مارا/ساد لە نێوان خوێندنەوە و نماییشدا، بەشی یەکەم

 

دیدی من

 

ڕزگار حەمەڕەشید


ڕزگار حەمە ڕەشید

شانۆیی مارا/ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرێتیی هونەری شانۆ و پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، لە نووسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە  ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی نماییش کرا.

   لەم ماوەیەدا و پێشتریش، کۆمەڵێک نووسەری بەڕێز و چەند هاوڕێیەکی خۆشەویستم، دەربارەی ماراساد و پیتەر ڤایس و شانۆی تۆماری و کاریگەریی برێخت و ئارتۆ لەسەر تێکستەکە و نماییشەکەی پیتەر برووک، کەمێکیش دەربارەی ئەم نماییشە نووسرا، من هەوڵم دا ئەوەی لەو بارەیەوە نووسرا، دەستم بکەوێت و بیانخوێنمەوە، ئەمەش بەو مەبەستەی باسکردنی ئەو لایەنانە دووبارە نەکەمەوە.

       لەم نووسینەدا هەوڵم داوە خوێندنەوەیەک بۆ تێکستەکە و شێوازی نووسینی، هەروەها نماییشەکە و شێوازی بەرجەستەکردنی بکەم. لە سەرەتادا خودی تێکستەکە و هەندێک ڕەهەندی سیاسی و هزریی ناو تێکستەکە باس دەکەین، دواتریش پێکهێنەرەکانی نماییش و هەندێک لایەنی تەکنیکی و نواندن .

