدیم هێناون، لەیلا دوورترین کەسێتییە لە خۆمەوە، هەموو ڕووداوەکانیش خەیاڵین، بەڵام ئەزموونی کەسیی خۆم وەک کەسێک کە لە حەفتاکاندا لەدایک بووە و شۆڕشی گەلانی ئێران و شەڕ و دژوازیی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا بینیوە، چیرۆکی کۆچی هاوڕێ و خزمان و ئازیزەکانی خۆی بیستووە و خۆیشی کۆچی کردووە، هەموو ئەمانە زۆر یارمەتیدەرم بوون. دەمویست لە ڕێگەی ژیانی لەیلاوە لە چارەنووسی خەڵکانێک بدوێم، کە خەڵکی من بوون و من خۆشم یەکێک بووم لەوان، کە لەناو دژوازی و ترس و دڵەراوکێ و ئازارکانیاندا گەورە ببووم. دەمویست ڕەنگدانەوەی مێژووی هاوچەرخ و ئەو پەنجا ساڵ دواییەی ئێران لە ڕۆمانەکەدا بێت. ئەمانە هەمووی پڕئێش بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا شیرین بوون. شیرین بوون، لەبەر ئەوەی لەو میترۆپۆڵە گەورە شێتە خۆشەویستەدا، واتە نیویۆرک، خۆم دۆزییەوە. شیرین بوون، چونکە من ئەم ڕۆمانەم بە چەشنێک دەست پێ کرد و نووسی، کە بە هیچ شێوەیەک بیرم لە سانسۆر و وەزارەتی چاودێری و ئەوەی کە ئەم کتێبە دەبێت بۆ چاپ مۆڵەت وەربگرێت، نەکردەوە، کەواتە ناکرێت بڵێین نابێت ئەم وشەیە بنووسین، ئەم باسە بنووسین، باسی ئەم پەیوەندییە بکەین، ئەمە وا بکرێـت و وا نەکرێت، بێ بیرکردنەوە لەم شتانە نووسیم و هەر لە سەرەتاوە بە خۆمم گوت من ئەم کتێبە بێ کەموزیادکرنی تەنانەت یەک وشەش چاپ دەکەم. یەک لەو هۆکارانەشی کە بە هیچ شێوەیەک ئەم کتێبەم بۆ چاپ نەناردەوە بۆ ئێران، هەر ئەمانە بوون، خۆشترین بەشی و چێژبەخشترین بەشی ئەمە بوو.