           سەرەتا دەمەوێت دژی ئەو ڕا کۆلەکتیڤخوازە بووەستم، کە سەرجەم ژیانی کۆمەڵایەتی و کلتووریمان لە ناوێک، نووسراوێک، کارێکی هونەری، ڕابەرێکی سیاسی، یان شێوە ڕەفتارێکدا دەتوێنێتەوە و لێرەوە شەرعییەتی مانەوە و بەرەو سەر ڕۆیشتنی خۆی وەک ناوێک و شێوە بیرکردنەوەیەک دەسەپێنێت بەسەر هەمواندا. ئەو ڕا فاشیستەی زاراوەکانی تاک و تەنیا و تا سەر ئێسقان و لە ئەلفەوە تا یا و ئەو دەستەواژانەی تری ئاخنیوەتە ناو قسەکردن و نووسینەکانەوە، کە هەموو لەناو یەکدا دەتوێنێتەوە. ئەگەر پێت وایە ئێمە خاوەنی هیچ نین و لە بۆشاییداین و تەنیا چەند فریادڕەسێک وزەی کارکردنیان کردووە بە بەری ژیانی کۆمەڵایەتی و کلتووریماندا، تۆ لە شوێنێکی هەڵەدا یارییەکی هەڵە دەکەیت. دەشێت بۆ چەند ساڵێک بتوانیت زۆرێک لەخشتە بەریت، بەڵام خۆت لە هەموومان باشتر دەزانیت، ئەو ئاڕاستەیە ناتوانێت مێژوو ببڕێت و چرکەساتی گرنگ لەو کاروانەدا بەرهەم بهێنێت. هەر ئەم شێوە بیرکردنەوە و گوزارشتکردنەشە وای کردووە ڕەخنەی جدی نەتوانێت سەر دەر بهێنێت و فەوزایەکی پڕ لە غرووری بۆش و دۆشدامان و دڵەڕاوکێی بێبەرهەم لە دەروونی ئەو گەنجانەدا جێگیر بکات، کە دەبوایە بزوێنەری داهێنان و خۆتازەکردنەوە و ڕەخنەلەخۆگر و تێپەڕێنەر بوونایە. ئەو نەوە فاشیستە، یان نەوەیەکی فاشیستیتر دەبێت بە ژێر باڵی ئەواندا سەر هەڵبدات، یان ناهێڵن هیچ دەنگێکی تر ببیسترێت. ئەمەی دەیڵێم، بە داخەوە زۆربەی بوارەکانی تریشی گرتووەتەوە. هەر لەم ڕووەوە، دەمەوێت ئەو تەوژمە هەڵەشە بێئاگایە بخەمە ژیر ڕەخنەی وێرانکەرەوە، کە هەر جارە و کەسێک یان کارێک لە ژانرێکدا هەڵدەبژێرێت و ئیتر دەڵێت وا هەناسەیەکمان تێگەڕایەوە. ئەو شەپۆلە خەوتووەی تەنیا لەم نێوەندەدا جێی خۆیی کردووەتەوە و هەرگیز ناتوانێت خۆی لە سیحری ئەوانی تری دەرەوەی ئەم جوگرافیایە دەرباز بکات و لێرەش خۆی دەکاتە داکۆکیکەر و پێغەمبەری تەووژمەکان. دەشێت بۆ خوێنەرێک یان بینەرێکی ئاسایی، کە بە هۆی ژیانی ڕۆژانەیەوە نایپەرژێتە سەر بینین و خوێندنەوەی دەنگە جیاوازەکان، ئەم حاڵەتە داوەری هەڵنەگرێت. بەڵام بۆ بەڕێزێک کە ئەوە کار و سەرقاڵیی ڕۆژانەیەتی، ناکرێت هەر وا وازی لێ بێنین تێپەڕێت. لەم شارەدا مانگی چەند نماییشی شانۆیی، سیمینار، پێشانگەی شێوەکاری و کۆنسێرت و ئەو جۆرە شتانەمان هەیە؟ کە تۆ بە هۆی خۆبەگەورەزانینێکی ئەرستۆکراتییانەی پڕ لە زەیفەوە دانابەزیت و نایانبینیت، ئیتر چۆن ڕێگە بە خۆت دەدەیت دەربارەی کلتوور و هەلومەرجی پێشکەوتن و زیندوویی یان پاسیڤبوونی چالاکییەکان و دیدگاکان قسە بکەیت؟ لەم بارەیەوە بۆ ئەم نماییشە و زۆر کاری هونەری و کلتووریی تریش، کە لەم شارەدا دەکرێن، گوێبیستی ئەو قسانە دەبین، کە جگە لە پیاهەڵدانێکی کوێرانە، هیچی تر بەرهەم ناهێنێت، لە کۆتاییشدا نە خزمەت بەو ڕێچکە هونەرییە دەکات و نە هونەرمەندەکان. من لە ماوەی ئەم ساڵدا چەندین کاری شانۆییم بینی شایستەی بینینن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەسەر حسابی هیچ یەکێکیان ئەوانی تر داپڵۆسین و دەمکوتیان بکەین. لە هەشتاکانەوە شانۆی ئێمە بە کۆمەڵێک ئەزموونی گرنگدا تێپەڕیوە، لەو نێوەشدا چەندین ماوەمان هەیە تیایدا شانۆکەمان تووشی نشێو و بەربەست و تەنانەت وەستان بووە. لەپاڵ ئەو بزووتنەوە جدییەدا کە دەستی پێ کرد، وەک ئەوەی لە هەموو دونیادا هەیە، چەندین کاری ناهونەری و ناپڕۆفێشناڵمان بینیوە، ئەوەشمان بینیوە کە گرووپێکی هونەری دواجار بوونەتە گرووپێکی پڕ لە بەرهەمی ناتەواو، یان وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین، وەرگێڕانی نووسین لە ماڵپەڕەکانەوە و دابەزاندنیان بە ناوی خۆتەوە، کۆپیکردنی دیمەن و سینۆگرافیا و دیکۆر و تەنانەت جۆری ئەداکردنیش لە ماڵپەڕەکانەوە و لە ڕێگەی یوتوبەوە. بەشێکی ئەم حاڵەتانەش دیسانەوە پەیوەندیی بەو هەوڵە فاشیستیانەوە هەیە کە باندێک لە نووسەران و هونەرمەندان وەک گەرا لەناو کون و کەلەبەری ئەو نێوەندەدا دایان ناوە و هەوڵی زۆری دەوێت تا پاک بکرێنەوە.

لێرەوە ڕووی دەمم دەکەمە ستافی شانۆیی مارا/ساد و داوایان لێ دەکەم بە چاوێکی کراوەوە گوێ لە تێبینییەکان بگرن و دڵنیا بن تەنیا بە ڕەخنەی زانستی و بەخۆداچوونەوە و داڕشتنەوە و کاری بەردەوام دەتوانین شکڵێکی تایبەت بە شانۆکەمان ببەخشین.

سێ خوێندنەوە و سێ قۆناغی کاری جیاواز لە مارا/ساددا لە سلێمانی ١٩٨٧، ١٩٩١ و ٢٠١٦

ساڵی ١٩٨٨ دەرهێنانی شەماڵ عومەر، بەهێزکردنی گوتاری مارا و بیری شۆڕشگێڕی، هاوشانی بزوتونەوە شۆڕشگێڕەکانی شاخ و ڕاگرتنی هاوسەنگییەک لە نێوان کردار و دیالۆگەکاندا، دابەشکردنی کۆرس بەسەر هەرسێ لادا، تەنیا کاتێک کە کۆرس بەبێ پاڵنان بە گالیسکەکانی مارا و سادەوە دەبینرێن، کاتی ئەو دیالۆگانەیە کە کە کۆرس دەگەڕێنەوە بۆ حاڵەتی نەخۆشی، ئاماژەی نەخۆشخانەکەش لا برابوو تا ڕاستەوخۆتر وەک نەخۆشییەکانی کۆمەڵگە ببینرێن.

ساڵی ١٩٩١ دەرهێنانی ڕزگار ئەمین، فۆکەس خستنە سەرئەو دیالۆگانەی باس لە دڕندەیی شۆڕش و سەرکردەپەرستییان تێدایە، ئەمەش وەک سەرەتای زەنگی ئاگەدارکردنەوەی مەترسییەکانی دوای ڕاپەڕین و چەپڵەلێدان بۆ سەرکردەکان و بەرزکردنەوەیان تا ئاستی پەرستن و شەڕکردن لەپێناویاندا.

ساڵی ٢٠١٦ دەرهێنانی هیوا فایەق، دۆشدامان لە نێوان ماناکانی شۆڕش و ئازادیدا، سترێس خستنە سەر ئەو دیالۆگانەی باسی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی دەکات.

دەبینین لە هەر یەک لەو نمایشانەدا خوێندنەوەی هەلومەرجی ئێستا بوونەتە داینەمۆی داڕشتنەوەی گوتاری نمایشەکان.

پیتەر ڤایس

کورتەیەک دەربارەی تێکستەکە

  ماراساد لە لایەن پیتەر ڤایسەوە وەک تاقیکردنەوەیەکی جیاواز بۆ دەسەڵاتی چیرۆک، لە ساڵی ١٩٦٣دا نووسراوە، تیایدا کۆمەڵێک چەمکی وەک شۆڕش و شۆڕشی دژ، سەرکوتکردنی شۆڕشگێڕان و بەجەللادبوونی شۆڕشگێڕان، شوناس و سنوورەکانی ئازادی، کاریگەرییەکانی ئەوانی تر لەسەر تاک و کاریگەریی تاک لەسەر ئەوانی تر. هەقیقەت وەک چەکێک بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر و وەک چەکێک بۆ خودپاراستن لەوانی تر، دەسەڵات لە پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا (پیادەکردنی دەسەڵات و هەیمەنەی دەسەڵات لە لوتکەی بڕیارەوە تا بنتکەی ملکەچی، یەک لەسەر ئەوانی ژێرتر)، ئایین وەک ئەفیونێک بۆ ئامادەکردنی تیرۆریست و جەنگاوەرە خەواڵوەکانی خودا، ئایین وەک چەکێک بۆ شەرعییەتدان بە لەناوبردنی نەیاران، تا گەیشتن بە دەسەڵات… وە چەندین چەمک و واتای پڕ پێچوپەنای تر، سەرجەم بە یەکەوە گوتاری شانۆنامەی مارا/ساد دەنووسنەوە.  لەو تێکستەی ڤایسدا بە ئاشکرا کاریگەریی ڕووداوەکانی پاش دوو جەنگە جیهانییەکەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دەبینرێن، بەتایبەتیش بزووتنەوەکانی دژی شەڕ وەک بزووتنەوەیەکی فراوان لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا، بەتایبەتیش شەڕی ڤێتنام (١٩٥٤- ١٩٧٥)، بزووتنەوەی چەپە نوێکان وەک شێوازێکی نوێ لە لایەن بیریاران و خەباتگێڕانەوە سەری هەڵدا بۆ چاکسازیکردن لە هەندێک بابەتی وەک مافە مەدەنییەکان و پرسی جەندەر و تا دوایی، هەروەها کاریگەریی گفتوگۆ فەلسەفییەکان و بڵاوبوونەوەی کتێبی ئیرۆس و ژیاریی هێربەرت مارکیوز لە سآڵی ١٩٥٥دا و  شێتی و ژیاریی میشێڵ فۆکو لە ساڵی ١٩٦١دا و چەندین کتێبی گرنگی تر.